ماشێنە فاشیستییەکان

Monday, 09.10.2012, 8:52

1741 بینراوە


خوێندنەوەیەک لە بنەما و سەرچاوەکانی فاشیزمی کوردیدا
- بۆ ئەوەی لە چەمکی «شوناسی جەنگاوەر» تێبگەین، ئەو چەمکەی 
وادەکات هەموو هێزێکی خۆرهەڵاتی پڕبێت لە توانای توندوتیژی، لە خواستی وێرانکردنی ئەویتر بە بۆمب، بە چەکوش، بە وشە، بە میدیا، بە پروپاگەندە، دەبێت لە هەلومەرجە مادی و عەقڵییەکانی بڕوانین 
– ماشێنە فاشیستییەکان تەنیا حەماسەتی ڕووت نین، تەنیا خواستێکی ئەنارشیسستی وێرانکردن نین، لە هەمانکاتدا سیستمن، ڕێکین، بونیادێکی داخراو و داڕێژراویان هەیە، جەنگەکان، لەرزینەکان، ئەوە ناشارنەوە کە پارادێمێکی نهێنی تەواوی ئۆرگانەکانی کۆنترۆڵکردوە 
– تێگەیشتن لە فاشیزمی کوردی ئەستەمە بێ تێگەیشتن لە نهێنیی ماشێنە فاشیستییە گەورەکان کە لە خۆرهەڵاتدا ئیشدەکەن… فاشیزمی کوردی لە کارکردی خۆیدا، تەواو لە هەناوی فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا دەژی 
– کورد تەنیا بەوجۆرە داگیر نەکراوە کە خاکەکەی وەک زەمینێکی جوگرافی لکێنرابێت بە خاکێکی ترەوە، بەڵکو بیرکردنەوە و فەنتازی و خەیاڵات و زمان و شێوازی وێناکردنی بۆ دونیا لەژێر کاریگەریی ژینگەیەکی کولتووری و عەقڵیی دیاریکراودا شێوەگیربووە و فۆرمی هەنوکەی گرتوە 
– تەفسیری کۆمەڵگای کوردی وەک پارچەیەکی سەربەخۆ و دابڕاو و جیا لە دونیا، لە حەوزە خۆرهەڵاتییەکە، لەبری ئه‌وه‌ی بەرەو ناسینێکی ڕۆشنی کوردمان بەرێت، بەرەو جۆرێک لە خۆشاردنەوە و خۆخزانی میکانیکی بۆ ناوەوەمان رادەکێشێت 
– شیعە و سووننە دوو ئایدیا نین، دوو ئۆرگانن، شەڕ لەسەر عەلی و ئەبوبەکر نییە، بەڵکو لە نێوان دوو شوناسدایە کە جەنگی ئەبەدیی یەکتر دروستیکردون و دروستیاندەکاتەوە 
«7» 
تێگەیشتن لەمجۆرە توندوتیژییە، لەم جەنگاوەرە ئەبەدییانە، لەم جەنگە هەمیشەییانە کە وەک سریالە بێ کۆتاکان دەکرێت بۆ هەتا هەتایە درێژبکرێنەوە، لەم زیادە گەورەیەی خوێنڕێژی، واتە تێگەیشتن لە «توندوتیژییەک» کە لە سەرچاوەکان و هۆکانی پچڕاوە، توندوتیژییەک بەهانە ئایدۆلۆژییەکان تەنیا لە خزمەتی گەڕانەوە و دووبارەبوونەوەیدان، توندوتیژییەک چیتر ناتوانین بیگێڕینەوە بۆ فاکتەرێکی واقعی یان سیاسیی دیاریکراو و لۆژیکێکی سیاسیی ئەبستراکتی پێببەخشین… سیفەتی هێزێکی خۆرهەڵاتی یان ساتەوەختێکی تایبەتی نییە، بەڵکو بەجۆرێکی بەردەوام، بەڵام پچڕ پچڕ دەردەکەوێت، کپ دەبێت و گڕ دەستێنێتەوە، هیچ پنتێکی جوگرافی و هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتی لێی بێبەری نییە، بە جۆری جیاواز و لە پلەی جیاوازدا بەرجەستە دەبێت، بەڵام هەمیشە ئامادەیە، گەر نەتوانێت لە ژینگەی کۆمەڵایەتیی خۆیدا چالاک بێت و بتەقێتەوە، ئەوا وزەکەی بە جۆرێکی سەرسوڕهێن ئاڕاستەی دەرەوەدەکات، گەر نەتوانێت ئاراستەی دەرەوەی بکات، ئەوا بەچڕی لەناو خۆیدا خاڵیدەکاتەوە… ئەم توندوتیژییە وەک گوتم هێزێکی شوناسسازە، بەبێ توندوتیژیی جەستەیی و زمانەوانی، بەبێ حەماسەتی وێرانسازیی شوناسە خۆرهەڵاتییەکان دەمرن. بەڵام بۆ ئەوەی بزانین ماشێنە فاشیستییەکان چۆن پێکەوە کاردەکەن، چۆن تاکەکان دەبن بە بۆمبی گەورە، داینەمێتی مەجازی یاخود داینەمێتی ڕاستی، ئەم تەفسیرە دەبێت گەورەتر بکرێت و وردتربکرێتەوە. 
بۆ ئەوەی لە چەمکی «شوناسی جەنگاوەر» تێبگەین، ئەو چەمکەی 
وادەکات هەموو هێزێکی خۆرهەڵاتی پڕبێت لە توانای توندوتیژی، لە خواستی وێرانکردنی ئەویتر بە بۆمب، بە چەکوش، بە وشە، بە میدیا، بە پروپاگەندە، دەبێت لە هەلومەرجە مادی و عەقڵییەکانی بڕوانین. تێگەیشتن لە ماشێنە فاشیستییەکان، لایەنیکەم پێویستی بە ئیشکردن لەسەر دوو تەوەری سەرەکی هەیە. یەکەم: تێگەیشتن لە کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی، واتە لەو کۆمەڵگا نوێیانەی دوای هاتنی مۆدێرنە لەگەڵ کۆتایی سەدەی نۆزدەوە شێوەگیردەبن و جۆرە سیستمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نوێیان تێدا پیادەدەبێت. دووەم: تێگەیشتن لە جیهانی ڕۆحیی گروپ و فەردەکان. کە تەواوی سیستمی مەعریفی و ئایدۆلۆژی و فەنتازی و شێوەی بەرخوردی زانستی و سیاسی و هونەریی ئێمە لەگەڵ دونیادا دەگرێتەوە.
ڕووبەری ئیشکردن لەم کێشەیەدا بەجۆرێک فراوانە کە دەستنیشانکردنی سەنتەرێکی دیاریکراو یان سەرەتا و کۆتاییەکی کۆنکرێت، نەوەک هەر کاری نەکردەیە، بەڵکو هەڵەیەکی مەنهەجیشییە… بۆ تێگەیشتن لە فاشیزم، پێویستیمان بە تێگەیشتن لە خۆرهەڵات هەیە، خۆرهەڵاتیش تێکەڵەیەکی سەد لۆچ و سەد توێیە، لێرەوە جگە لەوەی لای شاڕەگەکان و دەروازە سەرەکی و دینەمۆ گەورەکانی ماشینە فاشیستییەکە بوەستین، چارێکی ترمان نییە. وەک سەرەتا دەبێت لە سێ چەمکی زۆر گرنگ بڕوانین لە خۆرهەڵاتدا، کە هیچ کات ئاوڕی تەواویان لێ نەدراوەتەوە، ئەویش چەمکی جەستە و عەقڵ و سیستمی نەفییە لە نێوان پێکهاتەکاندا. بێ ڕوانین لەم سێ چەمکە ئەستەمە بتوانین دیدێکی فەلسەفیمان بۆ دۆخی ماشێنە فاشیستییەکان هەبێت. ماشێنە فاشیستییەکان تەنیا حەماسەتی ڕووت نین، تەنیا خواستێکی ئەنارشیسستی وێرانکردن نین، لە هەمانکاتدا سیستمن، ڕێکین، بونیادێکی داخراو و داڕێژراویان هەیە، جەنگەکان، لەرزینەکان، ئەوە ناشارنەوە کە پارادێمێکی نهێنی تەواوی ئۆرگانەکانی کۆنترۆڵکردوە … خۆرهەڵات لەگەڵ هەموو ئەو وێرانکارییە فاشییەدا سیستمێکی کۆنکرێتی و چوارچێوەیەکی ئاسنینی هەیە کە هەم توندوتیژی بەرهەمدەهێنێت و هەم بێدەنگیشی دەکات. لێرەدا سەروکارمان لەگەڵ «فەواز ـ کایۆس»دا نییە، ناونانی ئەو جوڵە سیستماتیکییەی لە خۆرهەڵات ڕوودەدات بە «فەوزا / کایۆس»، مانای لە هیچ تێنەگەیشتوون… سیستمی ماشێنە فاشیستییەکان، سیستمێکی نامرۆڤە و توندوتیژە، بەڵام بونیادێکی سیستماتیک و پتەوییەکی هەیە، کە دەیپارێزێت و دووبارەیدەکاتەوە. فاشیستەکان هەڵگری وزەیەکی وێرانکاریی کوێرن، بەڵام بەرهەمی کولتوورێکی عەقڵین، بەوە تەفسیر ناکرێن بڵێین «ئیسلام خۆی هەر دینێکی شەڕانگێزە» «عەرەب خۆیان نەتەوەیەکی بەدەویی ناحاڵین» «کورد میللەتێکی کێوین» «تورک نەوەی دڕندەیەکی وەک جەنگیزخانن» «شیعەگەرایی لە تیرۆر و دەمارگیری پاک نابێتەوە» «جووەکان لوویەکی شێرپەنجەیین لە جەستەی خۆرهەڵات»دا… هەموو ئەمجۆرە گوتارانە، زمانحاڵی مەکینە فاشیستییەکە خۆیەتی، دەرهاویشتەی ماشێنەکەن، نەوەک تەفسیر یان شیکردنەوە بن. وتارە پێچەوانەکانی دیش کە دەڵێن «دەبێت تۆلێرانس»مان هەبێت، دەبێت «یەکتری قەبووڵبکەین» «هەموو موسڵمانین» «هەموو مرۆڤین»، هەندێک نوزەی ئەخلاقیانەی لاوازن، ڕوپۆشێکی سەتحین و پارادۆکسەکان لەژێریدا خۆیان شاردۆتەوە، دیکۆرێکی ئینسانین بۆ کۆمەڵێک گوتاری دژە مرۆڤ. 
باسکردن لە کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی، باسێکی جیاواز و سەربەخۆیە و پڕۆژەیەکی تایبەتییە کە لێرەدا ناتوانین جێگای بکەینەوە، بێئەوەی سەرلەبەری باسەکەمان بە ئاڕاستەیەکی دیدا وەرنەگەڕێت. قسەکردن لەسەر فۆرمی کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی بەشێکی بنەڕەتیی باسەکەمانە، لێرەوە نیازم نییە چەند سەرنجێکی کورت تۆماربکەم و باسەکە بە ناکامڵ جێبهێڵم، بێئەوەی توانیبێتم ڕوانینی خۆم و تێبینیەکانم تۆماربکەم. بۆ خۆلادان لەو کێشەیە، قسە لە کەپیالیزمی خۆرهەڵاتی وەک پڕۆژەیەک لەم باسەی ئێستامان جیادەکەمەوە، تا توانای خۆم لەسەر خاڵی دووەم و کێشە هاوشانەکانی چڕبکەمەوە. ئەوەی لێرەدا کاری لەسەر دەکەم، دەستنیشانکردنی ئەو سەرچاوانەیە کە وزە فاشیستییەکان دەخەنە کار. 
بەرلەوەی لەسەر چەمکی جەستە و عەقڵ و نەفی ئیشبکەین، پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشێ، کە دەشێت بەمجۆرە دایبڕێژین: ئاخۆ ئێمەی کورد… نەتەوەیەکی جیاواز و بندەست، دەکرێت لە ڕێگای دەستنیشانکردنی بونیاد و پێکهاتی عەقڵی خۆرهەڵاتییەوە لە خۆمان تێبگەین؟ … ئاخۆ ئێمە نامۆ و دەرکراوەکانی خۆرهەڵات، چی دەمانبەستێتەوە بە بونیادە گەورەکانەوە؟ ئایا ئێمە شتێکی جودانین، چۆن بۆ بینینی خۆمان سەیری ئەوانی دی بکەین؟ گەر دەمانەوێت لە خود تێبگەین بۆ لەناو نەیارەکانماندا بۆی دەگەڕێین؟ ئەی چۆن بەسەر ئەو پارادۆکسەدا سەرکەوین کە بەسەرێک خۆرهەڵات وەک کۆمەڵێک شوناسی جودای لەت لەت دەبینین، لەگەڵ چەمکی عەقڵی خۆرهەڵاتی کە چەمکێکی کۆگیرە و کۆی شوناسەکان لەژێر کاتاگۆرییەکدا کۆدەکاتەوە؟ ئەی چۆن ماشێنە فاشیستییەکان پارچە پارچە و دوژمن و جیاوازن و لە شەڕی مان و نەماندان، بەڵام پێکڕاش جەستەیەک دروستدەکەن… جەستەیەکی لە چارەنوس و کارلێکدا پێکەوە گرێدراو؟ لە ڕاستیدا ئەم پرسیارانە کە هەندێکیان لە ڕووی زیرەکییەوە و هەندێکیان تەنیا لە رووی جەهلەوە دەکرێن، بەشێکن لە کێشەکە. ئەمە هەمان ئەو کێشەیەیە کە «ژیژیک» باسیدەکات؛ کاتێک دەڵێین کۆمەڵناسی بریتییە لە زانستی باسکردنی کۆمەڵگا، ئەوکات فەردمان لە بەرچاو وندەبێت، کە دەڵێین باسی فەردە، کۆمەڵگا بزردەکەین… بەڵام وەک ژیژیک دەڵێت ئەمە کێشەکە نییە، کێشەکە ئەوەیە بتەوێت لە یەک ساتدا هەردووکیان کۆبکەیتەوە، هەردووکیان ببینیت… ئەوەی فەرد و کۆمەڵ هەم پێکەوەن و هەم جودان دۆخە بونیادییەکەیە، نەوەک هەڵەیەکی میتۆدی بێت، بکرێت تێیپەڕێنین. لێرەشدا هەمان مەرج ئامادەیە، لە خۆرهەڵات شوناسەکان هەموو جودان و هەموو ئۆرگانی یەک جەستەشن، لێرەوە ڕوانینی یەک لایەنە، ئەوەی شوناسەکان تاک تاک و بێپەیوەندی ببینین و وەک مۆنادی سەربەخۆ و جیاواز لێیان بڕوانین بەرەو ونبوون و بزرکردنی جەستەکەمان دەبات، بەڵام سەیرکردنی جەستە گەورەکەش، بێ تێگەیشتن لە خسوسیەتی پارچە جیاجیاکانی بەرەو گرفتەکەمان دەبات لە دیوی دووهەمیدا، بونیادەکە لە خودی ئەم پارادۆکسە دروستبووە، یاخود وردتر پارادۆکسەکە خودی بونیادەکەیە. لێرەدا پارادۆکس، ناکۆکی چیتر سروشتێکی مارکسی هیگڵیان نییە، کە بۆ لادان و ئاشتکردنەوە و ڕێکەوتن لێرەبن… لێرەن، لەبەرئەوەی لانادرێن، ئاشتنابنەوە، ڕێناکەون «ئەمە تێزی لاکانی 
ـ ژیژیکییە بۆ 
ناکۆکی» کە دەبێت جێگای ئەوجۆرە لە دیالەکتیکی کلاسیک بگرێتەوە. 
تێگەیشتن لە فاشیزمی کوردی ئەستەمە بێ تێگەیشتن لە نهێنیی ماشێنە فاشیستییە گەورەکان کە لە خۆرهەڵاتدا ئیشدەکەن… فاشیزمی کوردی لە کارکردی خۆیدا، تەواو لە هەناوی فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا دەژی. فاشیزمی کوردی وەک پارچەیەکی دەرەکی، وەک ماشێنێکی جیاواز، وەک بونیادێکی سەربەخۆ ئیش ناکات، بەڵکو وەک ماسییەکی بچوکی زیندووه‌ لەناو سکی ماسییەکی گەورەتردا ئیشدەکات، کورد تەنیا بەوجۆرە داگیر نەکراوە کە خاکەکەی وەک زەمینێکی جوگرافی لکێنرابێت بە خاکێکی ترەوە، بەڵکو بیرکردنەوە و فەنتازی و خەیاڵات و زمان و شێوازی وێناکردنی بۆ دونیا لەژێر کاریگەریی ژینگەیەکی کولتووری و عەقڵیی دیاریکراودا شێوەگیربووە و فۆرمی هەنوکەی گرتوە، بە چەندەها کابڵ و پەیوەست و وزەبەر، بە چەندین گەیەنەر و کەرەستەی دیار و نادیاری گواستنەوە، بە هێڵی 
بینراو و نەبینراو، بە ڕێگای مادی و فەرتوئیل بە هەناوی نەهەنگە خۆرهەڵاتییەکەوە گرێدراوە… پەیوەندی و چەسپبوونی زیهنی کوردی لەگەڵ مەکینە فاشیستییەکانی خۆرهەڵاتدا لەوە توند و ترسناکترە کە لە سەرەتادا دەردەکەوێت. 
تێگەیشتن لەوەی بەسەر ماسییە خوراوەکەدا دێت، پابەندی ئەوەیە کە لە هەناوی ماسییە بخۆرەکەدا ڕوودەدات. لێرەوە تێگەیشتن لە فاشیزمی کوردی بێ ناسینی فاشیزمی خۆرهەڵاتی کاری نەکردەیە، ئیشێکە شایەنی پێکەنینە… هەنگاوێکی سەرەتایی و میتۆدی کە دەبێت باوەڕمان پێبێت ئەوەیە تەفسیری کۆمەڵگای کوردی وەک پارچەیەکی سەربەخۆ و دابڕاو و جیا لە دونیا، لە حەوزە خۆرهەڵاتییەکە، لەبری ئه‌وه‌ی بەرەو ناسینێکی ڕۆشنی کوردمان بەرێت، بەرەو جۆرێک لە خۆشاردنەوە و خۆخزانی میکانیکی بۆ ناوەوەمان رادەکێشێت… وێنەیەکی سایکۆلۆژیمان دەربارەی کورد بۆ دەگوازێتەوە وەک ئەوەی شتێک بێت بۆ خۆی، شتێکی جودا لەسەر زەوی، دابراو، تەنیا، وەک مۆنادێک، کەپسولێکی داخراو کە شتەکانی هەموو لە خۆیەوە و بۆ خۆی دەجوڵێن، وەک خانەیەک کە نە دەرگای هەیە نە پەنجەرە، نە هیچی لێدەردەچێت و نە هیچی بۆ دێت… ئەم وێنە داخراوەی کوردبوون، وێنەیەکی سەرەکی ناسیونالیزمی کوردییە، فەنتازیایەکە لە فەنتازیا هەڵە و خورافییەکانی. دروستکردنی منێکی کوردی ساف، منێک ئاسەواری ئەویدی پێوە دیار نەبێت، ناسیونالیزمی کوردی بەرەو ئەوە بردوە لێکچونی خۆی لەگەڵ شوناسەکانی تردا نەبینێت. 
لە سەد ساڵی ڕابوردوودا، وێنەی کۆمەڵگای کوردی وەک فۆرمێکی داخراو، بۆتەیەکی ساف کە داگیرکەر دزەی کردۆتە ناوی وێنەی باڵادەست بووە. جەنگی خود و بێگانە وەک شەڕی دوو ئۆرگان بووە، دوو ئۆرگانی جیاواز کە یەکێکیان دەیەوێت ئەویتریان بخوات، وێنەی سەرەکی خۆرهەڵات، وەک دارستانێک بووە کە کۆمەڵێک خانەی شێرپەنجەیی جیاواز لە یەک جەستەدا دەیانەوێت یەکتر بخۆن، جەنگ لە خۆرهەڵات جەنگ نیە لە نێوان کەلەپور و مۆدێرنە، یان هێزە ئازادیخوازەکان و ئیمپریالیزم، یان لە نێوان پێکهاتە چینایەتییەکانی کۆمەڵگای پۆست کۆلۆنیالیدا، یاخود لە نێوان دین و عەلمانیەتدا، هەموو ئەم ناونانە لە کاتی جەنگدا، وەک شوناسی کاتی، وەک هەڵوێستگیریی خێرا و گۆڕاو و دەمامکی ساتەوەختی دێنەپێشێ و وندەبن. وەک چۆن ڕۆحی ئەنتی ئیمپریالیستی لای عەبدولناسر هەر زوو لای سادات دەبێت بە ڕۆحی ئەنتی کۆمۆنیستی، وەک چۆن بەعس لە سوسیالیزمێکی ناسیونالیستی عەلمانیەوە دەبن بە دەوڵەتێکی قوتریی ئایینی، چۆن شوناسی ئایدۆلۆژیی حیزبە کوردییەکان بە خێرایی دەگۆڕێن یان هەر تەواو وندەبن و بوونیان نامێنێت.. جەنگ لە خۆرهەڵات لە نێوان ئایدیاکاندا نییە، لە نێوان ئۆرگانەکاندایە، لە نێوان جەستە ڕووتەکاندایە، لە نێوان بەشە جیاوازەکانی ناو یەک لەشدایە کە هەر پارچەیەی دەیەوێت بەخواردنی ئەویتر شوناسی خۆی بدۆزێتەوە، 
لێرەدا «من» ـی هیچ گروپێک بەبێ پەلاماردانی گۆشتی ئەویتر دروست نابێت. سیستمی خۆرهەڵاتی سیستمێکی جەستەییە، شیعە و سووننە دوو ئایدیا نین، دوو ئۆرگانن، شەڕ لەسەر عەلی و ئەبوبەکر نییە، بەڵکو لە نێوان دوو شوناسدایە کە جەنگی ئەبەدیی یەکتر دروستیکردون و دروستیاندەکاتەوە، لە کێشەی سوبێکتێکی دەستەجەمعی ترساودایە کە بۆ شێوەیەک دەگەڕێت و نایدۆزێتەوە . واتە دەبێت وەک کێشەی جەستەیەک لێیبڕوانین، وەک یەکەیەکی پێکەوەیی، وەک پێکهاتێک کە ئۆرگانەکانی ناتوانن ببنە ئۆرگانیزمێکی ڕێکخراو، وەک ئۆرگانێک کە 
شەڕ لەسەر سەپاندنی جۆرە ئۆرگانیزمێک دەکەن و نوشوستی دەهێنن، هەر پارچەیە دژی وەزیفە و فۆرم و پلەی خۆیەتی. بۆ ئەوەی لەم وێنەیە تێبگەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یەکێک لە چەمکە بنەڕەتییەکانی دۆلۆز، جەستەی بێ ئۆرگان، لەوێشەوە لە خۆرهەڵات بڕوانین… سەرەتا وەک جەستە … خۆرهەڵات وەک جەستە.