خەڵك دەڵێن :” یان بوێر بن، یان ڕادەستی بكەن و ڕزگارمان بكەن”

Monday, 11/01/2016, 19:29

1728 بینراوە


بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیتان لە مەڕ خراپتر بونی ڕەوشی ڕامیاری و ئابوری كۆمەڵگەی باشوری كوردستان و نە نواندنی هیچ هەڵوێستێكی شێلگیرانە لە دوای ئیفلیج كردنی پەڕلەمان و دەستبەسەردا گرتی ڕۆزی و بژێوی هاوڵاتیان و پشتگیری نەكردنی ڕاستەو خۆی هیچ خۆ نیشاندانێك و بەڵكو ساردكردنەوەی خەڵكیش بۆ گرتنە بەری ئەم مافە مەدەنی و سادەیە بۆ گێڕانەوەی مافی زەوتكراویان گەورەترین پرسیاری لەلای خەڵكی دروستكردووە.
خەڵكی دەپرسێت بۆ بێدەنگی بووە بە  خویەكی هەمیشەییتان و تاكەی  قایلن بە درێژەكێشانی ئەم ڕەوشە خنكێنەرو جاڕسكەرو پڕوكێنەرە كە خەڵكی بە هەمو شێوەیەك سزا دەدرێت ،سزای ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی ،هەموشی بە هۆی تەحەزوب و حزبایەتییەوەیە!
خەڵك دەڵێن چۆن دەبێت  هێزگەلێك لە سەر هەڵچون و بێزاری ئێمە بوبێتە كاریگەرترین و جێی هیواترین هێزی سەر گۆڕەپانی باشوری كوردستان ،بەڵام لە  كاتێكی ئاواییدا هەڵوێستێكی جەسورانەی سیاسی و میدیایشی لێ نەبینرێت؟مرۆڤ گومان دەكات ئەم هێزانەی باشور لە بنەڕەتدا هیچ جیاواز نەبن لە یەكترو هیچ ئەشكالیات و دژیەكییەكیشیان نەبێت لە گەڵ یەكتر!بەڵكو تەنیا دژایەتییەكی ڕوكەشی دروستكراوی  ساختە لە نێوانیاندا دروستكرابێت بۆ چنینەوەی دەنگ و سۆزو هاوپشتی و پشتیوانی خەڵك لێیان،ئەگین ڕەنگە سەركردەی حزبەكان زۆریش لە گەڵ یەكتر كۆك بن و گرەویان تەنیا لە سەر ڕاكێشانی خەڵكی بێت بەرەو ڕوی حزبەكانیان ،لێرەدا خەڵكی ژیرو ڕامیار دەبێت بپرسێت لە گۆڕان و ئیسلامییەكان و تەنانەت یەكێتیش ،ئەگەر ڕێكەوتنێكی ژێر بەژێری ڕانەگەیەندراوی شاراوە لە نێوان ئێوەو پارتیدا نییە بۆ دریژەدان بە ئەم ڕەوشە بۆ تا ئێستا بێدەنگییەكی زۆر بێتامتان هەڵبژاردووەو تۆسقاڵێكیش موتان گرژ نە بووە بەم هەمو ناشیرینییەی كە دەگوزەرێ؟ئەی بۆ لە سەروەختی دەنگداندا لە سەر یەكتر  دێنە ئاستێكی زۆر بازاڕی و دەیگەیەننە مریشكە ڕەشە ؟بەڵام،لە سەر مافی هاوڵاتیان  كەمتەر خەم و خوێنساردانە دادەنیشن و تەنانەت وتارێكی  بچوكیش چییە نیتانە كە بەرچاو ڕونییەك بدات بە میللەت،ئەرێ بەڕاست ئێوە جیان لە یەكتر یاخود یەك تەوژمی دەسڵاتداری گەوجێنەری گەلن هەر یەكێكتان بە شێوازێكی تایبەت و دیاری كراو؟ یەكێكتان دروشمی گۆڕین و دوانتان ئەفیونی دین و بەكارهێنانی سۆزی ئایندارانی سادەو یەكێكیشتان دروشمی سۆشیال دیموكرات كە تۆسقاڵێكیش لە پڕەنسیپەكانی ئەو بەرنامە سیاسی و فكرییەی تێدا نابینرێ!ئەوی تریشتان ئیدیعای نەتەوەیی بون دەكات بە بێ ئەوەی هەنگاوێك هەڵهێنێ بەڕوی خزمەتی نەتەوەی كوردداو بگرە سەراپای مانۆڕە سیاسی و ئابورییەكانیشی بە ئاراستەی كوشتنی گیانی نەتەوەییدایە !
‎ئیدی دەبێت تاكو كەی كۆمەڵگەی كوردی ئومێدو هیوا لە سەر ئەم هێزانە هەڵچنێت كە خاوەنی یەك ستراكتۆرو یەك بونیادن و تەنیا لە ڕوكەشدا و لە سەر بەرژەوەندییە ماددی و فیئەوییەكانیان دابەشی سەر بەرەی جیاواز دەبن و وەك مێمڵ و نەیارو ڕكابەر دێنە بەرچاوان،ئەگین بەرامبەر بە گەل و هەژاران یەك لە یەكتری بێخەمترو  بێ دەربەستترن،ئێستا دەبێ ڕوی دەم لە گۆڕان ئیسلامییەكان و تەنانەت یەكێتیش بكرێت و ئیحراج بكرێن یان دەبێ لە دەرەوەی تەرح و پارادیگمای خێڵی بارزانییەكاندا چارەسەرییەكی تر بخەنە ڕۆژەڤەوەو پراكتیزەی پڕۆژەیەكی بەدیلی سیاسی  و ئابوری بۆ كوردستان بكەن بە بێ ترس و بیم ئەگەر مەبەستتان خزمەتی میللەتە،یاخود ڕازی ببن بە پاشایەتی ویراسی ئالی مەسعودو پارتی بكەن بە حوكمڕانی كورد هەتا ئەویش دڵنیا ببێتەوە لە مسۆگەری ئایندەی ڕامیاریی و دەستی لە بینەقاقای گەلدا شل بكات و وەكو وڵاتانی كەنداوی فارس هەندێك لەو خێرو بێرەی وڵات بخاتە خزمەتی تاكەكانییەوە،جا ئەو كات ئەگەر گەل پەسەندی كرد واتە گەل هەر ئەوانی قابیلە،بە پێچەوانەشەوە ڕەنگە هێزێكی ڕەسەنترو جەسورتر لە ئێوە لە هەناوی گەلەوە دروست بێت و زیندویی گەل نیشان بدات و كوردستان بباتە قۆناغێكی دامەزراوەییەوە،بەڕاستی ئێستا ئێوە بەم شەرمنی و بێدەنگی و فسكەفسك و غەڵبەغەڵبی سیاسییەتان ناكرێ وەك جێگەی ئومێد و وەك پێشتر لێتان بڕوانرێ ،یان هەبن و جەسور بن یان تەسلیمی بكەن و میللەت ڕزگار بكەن.


‎بابان بریزی
١٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە