خەسڵەت و تایبەتمەندی ئاوێنە

Friday, 19/06/2015, 12:54

4922 بینراوە


ئەو کاتەی  مرۆڤێك لەبەردەمیدا ئەوەستێ،وەك خۆی نیشانی ئەدا. واتە؛ ئاوێنە مرۆڤی ڕاستگۆ و درۆزن لەیەکدی جیاناکاتەوە. ئاوێنە تەنها ڕووخساری دەرەوەی مرۆڤەکان ئەبینێ و تەنها ئەتوانێ بەرجەستەی ئەو نیگایە بکا کە خراوەتە بەردەمی. ئێدی ناوەڕۆك و کرۆك لای ئاوێنە هەستی پێناکرێ،تەنها لەو کاتانەدا نەبێ کە مرۆڤ هەست و نەستەکانی ئاشکرا ئەکا. بۆ نمونە لەکاتی پێکەنین،گریان و تێڕامان،ئەوا ئاوێنە ئەتوانێ بەبێ کەم و زیاد وەك خۆیان نیشانیان بدا.
بەڵام کاتێك دەزگایەکی بەناو ڕاگەیاندن دێت و ئەم سیفەتە خۆڕسك و نایابەی ئاوێنە لەخۆ ئەنێ و شانازی پێوە ئەکا،ئەوا هیچ کات نابێ وا خۆی نیشان بدا کە سیفەتەکانی ئاوێنەی تیا نیە. بۆ نمونە کاتێ ڕوو ئەکەیتە دەزگای ئاوێنە ،سەیر ئەکەی تەنها وێنەی چەند کەسێکی لەسەرە،هەر چۆنێك بگەڕێت هەر ئەو چەند کەسەیە کە وەك خۆیان ئەڵێن،ئێمە دەنگی نووسەران و ڕۆشنبیرانی گەلین،ئەوە ئێمەیین ئەتوانین وێنەکانی ئێوەش تەنها لەخۆماندا بەرجەستە بکەین،ئەوە ئێمەین ووشەکان لەسەر ئاوێنە ڕیز ئەکەین ،ئەوە ئێمەین ڕستەکانی هەموان ئەهۆنینەوە،ئەوە ئێمەین لەجیاتی ئێوەش ناوەکانتان بەکاردێنێن. ئێدی چ پێوست بەوە ناکا ئاوێنە ناوو و وێنەی هەموان ببینێ.
ئاخۆ سەیر نیە لە ئاوێنەکەی  کاك هەردی تەنها وێنەو ڕووخساری چەند کەسێك وەدەرخا؟! ئەو ناوێنەیە گەلێ سەیرە کاتێ بتەوێ ڕەخنە بگری،ئێدی وێنەکەت نابینرێ!ئەمە چ پەرجۆیەکە؟!! ئەمە چ داهێنانێکە کە ئاوێنە کردوەیەتی تا تەنها وێنەی ئەو کەسانە وێنا بکا و بەئاسانی ببینرێن کەوا ئەهل و ئەحبانی خۆیانە!! کوا ئاوێنە بەو شێوەیەیە! ئێمە ئاوێنەمان بینیبێ نیگاکانی بەردەمی  وەك خۆی نیشان داوە،کەچی ئاوێنەکەی ئەوێ تەواو پێچەوانەیەو مرۆڤەکان ئەتوانێ دەستکاری بکا و وێنەکانیان میکیاژ بکا.
مایەپووچی،سەرگەردانی،گیرفان خاڵی،نابووتی و ئاشبەتاڵ پێکردن تەنها لای ئەو کەس و گروپانە هەیە کەوا ئاوێنەیان وەك خۆی بەڕاستی بەکار نەهێنانەوە،وەیان ڕاست بڵێین؛پەیامە ڕاستەقینەکەی ئاوێنەیان نەگەیاندوە. ئاوێنەکەی ماڵی کاك هەردی چونکێ بوێر،ڕاستگۆ نەبوون و نەیانتوانێ خۆیان لەسێبەری مایەپووچی بپارێزن،ئاخۆ کاتێ دەزگایەك پەنا بۆ فەند ڕەیزن و پیتاك کۆکردنەوە بکا مانای چیە!؟ گەر ئەوان میدیای باش و ڕاستگۆ و ئازا بوونایە ئەوا هەردەم خوێنەر و کڕەڕیان لەبرەودا ئەبوو،نەوەك وەك ئێستا دەست لەم و لەو پان بکەنەوە.
کاك ئاسۆس ئەڵێ؛ ئێمە سەربەخۆین و خۆمان تەسلیم بە کەس نەکردوە. کەچی کاتێ دەستیان کرد بە پیتاك کۆکردنەوە هەموو ئەو ئەندام پەرلەمان و قوباد و یەکێتیەکان بوون بە فریاد ڕەس و بەڵێنی پارەیان پێدان، کەی بوە لە دونیادا ئاوێنە وێنەی کەسێ نیشان بدا کە دەعوەت نەکرابێ. کاك ئاسۆس ئەڵێ ئێمە ئەوانمان دەعوەت نەکردوەو دەرگاش لەڕووی کەسدا داناخرێ. ئاخۆ ئەم کەسایەتیە مافیایانەی سەر بە حزب چوون بەدەم چەندین دەزگا و میدیای تر کاتێ لەوەدا بوون دابخرێن وەیان هاوکاری بکرێن کاتێك غەرامەیان لەسەر بوو؟!
بەداخەوە ئاوێنەکەی ماڵی کاك ئاسۆس هەردی تەنها دەموچاوی کەسانی حزبی و نووسەران و ڕۆشنبیرانی حزب دەرئەخەن،کەئەمەش بەتەواوی ماهیەت و حەقیقەتی ئەو ئاوێنەیە کە ئەبوو وانەبێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە