لە چ وڵاتێکدا رووی داوە وەزارەتی بەرگریی سەربازەکانی خۆی ئاوا سووک بکات؟

Thursday, 17/09/2015, 13:40

14146 بینراوە


پارتەکانی باشوور هەمیشە وەک بووکەسەماکەرە ژمارەیەک کەسی لاواز و دووڕوو بەکاردەهێنن، ئیتر ئەم کەسانە وەکو شاعیر نووسەر یان گۆرانیبێژ دێنە پێشەوە.هەندێکیان وەک شاعیر، رۆماننووس، نووسەر و هونەرمەند یان وەک رۆژنامەنووس خۆیان ساغ دەکەنەوە. ئێستا زۆربەی راگەیاندنەکانی باشوور، کە هەر یەکەیان سەر بە بازرگانێکی مافیائاسایە، خەریکی دروستکردن و گەورەکردنی ئەم جۆرە کەسانەن. لەسەرەتای دزییەکەیاندا زەکەریای گۆرانیبێژیان هێنا و چەندەها تەلار و شوقەیان بە ناوی زەکریاوە دروست کرد. هەروەها لە بواری شیعردا شێرکۆ بێکەسیان کرد بە وەزیر، دوایی بوو بە بەرپرسیی دەزگایەکی پەخش و راگەیاندن. یەکێتیی زوڕنایەکی بەناوی دەزگای سەردەم دایە دەستی، ئیتر ئەویش خۆی و کوڕ و منداڵەکانی پارە و سامانێکی زۆریان بەهۆی ئەو دەزگایەوە پێکەوەنا. شێرکۆی شاعیری بەناوبانگی کورد پێش ئەوەی بمرێت وەسێتێکی کرد، وەسێتەکە ئەوە نەبوو، پاش مردنی: خانوو، پارە، یان ئەوەی دەستی کەوتبوو بیکات بە قوتابخانە، خەستەخانەیەکی پێ بکاتەوە، یان کارێکی جوانی پێ بکات، لێ وەک بەرپرسەکان نەهات گردێک داگیربکات، بەڵکو لە جیاتی داگیرکردنی گردێک، باخچەی گشتیی داگیرکرد و کردی بە گۆڕستانی خۆی. ماوەیەک لە مەوبەر عەدنان کەریم چوار دەفتەر دۆلاری لە یادی هەڵەبجە بەرکەوت، ئەمە لە کاتێکدا کورد و بێگانە پارە و پیتاکیان بۆ هەڵەبجە کۆدەکردتەوە. شڤانپەروەر، کە یەکێکی ترە لەو شتە پیسانە، ئەمیش کۆمەڵێک خانوو و پارەی کۆکردەوە، دواییش بینیتان چۆن مەسعود بارزانی بردییەوە بۆ تورکیا، ئەو کەمە ئابڕووەی پێی مابوو، ئەویشی پێدانا، لێ ئەوەی ئەمڕۆ لە هەمووان جێگای سەیرترە و لەوانی دیکە جیاوازترە (هێلی لوڤ)ە، ئەو هیلی لۆڤەی لە پاڵ ئاڵای تورکیا  کە دوژمنی کورد و دۆستی داعشە، گۆرانی دەڵێت .
دیاردەی (هێلی لوڤ) لەگەڵ نەوەی نوێی خائینانی کورددا هاتۆتە دنیاوە و لە دایک بووە، یان دەتوانین بڵێین (هێلی لوڤ) هاوتەمەنی کوڕی مەسئولەکانە، (سەیری ئەو وێنەیەی سەرەوە بکە) کە لە داهاتوودا، کوڕی ئەم بەرپرسانە بەتەمان لە شوێنی باوانیان ببنە رابەری نەوەی نوێی کورد، ئەمانیش وەکو مێژووی باوانیان خەڵکی کورد بە کوشت بدەن، بە ناوی ئەو جاشایەتییەی کە باوانیان ناویان ناوە کوردایەتی ئەمانیش مێژوویەکی پڕ لە شەرمەزاری بۆ کورد تۆمار بکەن و بازرگانی بە خوێنی کوردەوە بکەن و خوێنەکانیان بکەن بە پارە.
هێلی لوڤ لە گۆرانیەکانیدا بەبێ ئەوەی پێشمەرگە بە خۆی بزانێت سوکایەتییەکی تەواویی پێدەکات. ئافەرم وەزیری پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە ئەم هەمو پێشمەرگەیە ریز بکەیت بۆ ئەوەی هێلی لوڤ بیانکات بە فلیمی خۆی. لە چ وڵاتێکدا رووی داوە وەزارەتی بەرگریی سەربازەکانی خۆی ریز بکات و دەست لەسەر تفەنگ، ببن بە بوکەشوشەی گورانیبێژێک؟ لە چ وڵاتێکدا رووی داوە، داوا لە پێشمەگە بکرێت شارێکی وەک (شەنگال) چۆڵ بکات و رابکات، بیداتە دەست داعش، لەملاوە بیانهێنن و فلیمی پێ دەربکەن؟! کوڕی بەرپرسەکان هەقیانە پێشمەرگە وا بە سووکی ببینن، بەڵام ئەی وەزیری پێشمەرگە، ئەی قارەمانەکە تۆ چۆن رێگا دەدەیت بە شتی وا؟ ئەی تۆ کاکی نەجمە لە شان! ئەم سمێڵە زل و ئەو حیمایانەت بۆ کەی و بۆ کوێ هەڵگرتوە؟ بەم هێزە چۆن نیشتیمان دەپارێزرێت؟ لە کوبانێ کچان شەرەفی نیشتیمان دەکڕنەوە، کەچی لە باشور هێلی لوڤ، بەم شێوەیە پێشمەرگە بەکار دەهێنێت کە بە حساب دەبێت بەرگریی لە خەڵک و لە نیشتیمان بکەن.
لە وڵاتان گۆرانیبێژەکان کە ڤیدیۆیەک دەردەکەن، ئەگەر سەربازی تێدا بێت، کۆمپانیەکانی فلیمسازیی دەچن خەڵکی بۆ دەدۆزنەوە و جلی سەربازییان لەبەر دەکەن. بەڵام لەو باشورەی کە هەرچی پیاوەتی هەیە تێیدا نەماوە، پێشمەرگەی هەرزان و وەزارەتی سوک، سەرۆکی حیزبی دز و جاسوس، پەڕلەمانی مەسینەهەڵگر و ئۆپۆزیسیۆنی ساختەچی هەیە، پێشمەرگەیان بۆ دەهێنن و کوڕە بەرپرسەکان بۆ ئەوەی دڵی گۆرانیبێژێک رازی بکەن و هێزی خۆی پیشان بدەن سوپایەکی بەلاش دەخەنە خزمەتیانەوە.
هۆکاری ئەمانەیشە کەوا پێشمەرگەش سووک بووە، دەچێت سواڵ دەکات، یان دەچێت بەو تفەنگەی، کە دەیەوێت بەرگری لە میللەتەکەی بکات، خۆی دەکوژێت.
پێشمەرگە لە ئەرکی خۆی دوورخراوەتەوە، بۆیە بەرپرسەکان بۆ پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان و چاڵەنەوتەکانیان بە کوشتیان دەدەن، یان لە کاتی دیکەدا لەبەر دەم گۆرانیبێژێکدا سووکی دەکەن، ئەو پێشمەرگانە دەبوو ئەم سوکایەتییانەیان قبوڵ نەکردایە و لە بری ئەوە سەری ئەم بەرپرسانەپان پان بکردایەتەوە، کە هۆکاری ئەم سووکایەتیی و بەدبەختییەن!
دەبا کەسوکاری شەهیدانیش، تەنیا بە وەرگرتنی شەهیدانە ئازا نەبن، ئەو پەیامەی کە رۆڵەکانیان خۆیان بۆی بەکوشت داوە، نەهێڵن ئەو هەموو سوکایەتیەیان پێ بکرێت.
پاش بینینی ئەو فیدیۆ کلیپت و وێنانە، دەڵێم:
دەک داوەشێیت وەزیری پێشمەرگە
دەک داوەشێیت نەجم لە شانەکان
دەک داوەشێیت وەزارەتی شەهیدان

ئاخۆ ئەندامی ئەو پارتانەش، کە بەرگرییان لێدەکات دەبێت ئەوانیش چەند لەو سوکایەتیەیان بەربکەوێت و کێشی خۆشیان چەند بێت!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە