کوردێک بە چەک هێرشی کرایە سەر لە وڵاتی فینلەندا

Monday, 04/01/2016, 18:09

4425 بینراوە


(ب. غ. ڕ) کوڕێکی تەمەن 21 ساڵیی خەڵکی گەرمیانی باشووری کوردستان کە ماوەی 2 ساڵە لە وڵاتی فینلەندا گیرساوەتەوە و تەنیا مانگێک دەبێ کە مافی پەنابەریی وەرگرتووە، لەبەردەم ماڵەکەی لە شاری کایانیی باکووری وڵاتی فینلەندا لەلایەن پیاوێکی تەمەن 44 ساڵیی فینلەندیی ڕەگەزپەرستەوە بە دەمانچە هێرشی کرایە سەر.
چۆنێتی ڕووداوەکە لە زمانی کوڕە کوردەکەوە:
(نیوەشەوی 2015.12.28/27 لە دەرگام درا چووم کردمەوە، بینیم یەکێک لە دوو هاوڕێ فینلەندییەکم بوو، هێشتا چۆنی و چاکیم لەگەڵی تەواو نەکردبوو کە فینلەندییەک بە دەمانچەوە لە پشت ئەم هاوڕێیەمەوە بەرەوڕووم هات کە دەمانچەکەی ئاراستەی ڕووم کردبوو، و بەدەنگی بڵند شیڕاندی بەسەرم دا (من نەک هەر ڕەگەزپەرست؛ تەنانەت فاشیستیشم) جنێوی زۆری پێم دا و بە بۆکس لێمی دا لە ئەنجام دا خوێن لە دەمم هات منیش دەستم کرد بە گریان و لێی پاڕامەوە کە نەمکوژێ، خۆشبەختانە دەمانچەکەی لەسەرم لابرد و ڕۆیشت.)
کوڕە کوردەکە (ب. غ. ڕ) دەڵێ؛ بۆم دەرکەوت کە ڕەگەزپەرستە چەکدارەکە ئەو هاوڕێیەمی بۆیە ناردبوو بۆ ماڵەوە تا بزانێ لە ماڵم یان نا، کە دەرگا بکەمەوە بمکوژێ، بەڵام خۆشبەختانە لە مردن گەڕامەوە.
بەستەری هەواڵەکە لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەیەکی فینلەندی دا:
لە کۆتایی قسەکەی دا کوڕە کوردەکە وتی: من لە کوردستان لەدەست کوشتن هەڵاتووم کەچی لێرە خەریک بوو بکوژرێم، بۆیە کوژرانم لە پێناو کوردستان بە شانازی دەزانم، کوژرانم لێرە بەدەستی ڕاگەزپەرستێک بە شەرمەزاری دەزانم، و هەوڵیش دەدەم فینلەندا بەجێ بهێڵم و بگەڕێمەوە بۆ کوردستان.
شایانی باسە لە فینلەندا لە هەموو خولێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلەندا؛ پارتی نەتەوەپەرستی فینلەندی کە ناوی (فینلەندییە ڕەسەنەکان)ـە دەنگی زۆرتر بەدەست دەهێنێ، لە دواهەڵبژاردنی پەرلەمان دا توانییان بۆ یەکەمجار دووەم بەدەست بهێنن.
وێڕای ئەم پارتە؛ لە فینلەندا گرووپی (بەرگری نەتەوەیی)ـیش هەیە کە دەستیان لە کوشتنی چەندین بێگانە دا هەبووە و گومان دەکرێ ئەم چەکدارەی هێرشی کردووەتە سەر کوڕە کوردەکەی شاری کایانی ئەندامێک بێ لە ئەو گرووپە.
ئامادەکردنی: شالیار کوردۆ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە