ئەو هەڵە گەورەیەی کە گۆڕان نەدەبوو بیکردایە !؟

Thursday, 03/12/2015, 1:36

2275 بینراوە


پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ تۆبەی گورگ مەرگە. ئەم پەندە دەقاو دەق پڕ بە پێستی مەسعود بارزانی ی و قەبیلەکەی و حیزبەکەیەتی. چونکە بە هیچ جۆرێک نە بۆ نەتەوەیی، نە برایەتی، نە دۆستایەتی، نە ناوچەیێتی، نە یەک خاکی، نە بۆ یەک ئاڵایی، نە بۆ یەک درووشمی و نە بۆ هیچ بەڵێنێک جێگای متمانە نین و نابێ پشتیان پێ ببەسترێ بە تایبەت خودی مەسعود بارزانی.
پەندێکی تری کوردی هەیە دەڵێ جاری یەکەم کە بڕوام پێکردی خوا بتگرێ جاری دووەم کە بڕوام پێکردی خوا بمگرێ. واتا تاقیکراوە نابێ بۆ دووەم جار تاقی بکرێتەوە، چونکە پێویست ناکا و لە تاقی کردنەوەی یەکەمدا کەس یاخود لایەنی بەرامبەر تاقی کراوەتەوە و هەڵسەنگێنراوە. ئەمەش دەقاو دەق بۆ گۆڕان پڕ بە پێستی گۆڕانە. نەوشیروان مستەفا بەوە ناسراوە کە سیاسەتمەدارێکی دووربین و لە سەرەخۆ و هێمنە و بۆ کارلێکە سیاسی یە دورایی یەکان زۆر وورد بینانە هەڵیان دەسەنگێنێ، بەڵام ئەوەی کە لە ماوەی دوو ساڵی پێشتر ڕوویدا، هەمووی پێچەوانەی ئەو قسانەی سەرەوەن، لە سەر هەڵوێستەکانی نەوشیروان مستەفا. لە کاتی کۆنگرەی گۆڕان کە پێش دواهەمین هەڵبژاردن و پێکهێنانی دواهەمین کابینەی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان بەستیان، نەوشیروان مستەفا بە خەنی یەکی زۆرەوە وا نیشانی دەداو باسی دەکرد کە ساز و ئامادەن بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست بەشداری بکەن لە کابینەی داهاتووی دەوڵەتی کوردی بە سەرکردایەتی کێ؟ بە سەرکردایەتی مەسعود و قەبیلەکەی و پارتەکەی! دەسەڵات لە کوێ؟ بەڵێ دەسەڵات وەرگرتن لە هەولێر و سلێمانی و تەنانەت باسی دهۆکیشی دەکرد!؟ ئەو هەولێر و دهۆکەی کە خەڵکەکەی چەند لە سەددام دەترسان بە هەمان شێوە لە پارتی و مەسعود و قەبیلەکەی دەترسن.
ئەو هەڵوێستانەی نەوشیروان مستەفا لە هەڵوێستی هەرزەکارێک دەچوون کە هیچ پێشینەیەکی لە ڕابردوو نەبووبێ. هیچ هەستان و دانیشتنی لەگەڵ پارتی و مەسعود و قەبیلەکەی ئەنجام نەدابێ. نەوشیروان مستەفا سەرو کار و سەوداو مامەڵەیەکی زۆر درێژو مێژوویی لەگەڵ مەسعود و پارتەکەی دا هەبووە و هەیە. قەت و قەت مەسعود بارزانی و بابی گۆڕبەگۆڕی و حیزب و قەبیلەکەی هیچ بەڵێننامەیەکیان لەگەڵ حیزبە کوردی یەکان بە تایبەت یەکێتی و گۆڕان جێبەجێ نەکردووە. مەسعود و قەبیلەکەی و پارتەکەی تەنها ئەو بەڵێنانەیان جێبەجێ کردووە کە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا مۆریان کردووە و پەیمانیان پێداون لە دژی کورد. نەوشیروان مستەفا پێش ئەوەی ببێتە کۆمەڵەو یەکێتی پارتی بووە لە لاوێتیدا، دواتر بووە بە یەکێتی و لە ناو یەکێتیشدا دووەم کەس بووە دوای تاڵەبانی. نەوشیروان دوای دەیان ساڵ لە ناو یەکێتی دا بوون لە چەندین کۆبوونەوە یا خود بەشداری کردووە، یاخود لانی کەم ئاگاداری بەند بە بەندی ڕێککەوتن و گفتوگۆیەکان بووە. با نەوشیروان مستەفا بۆمان ئاشکرا بکات کە چ پەیماننامەیەک پارتی لە گەڵ حزبێکی کوردیدا هێنابیەتە دی بە تایبەتی یەکێتی و گۆڕان؟ نەوشیروان مستەفا ئەگەر لە ناو یەکێتی دا کەسی دووەم بووبێ، ئەی خۆ لە کۆمەڵەو گۆڕاندا کەسی یەکەم بووە و کەسی یەکەمە. ئەی چۆن باوەڕی بە پارتی هێنا کە لەگەڵی بکەوێتەوە مامەڵەی سیاسی و گفتوگۆو ڕاوێژ؟ ئەو بەڵێنانەی کە گۆڕان و بەتایبەت خودی نەوشیروان بە ساویلکەی تێی کەوتن لەگەڵ پارتی لە یاریەکی پشیلەو مشکێنە زیاتر نی یە.
لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە کە گۆڕان خەڵکێکی زۆری خوێندەوار و چینی ڕۆشنبیری لەگەڵدایە، کەچی چۆن ئەوان لە گۆنگرە یاخود لە دانیشتن و کۆبوونەوەکاندا هیچیان بە گوێ ی نەوشیروان مستەفا نەچرپاند کە دەتانهەوێ چ هەڵەیەک ئەنجام بدەن لەگەڵ پارتی دا؟ چۆن ئەو هەموو خەڵکە بە ئاگایە نەیانتوانی خوێندنەوە بۆ هاوپەیمانێتی لە گەڵ پارتی و مەسعوددا بکەن؟ مەسعودێک باکی لە هێنانی تانک و دەبابە و هێزی سەددای ئەنفالچی نەبێ بۆ سەر یەکێتی لە هەولێر!؟ مەسعودێک باکی بە شەڕ کردن دژی کورد و حیزبە کوردی یەکان نەبێ بۆ داگیرکەران لە باکور و باشوور!؟ چۆن باکی هەیە لە ڕێگرتن لە سەرۆکی پەڕلەمان و ناردنەوەی یوسف محەمەد و وەزیرەکان و بەڕێوەبەرەکانی گۆڕان بۆ ماڵەوە؟ ئەوەی لە هەمووی سەیتر و خەجاڵەتاویترین شت ئەوەیە کە گۆڕان دەڵێ لە حکومەت ناکشێینەوە! کە تۆ دەسەڵاتی ئەوەت نەبێ بچی بۆ هەولێر و دهۆک، لە کوێ و لە چی ناکشێ یەوە!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە