کوڕەکانی پیاوە سادەکە

Friday, 07/08/2015, 23:09

11018 بینراوە


ئەم وێنانەی دەیبینن لە فلیمی (دز و پیاوکوژەکان) یان (مادە هۆشبەرفرۆشێک)ی هۆڵیودەوە وەرنەگیراوە، یان لە فلیمێکی مافیا یان کاسینۆ گیرابێت، ئەم وێنەیە جانتای پارەی دەرمانفرۆشتن نییە. ئەمە وێنەی کوڕەکانی کاکە نەوەیە، ئەو پیاوە ئاشتیخوازەی خۆی لێمان کردۆتە گاندی و عیسا و بڕوای بەچەک نییە، ئیدیعای ئەوە دەکات کە هەمووشتێک شایستەی گفتوگۆکردن و دیالۆگە، لێ بەڵێ لە پڕێکدا لە دوو وێنەدا خەونی ئەم پیاوە سەر ئاو دەکەوێت و کوڕەکانی وێنەیەکی ترمان بۆ نمایش دەکەن، کە قسە زۆر هەڵدەگرێت.
ئەم نووسینە کاتێک دەنووسم پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر، کە سایتی پاراستن بڵاوی کردۆتەوە، دەبوو بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا و کوڕەکانی بهاتنایە سەر خەت و وەڵامیان بدایەتەوە، بەڵام ئەوان بەو عەقڵەوە بیر دەکەنەوە، دەڵێن ئێمە هێندە کۆیلە و دەروێشمان پەروەردە کردووە ئەوان لە بری ئێمە لە فەیس بوک وەڵام دەدەنەوە، ئەوەتا مەحمود رەزای ئامۆزای کاک نەوشیروانیش  لە بری جەمال عەبدول و حمەی مەلا کەریم، وەڵامی داوەتەوە!، رەنگە مەبەستیشیان نەبێت و نەترسن کە خەڵکی بەخاوەنی ئەو سەفتە دۆلارەشیان بزانێت!شوکور ئەوەندە پیاویان دروست کردووە زۆرن هەر یەکە لێکدانەوەیەکی بۆ بکات ، یەکێک بڵێ ئەمە فۆتۆ شۆپە، ئەوی تریان بڵێت ئەو دەستەی لەوی تری ناچێت، یان جانتاکەی ئاوایە و وا نییە! یەکێکی تر بڵێت لێرەدا گوپی خرە و خۆی وا نییە! ئیتر بۆچی خۆیان ئەو زەحمەتە بکێشن و  قسە بۆ میللەتێکی نووستوو بکەن و لە ئاگایی خۆیانەوە خەڵکی بەئاگا بهێننەوە.  من لەلایەن خۆمەوە هەموو ئەو حیزبانەی، کە لەناو حکومەتە لنگ فراوانەکەدان وەک یەک سەیریان دەکەم بەیەک چاوی بێچاویلکەوە دەیانبینم، هەموویان وەک کوڕەکانی کاکە نەوە بیر دەکەنەوە، دەیانەوێت پێمان بڵێن ئێمە لەهەموو قەیرانەکاندا یاری بە پارە دەکەین. دەزانم کەسانێکیش هەن دەڵێن ئەگەر گیرفانی هەموو ئەوانەی لەگردەکەن بگەڕێیت هێندە پارە نادۆزیتەوە.
 ئەم دوو وێنەیە چیمان پێدەڵێن ؟ 
 ئێمە شایەنی دواین ساتەکانی سەردەمێکین، کە لایەنی کەم ٥٠- ٦٠ ساڵ دەستی پێکردوە و ئەمڕۆ بەو ئەنجام گەیاندووە ئەمڕۆ ئاسانتر دەیان بینین، ئەم سەرکردانەی کورد و بە رۆشنبیرەکانیشییەوە بەرهەمی ئەو پیاوکوشتن و شەڕ و شۆڕشانەن، کە بەناوی کوردایەتیی و خەباتی نەتەوەیی و مەسەلەی سیاسییی دیکەوە ژیانی میللەتێکیان خستبووە ناخۆشییەوە، ئەمڕۆ وا خۆیان و منداڵەکانیان لەبەرەکەی دەخۆن، خەڵکی کوردستانیش تا بێت بە ناخی زەوییدا رۆدەچێت، سوپاس بۆ ئەم سەردەمە دیگیتالە کە نهێنییەکان وەک دار زوو دەکەونە سەر ئاو.
کاک نەوشیروان حەزی لە دۆلار نییە، کەچی کوڕەکانی بێ ئەوەی بەرپرسی ئابوریی بزوتنەوەی گۆڕان بن لە وێنەیەکدا جانتایەک دۆلاری لەبەر دەستایە لەوێنەکەی تردا یەکێکی تر لە کوڕەکانی دەڵێیت لە بازاڕی دۆلارەکە کار دەکات...! سەفتەیەک دۆلار دەژمێرێت و لە ژماردنی سەفتەکانی تریش بۆتەوە.
 ئەمە تەنها بەشە پارەی سوپەر مارکێتی "مێترۆیە" جارێ پارەی نەوت و گازو کارگەی چیمەنتۆکەشمان بۆ نەهاتووە تا کوڕەکانی یاری بەو دۆلارانەش بکەن و وێنەی پێوە بگرن.
هەموومان دەزانین وێنە چرکە ساتێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، وێنە چیرۆکێکی کورتە و بیرچوونەوەی ئاسان لە هزری کەسماندا کاڵ نابێتەوە، تەنها کوێرەکان نەبێت کە بێبەشن لەبینینی.
پلاتۆنی فەیلەسوفی یۆنانی دەیووت "هەموو شتێک دیمەنە" ئەم وێنانەش وەک تابلۆیەکی سوریالی یان وەک هەر وێنەیەکی تر بتانەوێت چاوی لێبکەن ئاسایییە، چونکە لە هەموو بارەگا و گرد و مەزرایەک، هەروەها لە هەموو کۆڕ و کۆبونەوە و ژوورە داخراوەکاندا سەدان وێنەی وا هەن و بە کامێرا نەگیراون. ئەوەتانێ لەم ڕۆژانەدا بەچکەیەکی بارزانی ئۆتۆمۆبێلێکیان بە ١٦ دەفتەر دۆلار بۆ کڕیوە. مەسروری پیاوە موخابەراتییکە هەر بۆ خۆشیی ڤێلایەکی لە ئەمەریکا بە ملیۆنەها دۆلار کڕیوە، کە کەس نازانێ کێی تێدا دەژی، قەیدی چییە بەهەمان شێوە کوڕەکەی تاڵەبانیش لە لەندەن ڤێلایەکی هەیە هیچی وای پێنەداوە تەنها تۆزێ نەوت لە بۆرییەک ڕۆیشتوە بۆی، وەک سۆندەی ئاوێک باخچەیەک ئاوی بۆ بەربدەیتەوە. مەلا ساختەچییکانیش کە بە ناوی ئیسلامەوە مێشکی گەنجەکان تێک دەدەن، ئەو مەلا ڕیشدارە سەلەفییە چەنەبازانەی کە باس لە جیهاد و خۆکوشتن دەکات، بۆ خۆشی ئۆتۆمۆبیلی گوللە نەبڕی بە چەند ملیۆن دۆلارێک کڕیوە، کە دینییەکان جاران دوعای گوللە نەبڕیان بە بەرۆکیانەوە دەکرد ئێستاش لە ناو ئۆتۆمۆبێلی گوللە نەبڕدان. هەموو لەسەر حسابی میللەتێکی خەوتوو و نەزان، کە ئەم سیاسیانە و مەلا ئیسلامیانە  ئەرکیان گەوجاندن و بێعەقڵکردنی خەڵکە.
 ئیتر گەنجێک یاخی بێت بڕوات سەری خۆی هەڵگرێ، یان لەشەقامەکاندا جوێنتان پێبدا، هەموو خەڵکی باشور ئینتمایان نەمێنێت بۆ نیشتمان مەپرسن بۆچی؟ ئەوە بەرهەمی ئەم ڕەفتارانەتانە نووسەر و ڕۆشبیرو مامۆستای زانکۆ و شاعیرو هونەردۆست و موسیکژەن، کە لە بەرماوەی پیسی ئێوە دەخۆن، دەنگ بە درێژکردنەوەی سەرۆکێکی قەزم دەدەن، کە ترسنۆکیی دووڕووی و خۆفرۆشی لێدەچۆڕێت. ئەم وێنانە و بڵاوبوونەوەی ئیتر تەلیسمی گەرەنتی چوارساڵ ئارامی شەقام دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆ لەمەودوا ئێوە هەرچیەکتان بەدەستەوەبێت ئێمە بەدۆلار سەیری دەکەین، نەک بە بیروباوەڕ و درۆی زلی گۆڕانکاریی بزووتنەوەکەتان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە