پارتی دەیویست گۆڕان بەدەردی یەکێتی بەرێت

Saturday, 07/11/2015, 21:10

2242 بینراوە


لەپاش رێککەوتنەکەی پارتی و گۆران و لێداونەکانی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە نەوشیروان موستەفا لەسەر چوار ساڵی ئارامی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە خۆشیدا خەریک بوو گەشکە بکات .پارتی بە هەموو عەقڵ و سیاسەت و بۆچونەکانی خۆیەوە وای زانی  دەتوانێت ئەم جارە بە هەمان ریتم و پەیوەندی و مامەڵەی سیاسی و تەکتیک و ستراتیج و ئامانجەوە، چوار ساڵی تر لە سەر حسابی گۆران بە رێ بکات و، ئەوەی پێشتر لە پەیوەیندی و سیاسەتەکانی لەگەڵ یەکێتیدا بەرێی کردووە، ئەم جارە لەگەڵ گۆڕاندا بۆی دەچێتە سەر و، تا بێت زیاتر زاڵتر دەبێت بەسەر سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی کوردستاندا  و رەگی خۆی قوڵتر دادەکوتێت و، ئەوانی تری پارتە رکابەرەکانی وەک حزبە بچوکەکان دەکاتە پاشکۆی خۆی و ،ئەوەی بیەوێت جێبەجێی دەکات، بێ ئەوەی هیچ کەسێک پێی بڵێت بەری چاوت کلی پێوەیە . ئەمەش دوای ئەوە هات کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان چ لە قۆناغی جێبەجێ کردنی رێککەوتنە ستراتیجیەکەی نیوانیان و پێش ئەوەش، لەبەر چەندین هۆکاری بابەتی و خودی زۆرجار ملکەچی سیاسەت و رەفتار و دەسەڵاتەکانی پارتی دەبوو، تا وای لێهات، وەزعەکە گەیشتە ئەو حاڵەتەی تا دەهات پارتی ملهورتر دەبوو و، بە تایبەتی پاش  دابەشکردنی پێگەکانی دەسەڵات لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بە دواوە، پارتی زۆر (سوء ئیستفادەی ) لە هەڵوێستی یەکێتی کرد و، لەو بارەوە  کوردستانی بە رەهایی کرایە بەشی پارتی و هەندێک پلەی گرنگی ناوەندی عێراقیش لەبەر چەندین هۆکار بە تایبەتی بەرژەوەندی شەخسی و تموحی نەرجسیانەی زۆرێک لە سەرکردەکان کرایە بەشی یەکێتی . لەم نێوەندەشدا پارتی بە ئازادیەکی بێسنور و بە ئیسراحەتەوە لە جێبەجێ کردنی ئەجیندا نێوخۆییەکانی تەراتێنی دەکرد و، تا دواجار و پاش دروستبونی گۆران و کزبونی باری یەکێتی و جەماوەرێتی و بەرزبونەوەی کێرڤی گۆران  لە لایەک و، راچڵەکینی یەکێتی و  شۆکبونی بە نزمبونەوەی دەنگەکانی و، بەخۆداچون و گرتنەبەری سیاسەتێکی نوێ و دان پێدانانی بە هەڵە ستراتیجیەکەی لە زۆر نزیکبونەوە و تەنازول کردن بۆ پارتی لەلایەکی ترەوەپارتی هەستی کرد کە جارێکی تر یەکێتی بە ئاسانی نایەتە ژێر بار و زۆر باشترە ئەم جارە رووبکاتە گۆران و بەڵکو لە چوار ساڵی داهاتودا هەمان سیاسەتی بەرامبەر بکات کە بەرامبەر یەکێتی کردویەتی و، تا بێت پێگە و  رەگ و ریشەی دەسەڵاتدارێتی خۆی لەسەر حسابی دیموکراسی و ئازادی لە نێوخۆ و دەرەوەی  کوردستان قایمتر بکات و، تا چوار ساڵی تر وەک حزبی قاید لەسەر ساحەکە بمینێتەوە و ئەوانی تر بە بچوک و گەورەیانەوە بە پاشکۆیەتی ئەو بمێننە و، لەمەشدا چاوی لە حزبەکەی ئەردۆگانی هاوپەیمانی کرد و هیچ جیاوازیەکی کوردستان و تورکیای لەبەرچاو نەگرت و، لەوانەیە و دووریش نیە بە رێنمایی  و نەسیحەتی ئەوانی ئەودیوی سنور ئەم سیاسەتەی گرتبێتە بەر . بەڵام کە دەرکەوت گۆران و نەوشیروان موستەفا ئەو حزبە نین کە پاشکۆیەتی قبوڵ بکەن و چونە دەسەڵاتیان بۆ ئامانجی سەرەکیترە نەک جیگەی یەکێتی بگرنەوە و، ئەو هەڵویستەی کە دەبوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرەتادا بەرامبەر پارتی بیگرتایە بەر و، لەبەر هۆکارگەلێکی لەوچەشنەیپێشوو نەگرایە بەر و،  دواتر کۆمەڵیک سەرکردە جیابونەوە و گۆران دامەزرێنرا، بەڵام پارتی ئەم واقعەی لەبەرچاو نەگرت . دواتر بە خۆشحاڵیەوە گۆران و نەوشیروان موستەفا بێ سڵەمینەوە ئەو رێگایەیان نەگرتەبەر و،  بە پارتی و مەسعود بەرزانیان وت تا ئێرە و دەبێت ئیستێک بکەیت و بە خۆدا بچیتەوە و ناتوانیت لەم سیاسەتە بەردەوام بیت و، بۆت نیە هەمووان بکەیتە پاشکۆ . ئیتر کە پارتی بیری لەم ئەگەرە نەکردبووەوە، لەمەدا توشی شۆک بوو، زانی کە ستراتیجیەتی کارکردنی لەم بارەوە توشی بەربەست دەبێت، ئەوەی لە چاورەوانیکردندا نەبوو کردی، ئەگینا هەڵوێستی لایەنەکان و بەتایبەتی گۆڕان دەکرا بە سانایی و ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرابایە و چارەسەربکرایە، بەڵام لێدانی ستراتیجیەتی پارتی دیموکراتی کوردستان نەک حکومەتی هەرێم و، نەگەیشتن بەو ئامانجەی کە بەخۆی و دۆستەکانی بۆی دیاریکردبوون، لەدەرئەنجامدا ئەم هەڵوێستە توند و نایاساییەی بە پارتی دەرخست . ئێستاش بە خۆی و دۆستەکانیەوە دەیەوێت یاریەکە وەک خۆی و بە یاریگاکەشیەوە بگۆرێت و، ئەوەی گۆران بۆی نەچووە ژێر بار بە یەکێک یان چەند خەڵکێکی تر بیکات . بەڵام مرۆڤ  یەگجار هەڵە دەکات . هیچ کەسێک لەوباوەرەدا نیە، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان جارێکیتر ئەو هەڵەیە بکات و، لە جەماوەرێتی خۆی بدات،سەرەرای ئەوەی  هەرچەند کەسایەتی و سەرکردەی تر هەبن مرخیان خۆش کردبێت بۆ  ئەوەی لەو رێگەیەوە بەرژەوەندیە تەسکەکانیان بهێنَنەدی . بۆیە لەمرۆ بەدواوە، خەڵکی کوردستان بە خۆیان و لە رێگەی گۆرانەوە، بە پارتیان وت ئیستۆپ  بکە و دەبێت بە خۆتدا بچیتەوە و بیر لە فرەیی و هاوبەشی و ئازادی و دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بکەرەوە، نەک ملنان بە تاکرەوی، بۆت نیە و  ناتوانیت تا سەر هەرجارێک لەسەر حسابی لایەنێک کە لەسەر بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستان دەکەوێتەوە، خۆت قەڵەوتر بکەیت . بۆیە ئەو ئەرکە مەزنەی کە لەم هەڵوێستەی گۆڕاندا جێبەجێ کرا، گەورەترین خزمەت بە رەوتی سیاسی کوردستان و دیموکراسی و ئازادی و پشت بەستن بە یاسا دەکات و، نەوەکانی دوارۆژمان لەمەودوا لەم بابەتە باشتر تێدەگەن . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە