چیرۆکی پیاوێکی وێڵ بۆ ئازایەتی

Wednesday, 08/07/2015, 21:14

5395 بینراوە


پیاوێك هەست ئەکا پێوستی بە پیاوەتی و ئازایەتیە و نیەتی. هەرچۆنێك بیرئەکاتەوە نازانێ چۆن چارەسەری ئەم گرفتەی بکا،نازانێ ئایا پیاوەتی،ئازایەتی،جوامێری شتێکە کە بتوانرێ بکڕدرێ وەیان لانی کەم بەقەرز و قۆڵە دەست بکەوێ. ئەم پیاوە کێشەی پارە و کاتی نیە،کێشەی لەش ولار و هێزی ماسولکەی نیە،کێشەی بیرکردنەوەو پرسیار کردن و وەڵام دانەوەشی نیە،کێشەی مامەڵەکردن و ژیان گوزەران لەگەڵ کۆمەڵ و کۆمەڵگادا نیە. بەکوردیەکەی هیچ کێشەیەکی وای نیە کە هەستی پێبکرێ،تەنها کێشەی ئەوەیە؛خەسلەتی ئازایەتی و پیاوەتی نیە. بۆیە زۆر عەوداڵە بزانێ هۆکاری نەبوونی ئەم هەستە بەرزە چیە و چۆن بتوانێ کەسایەتی خۆی تەواو بکا بەوەی کە بڕێ ئازایەتی و پیاوەتیش لەودا دروست ببن.
بۆ ئەم مەبەستە ئەچێتە لای پزیشکی دەروونی بەڵکی لانی کەم چەند ڕێنماییەکی بدا وەیان یارمەتی بدا لە دۆزینەوەی ئەم گرفت و ئاریشەیە. کاکی پزیشك بەچەندین دانیشتن و ئەزموونی تایبەت هەوڵ ئەدا،لێ هەوڵەکانی بێ سوود ئەمێننەوە.لای پزیشك ،ئازایەتی،جوامیری و پیاوەتی نەخۆشی دەروونی نین و بوون و نەبوونی شتێکی خۆڕسکە و لای هەموو مرۆڤەکان بە ڕێژەی جیاواز جیاواز بوون و نەبوونیان هەیە. بۆیە ئامۆژگاری ئەو بۆ کابرا ئەوەیە کە ئەگەر وا هەست بکا ئەو شتانەی نیە،ئەوا لای ئەم چارەسەری نیە.
پاشان وەك هەندێ سەردانی مەلای ئایینی و پیاوە دینییەکان ئەکا و هەمان کێشەی خۆی لایان واڵا ئەکا،ئەمانیش لەڕێگەی ئایین و شەرع و ووتەکانی خواو نێردراو بۆی ئەسەلمێنن کەوا هەموان بڕێك لەو ئازایەتی و جوامێری و میرخاسیەمان هەیەو لەکاتی پێوستدا بەکاری دێنین،بۆیە بەپێی ووتەی پیاوە ئایینیەکان و ئامۆژگاری ئەوان ،دڵنەوایی کابرا ئەکەن و پێی ئەڵێن گەر وەك ئێمە باوەڕت بەئایین و فەرموودە و قسەکانی خوا هەبێ،ئەوا خودا سەبووریت ئەدا و ئەو شتانەت پێشکەش ئەکا کە تۆ هەست بەنەبوونی ئەکەی.
کابرا دوای ئەم چەن و چۆنەی پزیشك و پیاوە ئایینیەکان هێشتا هەست بە نەبوونی پیاوەتی ئەکا و هەست ئەکا لەکاتێك کە پێوست بێ پیاوەتی بنوێنێ،هێشتا بەربەستێك لەناخیدا ڕێگەی ئەوەی لێگرتوەو نایەڵێ وەك پیاوێکی ئازا و جوامێر ڕەفتار بکا. ئاخۆ بۆ ئەمە ڕووئەدا؟؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەناچاری لەهەموانی ئەکا و تا کار ئەگاتە ئەوەی لە دانیشتنەکانی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی و چایخانەدا وێڵە بەدوای وەڵامەکەیدا. ئەگەر چی هەندێ وەك گاڵتەپێکردن و تەشق لەگەڵی ئەدوێن ،لێ ئەم گەلێ بەڕاستیەتی و ئەیەوێ بزانێ هۆکاری سەرەکی چیەو چارەسەرەکەشی چٶنە؟کابرا لەهەوڵی گەڕاندا نائومێد نابێ و ئەم جارە ڕووئەکاتە لای چەند کەسێکی سیاسی و هەمان پرسیاریان ئاڕاستە ئەکا. ئەوانیش ئەڵێن ئازایەتی و جوامێری تەنها شتێکی کاتیە و هەموو کات پێویستیت نابێ پێی،هەر بۆیە باشترە هەندێ لەڕووخساری دەرەوەی خۆت بگۆڕی و سەر و سمێڵ بۆیاخ بکەیت و لەکاتی شەڕ وجەنگدا جلی سەربازی و کەتافی  بپۆشی و زوو زوو خۆت لەزۆمی کامیرای تەلەفیزیۆنی دەربخەیت و بیکەیتە شیڕە شیر. وە گەر زیاتر وویستت خۆت وەك جەربەزەیەك نیشان بدەی،ئەتوانی زۆر جار ووتاری ئاگرینەو نەتەوەیی لەسایت و ماڵپەری دەزگا حزبی و ئەهلیەکاندا بڵاو بکەیتەوەو لەهەندێ جاردا بەناوی خەڵاتی نیشتمانی و لەم شێوەیە خەڵات پیشکەش بکە.ڕەنگە هەندێ جار ڕاکردن و هەڵاتن لەبەرەکانی جەنگ بتوانی وەك سەروەری و تەکنیکی سەربازی بۆ خۆتی هەژمار بکەیت و وەك سەرکەوتن بەخەڵکی بفرۆشیتەوە، خۆ گەر پێوستی کرد ئەوا ئەتوانی هەندێ جار ڕۆژنامەنووسانی میلەتەکەت تیرۆر بکە،ئەمانە هەندێ لەو ئازایەتی و جوامێریانەی هەندێ لەدەستەڵاتە دەستڕۆیشتوەکەی باشووری نیشتمانە کەخۆیان بەکەس ناگۆڕنەوە.  کابرا ئەم جۆرە ئازایەتیەی بەدڵ نیەو جارێکی تر ئەیەوێ ئازایەتی ڕاستەقینەی دەست بکەوێ. هەر بۆیە ئەم جارە دوای ئەوەی تەواو بۆی دەرکەوت کە لەو شوێنەی خۆی ناتوانێ ئازایەتی و جوامێری قەرزبکا،ئەم جارە لەڕێگای یەکێ لەئاوارەکانی کوردستانی ڕۆژئاواوە ئامۆژگاری ئەکرێ، ئەگەر بەڕاستی ئەیەوێ نمونەی ئازایەتی و قارەمانێتی و کوردپەروەری فێربێ و وەیان وەدەستی بێنێ،با بچێ بۆ لای شێرە ژنەکانی ئەوێ و لای ئەوان مەرجی پیاوەتی و ئازایەتی و گیانفیداکردن تەنها لای پیاوان نیەو ئەوان خەریکی خۆ دەرخستن و فەیسبووك و وێنەی سیلفی نین؛بەڵکە تەنها فێری ووتنەی وانەی خۆشەویستی نیشتمان و مرۆڤایەتین.ئەوانن بەڕاستی مانای ئازایەتی و جوامێری فێری گشت گەلانی مرۆڤدۆست ئەکەن و لەپێناو هەمواندا شەڕی داعش و تاریکستانەکان ئەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە