ئایا نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بە سەردا دێت

Sunday, 13/12/2015, 22:25

7384 بینراوە


ئەو پرسیارەی سەرەوە، مەسەلەیەکە کە بە سەدان لێکۆلەرو ڕۆشنبیرو سیاسەتمەدار و دەزگا و ئینستتیوتی لێکۆڵینەوەی سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتی قسەو باسی لێوە دەکەن و هەریەکە بەپێی بەرژەوەندی و باکگراوندی خۆی ، بەپێی بەرژەوەندی وڵاتەکەی، نەتەوەکەی، ئاینەکەی یان مەزهەبەکەی شیکردنەوەی بۆ دەکات و وڵامی ئەداتەوە
لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردوودا، نەخشەی ئەوروپا ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین جار گۆڕانی بەسەردا هاتووە، وڵاتی تازە دامەزراوە، ولاتی گەورە و قەبەش یان لە ناوچون یان بچوک کرانەوە. چەندین نەتەوە توانییان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دامەزرێنن یان بۆیانیان داتاشی وەک عەرەب، فارس، تورک، ئەفغانی..هتد، چەندی نەتەوە و کەمە نەتەوایەتیش بێ بەش و مەحروم کڕان، نەک هەر غەدری مێژوییان ڵیکرا بەلکو هەوڵی ئەوە درا لە سەر نەخشەی جیهان بیانسڕنەو و چیتر ناویان نەهێنرێ و توشی کۆمەڵکوژی و جینوساید بونەوە لەوانە ئەرمەن، یەهود، کورد چەندین نەتەوەی تر.
- لە ئەنجامی شەری جیهانی یەکەم، تێکشکاندنی هەردوو ئیمبراتورییەتی نەمساوی-هەنگاری و عوسمانیییەکان، بەپێی چەندین ڕێککەوتننامە لەوانە سایکس-بیکۆ نەخشەی ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرە باکوری ئەفریقاش گۆڕانی بنەڕەتی بەسەرداهات، ئەو ناوچانە، ئەو سنورانەی کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠٠ ساڵ  لە ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانییەکاندا بوو گۆڕانی بەسەردا هات و چەندین دەوڵەتی تازە داتاشرا یان دامەزرێنرا لەوانە عێراق، ئورددن، سعودییە و جەندین دەوڵەتی تر لە ئەوروپاو باکوری ئەفریقیا هاتە کایەوە، کوردیش وەکو نەتەوە لە بەر چەندین هۆ بەڵام گرنگترینیان دوبەرەکی لە ناو ماڵی کوردی، نەبونی یەک خیتابی کوردی و دابەشبونی کورد بە سەر چەندین جەمسەردا، وایکرد کە کورد بی بەش بکرێت و غەدری گەورەی لێبکرێ
- لە ئەنجامی جەنگی جیهانی دووەمیشدا ، پاش تێکشکاندنی نازییەکان چ لە ئەوروپا باشتر بڵیم لە بالکان و ئەوروپای ڕۆژهەڵات وە چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەندی دەوڵەتی نەتەوەیی یان بەشوناسنامەی ئایینی دامەزرا لەوانە دەوڵەتی ئیسرائیل، لەو زەمانەشدا کوردیش نیمچە دەوڵەتۆکەیەکی بۆ دامەزرێنرا کە بە جمهوریەتی مهاباد ناوئەهێنرێ، بەڵام دیسان لە بەر چەندین هۆ وەکو پشت تێکردنی سوڤیەت لە کورد و ئازەرییەکان، جگە لە هەڵگەرانەوەی چەندین ئاغا و شێخ و ناوجە لە شەهیدی نەمر قازی محمد و دەوڵەتەکەی وایکرد کە ئەو شانسەی کوردیش لەناوببرێ.
- لە ئەنجامی شەڕی ساردا لە نێوان بلۆکی سەرمایەداری و بلۆکی کۆمونیستیدا، پاش هەڵوەشاندنەوی یەکێتی سوڤیەت چەندین دەوڵەتی تر دامەزران، لە چەندین وڵاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات سیستەمی دیموکراسی و پلورالیزم هاتە کایەوە، هەڵبژاردن و دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات بۆتە شتێکی ئاسایی، بازاری ئازاد و گەشەکردنی کەرتی تایبەت جێگەی سیستەمی ئابوری ئارستەکراوی(الاقتصاد الموجە) گرتەوە. هەروەها لە گەڵ دەسپێکردنی بەهاری عەرەبی ئومێدێکی گەورە هاتە ئاراوە کە گەڵانی ناوچەکە بتوانن بەئارامی و ئازادانە ژیان بەسەر بەرن و هەمو مافەکانیان دابینبکرێت، بەداخەوە ئەو بەهارەش بوو بە زستانێکی زۆر سامناک، تەنها وڵاتی تونسی لێ دەربچێ، کە لەوێش هێشتا ئاقارەکان بەتەواوەتی ڕون نەبونەتەوە.
بەڕای چەندین چاودێر و سیاسەتمەدار هێشتا ئەوەی پێی دەڵێن شەری سارد کۆتایی نەهاتووە، یان باشتر بڵێین شایستەکانی هێشتا بەتەواوەتی نەهاتۆتە دی، واتە هێشتا شانس لە ئارادایە چەندین نەتەوەی تر بگەن بەئامانجەکانیان.
- لە گەڵ هەڵتۆقینی ئەو دومەڵە فیکرییە لە ناو دونیای ئیسلامدا کە پێی دەوترێت ئیسلامی توندڕەو، وەزعەکە ئەوەندەی تر ئاڵۆز بووە، ئێستا زۆربەی لایەنەکان، گروپەکان،دەوڵەتە ئیقلیمییەکان بگرە زلهێزەکان کەوتونەتە گیانی ئەم ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستە، بە پاچ و خاکەناس، بە تۆپ و تانک و فڕۆکە و ڕاکێت دەیڕوخێنن، دیانەوێ لە بنەوە هەڵیتەکێنن، بینایەکی تازەی لە سەر دروستبکەن، بە ملیۆنەها کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، شەپۆلی کۆچکردن بەرەو ئەوروپا هەر لە زیادبووندایە، ئەوروپا لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە شەپۆلی ئاوارەی ئاوهای  بە خۆیەوە نەبینیوە.  پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەو بینا تازەیە نەخشەی بۆ ئامادەکراوە، بناغەکانی، کۆڵەکەکانی، گەورەو بچوکی ژوورەکانی دیاری کراون، کەرەستە و ئامێرەکان کامانەن، کامەیە ماستەر پلانی تازەی ناوچەکە،هێشتا ئەو مەسەلەیە لای زۆر لایەن، دەوڵەت یان نەتەوە  ڕوون نییە، بەڵی ئەمریکا چەندین ساڵە باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەرە دەکات، باسی فەوزای داهێنەر ( الفوضی الخلاقة) دەکات، بەلام ئایا ئەمریکا پلانەکەی چییە. ئایا ڕوسیا و لەپشتییەوە چین ڕۆلی چییان دەبێت، ڕٶڵی یوئێن، ڕٶڵی ئەوروپا چون دەبێت لەم بێنەو بەرەیەدا، دەوڵەتە ئیقلیمییەکان وەکو تورکیا، ئێران، تەوژمە فیکرییەکان ، ئیسلامی و عیلمانییەکان، سوپاکان، ئەمانە کۆمەڵێ پرسیارگەلن، هێشتا وڵامەکانیان ڕوون و ئاشکرا نەبون.
- لە ئەنجامی شەڕی سـی ساڵە لەئەوروپا (١٩١٨-١٩٤٨)، کە شەڕێک بوو لە سەر بنەمای ئایینی، سەروەری وڵات و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، پاش ئەوەی لایەنەکان ماندوو بون لە شەڕ و گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە درێژە دان بەشەڕ جگە لە ماڵویرانی و دەربەدەری کەس تییایە سەرکەوتو نابێت، بۆیە لایەنەکان ڕێکەوتنێکیان لە ساڵی ١٩٤٨ ئیمزا کرد کە ناسراوە بە بە ڕێککەوتنامەی وێستڤالیا، لە ئەنجامدا چەندین وڵات لە ئەوروپا دروستبون، ئەو ڕێککەوتنامەیە بوو بە بنەمایەک کە دەتوانین بڵێن تا چەندین سەدە هاوڵاتییانی ئەوروپا دوور لە شەر ژیانیان بە سەر برد، وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی ئەوروپادا.
- پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئێمەی کورد چ ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی لەم ئاڵۆزییە،لەم قەیرانە گەورەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیا تێئەپەڕێت، ئەمجارەیان غەدرمان لێ نەکرێ.
لە پاش ڕوخانی ڕژێمەکەی سەددام، عێراق وەک دەوڵەت لەبەریەک هەڵوەشایەوە، نە سوپا و نەپۆلیس، نە وەزارەت و نە دام و دەزگاکانی تری دەوڵەت وجودی ما، شتێک نەما بەناوی دەوڵەتی عێراق، بەرامبەر بەوە لە کوردستان تا ڕادەیەک خاوەن دام و دەزگا،‌هیزی پێشمەرگە، ئابورییەکی مامناوەند بوین. بە داخەوە لە بری ئەوەی ماڵی خومان ڕێکوپێک بکەین، زیاتر پتەوی بکەین، سەرکردەکانمان چون لە بەغدا ماڵی عەرەبییان ڕێکخستەوە، بەشداربوون لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراقی، عیراقێک کە بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ کوردی ئەکوشت، ئەرزی کوردیان داگیر ئەکرد، کیمیای بەسەر کوردا ئەڕشت. سەرکردەکانمان کەوتنە ناوبژیوانی شیعە و سوننە، بە هەمو عەقلی خۆیان  شەڕی شیعە و سوننە کە زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە درێژەی هەیە ئەمان دەتوانن ئاشتیان بکەنەوە. دەستورێکیان پەسەند کرد کە بەحیساب عێراقێکی فیدرالی دیموکراتی بێتە کایەوە، نەتیجەکەشی ئەوەیە کە نە ماددەی ١٤٠ جێبەجێکرا، نە شایستەکانی پێشمەرگە دابینکرا، تەنها بودجەکە نەبێت کە وەکو خێر تەماشای ئەکەن، بە کورتییەکەی ئەمجارەش قۆڵی کوردیان بڕی.
ئێستا لە کوردستان، لە هەمو بەشەکانی،لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە سەر دوو جەمسەردا دابەشبون،جەمسەری ئێرانی -ڕوسی و جەمسەری تورکی سعودی لە پشتیانەوە ئەمریکا. بۆیە ئەنجامەکەی بە نەگەتیف بگرە ئەگەر حال وابڕوات بەکارەساتی گەورە بە سەر میللەتەکەمان کۆتایی دێت.
 بزوتنەوەی رزگاری خوازی فەلەستین چونکو سەرکردەکانیان، لایەنە سیاسییەکانیان لە ماوەی ئەم ٦٠ ساڵەی ڕابوردوو، بە سەر جەندین جەمسەردا دابەشبوون، جەمسەری سعودی، میسری، بەعسی لە سوریا و عێراق ، جەمسەری لیبی و ئێرانی، ئێستا دەبینین حاڵی فەلەستینییەکان چۆنە بڕوا ناکەم کەس ئیرەییان پێ بەرێت، بەهەمان شێوە لە لە لوبنانیش.
ئێستا وەزعەکە لە سەر پشتی پاپۆڕێکە لە ناو زەریایەکدا، کەس نازانێ شەپۆلی ڕوداوەکان بەرەو کویی دەبات و لە کوێ لەنگەر دەگرێت، لە کوردستان، پەرلەمان ئیفلیج کراوە ، دەستوریک نییە پشتی پێ ببەستین، سەرۆکەکەی بە ناشەرعی بە زەبری هێزی سەربازی خۆی سەپاندووە، بە ئارەزووی خۆی یاری بە چارەنوسی میللەتەکەمان دەکات، بە بێ پرس کردن بە هیچ لایەنێکی سیاسی یان مەرجەعێک، خۆی لە سەرو یاسا و پەرلەمان دائەنێت، تەواو تۆپەکەی خستۆتە باوەشی تورکیاوە، تورکیایەک کە میسقاڵێک باوەڕی بە مافی کوردان نییە، پارتێکی ئیسلامی تیا حکوم دەکات، کە وڵاتەکەی بەرەو فاشیزم دەبات، دەیەوێت دەستور بگٶڕێت، بۆ ئەوەی وەکو دیکتاورێک درێژە بە حکوم بدات، پرۆسەی ئاشتی چەقی بەستوە، ڕۆژانە بە فڕۆکە گوندەکانی کوردستان بۆردومان دەکات، یارمەتی جەبهەی نوسرە و ئەحرار الشام ئەدات بۆ لاوازکردن و لە ناوبردنی پەیەدە، لە گەڵ ڕوسیادا ناکۆکییەکانی گەیشتۆتە ترۆپک، دوور نییە ئەگەر سوپا ئینقلابی بەسەردا نەکات لە گەڵ ڕوسیادا بکەوێتە شەڕێکی سەختەوە کە کوردستانیش دەگرێتەوە.
بەهۆی بێ موچەیی و داتەپینی ئابوری کە حکوتەکەی پارتی  بە سەر هەرێمەکەمانی هێناوە، لەوەش خراپتر ٢٠ملیار قەرزاری کە دەبێت نەوەکانی داهاتوومان بیدەنەوە، ڕٶژ بەڕۆژ گەنجان سەری خۆیان هەڵئەگرن ووڵات بەچێئەهێلن و ڕوو لە ئەورۆپا دەکەن.
یەکێتی و هەندێ لە لە لایەنەکانی تر کە زیاتر نزیکن لە جەمسەری ئێرانی –ڕوسی، لە بێدەنگییەکی تەواودان، پێان وایە گڕانەوە بۆ بەغدا، گەرمکردنەوەی پەیەوەندییان لە گەڵ بەغدا و لە پشتییەوە ئێران و ڕوسیا ، ڕەنگە تای تەرازوەکە لەو لاسەنگییە ڕزگار بکات، جارێ ڕوسیا ئەگەر ئەوەی لە ئۆکرانیا و هەڵلوشینی دورگەی قرمی بۆ بچێتە سەر دڵنیام پشت لە ئێران وسوریاش دەکات، شیعەکانی عێراق و ئێرانیش کە بەرەو فاشیزمێکی ئایینی دەبەن، هیچ ئومێدیکیان لێ شین نابێت.
- بۆ وڵامی پرسیارەکەی سەرەوە کە ئایا نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گٶڕانی بەسەردا دێت، بەڵێ، چونکە ناکڕی ئەم شەڕو شۆڕە هەتا هەتایە درێژە بکێشێ. و ڕۆژبەڕۆژ تیرۆریزم ژیانی خەڵکی لە ناوچەکەو و ئەوروپا و ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە، کوردیش ئەگەر بەم وەزعەوە بەردەوام بێت، دڵنیابن کە زەرەی گەورەمان بەر ئەکەوێت دیسانەوە غەدری گەورەمان لێدەکرێت.
باشترین زەمانەت گەڕانەوەیە بۆ جەمسەرێک کە پیی دەوترێت خەڵکی کوردستان، ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکان لە هەمو بەشەکان،هیچ نەبێت لە سەر لانی کەمی ئامانجەکان، بەگەڕ خستنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، وازژۆکردنی دەستورێک کە ئیجماعی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستانی لە سەر بێت، کاراکردنەوەی حکومەتی هەرێم. وازهێنانی مەسعود بارزانی لە پۆستەکەی دانانی کەسیکی تر لە پارتی تا هەڵبژاردنی داهاتوو، دەکرێت کاک مەسعود وەکو کەساییەتێک لایەنەکان پرسی پێ بکەن.
ماوەتەوە بڵێم ئە گەر ماڵی کورد ڕێکنەخرێتەوە و پتەو نەکرێت، کەسایەتی مرۆڤی کورد دروستنەکرێتەوە ئەوا کورد بەرگەی ئەم شەپۆلە ئاڵۆزییەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە ناگرێت، ئەزمونەکەشمان لە ناو ئەبرێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە