پێش ئەوەی پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفاش ماڵئاواییمان لێبکات (بەشی یەکەم)

Tuesday, 29/09/2015, 23:32

13794 بینراوە


لە سوید لێپێچینەوە لە پرۆفیسۆر عیزەدین رەسوڵ کراوە لە سەر ئەوەی کە تا ساڵی ٢٠١٠ بە ساختە پارەی سۆسیال و خانەنشینی وەرگرتووە و دەنگی نەکردووە.
---------------------
نزیکەی دوو هەفتە بەر لە کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس، لە هەواڵێکدا پەردەم لەسەر کارێکی قێزەوەندی ئەم شاعیرە گەورەیە هەڵدایەوە، کە چۆن و بە چ شێوەیەک فێڵ و دزیی لە یاسا و سیستەمی سویدیی کردووە، هەرچەندە هەواڵەکە بە بێدەنگی گوزەری کرد، لێ لای زۆر کەس کاردنەوە و هەڵوێستی لێوەرگیرا، بەتایبەت کاتێک لە وەسیەتنامەکەیدا داوای کردبوو باخچەیەکی لە سلێمانی بۆ داگیربکەن و تەرمەکەی تێدا بشارنەوە! کلیکی هەواڵەکە بکە:
ئەمڕۆش بەهەمان شێوە پەردە لەسەر کەسێکی دیکەی هاوشانی شێرکۆ بێکەس هەڵدەدەمەوە، ئەویش پڕۆفیسۆر د. عیزەدین مەلا مستەفا رەسوڵە، کە دەکاتە برا گەورەی فاروقی مەلا مستەفای بازرگانە ناشەرعییەکە و ملیاردێرە هەڵتۆقیوەکەی سلێمانی.
با سەرەتا پێکەوە کورتەیەک لە (CV)یەکەی پڕۆفیسۆر عیزەدین بخوێنینەوە:
----------------------------------------------------------
• پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ ساڵی 1935 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە.
• ساڵی 1951 لە خانەی مامۆستایانی بەغدا وەرگیراوە.
• لە ساڵی 1963 بروانامەی دكتۆرا لە سۆڤیەتی پێشوو بەدەست دەهێنێت
• ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان 
• ساڵی 1966 دەبێتە مامۆستای زانكۆی بەغدا.
• ساڵی 1979 دەچێتەوە بۆ مۆسكۆ و پلەی دكتۆرای "ناووك" و پرۆفیسۆری بەدەست دەهێنێت.
• پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ ئەندام بووە لە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و حیزبی شیوعی عێراق 
• ساڵی 1992 لەسەر لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.
• پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ یەكێكە لە دامەزێنەرانی یەكێتی نووسەرانی كورد لە ساڵی 1969 پاشان بۆ ماوەیەك بووتە سەرۆكی ئەو یەكێتیە.
• زیاتر لە 86 بەرهەمی نووسین و توێژینەوە و وەرگێڕانی هەیە و شارەزاییەكی باشی لە زمانەكانی كوردی بە هەموو دیالێكتەكان و عەرەبی و فارسی و روسیدا هەیە.
----------------------------------------------------------
ئەوەی سەرەوە بەشێک بوو لە (CV)ەکەی پڕۆفیسۆرعیزەدین مستەفا رەسوڵ، کە راگەیاندنەکانی سەر بە پارتەکانی باشوور و سێبەرەکانیان ئەم کەسەمان پێدەناسێنن. منیش لە خوارەوە بە کۆمەڵێک زانیاریی دیکەوە (CV)ەکەیتان بۆ دەوڵەمەند دەکەم:

محەمەد موکری، جەلال تالەبانی، عیزەدین مستەفا رەسوڵ و قوبادی جەلیلزادە

• پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ یەکێک بووە لە فایلدارەکان و کاری بۆ حیزبی بەعس کردووە، لەگەڵ شاڵاوی عەلی عەسکەرییدا فایلی بەعسیبوونەکەیان دەکەوێتە دەست یەکێتی، بۆ ئەو مەبەستە بە سەرۆکایەتی محمه‌د قه‌ره‌داغی لیژنەیەک بۆ هەردووکیان دادەنێن، بە ددان پێدانانی خۆیان دەردەکەوێت، کە هەردووکیان ژێر بەژێر لەگەڵ موخابەراتی عیراقیی و بەعسدا پەیوەندییان هەبووە، دواتر راپۆرته‌كه‌ دراوە بە جەلال تالەبانی.
• لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩٢ لە سلێمانی لە بارەگای (حشع) بە دەمانچەی ١٤ خۆرەوە پیاسە دەکات، کە مەسعود بارزانیش دێتە سلێمانی، دەچێتە پشتییەوە رادەوەستێت، وەک راوێژکارێکی مەسعود بارزانییش خۆی دەردەخات، دوای ماوەیەکی کورت لە لیستی پاڵێوراوانی (یەکێتی) بۆ پەرلەمانی کوردستان سەر دەردەهێنێت، جار جارەش هاتوچۆی بەغدا دەکات.
• لە (نووسەری کورد)دا نامەکانی بڵاوکراونەتەوە کە چۆن ستایشی ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حسێن دەکات.
• حسێن عارف لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی (بیرەوەرییەکانی ساڵێک لە تەمەن) باسی بێهەڵوێستی ئەم پڕۆفیسۆرەمان بۆ دەکات، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٤دا، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی نووسەرانی عێراقدا، حسێن عارف ئەفسەر دەبێت، دەڵێت من نامەوێت لە ناو سوپایەکدا ئەفسەر بم، کە هێرش بکاتە سەر گەلەکەم، پڕۆفیسۆر عیزەدینیش وەلامی دەداتەوە و روو لە حسێن عارف دەکات، دەڵێت تۆ بە ناوی خۆتەوە قسە بکە، نەک بە ناوی نووسەرانی کوردەوە.
• پرۆفیسۆرعیزەدین رەسوڵ لە وڵاتی سوید مافی پەنابەری پێدەدرێت، ماوەیەک لە شارۆچکەیەک بە ناوی (Sala) دەبێت و پارەی سواڵانەی سۆسیال وەردەگرێت، کە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەو وڵاتە بکاتەوە، بڵێت کەوا لە کوردستان موچە و خانەنشینی پەرلەمان وەردەگرم، بەڵام کەسێکی دۆستی خۆی، کە کادیرێکی یەکێتییە و لە فەرمانگەیەکی ئەو کۆمیونە کار دەکات بەناوی (ئـ. خـ.) هەموو یارمەتییەکی دەدات. پڕۆفیسۆر عیزەدین ناونیشانی خۆی دەخاتە سەرماڵه‌ كوردێكی ئەو شارۆچکەیە، مانگانە ئەو پارەیەی لە سۆسیالی سوید وەردەگرێت، بۆی کۆ دەبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆی گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان.
• بەپێی یاسای خانەنشینی سوید، لە تەمەنی ٦٥ ساڵەوە پڕۆفیسۆر عیزەدین موچەی خانەنشینی بۆ دەبڕێتەوە، تا ساڵی ٢٠١٠، ئەدرێسەکەی دەگوێزێتەوە بۆ لای خزمێکی لە شاری گۆتنبرگی سوید، بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە و لە پاڵ پارە و مووچەی خانەنشینی پەڕلەمانی کوردستانەکەیدا، موچەی خانەنشینی لە سویدیش وەردەگرێت و بۆی دەنێردرێنەوە بۆ سلێمانی.
• لەسەر ئەمە لێپێچینەوە لەگەڵ پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ کراوە، دراوە بە دادگا و داواکراوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن. کە بۆچی تا ساڵی ٢٠١٠ بە ساختە پارەی سۆسیال و خانەنشینی وەرگرتووە و دەنگی نەکردووە. جاران کە جار بەجار دەچووەوە سوید، ئیستا لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە، ئەگەر بشگەڕێتەوە دەبێت بە دزییەوە خۆی ئاشکرانەکات.
• لەگەڵ ئەو دوو موچەی خانەنشنییەدا، کۆمەڵیک پارەی تر لە کوردستان وەردەگرێت، ئەو ساڵانەی گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان لەلایەن زانکۆوە وەک پڕۆفیسۆر دکتۆرای داوە بە قوتابییەکان، پارەی پێوەرگرتووە، لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بۆ ماوەیەکی زۆر پارەی پێدراوە هەروەها بۆ رۆژنامەکانی هەولێری دەنووسی پارەی لەوێش وەرگرتووە، جگە لە کۆمەڵێک پارە و ئیمتیازاتی جۆراو جۆری تر، کە هەمووی پارەی پێوەرگرتووە.
• جەلال تالەبانی موچەی تایبەتی بۆ بڕیبووەوە، بەردەوام کە دەچووە لای بە دەستی بەتاڵ نەدەهاتەدەرێ. 
• لە نووسینی کتێبێکدا بەناونیشانی (هزر و خەباتی بارزانی نەمر) نزیکەی سێ/ چوار دەفتەر دۆلار وەک خەڵات لەلایەن بارزانییەوە پێی دەدرێت. ئەم زانیارییە نووسەرێک لە هەولێر، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت باسی کرد.
• مەلا بەختیار بە شان و باڵی پڕۆفیسۆرعیزەدیندا هەڵدەدات و دەفەرموێت: مێژووی كورد قەرزاری پڕۆفیسۆر عیزەدین رەسوڵە. (سەیری ئەم شایەتە جوانە!)
• پڕۆفیسۆرعیزەدین رەسوڵ سێیەمین ناوە لەو کەسانەی، کە لە کەمپەینی مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستەکەیدا دەنگی خۆی خستۆتە پاڵ ئەو ٢٤٤٠ کەسانە.
(لە هەر کوێیەک پارە هەڵڕژرابێت ئەم پڕۆفیسۆرە لەوێ بووە، دەنگی خۆی پێداوە و قەڵەمەکەی پێفرۆشتووە).
• لە زمانی کوردییدا (پیسکە، بەخیل، رژد، رەزیل، چروک، چاوچنۆک..) پێناسەن بۆ ئەو کەسانەی کە لە پێناوی پارە و دەستکەوتیی مادییدا خۆیان دەچەمێننەوە و ئامادەن هەموو شتێک بکەن، شەرم و سڵ لە هیچ شتێک ناکەنەوە، کەسی پیسکە و چروک، کەسێکی بێ موراڵ و خۆپەرست و ترسنۆکیشە، هەموو سووکایەتیەک قبوڵ دەکات، زوو دەستەمۆدەبن بۆ جاسوسی و سیخوڕی و کاری ناشرینی دیکە! ئەم شتانە بە دوای یەکتردا دەبنە تەواوکەرێک بۆ دروستبوونی کەسێتی (شەخسییەت). زۆربەی دەسەلاتدارانی کورد و بازرگانە هەڵتۆقیوەکان، هەروەها نووسەر و رۆژنامەنووس و رووناکبیرانی سەر بە دەسەڵات، ئەو کەسانەن پارەپەرست و پیسکە و رەزیل و چرۆکن، لە پێناو پارە و خۆشی ژیانی خۆیاندا، هەموو کارێکی ناشیرین و سوکایەتییەک قبوڵ دەکەن، بۆیە ئەمڕۆ دەبینیت، کە ئەم کەسانە شەرمیان پێی نایەت، دەستکەوتی ئەمانە بۆ گەلەکەیان دزیی، درۆزنی، خیانەت، سیخووڕی و وڵاتفرۆشییە، کە سەرەتا بە پیسکەیی، رەزیل و چاوچنۆکی دەستی پێکردووە.
• پڕۆفیسۆر عیزەدین رەسوڵ، کە برای فاروقی مەلا مستەفایە و خاوەنی ئاسیا سێلە، کاتێک بە تەلەفون پەیوەندیی بە کەسێکەوە لە دەرەوەی وڵات دەکات، دەڵێت تەلەفون لێرە گرانە، دایدەخەمەوە تکایە تۆ تەلەفونم بۆ بکەرەوە. سەردەمانێک دەکڕوزایەوە دەیگوت، ئەرێ خێرخوایەک نییە بەرهەم و کتێبەکانی باوکم لە فەوتاندن رزگاری بکات و بۆمان چاپ بکات!
موڕاڵ و رەوشتی زۆربەی دکتۆر و پڕۆفیسۆر و سیاسیی و روناکبیرەکانی کورد، ئەمڕۆ لە ئاستی سفردایە، ئەگەر کەسێک پرسیاری لەسەر ئەو نهێنییە کرد، کە بۆچی کورد تا ئیستا نەبووە بە خاوەنی وڵات و دەوڵەتی خۆی؟ با لە رەفتاری ئەم روناکبیرانە وەڵامەکە وەربگرێتەوە، پێیان بڵێت، چونکە ئێمەی کورد خاوەنی ئەم دکتۆر و پڕۆفیسۆر و رووناکبیرە خۆفرۆشانەیەن.
---------------------------------------------

هەندێک لە سەرچاوەکان کە بۆ درێژدادڕی ئەم باسە کەڵکم لێیان وەرگرتووە:

-------------------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە