هۆکاری کۆچکردن و چارەسەر

Monday, 21/09/2015, 19:22

16859 بینراوە


باشور پێویستی بە کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتیی و دەستەڵاتێکی نوێیە
کۆچکردن نیشانەی هەڵوەشانی کۆمەڵایەتییە                                     
کۆچبەر لە وڵاتەکەی بەردەبێتەوەو لە شوێنێک دەگیرسێتەوە            
---------------------------------
مرۆڤ لە سەرەتادا بە بێ هەبوونی دەستەڵات، ئازاد لە سروشتدا ژیاوە. هەندێک لە فەیلەسوفەکان باس دەکەن کە مرۆڤ لە کۆندا لە جەنگێکی وەحشتگەریی بێ بڕانەوەدا بوون دژ بە یەکتریی. هەتا ئەو کاتەی ئیتر مرۆڤ کۆمەڵگاو دەستەڵاتیان دروست کرد لە خۆیان. بۆ ئەوەی کۆتایی بە کوشتار بهێنن و سود لە باشەکانی ئەم پێکەوە ژیانە ببینن.
دەتوانین بڵێین: وەکو دروستبوونی مرۆڤ بە دوو دەستەوە، ئاواش کۆمەڵگا بە هەبوونی دەستەڵاتەوە هاتە کایەوە. دەستەڵات دوو رۆڵی سەرەکیی هەیە. یەکەم، دەستەڵات کۆمەڵگا لە دوژمنی دەرەوەو دەستدرێژیی هاوڵاتیان خۆیان بۆ سەریەک دەپارێزێت. دووەم، دەستەڵات کۆمەڵگاکە بۆ چاکەی هەموو دەبات بەڕێوە. بەڵام ئایا ئەگەر ئەم دەستەڵاتە لە رۆڵی خۆی لای دا چی روو ئەدات؟

هەڵوەشانی کۆمەڵایەتیی
دەستەڵاتی پارتەکان لە باشور نە کوردیان لە دوژمنی دەرەوە پاراستووە نە کۆمەڵگایان بەڕێوە بردووە. بە پێچەوانەوە، ئەوان خۆیان لەسەر هەردوو رادەکە بوون بە مەترسیی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەستەڵات بە پێچەوانەی ئەوەوە کار دەکات کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگای بۆ دروست بووە. لەم حاڵەتەشدا دروستبوونی کۆمەڵگا هۆکاری نامێنێت. بۆیە سەرئەنجام کۆمەڵ دەکەوێتە رەوشی هەڵوەشانەوە.

هەڵوەشانی کۆمەڵایەتیی
کاتێک دەستەڵات لە رۆڵی سیاسیی و سروشتیی خۆی لا ئەدات ئەو کۆنتراکتە سیاسییە هەڵدەوەشێتەوە کە لە سەرەتاوە کۆمەڵگا لەسەری دروست بووە. ئەنجامی ئەمەش ئەوەیە کە کۆمەڵگا دەکەوێتەوە ئەو رەوشە سەرەتاییەوە کە بۆ کۆتایی پێ هێنانی بەرەڵایی و بێ یاسایی، دەستەڵاتی لە خۆی دروست کرد. ئەم رەوشەش پەیوەندیی نییە بە زەمانەوە. لە هەر کات و شوێنێکدا کۆمەڵگا توشی هەڵوەشان ببێت مرۆڤ تیایدا دەکەوێتە جێگایەکەوە کە وەکو بوونەوەرێکی موراڵیی ناجوڵێتەوە. دەگاتەوە سەر تەختی ئاژەڵیی و بێ موراڵیی. نموونەی ئەم رەوشەش دوای روخانی عێراق بینیمان کە کاتێک دەستەڵات نەما خەڵک چۆن کەوتنە تاڵانیی و کوشتاری یەکتریی.
لە کوردستاندا هەڵوەشانی کۆمەڵگا لە باشوردا لە چەند دیاردەیەکەدا خۆی دەرخستووە. لەوانە، دیاردەی تاڵانیی کوردستان بە هەموو شێوەکانی. پیسخۆریی کە کارەکتەری دەستەڵاتە، بووە بە رێگایەکی بەکار بۆ گەندەڵکردنی بینای موراڵیی کۆمەڵگاو ئامادەکردنی بۆ روخان و هەڵوەشان. کۆچکردنی هاوڵاتیان لە کوردستان بە گشتیی نیشانەیە بۆ پرۆسەی هەڵوەشانی کۆمەڵایەتیی.
کۆچی هاوڵاتیان
کۆچی هاوڵاتیان بۆ دەرەوەو بەجێ هێشتنی کوردستان لە ئێستادا یەکەم جار نییە. ئەوانەی کوردستان بەجێ دێڵن لە شوێنێکی تر تاقیان بۆ لێ نەدراوە. کۆچبەران بۆ هیچ شوێنێک ناچن. ئەوان لە وڵاتەکەی خۆیان بەردەبنەوەو لە شوێنێک دەگیرسێنەوە یان تیایدا دەچن. ئەم بەربوونەوەیەش سەرچاوە لە هەڵوەشانی کۆمەڵگاوە دەگرێت کە ئیتر هاوڵاتیی هیچ بەستنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی نامێنێت. نموونەی ئەو شتانەش کە مرۆڤ دەبەستنەوە بە کۆمەڵگاوە ئەمانەن، ئیش و ئابوریی، زمان و کولتور، رۆڵ لە کۆمەڵدا، ئاساییش، بڕوابوون بە پێشکەوتن و دڵنیایی. نیشتیمان کە شوێنێکە مرۆڤ تیا بژی و گەشە بکات دەبێت بە ژینگەیەک کە کەسەکە رەت دەکاتەوەو نایگرێتە خۆ.

ئایا راستە هاوڵاتیان کۆچ بکەن؟
کۆچی هاوڵاتیان، لە ئەنجامی هەڵوەشانی کۆمەڵایەتییەوە، کێشەی راست و هەڵە نییە. پرسێک نییە بۆ ئەوەی بزانین راستە یان هەڵە. بەڵکو پرسێکە بۆ تێگەشتن. چۆن؟

هەروەکو چۆن مەنجەڵێک ئاو لەسەر ئاگر ناتوانێت نەکوڵێت یان بەردێک بەرببێتەوە بەدەست خۆی نییە دەکەوێتە خوارەوە، ئاواش کۆچی پەنابەران ئەنجامی راستییەکی ماددییە کە یەکێک لەو راستییانە هەڵوەشانی کۆمەڵاتییە. کۆچکردن دیاردەیەکە کە پیشانی دەدات رەوشێک هەیە نائاساییە. ئەوانەی کۆچ دەکەن دەبنە قوربانیی ئەوەی کە پیشاندان و دەرخستنی ئەو رەوشە نائاساییەیان بەردەکەوێت.
سروشتی کۆچکردن
سروشتی کۆچکردن وایە کە حەتمییە. تەشەنە لێدان و تۆمەتدانەپاڵیان نەزانییە. قسەی سەوزو سورو بەتاڵ هیچ شوێنێک پڕ ناکاتەوە. مرۆڤ بەوە تینوێتیی ناشکێت کە باسی دەریایەک ئاوی بۆ بکەیت. بەڵام بەوە چارەسەر دەکرێت کە قومێک ئاوی بدەیتێ. ئایا چارەسەر چییە؟

چارەسەر چییە؟
کۆچکردنی گەنجان و هاوڵاتیان یەکێکە لەو کارەساتانەی کە بونیادی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئێستای باشوری کوردستان خستوویەتییەوە. چارەسەرکردنی بەندە بە گۆڕینی ئەو بونیادەوە کە هۆکاری قەیرانەکانە. گۆڕینی ئەو بونیادەش نە ئەرکی ئەو دەستەڵاتەیە کە خراپی کردووە نە بەو دەکرێت. بەڵکو ئەرکی هاوڵاتیانە کە لە کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتیی نوێدا دەستەڵاتێکی سیاسیی تر لە خۆیان دروست بکەن. دەستەڵاتێک کە سەرجەمی وزەو توانای ئەندامەکانی کۆ بکاتەوە بۆ پاراستنی کۆمەڵ و بەڕێوەبردنی.

ناسر حەفید
٢٠١٥/٠٩/١٤، ئۆپسالە
ئێمە لە بەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە