هەی شەکەنە

Sunday, 13/09/2015, 10:40

9033 بینراوە


کاتی خۆی شێتێکی تەپۆ هەبوو لە سلێمانی ناوی عەبە شەکەنە بوو. عەبەی سورفل کە دەڕۆشت قاچەکانی بە دوای خۆیدا رادەکێشاو چاوەکانی راست و چەپیان دەکرد. لە پڕێکدا دەستی دەکرد بە بۆڕە بۆڕ، بەڵام چ بۆڕە بۆڕێک؟ ئەو ناوەی پڕ دەکرد.
گریانەکەی لەسەر ئەم ئاوازە بوو:
هۆ هۆ هۆ هۆ ئۆ ئوو ئاع ع ع .......
پێنج پارتەکە دەتوانن بۆ دانیشتنەکانیان سود لە گریانەکەی کاک عەبە شەکەنە وەربگرن. کاتێک لە عەبەیان دەپرسی بۆ دەگریت ئەو دەیوت: "نوقسانی هەیە." خەڵکیش تەنەکەیەکیان بۆ عەبە دائەنا باز بدات بەسەریدا ئینجا پارە وەربگرێت. عەبە دەیهێناو دەیبرد هەر بازی بۆ نەدەدرا. دیقی بە خەڵک دەکرد. لە بەردەمی تەنەکەکەدا هەر دەهات و دەچوو. هەر یەکەی هاوارێکی لێ دەکرد:
عەبە بۆ پێشەوە!
عەبە بۆ دواوە!
عەبە بیدە بە گێڕ!
عەبە دەرچۆ!
بینەران زۆر جار تاقەتیان دەچوو. دەچوون بە دیار ئیشی خۆیانەوە. لە بازاڕ یەکترییان دەبینییەوە. یان لەو سەرەوە دەهاتنەوە و لە یەکترییان دەپرسی:
- ئەرێ عەبە بازی داوە؟
- نا، ماویەتی.
- ئەرێ عەبە بازی نەدا؟
- نا ئەمجارەش بازی نەدا.
- عەبە بازەکەی هەر نەدا؟
- تۆزێکی مابوو.
عەبە کە بازەکەی بە هەر حاڵێک بەسەر تەنەکەکەدا دەدا پڕ بە دڵی هاواری دەکرد:
- هــەیییییی شەکـــــەنـــــــە!
ئیتر بینەران دەوری عەبەیان چۆڵ دەکرد تا "نوقسانی هەیە"یەکی دی و بۆڕە بۆڕێکی نوێ، تەنەکەیەکی بەتاڵی تر و شەکەنەی ئایندە.

ناوچەکە لە سوتاندایە، قەیرانەکان تا بینەقاقای میللەت هاتووە و لاوانی کوردستان وڵات چۆڵ دەکەن. کەچی لەم کاتەدا حیزبەکان وەکو عەبە شەکەنە نوقسانیان هەیە و بە بۆڕە بۆڕی پرسی سەرۆک مێشکی خەڵکیان بردووە.
هەر کاتێک سەرۆکیان دانایەوە.
بازیان دایەوە بە سەر تەنەکە بەتاڵەکەدا.
هەر ئەوە هەڵدەگرێت هەموو بە جارێک بڵێین:
هەیی‌‌یی‌یی شەکـــەنــــــە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە