نامەیەك بــۆ سەرۆك

Tuesday, 18/08/2015, 20:53

3007 بینراوە


سەرۆك من هیچ باش نیم ئەزانم بەلاشتەوە گرنگ نیە، سەرۆك من بەدیار مردنی خۆمەوە ئەگریم و تۆش بێ ئاگایت لە من و سەدان گەنجی وەك من، سەرۆك لەم خاكە تینوەدا لەم خاکە تاریکەدا لەم خاکە بێنازە دا  لەم خاکە هەتیوەدا پێت ئەڵێم من پیر بووم بەدیار پێکەنینە کانتەوە لێت ناشارمەوە هێندە پێکەنینەکانتم بینیوە لە کاتی هاتنەوەی ڕوفاتی هەزاران گەنجی ئەم وڵاتە لە کاتی بردنی کچێنی کچانی ئەم وڵاتە  لە لایەن دوژمنە نەگیرسەکانمانەوە بەڵام تۆ لە پێكەنینی خۆت ناوەستی بۆیە ئەو کاتەی تۆ پێدەکەنی من حەز دەکەم بگریم، سەرۆك لەم خاکە سوتاوەدا لەم خاکە پڕ لە نەوتەدا لەم خاکە پڕ لە زێڕەدا ئەمەوێت هەڵبێم لەو دەموو چاوە ناشیرنانەی چەپڵەت بۆ لێدەدەن ئەمەوێت هەڵبێم لەو سۆزانی خانەی ناوی لێدەنێیت دەوڵەتی کوردی. سەرۆك چیتر لەو ئایەتە نەگیرسانەش ناخوێنمەوە کە تۆیان پیرۆز کرد هەرچی ووشەو کتێبیش هەیە دەیسوتێنم تا تۆم بیرچێتەوە هەموو ئەوشتانە لەبیر خۆم دەبەمەوە کە تۆیان پیرۆزکرد، لەو نیشتیمان و شارو جەنگەڵانەش هەڵدێم بوونەتە سایە بۆ تــــۆ، سەرۆك حەز دەکەم ئەوەش ڕاست بکەمەوە کاتێك بانگت ئەکەم بە سەرۆك وا هەست مەکە پیرۆزیت لام و ناوت ناهێنم ڕاستی هەرکاتێك ئەمەوێت قسەیەکت پێ بڵێم باوکم ئەڵێت کوڕم بێدەنگ بە و ناوی پیاوە گەورەکان بە خراپی مەهێنە باوکیشم زۆر پیربووە بۆیە ئێستا تێناگات تۆ نەك گەورەنیت بەڵکوو لە بچوکی بچوکوکانی.  بۆیە لە ماڵی خۆشمان هەست ئەکەم پەناهەندەم چونکە ناتوانم پڕ بە دڵ سەرزەنشتت بکەم، ئیدی چۆن پیرۆزیەکی نا هەرگیز هیچ شتێك لای من پیرۆز نیە تا تۆ پیرۆزبیت سەرۆك نازانم بۆ ناتوانم  بۆ ناتوانم وەك هەموو ئەوانەی تۆیان خۆش دەوێت من بتوانم کەمێك لە خۆشەویستی خۆم ببەخشم بە تۆ. من کاتێك مناڵ بووم تۆم بە گەورەیی و شکۆوە دەبینی بەڵام کاتێك من گەورە بووم زانیم گەورە بوونی تۆ درۆیەکی مناڵانەیەو تۆ زۆر بچوکی. سەرۆك بە ئەندازەی ڕۆژو و هەفتەو مانگ و ساڵەکانی تەمەنم بێزارم لە هەموو ئەوانەی تۆیان دروستکردوو ئێمەیان کوشت. سەرۆك تۆ لە دایك بوویت و ئەوان مردن تۆ ژیایت و ئێمە مردین  تۆ ژیایت ە ژیایت و ژیایت و ئێمەش مردین و مردین و مردین.

پەناهەندەی نیشتیمان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە