شلەی قەیسی

Sunday, 20/09/2015, 23:01

5408 بینراوە


دوێنێ گەلێ تامەزرۆی شلەی قەیسی بووم،وام ئەزانێ گەر ئەوە نەبێ هیچی تر نیە بیخۆم. خەڵکی خۆمان زیاتر قەل و قەیسی لەڕۆژانی جەژن و بۆنەکاندا ئەخۆن.واتا،ئەم خواردنە هی ئەوەنیە هەموو ڕۆژێك بخورێ،لەبەرئەوەی لەسەر گەدە قورسە و زۆر خوادنیشی لەوانەیە تام و چێژیان کەم بکاتەوە،ئەمە جگە لەوەی نرخیشی لەچاو هەندێ شتی تردا بەرز و گرانترە. هەر لە پێرێوە نەختێ گۆشی مەڕی نەرمم بۆ کڕی و هەر وەك چۆن ژنە زەیستانێك بێزوو بە شتێکەوە ئەکا،ئاوهاش منیش حەزم بەم شلەیەوە کرد.
دوای ئەوەی هاوسەرەکەم زۆر گەڕا بزانێ لەماڵەوە قەیسیمان ماوە، زۆر گەڕاو سۆراخی نەکرد ووتی نامان ماوە. هەر بۆیە هەستام چووم بۆ بازاڕێکی تەنیشت ماڵی خۆمان و زۆر گەڕام تا دۆزیمەوە. شاگەشکە بووم و یەك پاوەنم خستە ناو کیسەیەکی نایلۆن و مڕخی خۆمم لێ خۆشکرد. بەڵام کاتێ چاویلکەکەم لەچاو کرد و بۆ ئەوەی بزانم ئەم قەیسیە هی کوێیە و لەکوێیوە هاتوە،وەك ئەوەی لەسەر شاخی ئەزمڕەوە یەکێ پاڵێکی پێوە نابێتم کەکاتی بینیم ئەم قەیسیە جوانە ڕەشەباوە کە هەر دەنکێکی باق وبریقی ئەهاتەوە و ئەتووت ئاڵتوونە.کەچی لێی نووسرابوو(Turkish peach). بێ هیچ چەند و چوونێك؛ یەکسەر بەگێکم بۆ داناو ڕۆم کردەوە و هاتمە دواوە. ئاخۆ هەر دوینێ بوو لەگەڵ دژواری خوشکەزام لەگفتووگۆی ئەوەدا بووم کەوا بۆ ئەچێ جل و بەرگی تورکی نەکرێ!؟ ئێدی چۆن ئەبێ من وا بەو بڵێم و خۆشم قەیسی تورکی بکڕم. هەر بۆیە قیروسیام لەو قەیسیە کرد و لەدڵی خۆمدا ووتم؛ قوزەڵقورت بخۆم باشترە وەك لەو قەیسیەی کە لە تورکیاوە هاتووە.
ئەشێ زۆر کات پێش حەزو ئارەزووەکانمان ببیننەوە و پێ لەجەرگی خۆمان بنێین، ئێ قەیسی سەگباب چیە بکەوینە سەر ئەژنۆ بۆی! یان جل و بەرگی تورکی و ناوماڵی تورکی چیە نەتوانین بایکۆتی بکەین. من هیچ کات دژی مرۆڤێکی تورک نیم و لەزۆربەی کاتدا ڕێز و خۆشەویستیم بۆیان هەیە، هەر بۆنمونە مرۆڤی مەزنی وەك (ئیسماعیل بێشکچی)یان هەیە کە داکۆکی لەگەلەکەی من ئەکا و خۆشی تورکە. ڕەنگە بەسەدان و هەزارەها هاوڵاتی تورکی لەو شێوە هەبێ کەوا لەگەڵ سیاسەتە چەوتەکانی حکومەتە یەك لەدوا یەکەکانی تورکیادا یەک ناگرنەوە. دەنا بۆ ئەوەی بەپارەی من و تۆو ئەوان ئاشی جەنگی دژ بەکورد درێژە نەکێشێ،ئەوا وەك ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی پێویستە لەسەرمان بایکۆتی شت ومەك و خۆراکی ئەو داگیرکەرانە بکەین کەوا پێشێلی مافی کورد ئەکەن.
خواردنی ئەو قەیسییە ئەگەر من نەکوژێت، وا هەست دەکەم دەدرێت بە پارەی گوللەیەک و بە دەستی خۆم مرۆڤێکی کوردی پێ دەکوژرێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە