شەڕى ناوەخۆ و دوو ئیدارەیى کوردستان

Wednesday, 14/10/2015, 22:31

1794 بینراوە


ئەو کاتەى کە شەڕى ناوەخۆەى کوردستان بەرپابوو  لەساڵى (1994_1996)  هەر ئەو کاتە بوو کە سیستەمى حوکمڕانى کوردستان دوو ئیدارەیى بەخۆیەوە بینى لەنێوان پارتى و یەکێتیدا.بەجۆرێ هاوڵاتیانى سەر بەو دوو حیزبە ئەبوو بەفیزاى تایبەت بچوونایەتە نێو سنوورى حوکمڕانى حیزبەکەى ترەوە.هەر ئەم شەڕەش بوو کەوا لەسەر بنەما و ئینتماى حیزبایەتى سەدان کورد تیایدا بەدەستى یەکترى کوژران و بێ سەروشوێن کران و بوون بەدوژمنى یەکترى کە تائێستاشى لەگەڵدا بێت ئاسەوارى ئەم شەڕە بەسەر میللەتى کوردەوە دیارە و وون نەبووە و بۆتە پەڵەیەکى ڕەش بەسەر مێژووى کورددا.دوا بەدواى ئازادبوونى عێڕاق و بەرە و پێش چوون و سەرخۆ بوونى کوردستانیش وەک هەرێمێک لەسەر ئاستى نێو دەوڵەتى و رێک کەوتنى حیزبە کوردیەکانیش لەگەڵ یەکتریدا واى کرد کەوا کورد خەون بەدروست کردنى دەوڵەتەوە ببینێت و هەنگاو بنێت بەرەو دەوڵەت بوونەوە لەسەر ئەو بنەمایەى کە ئیتر حیزب حیزبانێ و ئینتما حیزبیەکان بەکۆتا هاتوون،بەڵام بەداخەوە ئەو خەونەى کورد درێژەى نەکێشا و بوو بەپووشی سەر ئاو کەوتوو.چونکە هەر لەگەڵ پرسى کۆتایى هاتنى ویلایەتى بارزانى و قەیرانى سەرۆکایەتى جارێکیتر ململانێ و شەڕى حیزبەکان دەستى پێکردەوە بەتایبەتیش پارتى دیموکڕاتى کوردستان کە لەڕێگاى پەیامەکانیەوە بەخەیاڵى ساتە وەختەکانى شەڕى ناوەخۆ هەڕەشەى دوو ئیدارەیى ئەکات لەکوردستاندا،کە ئەمەش هەڵەیەکى یەکجار کوشندەیە کە لەلایەن پارتیەوە دەکرێت چونکە دەمێکە باوى ئەوە بەسەرچووە کە حیزبەکان بەبیانووى بەرژوەندییە تایبەتیەکانیان شەڕى ناوەخۆ بەرپا بکەنەوە و مۆدێلى دوو ئیدارەیى بێننەوە  کوردستان.باوى ئەوە نەما کە حیزبەکان تورکیا و ئێران و عێراق بۆ شەڕى یەکترى بێننەوە نیو خاک و بەرەوڕووى یەکترى بیانوەستێنن!!.هەموو ئەمانە ڕابردوەکى تاڵ بوون کەئەبوایە دەمێک با سەرکردایەتى کورد و حیزبەکان پەندیان لێ وەرگرتبا و بیرى دوبارە کردنەوەیان بەخەیاڵدا نەهاتبا بەوەى کە جارێکیتر کوردستان نوقمى نێو دەریاى خوێن بکەنەوە.لەشەڕى ناوەخۆشدا هیچ بەرهەمێک دەست ناکەوێت جگە لەنەهامەتى و ماڵ وێرانى و یەکڕیزى نەتەوەى کورد نەبێت.لەئێستاشدا خەڵکى کوردستان زۆر لەوە وشیارترن کەجارێکیتر بەفیتى  ئەم و ئەو دەست بدەنەوە چەک و ئاڕاستەى هاونشتیمانەکەیان بکەن بۆ ئامانجێک کە خزمەت بەخاک و وڵات و نشتیمان نەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە