نەوشیروان مستەفا لەدوا وێنەیدا دەیەوێت چیمان پێبڵێت ؟

Friday, 27/11/2015, 19:11

5844 بینراوە


پاش ئەو هەموو ماوە زۆرە، کە دەبوو لەو هەموو رووداوەی لە کوردستانی باشوور و ناوچەکەدا روو دەدات، ئەم وەکو سەرۆکی بزووتنەوەیەک قسەی هەبوایە، بەڵام خەریکە لە بیر دەچێتەوە، ماوەی چەند مانگێکە نە قسەی نەکردووە و نە لێدوانێکی فەرمی نەداوە، تەنیا ماستاوچییەکان نەبێت کە هەر یەکە لە زارییەوە لیداوان و قسەدەکەن. نەوشیروان مستەفا لەو هەموو ماوەیەدا کە رۆیشتۆتە دەرەوەی کوردستان خۆی بەدوور گرتووە و زۆر کەس لە هەواداران و گۆڕانخوازەکان پاساوی ئەوە دەهێننەوە کە گوایە نەخۆشە و ناتوانێت هیچ قسەیەک بکات، بەڵام ئەم وێنەیە پیمان دەڵێت کەوا بەشی خۆی قسەی پێماوە، دەیتوانی نوزەیەکی لێوەبهاتایە، دەموچاوی ئەوەندەی پێوە دیار نییە کە نەخۆشییەکی وای بێت نەتوانێت هەڵسێتە سەرپێ، یان بیربکاتەوە و وەکو سەرۆکی بزووتنەوەیەک قسە بکات..
 ئەو وێنەیە پێدەچێت لەناو فلاتی کوڕێکی گەنجدا گیرابێت، ئەو کورە هەرزەکارە خزم، یان ناسیاو، یان هاوڕێی کوڕەکەی بێت. فەرشەکەی  ژێریان کۆن و شڕە، دەڵێیت بە ئانقسەت داوای کردبێت لەوێدا وێنەیەی بگیرێت، تا بڵێن کاک نەوشیروان کەسێکی سادەیە نەک تەنیا لە جل و بەرگەکانییدا، بەڵکو لەو شوێنەی کە لێی دەحەوێتەوە، چاوتان لێیە چەند سادەیە نەچۆتە ئوتێلی چواریان پێنج ئەستێرە، وەکو بەرپرسەکانی تر حیمایە و کەسی وای لەگەڵ خۆیدا نەبردووە کە ئاگای لێبێت، بەمە بەرپەرچی ئەوەش ئەداتەوە کە ئەو وەکو هەموو هاوڵاتییەک لە گیرفانیشدا بەتاڵە، شەریکە خەمی بێموچەکانە و لەخەمیان تێدەگات، کە چوار پێنج مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و گوزەران دەکەن..
 بەلای منەوە دەموچاوی ماندووبوونی پیوە دیارە، ئەوە هی پیری و زۆرخەوتنە، کە دیارە تازە لە خەو هەڵستاوە، بە جلوبەرگێکی قاوەییەوە کەزیاتر ڕەنگی بێتاقەتیە نەک رەنگ و هەڵسوکەوتی سەرکردەیەک، کە هیوای بە پاشەڕۆژ هەبێت، بەنەعلێکی سادەوە کە ئەوانی تر پێخاوسن و ئەم گوێی پێنەداوە، وەکو ئەوان بە بە گۆرەوییەکەوە پی بخاتە سەر فەرشەکە، لەوێنەکە وربیتەوە، دەمووچاوی زۆر نەخۆشی پیوە دیار نییە بەڵکو ماندووبوون و پیری زیاتری تەنگی پێهەڵپێچاوە، رەنگە نەخۆشیش بێت، بەڵام نەخۆشییەکە بەسەر دەموچاوییدا زاڵ نەبووە تا توانای لێدوانی نەبێت.
 ئەم وێنەیە هەر کەسێک بە ورییایەوە تەماشای بکات دەگاتە ئەو بڕیارەی کە ئەمە کەسێکی سیاسیی نییە، کە ئاوا بە ئیسراحەت لەکاتی پێویستدا وەکو سەرکردەیەک بیەوێت رۆڵ ببینێت، بەڵکو لە ماڵیکدا دانیشتووە و رەنگە درەنگە وەختانێک لە خەو هەڵستاوە و ئاگاداری کوردستان نییە و لە خەمی ئەندام و کادیرەکانی خۆشییدا نییە، کە دەسەلات چی لێیان کردووە، وەک ئەوەی بڵییت من لێرە پاڵی لیدەدەمەوە و پارتیی ئیوەش ئەوەی پلانمان بۆ داناون بۆم کەوڵ بکە، تا دەگەڕێمەوە! وەکو سەرکردەیەکیش دەڵییت هەرچیی لە کوردستان و ناوچەکە دەقەومێت ئەم گوێی خۆی لێخەواندووە و نایەوێت هیچ ببیستیت و هیچ ببینێت، بێخەمی سیاسییەکی پیوە دیار نییە، بەڵکو ئەو کاری بەم وێنەیەوە هەیە، کە بە خەڵکی بڵێت من ماوم، کۆمێنتارەکانتان لە فەیسبوکدا بنووسن کە من کەسێکی سادەم. کاک نەوشیروان ئەو پیویستی بەم وێنەیە تا ماستاوچییەکان جارێکی دیکە کۆمێنتاری بۆ بنووسن و هەر یەکە بە قەد و بالایدا هەڵبدات و ستایشی بکەن و بڵێن سادەیی لەم پیاوە دەچۆڕێت. لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی سوکایەتی دنیایان بە پەرلەمانتار و وەزیرەکانی ئەم سەرۆکی بزوتنەوەیە کرد، جگە لەخۆی دەیان تۆمەت و ناو ناتۆرەی دنیایان خستەپاڵی و دەیان کەناڵی تەلەفیزۆنیان بۆ ئامادەکردبوو کە سوکایەتی پێبکەن، کەچی وەزیر و پەرلەمەنتارەکانی سورن لەسەر ئەوەی بگەڕێنەوە ناو حکومەتە فاشلە بێموڕالەی پارتی و بارزانی. هەر لە وێنەکەشدا دەیەوێت پێمان بڵێت :
 " کاری من تەمام شد" و ئۆپۆزیسیۆیۆنم لە باشوری ووڵات کوشت و ئیتر هەموو دەبێت بەکاوەخۆ بچینەوە ناو ماڵە گەورەکە.
 ئەلبێرت ئەنیشتاین دەیووت :" ئێمە ناتوانین گرفتەکان بەهەمان عەقڵ چارەسەر بکەین، کەخۆمان دروستمان کردوون" نەوشیروان مستەفا دوای ڕاپەرین ماوەیەک لەنۆکان و دوایش بەرەو لەندەن چوو ماوەی چەند ساڵێک مایەوە، دور لە چاوی مێدیا و خەڵک ژیانی دەکرد و پێشتریش کۆمەڵەی هەڵوەشاوە و یەکێتی بۆ کۆمەڵێک مافیا و فایلدار و ترسنۆک بەجێهێشت، بێ ئەوەی هیچ بڵێت و هیچ ئاماژەیەک بۆ چارەنووسی یەکێتی بکات، ڕۆی وەک ڕۆشتنی شەمەندەفەرێک کە هیچ لەدوای خۆی جێناهێڵێت. کاتێکیش لەو پاشا گەردانیەی نیشتمان خەریک بوو ئۆپۆسیسیۆن دروست دەبوو قوتابخانە داتەپیوەکەی جەلالیی و مەلایی هەڵدەوەشایەوە، کاک نەوشیروان دەرکەوتەوە و خۆی کردە خاوەنی شەپۆلە توڕەکان. ئێستا لەم کاتەدا بێخودان بزوتنەوەیەکی جێهێشتوە هەر یەکە بە ئارەزووی خۆی لێدوان و قسەیەک دەکات. کەسانێک بونەتە دەموچاوی ئەم بزوتنەوەیە ئێمە لەنزیکەوە دەیان ناسین و دەزانین ئەمانە هیچ نەبوون و ئێستاش هیچیان بۆ ناکرێ و پێناکرێت بەڵام یاری بەکات دەکەن گەر بەرژەوەندیان بکەوێتە بەر مەترسی هەموویان بەیعەد بۆ مەسعود دەدەن و دەبنە خزمەتکار. 
 بزوتنەوەی گۆڕان گەرچی هیچ کامێکمان نازانین هەڵگری کامە ئایدۆلۆژیایە، لەدەرەوە ئابڵقوقەدراوەو لەناویشەوە بەخەڵکانی ڕاڕاو پارەپەرست و هیچ لەباردا نەبوو گەمارۆ دراوە. تەیارێکی ئیسلامی سیاسیش دەستی ناوەتە بینەقاقای و سەرۆکەکەشی لەدوورەوە لە فلاتێکی چڵکندا وێنە بێباکەکانی خۆیمان بۆ نمایش دەکات. لە کوێی دنیادا ڕووی داوە شۆڕش و بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک بەرەو دواوە بگەڕێنەوە؟ ئێمە کە لەمێژووی ئەم زاتانە دەڕوانین دەبێت بڵێین "پێویستە بەچاوی عەقڵ لەمێژووی ئەمانە بڕوانین" نەک وەک شێوەی سۆزداری، چونکە گەلی ئێمە لەباشوردا حەوسەڵەی بیرکردنەوەیان نی یە، ئەم سەرکردانەش ڕەنگدانەوەی هەمان کۆمەڵگان. سەرکردەکانی جیهان گەر ئۆپۆسیسیۆن بن یان لەدەسەڵاتدا بن، یان سەرۆکی ڕێخراوێک یان حیزبێک بن، هەرگیز ڕێگەنادەن بەجوتێک نەعلەوە وێنەیان بگیرێت و بڵاو بکرێتەوە، چونکە سەرکردە تەنها سادەیی نییە وەک خۆنمایش کردنێک، بەڵکو بەرپرسیارێتیە و خەڵکانێکی زۆر هیوایان لەسەر هەڵدەچنێت. لام سەیرە مرۆڤێک ٥٠ یان ٦٠ساڵ سیاسەت بکات ئاوا بەرخوردبکات ؟ لەناو ئەو هەموو ڕووداوەدا، لای من ئەو سەرکردانەی ناتوانن نوێ ببنەوە درەنگ یان زوو لەناو دەچین و دەمرن. بەڵام پێدەچێت نەوشیروان مستەفا دڵی بەو کتێبانەی خۆش بێت کە بۆی بکەنە کێلی گۆڕەکەی، لەکاتێکدا کتێب و نوسین ئەگەر دوربێت لەکرداری خاوەنەکەی بەر لەخۆی کتێبەکانی مردار دەبێتەوە. 
من دڵنیام کە دوایی بڵاو بونەوەی ئەم نوسینەم دەروێشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان حاڵیان لێدێت و بێئەوەی ئامادەبن نووسینەکە بخوێنەوە دەست دەکەنە تانەگرتن، چونکە من لەهێڵی سور پەرێومەتەوە و لای ئەوان دەستم لەتابۆکانیان داوە. من لەجێگەی ئەو هەموو ماندووبونەی سەرشەقامەکانی شارەکان لەڕوانینی ئەم وێنەیە تەریق دەبمەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە