گلەییەک لە جەماوەرى دەربەندیخان

Wednesday, 27/01/2016, 16:34

2314 بینراوە


لەدژى گەندەڵى و ناعەدالەتى و دواکەوتنى مووچە و، دزى ونەبوونى هیچ خزمەتگوزارییەک، جەماوەرى شارۆچکەى دەربەندیخان، چەندین رۆژە خۆپیشاندان دەکەن، من لەلاى خۆمە و دەستخۆشیان لێ ئەکەم  ،تەواو تەواو پشتگیریان ئەکەم، هاوکات گلەیى زۆریشم لێیان هەیە، بەوەى کە بێ رێزى و سوکایەتى بەوکەسایەتییە دەکەن، رەنج و خەبات و هاوکارى چەندین ساڵەى لەبەر چاو ناگرن، بە سووک و بێ نرخ و کەم بەها تەماشاى ئەکەن، کەلاى من و تۆش مایەى نیگەرانییە، لەبەر ئەوەى ئەو،هەمیشە و بەردەوام خزمەتى بەرچاویکردوین، هەموو دەم و ساتێک  بارى سەرشانى سوککردوین،لە ژیانى رۆژانە و ئیش و کارو، تەنانەت رۆژانى سەختیشدا رۆڵى بەرچاوى هەبووە، شیاوى ئەوە نىیە بیکەن بە هوتاف و  دروشم، بۆیە  لەلاى خۆمەوە ئاگادارتان ئەکەمەوە، کە ئەگەر ئەمجارە دروشم و قسەى وەها ببیستم لێتان قبوڵ ناکەم، بەدڵنیایەوە (هەرچەنێک یاساش بوونى نىیە) رێگەى یاسایى دەگرمە بەر ولەسەر ئەو سوکایەتى و بێ نرخکردنەى  دێَمە دەنگ.
 ئاخر بەڕێزان، جەماوەرى راپەڕیو، چ رەواى هەقە، بڵێن(ارحل ارحل بارزانى، بەقەد کەرێک نازانى).بۆچى ئەو زوڵمە لەکەر دەکەن؟ بۆچى کەر دەخە ئاستى کەسێکى وەک ئەوناپاکە؟! ئایا بیرتان چۆتەوە، کەر بەدرێژایى مێژوو،لەگەڵ ئێمەدا ژیاوە و هەمیشە خزمەتى کردوین، ئایا ئەو گیانەوەرە بەسوودە یان ئەو کەسەى دەیکەنە هاوتاى؟ ئایا کەستان بینیوتانە کە ئەو گیاندارە بێ زیانە خراپەیەکى بۆ خەڵک و دەوروبەر هەبوبێت؟ رۆژێک لەرۆژان ئازارى کەسێکى دابێت؟ ئایا هیچ کاتێک ئەو گیاندارە،لەپێناوى گەیشتن بە بڕێک جۆ یان کا، پیشتى براکەى شکاندوە؟ ئایا بەدرێژایى مێژوو بەرگوێتان کەوتوە کە کەرێک خیانەتى لە هاوتا و هاوەڵانى کردبێت؟ئەرێ لەئەفسانەو چیرۆکیشا خوێندوتانەتەوە کەرێک  بە نارەِسەنى و ناپاکى ناوى دەرکردبێت و لەچیرۆکەکانى کلیلەو دیمنە و مەزراى ئاژەڵان بە خراپى ناوى زڕابێت؟بیریشتان نەچێت پێش کۆتر،کەر سیمبولى ئاشتى بوو، بەڵام پیکاسۆى هونەرمەند کردى بەکۆتر،ئەوەتەى فامم کردۆتەوە و تێبینیم کردوە، کەر مایەى خێر فەڕ بووە بۆخاوەنەکەى،تا هەنوکەش لەسەر سنور و لادێکان سەدان مۆنیکاو لاندکرۆزەر ئەهێنێت. وەکو زانیاریم هەیە و ئاگادارم لەشارێکى وەکو ئاکرێ موچەى مانگانەى کەر لەلاى شارەوانى لەخاوەنەکەى زیاترە، ئەى ئایا ئەو،و هاوتایەى کەر، هەمان شتن؟کەر بارى سەرشانى خاوەنەکەى سووک ئەکات و ئەبێتە سەرچاوەى رسق وبژێوى بۆ خێزانەکان، بەڵام ئایا ئەو کەسەى خستوتانەتە ریزى کەرەوە لەسەدا یەکى ئەوسیفەتەى تیایە؟ کەر بەوە ناسراوە کە  خزمەتکارو رەنج کێشى چینى جوتیار و چەوساوەیە، بۆساتێکیش لایەنگرى دەوڵەمەند و پارەدارەکان نەبووە، بۆ یەک رۆژیش لەخان و تەویلەى ئەواندا رۆژى نەکردتەوە و خیانەتى لە زێد و ماڵى خۆى نەکردوە.ئەى ئایا ئەوبەرپرسەش کەدەڵێن بەقەدەرکەر نازانێت،وەهایە،هەمان هەڵوێست و مەبەئى هەیە؟!تەمەنم تا ئەمرۆ بەڕێکرد،تاکە یەک کەرى ناڕەسەن و لاسارم نەدیوە کە ئەو پەندەى بەسەرا بسەپێت( حەز بەتۆپینى خۆى و زەرەرى ساحێبى ئەکات) ئەوەى ئەوشتەى بەسەرا ئەچەسپێت بەرپرسان و هاوشێوەکانى ئەو سەرکردەیە،کە لەپێناو مل شکانى براکەى پێى خۆشە وڵات ببێتە کەلاوەو وێرانە.تاکە شتێکى جوانى کەر ئەوەیە کە رقى لەکورسییە و هەرگیز لەسەر کورسى شەڕناکات ، بۆچرکەیەکیش لەسەرى دانەنیشتووە،کەچى بەرپرسە باڵاکەى خۆمان بۆخاترى کورسییەک خەریکە قیامەت رادەکات.ٍئەوەى کەزیاتر دڵخۆشمان ئەکات ئەوەیە کە هەرچەنێک کەر ناجیسن  و شەرانگێز و جووتە وەشێن بێت،تەمەنى درێژى  12 ساڵ تێپەڕناکات،دواى ئەوە تۆزى نامێنێت، کەچى ئەو کەسەى کە بەگوێدرێژى ئەشوبهێنن، پتر لەنیو سەدەیە،خۆى و بنەماڵەکەى میللەتى گیرۆدە کردووە،بەسەدان دەرد و نەخۆشى هەیە کەچى بۆنەگبەتى ئێمە هەرماوە.
   کەر لەلادێ و لەکاروبارى کشتوکاڵى، لە خەبات و شۆڕشدا، رۆڵى بەرچاوى هەبووە،هەمیشە ئێمەى کوردخۆمان بەقەرزدارى ئەو گیانلەبەرە ئەزانین.بارمان پێ گواستۆتەوە، لەبرى ئوتومبیل و بارهەڵگر بەکارمان هێناوە، بیریشمان نەچێت  کەر سیمبول و ئاڕمى گەورەترین پارتى .. ئەمریکایە. ئیدى بەڕێزانى راپەڕیوى دەربەندیخان، تکام وایە، کە چیدى بێ رێزى بەو گیانلەبەرە مەکەن و، مەیخەنە ریز و هاوتاى خائین و ناپاک و کورد فرۆشانەوە. لە گەورەیى وپایەى کەر کەم مەکەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە