نابێت ووڵات لەیەک پیاو پێک بێت

Tuesday, 19/01/2016, 12:51

1946 بینراوە


لەئێستاى کۆمەڵگەى کوردى دا ، شتێک نیە لەواقیعدا ناوى حکومەتى هەرێم بێت ، چونکە ئەو حکومەتەى کەهەیە لەلایەن دوو کۆمپانیاى حیزبى قازانج ویستەوە ( یەکێتى وپارتى ) قۆرخ کراوە، بەمەشەوە نەوەستاون بەڵکو حکومەتیان کردووە بە وەسیلەیەک بۆپەردەپۆشکردنى گەندەڵى وکارە نایاساییەکانیان .
مەترسیەکە لەمەش گەورەترە ئەویش ئەوەیە کەلەنێو هەردوو ئەم کۆمپانیا حیزبیەدا ، تاکە بەرپرسێک ساخود تاکە سەرکردەیەک کاروبار وبڕیارەکان ڕادەپەڕێنیت ، بەتایبەت لەئێستادا بەهۆى ئەوەى کەحیزبى پارتى جومگە سەرەکیەکانى ووڵاتى بەدەستەوەیە ، بەتەواوى بەسیاسیەتى تاک سەرکردەیى کاردەکا، ولەبڕیارەکان دا گفتوگۆى چوونیەک وتێگەیشتن نیە ، بەڵکو بەشێوەیەکى هەرەمى سیاسەتى حیزبەکەیان دەگەڕێتەوە سەر تاکە سەرکردەیەک کەلەسەرى هەرەمەوە بڕیارى خۆى دەدا کەئەویش بارزانیە .
ئەم سیاسەتەى تاک سەرکردەیى پارتى لەساتى ڕێگەگرتن لەسەرۆکى پەرەلەمان وناردنەوەى هەرچوار وەزیرەکەى بزووتنەوەى گۆران بەزەقى دیارە ، کەبینمیان چۆن سەرۆک وەزیرانى حکومەت کەسەر بەو پارتەیە بەئاشکرا لەبەرشاشەى تیڤی دا بێ دەسەڵاتى خۆى لەبەرامبەر ئەم بریارەى لەدژى گۆران دراوە بێ بەرى کرد ودانى بەوەدا نا کەلەسەرەوە ئیعازى پێ دراوە .
دیارە گرفتە سەرەکیەکە ئەوەیە کەلەنێو ئەم حیزبەدا تاکە سەرکردەیەک وەکو (حیزب القائد) حوکم دەکا وشانازى بەسیاسەتى یەکپەرستى وکولتورى تاک سەرکردەیەوە دەکات، لەدواى ٣٠ حوزیرانەوە هەنگاو بەهەنگاو خۆى بەکورسى سەرۆکایەتەوە دەچەسپێنێت، لەکاتێکدا کەبەشێوەیەکى یاسایى ماوەى سەرۆکایەتیەکەى کۆتایى هاتووە ، بەڵام نەک ئامادە نیە دەست بەردارى کورسى حوکمڕانى بێت ، بەڵکو زیاتر دەسەڵاتى دادەکوتێ وکار لەسەر ناوەندگیرى ومەرکەزى بوونى دەسەلاتەکەى لەناو حیزبەکەى وحکومەت ووڵات دا دەکا .
کولتورى حیزبى سەرکردە ( حزب القائد ) وتاک سەرکردەیى لەم ناوچانەى ڕۆژهەڵاتى ناوەراست دا شتێکى نامۆ نیە ، بینیمان لەشۆرشەکانى بەهارى عەرەبی دا لەووڵاتانى میسر ویەمەن وتونس ولیبیا وچەندانى تر لەلایەن یەک سەرکردەوە حوکمڕانى دەکران ، تا ئەوکاتەى هەموویان کەوتنە بەر نەفرەتى میللەت ولەناوچوون .
ئاشکرایە کەمۆدیڵى ئەم تاک سەرکردەیە وتاک حیزبیە  لەکوردستان دا پەیرەو دەکرێ ، زادەى کولتورى تورک وفارس وعەرەبە پێش ئەوەى زادەى عەقڵیکى بنەماڵەیى کوردى بێت ، مۆدیڵى ئەم جۆرە تاک بوونە جەمسەرییە لەحیزب وسەرکردەدا کۆنە وبەسەرچووە وچیدى بەکەڵکى راپەراندنى سیاسەت نەماوە ودەبێ لەرێگەى چەسپاندنى پلۆرالیزم ودیموکراسىەت ودەستاودەستکردنى دەسەڵات وسەروەرى یاساوە ئەم کولتورە دواکەوتووە سیاسیە نەهێڵین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە