دانانی گەورەیەک بۆ خەڵکی رەشۆکیی هەرێم

Sunday, 28/06/2015, 9:28

5306 بینراوە


* سروشتی کۆمەڵگاکە وایە کە دەستەڵات وەکو لوت بە دەستەڵاتدارەوە نوساوە.
* یەکێک لە نیشانەکانی بەهێزیی مەسعود بارزانی دروستبوونی گەلە کۆمەکێیە بەرامبەری، وەکو رۆژی ٢٣/٠٦ لە پەڕلەمانی کوردستاندا دەرکەوت.
* پڕۆژە یاسای پارتەکان لە ناوەڕۆکدا مرخێش مرخێشی کردنەوەی مەسعود بارزانییە بە سەرۆکی خۆیان.
* پەڕلەمان سەرۆک هەڵبژێرێت یان جەماوەر راستەوخۆ دەنگی بۆ بدات وەکو فشەی مەنجەڵی بوخار وایە، هەر ناو مەنجەڵەکە دەکولێنن، نایگۆڕن.
* کێشەی سەرۆک کێشەی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی هەرێم نییە. کێشەی گەورەیەکە بۆ خەڵکی رەشۆکیی هەرێم.
-------------------------------------
لە فڕۆکەخانەی سلێمانی وێنەی مام جەلال بە گەورەیی هەڵواسراوە. لە ژێر وێنەکەدا ئێستاش نوسراوە سەرکۆماری عێراق. هەرچەندە فوئاد مەعسوم دوای مام جەلال سەرکۆماری عێراقە. ئەمە مانای وایە کاتێک کە ئەو وێنەیە چۆتە ئەوێ تەنها وەکو وێنەی سەرکۆمارێک نەچووە. بەڵکو وەکو وێنەی خودی کەسەکەش چووە. ئەگەر وا نەبووایە لەگەڵ نەمانی پۆستەکەدا دەبوو وێنەکەش دابگیرێت. ئەی بە پێی چ هۆکارێکی "بەڕێوەبەرایەتیی" وێنەی مستەفا بارزانی بە گەورەیی لە پەڕلەمان دانراوە؟
ئەم دیاردانە ئەوە پیشان ئەدەن کە هۆکارێکی تر، جگە لە هۆکاری بەڕێوەبەرایەتیی، لە پڕۆسەکاندا رۆڵ دەگێڕن.
لە کۆمەڵگای دواکەوتوی ئێمەدا سەرۆک و دەستەڵات هاوهەبوونن. دوو دیوی دراوێکن. هەردوکیان پێکەوە دروست دەبن. سەرۆک و دەستەڵاتەکەی لە یەکتریی جودا ناکرێنەوە. بە بێ یەکتریی نابن. کە سەرۆک نەما دەستەڵاتەکەش نامێنێت. مەگەر میراتگرەکەی بەردەوامیی پێ بدات. چونکە رێکخستنەکە خێڵ بێت یان حیزب موڵکی دەستەڵاتدارە. موڵک هەر کۆمپانیا یان خانوو نییە. ئەم شێوە رێکخستنە لە هەر شوێن و سەردەمێکدا دروست ببێت هەمان خەسڵەتی هەیە. لە کۆمەڵگایەکی سەرەتاییدا خێڵ و سەرخێڵ، گرد و سەرگردە دروست دەکات. بەڵام رەنگە لە شارێکی وەکو مۆسکۆدا مافیایەک پێک بهێنێت.
ئەم شێوە رێکخستنە جۆرە بونیادێکی دەستەڵاتداریی دروست دەکات کە ناوی دەنێین "بونیادی دەستەڵاتی ئۆرگانیی."
"بونیادی دەستەڵاتی ئۆرگانیی" چییە؟
بەرانێک سەرەکەی لێ بکەیتەوە بە سەرو لەشەوە تەواو دەبێت. بەڵام بوتڵێک دەتوانیت سەرقاپەکەی بگۆڕیت. "رێکخستنێکی دەستەڵاتداریی ئۆرگانیی" دەستەڵاتێکی لێ دروست دەبێت کە لانی کەم ئەم خەسڵەتانەی تیادایە:
١. هەموو ئەندامانی تۆڕە پەیوەندییەکە خێڵ بێت یان رێکخراو بەندن بە سەرۆکەوە. ئەندامانی ئەم جۆرە رێکخراوە ئۆرگانییە هەموو مافێک دەخەنە دەستی دەستەڵاتەوە. خۆیان تەنها ئەرکیان لەسەر شانە. سەری سەرکردە سەری بڕیاری هەمووانە. کێشەی میللەت لە سنوری سەرۆک تێ ناپەڕێت و سیاسەت سەرچاوە لەو دەگرێت.
ئەم دیاردەیە لە سیستێمی تانکیی و ژمارەیەک بەلوعە دەچێت. دەمی هەر بەلوعەیەک بکەیتەوە ئاوی تانکییەکەی لێ دەڕژێت. وەکو ژمارەیەک کۆمپیتەر وایە کە هەموویان بەسترابن بە هاردی یەک کۆمپیتەری ناوەندەوە. کە کۆمپیتەرە ناوەندەکە وەستا ئەوانی تر بۆش دەمێننەوە. ئەم خەسڵەتە لەم جۆرە نموونانەدا دەردەکەوتن:
ساڵی ١٩٧٥ کە سەرۆکی جوڵانەوەی چەکداریی لە باشور بڕیاری بڵاوەپێکردنی دا ئیتر جوڵانەوەکە بەو هەموو توانایەوە بە سەری بەتاڵ مایەوە. بۆیە راستر وایە ئیتر لە جیاتی ئاشبەتاڵ بوترێت "سەربەتاڵ".
سەرکردە بە درێژایی مێژوو چ قەباعەتێکی کردبێت یان چی بەسەر میللەتدا هێنا بێت ئەندام هەر لە جێی خۆیەتی. چونکە ئەندام سەرێکی تری پێ نییە هەڵوێستێکی تری پێ بگرێت.
٢. سەرو لەش یان سەرکردە و رێکخراو لە یەکتریی جودا ناکرێنەوە. چونکە سەرو لەش بە یەکەوە دروست بوون. مێژووی هەر یەکەیان مێژووی ئەوی ترە. رێکخراو سەرکردە دەیفۆرمێنێت و گوزارشت لە کارەکتەری سەرکردە دەکات. رێکخراو لەگەڵ سەرکردە گەشە دەکات، دەپوکێتەوە یان نامێنێت. بەردەوامیدان بە رێکخراوی ئۆرگانیی وەکو موڵک، وەکو میراتی بایۆلۆجیی نەوە دەوامی پێ ئەدات.
لە کولتوری دواکەوتودا تۆڕی کۆمەڵایەتیی لەسەر بناغەی ئۆرگانیی کەسەکان دروست دەبێت نەک ئۆرگانیی دامودەزگا. پەیوەندییەکە سەر بۆ سەرە، نەک سەر بۆ دەوڵەت و دامودەزگا. کەسێک پلە و پایە  یان هێزێک دروست دەکات لە دوای خۆی بەجێی دەهێڵێت بۆ نەوەکانی. کەس لە سەر بناغەی کارەکتەر و توانا لە شتێکدا نانرخێت. ئەوە حسابە تا چ رادەیەک وابەستە و بەندەی دەستەڵاتدارێکە. یان ئەوە دەور دەبینێت کە کوڕی کێیە. ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی کە باوک یان باپیرانی کەسێک دروستی دەکەن، روو دەکاتەوە کوڕ. کەسێک کە دەبێت بە وەزیر لەبەر ئەوە نییە کە لە هاوخەباتەکانی بە تواناترە. بەڵکو لەبەرئەوەی کوڕی پیاوێکی دەستەڵاتدارە. ئەم دیاردەیە بەشێکە لە راستیی و ناسینی کۆمەڵگای ئێمە. یەکێکە لە فاکتەرەکانی جۆری بیرکردنەوە و جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان. ناسینی ئەم خەسڵەتانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێشبینیی بکەین رووداوەکان بەرەو کوێوە دەچن. بۆ نموونە، ئایا لە ئێستادا کێشەی سەرۆکی هەرێم چۆنە و بە کوێ دەگات؟
هێزە ئۆرگانییەکانی باشور
بەگشتیی پارت و رێکخراوە کوردییەکان ئۆرگانیین. پارتە بەرانن، سەرەکانیان ناتوانرێن وەکو سەری بوتڵ بگۆڕدرێن. یەکێتی و مام جەلال، مەسعود بارزانی و پارتی، نەوشیروان مستەفاو گۆڕان هەتا هێزە بچوکەکانی وەکو محەمەدی حاجی مەحمودو قادر عەزیزیش. رێکخراوێکی وەکو یەکێتی جگە لەوەی کە بەندە بە مام جەلالەوە، ورد دەبێتەوە بەسەر ژمارەیەک کەسدا کە هەر یەکە فەوجە کۆیلە، کۆمپانیا، موڵک و پارەی لادراوی لە خۆی ئاڵاندووە. دەستەڵاتێکی بۆ خۆی دروست کردووە و پشکی هەیە لە دانانی پۆستدا. دەستەڵاتی ئەم جۆرە کەسە پۆستێکی بەڕێوەبەرایەتیی نییە کە مەرجی راپەڕاندنی ئەرکەکانی لەسەر بێت و یەکێکی تر بتوانێت جێگای بگرێتەوە. دەستەڵاتەکە بەستراوە بە کەسەکەوە.  کەس بە لۆکەش ئاو بکەن بە دەمییەوە، بشخەڵەفێت دەبێت رەشۆکییەکانی دەوریشی لەگەڵ خۆیدا بخەڵەفێنێت و هەر لە جێگای خۆیدا دەبێت.
لە کوردستاندا دیموکراتیی نییە تا دەنگ و هەڵبژاردن بتوانێت هیچ لە کێشەکە بگۆڕێت. دەنگدان بۆ تازەکردنەوەی ملکەچیی خەڵکە و رەواییدانە بە دەستەڵات. پەڕلەمان سیقەتۆرەی دەستەڵاتە. ئەو بڕیارانە دەهاڕێت کە بە دەمی سەرۆکەکاندا دێن. ئەوەی بڕیاری بونیادی دەستەڵات دەدات لە هەرێم هێزی بەرانە پارتەکانە. پارتی و یەکێتی بە پێی قەبارەی هێزیان پۆستی سەرکۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمیان لە نێوانی خۆیاندا بەش کردووە. کە دیموکراتیی لە ئاردا نەبێت ئیتر چۆن بە یاسای شەڕە بەران مەسعود بارزانی پۆستەکەی خۆی بۆ کەسێکی تر بەجێ بهێڵێت. بۆ کەسێک کە وەکو گولـلەی وێڵ لە دەرەوەی مەیدانەکەوە بێت و شاخ شکێنیش نەبێت؟ ئەمە لە کاتێکدا کە سروشتی کۆمەڵگاکە وایە کە دەستەڵات وەکو لوت بە دەستەڵاتدارەوەیە؟
کێشەکە لە راستییدا هەڵبژاردنی سەرۆکێک نییە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هەرێم. بەڵکو دیاریکردنی بەهێزترین دەستەڵاتدارە کە مەسعود بارزانییە بۆ مەڕمیللەت. یەکێک لە نیشانەکانی ئەم بەهێزییەی بارزانی دروستبوونی گەلە کۆمەکێیە بەرامبەری وەکو رۆژی ٢٣/٠٦ لە پەڕلەمانی کوردستاندا دەرکەوت. بەڵام هەر ئەو گەلە کۆمەکێیە ناتوانن لە ناو خۆیاندا یەکێکی تر دیاری بکەن بۆ سەرۆکی هەرێم. چونکە یاساکە وایە کە دەبێت لە هەمووان بەهێزتر بیباتەوە. بۆیە دەبێت ئەوانیش هەر مەسعود بارزانی هەڵبژێرنەوە. کەواتە، لە کاتێکدا کە خودی یاسا بۆ خۆی قسەی بەتاڵ بێت، ئەوا پڕۆژە یاسای پارتەکان لە ناوەڕۆکدا مرخێش مرخێشی کردنەوەی مەسعود بارزانییە بە سەرۆکی خۆیان. 
چونکە:
١. مەسعود بارزانی میراتگری مستەفا بارزانییە کە سەرۆکی کورد بوو. ئەمیش میراتگری سەرۆکی کوردە.
٢. هیچ کام لە سەرۆکی پارتەکانی تر لە رووی سەربازیی و سنور شکاندنەوە بۆڕی پارتی نەداوەتەوە، نەیتوانیووە وەکو پارتی ملکەچیی جەماوەر بباتەوە.
٣. ئامانج و سروشتی پارتەکانی تر لە جەوهەردا نامۆ نین بە ئامانج و سروشتی پارتی. بۆیە جێی خۆیەتی کە پارتی پێشڕەویان بێت، وەکو چوار قاچ لەگەڵ پارتیدا مێزی دەستەڵاتی هەرێم دروست بکەن.
چارەسەر چییە؟
پەڕلەمان سەرۆک هەڵبژێرێت یان جەماوەر راستەوخۆ دەنگی بۆ بدات وەکو فشە فشی مەنجەڵی بوخار وایە، هەر ناو مەنجەڵەکە دەکولێنێت، نایگۆڕێت. لەم قوڕەی ئێستا ناتوانرێت شتێکی تر دروست ببێت. لە دۆلکەیەک ناتوانیت ئاوێک تێ بکەیت لە دۆلکەکەدا نەبێت. بۆیە وەکو هەژدە ساڵ لەمەوبەر "کۆنتراکت" نوسی: "چارە سەر لە دەرەوەی پارتەکانە." ئەوەی خراپی کردووە ناتوانێت چاکی بکات. چارەسەرو گۆڕانکاریی لە بونیادی دەستەڵاتدا بەندن بە رێکخستنەوەی کۆمەڵگاوە. رێکخستنەوەیەک کە تیایدا وەکو "کۆنتراکت" باسی دەکات:
"حوکمی دەستەڵاتی تاکه‌ که‌س لاببرێت و حوکمی سیستێمێکی سیاسیی بخرێته‌ جێگای. له‌م سیستێمه‌ سیاسییه‌دا دەستەڵاتی مرۆڤه‌که‌، سه‌رۆکی وڵات بێت یان فه‌رمانبه‌ر، دەستەڵاتی شوێنه‌که‌ ده‌بێت نه‌ک دەستەڵاتی که‌سه‌که‌. ئه‌م دەستەڵاته‌ له‌ یاسا و رێنمایی حقوقییدا دیاری بکرێت. تاکه‌کان له‌ سیستێمه‌که‌دا یاسا پیاده‌ بکه‌ن نه‌ک هه‌وه‌س و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان. تاکه‌ که‌س بۆی نەبێت دەستەڵات له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌رێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیشه‌که‌ی. دەستەڵاتدار له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیش حاکمی وڵات بێت یان که‌ناس وه‌کو یه‌ک له ‌به‌رده‌می یاسادا حسابیان بۆ بکرێت."
رێکخستنەوەی کۆمەڵگا بە پێی فەلسەفە و پرەنسیپێکی موراڵیی وا کە دەستەڵاتێکی بەڕێوەبەر نەک کۆیلەکەر دابمەزرێنێت. بۆیە، کێشە دژایەتیی دەستەڵات نییە. کێشە رێکخستنەوەی کۆمەڵگایە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: کام رێکخستنەوە؟

ناسر حەفید
٢٠١٥/٠٦/٢٦
ئێمە لە بەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە