جومعانەی فەقێ

Sunday, 12/07/2015, 16:49

2049 بینراوە


ماوەیەکە نێچیر بارزانی ماخۆلانی تێکەوتوە و لەم دەرگا و ئەو دەرگا ئەدا تا مامی پۆستەکەی لەکیس نەچێ و وەك چۆن بەسەرۆکی لەدایك بوە،ئاوهاش ئەیانەوێ بەسەرۆکی بمێنێتەوە. ئەمە دید و بۆچوونی بنەماڵەی هەزار پیاوەکەیە و بڕاوەتەوە.
نێچیر خۆی تەنگەتاو کردوە و ئەوەی لەدەست و دەمی بێ بۆ ڕازکردنی برادەرانی ئەم لا ئەیکا و درێغی ناکا،ئەڵبەت لە پێشدا بە شێوەی خۆشی و دابەش کردنی کێکەکە،پاشان گەر ئەم ڕێگەیە خێری نەبوو،ئەوسا بە هەڕەشە کردن و دوو ئیدارەیی و دوو حکومەت و تا ئەگاتە شەڕی ناوخۆ و شتی تر. نێچیر ئەیەوێ وای نیشان بدا کەوا مامەکەی داوای شتی وای نەکردوە و ئەمان لەخەمخۆری بۆ گەل و بەرژەوەندی گشتی هەڵساون بەم کارە. وای دەرئەخا کە مەسعودی مامی حەز و ئارەزووی کورسی نیە بەڵام لەبەر ئەوەی خەریکی دروستکردنی دەوڵەوتی کوردیە ،بۆیە پێوستە پۆستەکەی دەستکاری نەکرێ.
جاران تا کۆتایی شەستەکان دیاردەیەك لەئارادا بوو کە پێیان ئەووت(جومعانەی فەقێ). لە زۆربەی زۆری شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان جگە لە مجەوور کە ئەویش خۆی بە قووڵینەیەکەوە ئەگەڕا ماڵ بەماڵ بۆ نان و ناوساجی و شەکر و ڕۆن وبرنج،فەقێکانیش کە وەك کۆلکە مەلایەك وابوون و بەدەستێ جلی مەلایەتیەوە ئەگەڕان بەدوای پیتاک و پارە کۆکردنەوە بەناوی خێر و سەدەقە. لەبەرئەوەی فەقێکان مووچەی میریان نەبوو ،ئەوان کارێکی لەم جۆرەیان ئەکرد بۆ بژێوی و تەواوکردنی کاری ئایینیان .
وا هەنووکە نێچیری برازای مەسعود هەمان کار بۆ مامی ئەکا و ئەیەوێ مامی لای خەڵکی شیرین بکا،دوور نیە لای خەڵکی بەشیوەیەک باسی مامی بکا کەوا چەند کابرایەکی باش و بەکەڵکە بۆ کورد. بۆیە وای بۆ ئەچین لانی کەم بەم شێوەیە وەسفی مەسعودی بۆ لایەنەکان کردبێ تا جارێکی تر و هەتا هەتایە لەسەر کورسی هەرێمۆکەکەی بارزان بمێنێتەوە.
ئێوە وەك من مامم ناناسن،گەر بیناسن ئەوا بۆ یەک خولەکیش داوای گۆڕینی ناکەن. مامم ئەوەندە کەسێکی خاکی ،دڵسۆز،کورد پەروەر،سادە،دڵفراوان،بەخشندە،دەست بڵاو،نمونەی خوو ڕەووشتی بەرز،سۆزدار،میوان دۆست،دڵفراوان،سەرو زمان شیرین، قسەزان،گوێگر،نەرم و نیان،بەسەلیقە،سەری بچێ نوێژ و ڕوو ڕووی ناچی،سوڵحکەر و ناوبژیوانی باش،خێرکەر،دەم بە پێکەنین و چەندین شتی تر. جا بۆیە باشترە ئەم هەلە لەدەست نەدەین و هەموان پێکەوە بچین داوای لێبکەین و بەشکم خوا بکا قەناعەتی پێ بهێنین کەوا واز لەو کورسیە نەهێنێ. بەخوا ئەگەر داوای لێ نەکەین ئەوا خۆی حەزی لێی نیەو هەر لەبەیانیەوە واز ئەهێنێ.ئێوە وەك منی ناناسن،نازانن ئەو بۆ خۆی چەندە مێژووی خۆی و بنەماڵەکەی لەکورسی و پلەو پایە پێ گرنگترە،نازانن ئەو بۆ خۆی ژیانی پێشمەرگایەتی لای چەندە بەنرخ و بەرزە و نایەوێ چی تر لەوە زیاتر هیلاك وماندوو ببێ. گەر وەك من بیناسن ئەزانن چەندە ڕقی لەپۆست و پلە و پایەیە.ئەو خۆی زۆر لەو کورسی و پۆستانە پیرۆزتر و گەورەترە وەك ئەوەی ئێمە لێی تێگەیشتووین .
جا برادەرینە با هەموان بەرەو سەری ڕەش ڕێبکەوین وتکای لێ بکەین کەوا ببێتەوە بەسەرۆکمان ،چونكێ گەر داواو تکای لێ نەکەین ئەوا لێما ئەڕواو نابێتەوە بە سەرۆکمان،جا بۆیە من وەك نێچیر بارزانی ئەم داوایەتان لێ ئەکەم .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە