گۆران و گەرانەوە بؤ ئۆپۆزسیۆنى بەھێز و چوار حیزبەکە

Tuesday, 20/10/2015, 15:28

2281 بینراوە


گەلەکۆمەی حیزبەکانی کوردستانی باشوور، یەکێتی و گۆران و کۆمەل و یەکگرتووش بە شەرمە شەرم ھەروەک عادەتی! لە دژی مانەوەی مسعود بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم، دۆیەکی خەستە ئاوى زؤر دەکێشێ! ھەقی خەڵکە بپرسێ بۆچی؟ ئێوە جیاوازن؟! ئایا بەڕاستی سەرۆکی ئەو حیزبانە دیموکراتین لە خەمی بەرژەوەندی گشتین؟! یان لە غەیری موزایەداتی سیاسی و گەمەی سیاسەت ھیچی تر نییە؟! با بێین پێکەوە ئەم بابەتە بەڕاشکاوی بخەینە بەردەستی ڕای گشتی؟ بەڵام تکایە خوێنەری ئازیز لە بازنەی موقەدەسات و سۆز وەرە دەرەوە! تەنیا بە عەقڵ و لێکدانەوەو واقیع حوکم بدە.
جارێ با لەو دوو ڕیش سپییەکە دەست پێبکەین و بیانڕووژێنین ھەردوو دەسەڵاتدارە دێرینەکە یەکیتی و پارتی؛ بەنیسبەت پارتی ئەوەندە ووتراوە و باسکراوە بەشی منی تیانەماوە، لەگەڵ ئەوەش تا پێمکرا ئەسپەکەم تاوداو دەستم لەسەر ناسۆریەکانی حکومەت و دەسەڵاتدارەکانی ئەو حیزبە دانا بگەڕێنەوە بۆ بابەتەکانی پێشووم بۆ ڕاستی و دروستی ليرەش تيشك ئەخينەوە سەريان. 
با باسی یەکێتییەکەی تالەبانی بکەین! کە تاپۆی خێزانی و خوشکە ژنی و منداڵەکانیەتی! پـێم بڵێن لەوەتەی یەکێتی دروست بووە لە ساڵی ١٩٧٨ كێ لەبەردەم مامە ھەڵسایتەوە (دوایی باسی كاك نەوشیروان ئەکەین)، نەوەی کۆن و نوێ ئەزانی گۆپاڵی مام جلال یەعنی چی؟! ئەوەتا خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە لێدوانێکیدا ديارە ئاراستەى بەرێزان د. بەرھەم و کۆسرەت دەڵێ ھەندێک کەس پێویستیان بە گۆپالەکەی مامەیە؟! ئەو فەیلەسوفەى ئاخیر زەمانە ئەوەيە هزرى! چونکە جار جار لە ھەمبانەکەی حلولی سیحری بۆ یەکێتی دائەنێ بەڵام بە گۆپاڵ!.. ئەوەبوو ئاستی نەوەی ئیبراھیم ئەحمەدی روناکبیر، وادیارە ئەو رۆناکبیرە بەرەحمەت بێت، بە گۆپاڵ پەروەردەی کردوون؟!  بەڵى تا تالەبانی مابوو تەنھا دەنگی خۆی و رەزامەندی ئەو بوو، ئەی کەواتە باسى دیموکراسی چی ئەكەن، ھەتا سەردەمی دوو ئیدارەیش کۆنگرەکانی یەکێتی بە چەپڵەڕێزان ھەڵبژاردەکانی مامە بۆ سەرەکردایەتی يەكێتى وەردەگیرا، نازانم خێرە کەس باسى فەیلەسوفەکانی قوتابخانەی تالەبانی نانووسن کە ئێستا لە ژێر گۆپالی خاتوو ھێرۆن..  
و سەیرو سەمەرە ئەوەیە تا ئێستا کەس نازانێ سەرۆکەکەی یەکێتی کێیە، تەنیا ئەوە نەبێ  خاتوو ھێرو و شاناز بە گۆپاڵەکەی مامەیان مێگەڵەکە لێدەخورن؟! بۆیە جار جاریش لەدەمیان دەر دەچی بە خەڵک دەڵێن بە قوربانی مامە بن! چونکە خەڵکی کوردستان بە کۆیلە و نەفام ئەزانن، ئەگینا دەبوایە لە ئەنای عولیایان فیربانە بڵێن خۆمان و مامەش فیدای ئێوە بین خەڵکینە ئێمە خزمەتکاری میللەتین ئەگەر میللەت نەبێ ئێمە چین؟!
بەراشکاوی نمونەی دووەم، ئەندامە عەجیبەکانی کۆمەڵ و ئەمیرەکەیانە، ئەو کۆمەڵە لە ٢٠٠١ دروست بووە لەو کاتەوە تا ئێستا یەک ئەمیری مەعسومی ھەیە و بەدیلی نییە بۆ سەرۆکایەتی ئەویش مامۆستا عەلی باپیرە (جار جاریش خوا دێتە خەونی و موبارەکی ئەکات و پێغەمبەریش د.خ میوانی بەردەوامە لەلای؟!) ١٤ ساڵە ئەو دیموکراتخوازە سەرۆکایەتی ئەو حیزبە ئەکات بەبێ بەدیل و بەبێ ئەوەی تۆزێک شەرم دایگرێت بڵی عەیبە قەول و ئەفعالم یەک ناکات کاتێک داوا ئەکات سەرۆکی ھەرێم نابێ بەردەوام بێت لە دوو خول زیاتر کە ٨ ساڵە.  خۆشی ١٤ ساڵە لەسەر عەرشی کۆمەڵە دەڵێ میراتە، کەچی بەردەوامە لە هەڵەكردن و چاو نوقاندن، شەرمێک لە خواو و پێغەمبەر بکە، نازانم کێ ئەوەندە فووی تیا کردی تا ئەوەندە عەیبت ئاشکرا بێ؟! بڕو قەول و فعلت یەک کە واز لە پلە و پایە بێنە دەست بەرداری دونیا بە، بە قسەكانت دەڵێی خاوەن بیری ئیسلامیی!
نمونەی سێھەم (یەکگرتوو)، ئەو حیزبەش لەوەتەی ھەبووە مامۆستا سەلاحەددین سەرۆکی بووە، تا کۆنگرەی پێشوو کەس باسی گۆرانی ئەمیندارو  پێگەکەی نە ئەکرد، ھەر کەسیش وورتەی لێبھاتایە دەورێشەکان بە قیرە قیر دەھاتن کالعادە ئەیانووت ئەتانەوێ فیتنە لە بەینی موسڵمانان دروست بکەن!؟ تا ئێستاش یەکگرتوو ئەندام مەکتەبی سیاسی وای تیایە لە ئەزەلەوە چۆن وەریگرتووە نەگۆراوە، ھەردەم ھێزو پارسەنگەکانی یەکگرتووی خورمژ لەدەستی ئەوانەو  ناشگۆرێ، دەشڵی دیموکرات خوازین! وەک مافیائاسا پۆست و پلەو پایەی حیزبی و وەزارەتی حکومی و ئەندام پەرلەمانیەتی لەسەرەتا و تا حکومەتی دواییش بەسەریان دابەشکرا تا یەک نەفریان نەما ھەمووی وەریانگرت، ئینجا دێن موزایەدات ئەکەن ئێمە پێمان وایە و ئێمە ڕامان وایە، ھەمووشی درۆیە! حاجی کاروان ئەندام پەرلەمانیان ئەلێ ئێمە قەیرانەکانی ئەو ھەرێمەمان پێ چار ناکرێ! لە ئێمەی ئەندام پەرلەمانان گەورەترە؟ ئەوە حاجى جوورئەتى کرد و دەستى لەکار کێشاوە، دەستى خۆش بێت گەر راست بکات و تا سەر بێت، ئەی بۆچی باقی ئەندامانی پەرلەمانی یەکگرتوو دانیشتوون پارەی میللەت ئەخۆن و ھیچیشیان پێ ناکرێ، بۆ لە حکومەت و پەرلەمان ناکشێنەوە ھەڵوێستێکی ئازایانەو مەردانە نانوێنن، بەس نىيە نابوتی ئیسلامی پاک و رێچکەکەی موحەمدتان برد تۆزیک شەرم بکەن خورمژەکان.
لە کۆتایش گۆران، ھەمان ئەو وتانەم دووبارە ئەکەمەوە لە بابەتێکی پێشوو لە ٢٠١٢ نوسیبووم لەسەریان، تا گۆران نەھات کوردستان لە ١٩ ساڵی رابردوو نوستوو بوو، خەفە کرا بوو، سیاسەت بە دەستی دوو کەس یان دوو بنەماڵە بوو ئەوەش واقیع بوو، پەرلەمانتاران یان خەریکی کۆکردنەوەی بە ئیجماع بوون!! یان موڵک و ماڵ و ئەرزیان بۆ خۆیان بۆ خێزانیان و منداڵ و منداڵی  منداڵەکانیان دەستەبەرد ئەکرد حکومەت و وەزیرەکانیش خەریکی بازرگانی و دزی بوون تا ئێستاش، ھەتا قڕانیان لەھەموو کوردستان و موڵک و ئەرزی ھێنا! ئیسلامیەکانیش تەنیا بە چاوی زەقیان ئەیانڕوانی لە ترس و بیمی خۆیاندا ئەژیان. 
گۆڕان و سەرقافڵەی گۆڕان بە بێ پیاھەڵدان، چونکە کوڕی ھەژارو ھەڵقوڵاوی ناخی گەلی کوردستان بوون نەوەکو کەمپەکانی ئێران و تورکیا و پاکستان،  ژیانیان لەبەرخۆدان و بەخشین بەسەر بردبوو، بۆیە ئامادە بوون جارێکی تر شۆڕشێکی تر ھەڵگیرسێنن و گوڕو تین بەخۆيان و ھاوەڵانيان و خەڵکيش بدەن، تا چەقە بەستوەکانی رامیاری و ئابووری و رای گشتی و کاری ئۆپۆزسیون لە کوردستان بە کوتکەکەيان شکاند حکومەت و پەرلەمانەکەیان ھەژاند، پەردەی تاریکی لا بدەن و تارمایی رۆناکی ھەڵداتەوە لە کوردستان ئەمەش نكۆلى لى ناكرێت تا ئەو حەدە.
بە تین و بازووی گۆڕان ئیسلامیش گۆڕانێکیان بەسەر داھات تانێکیان لەخۆیان داو بەشەرمەوە بەرامبەر حکومەت و پەرلەمانی گەندەل راوەستان ئەو کات، بەڵام لە ژێر سێبەری گۆڕان و نەوشێروان موستەفا ئەوەیان کرد، بۆیە پێوەیستە ئەمەکدار بن بەرامبەر گۆڕان بەبێ ڕاگۆڕینەوە لەگەڵیاندا کارێک نەکەن، مادام ئەوان دەست پێشخەرو سەرقافڵەی گۆڕان بوون خاوەنی ووتە و کارن، نەوەک ئیسلاميەكان. 
ئەوە ماوە بیڵێم گۆڕان وەک بوژانەوەیەک نەوشێروان موستەفا وەک سەرکردەیەک، پێویستە لەئاساتی ئەو بازدانە گەورەیە بن تۆکمەتر و ریزدار تربن، مونەزری تەواوی بە دیموکراتیزە کردنی کوردستان بن، سەردەمی بە دیموکراتیزە کردن و مەدنیەت بوونی کوردستان ئێستا لە پرۆگرێسە، بەڵکو ئێستا فرسەتان بۆ ھاتەوە لە ئۆپۆزسیۆن بمێنەوە دەبێ دوور بن لە حکومەت، حکومەتی ئیفلیجتان بۆ چییە؟ با بۆ ئاشتی ھەورامی بێت!! عەبقریەکەی ئەزەماتی ھەژارانی کوردستان، وە بۆ ئەو سەرۆک حکومەتە بێت موستەشارێکی نییە! پێی بڵێت چۆن لە ئەزەماتی سیاسی روونکردنەوەی مەعقول و مەنتیقی و یاسایی ئەدەیت، نەوەك گەوجاندنى خەلك بۆ ماوەى زياتر لە ساڵێك هەردەم سێ مانگ مووچەيان دوابكەوى لەبەر ئەوەى پارە نىيە! سەدان مليۆن دۆلاريش رژاوە بۆ ماڵ و منداڵ و دەستوو پێوەندى نزيكيان!؟ 
بێگومان بنج و بنەماکانی ئۆپۆزسیونی راست، بە پرۆژەو راستگۆیی و بوێری و ڕوو بەڕووبونەوەی گەندڵچیان دەبێت لەھەموو بوارەکانی ژیان لەو ئەسڵەوەش سەرچاوە دەگرێت، وە دەبێ بە پاکی و راستگۆیی و دان بەخۆگرتووى بمێننەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندی کاری سیاسی کوردستان و خەڵکەکەیەتی، وە لە پێش ھەموانیش پارتی؛ کە پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێزی وەک گۆڕانە تا بەدوواچوون و ئیرشادی بکات؛ نەوەک شەریکە حوکم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە