یەکگرتوو بەرەو کوێ؟

Wednesday, 27/01/2016, 22:59

3177 بینراوە


ئایندەی یەکگرتوو لەبەردەم  قەیراندایە و لە ناو یەکگرتوودا ئەزمەی حەقیقی هەیە. حیزب بەرەو بچووک بوونەوە دەچێت. یەکگرتوو لە مەشروعی سیاسی ئیسلامیی گەڕاوەتە دواوە. قیادە موحافیزکارە وخەڵک هیچ لە سیاسەت و دین لە ئێمە وەرناگرن. ئیستا نە سیاسەت و نە دینداریی یەکگرتوو تەواو نیە. مەکتەب سیاسیی لە ئاستی پێویستدا نیە. ئێمە لە لێواری مەترسیەکی گەوەرداین. هەر موجازەفەنەکردنی قیادە خۆی گەورەتریین موجازەفەیە و مەترسیدارە بۆ حیزب.
هەموو پێویستە هاوڕابین لەسەر تەشخیێ وچارەسەر. دەبێت ئەمە رەد فیعل نەبێت ومەبەست لێی چارەسەر بێت. دەبێت چۆنیەتی چارەسەر ودیاریکردنی گرفتەکان بەوردیی باس بکەین. لایەنی ئیجابی ئەم گفتوگۆیە ئەوەیە دڵسۆزیی وئاستی لێهاتوویی بەرز هەیە لە بەشداربواندا، وشەفافیەت لەم مەجلیسانەدا هەیە. 
تەنها شێوازی قسەکردن و کۆبوونەوە بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئێستای یەکگرتوو سوودی نیە. پێویستە بەپێی پلان ومیکانیزمێک کار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان بکرێت. پەیمان بە یەکتر بدەین کە ئەم گرووپە پۆستی حیزبی وەربگرین وکاری حیزبیی بکەین و پۆستی حوکمی وەرنەگرین.
• تەشخیس و دەستنیشانکردنی گرفتە سەرەکیەکان
سەرەتا ئایا کێشەى ئێستای یەکگرتوو کێشەى قیادەیە یان هەیکەل؟ یان هەردووکیان؟
وەک قیادە:
حساب بۆ ئەمیندار ناکرێت و هەر کەس خۆی لە ئەمیندار بە کەمتر نازانێت. کێشەى کەسی یەکەم و سەرکردایەتی هەیە، کەسی یەکەم لاوازە و هەریەکێک لە مەکتەب سیاسیەکان بە ئاوازێک هەڵدەسووڕێن. لەبەردەم مەوقیفی سیاسیی بێبەهای مەکتەب سیاسیداین. هەندێک سەرکردایەتی ماوەی 3 ساڵە لە سەرکردایەتیدا قسەیەکیان نەکردووە جێ بگرێت. قیادەی یەکگرتوو ناتوانێت تەقییمی ئەدای خۆی بکا. هاوکات سەرکردایەتی یەکگرتوو گوێش ناگرێت. هەموو شتێک بە ئارەزووی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە. ئەگەر لە ڕوانگەی سیاسیەوە ڕەفتاری مەکتەب سیاسی قوبووڵ بێت، ئەوا لە ڕووی دەعەوەییەوە نامەرغووبە. کەواتە دەعوە و سیاسەت هاوتا و تەبا نین لە لای قیادە و حاڵەتی ئیستیغلالی دەعوە و سیاسەت هەیە بۆ یەکتر. کاتێک بە قیادە دەڵێیت هەڵەت هەیە یان واز بهێنە ، ئیسلامەتیت پێ دەفرۆشێتەوە. پێویستە قسە لەسەر دەعوە و سیاسەت بکرێت. سەرکردیەتیدا یەکگرتوو هەڵەی هەیە و هەڵەى ئەنجام داوە، سەرکردایەتی وای دەبینێت کە ڕەئی ئەو ئەێوەبە. 
ئەزمەی قودوەبوون هەیە لەناو سەرکردایەتیدا. ئەم سەرکردایەتیە نەخۆشە و گەندەڵیی ئیداریی و دینیی واتە ئیزدیواجیەت لە ڕەفتار و کردار و زاڵبوونی بەرژەوەندیی تاکە کەسیی تێدا دەبینرێت. پێویستە کۆمەڵێک یاسا وڕێسای کۆنکرێتییان بۆ دابنرێت. پێویستە دەستنیشانی بکەین کە (چی وکێ) نەخۆشە؟ ئەو کەسانە کێن کە دەبێت بخرێنە بەر گۆڕانکاریی؟ دەبێت کەس و بەرپرسی نەخۆش دیاری بکرێت کە ئەدائی نەخۆشە نەک ئیمانی، وەک هەندێک مەکتەب سیاسی کە قورسایی پێگەی سیاسیان یەکسان نیە بە ئەندامەکانی تر و لە پرۆسەى بڕیارداندا فشار بەکار دێنن (لۆجیکی هێز بەکار دێنن، نەک هێزی لۆجیک). یەکگرتوو کێشەى لە ئالیەتی دروستکردنی بڕیاردا هەیە، ئەو ئالیەتە نەخۆشە و لە ئەزمەدایە.
وەک هەیکەل:
لە هەیکەلی ئیستادا، مەکتەبی سیاسی و دەڤەرەکان تەداخولی ێەلاحیات و ئەرکی یەکتر دەکەن. هەیکەلی مەکتەب سیاسیی مەرکەزییە، و هەیکەلی دەڤەرەکان لامەرکەزییە. تێکەڵکردنی ئەم دوانە هەڵەیەکی هەیکەلیی کوشندەیە وباجەکەشی ئەوەیە کە ئیستا لە سلێمانی و هەولێر دەیبینین. دهۆک ئەمەی نەکردووە، هەر لەسەرەتاوە بە هەیکەلی لامەرکەزیی دەڤەر ئیشی کردووە و ئێستاش هەروایە، بۆیە ئیدارەکەى سەرکەوتووتر و ئاسانترە. بادینان خاوەنی قوربانی گەورەیە وفشاریشی کردووە وسەرکەوتووش بووە.
 هۆکانی وجود و جەدوای یەکگرتوو ئەبێت قسەی لەسەر بکرێت لە ئیستا وداهاتوودا. ئاخۆ خاڵی ناسێنەر وجیاکەرەوەی ئێستای یەکگرتوو چییە؟ جەدوای مانەوەی یەکگرتوو چییە؟ ئایا هەر لە سەرەتاوە حیزبمان بۆ چییە؟ ئامانجە سەرەکیەکەی بوونی حیزب چییە؟ ڕەنگە پێگەیاندن وێناعەتی گەنجی وەک ئەوەی لای یەکگرتوو هەیە، کەرەستەی چارەسەر و گرەوی بردنەوەی قۆناغەکانی داهاتووە بێت.
 دوو وێنەی جیاوازی یەکگرتوو هەیە: ئەو وێنە جوانەی قیادە داکۆکی لێدەکات ئەوەیە کە لە چاوی حیزبەکان ودراوسێکانەوە یەکگرتوو چییە. ئەو وێنە شێواوەش کە ئێمە دەمانەوێت بیگەیەنین ئەوەیە کە لە چاوی خوارەوە وجەماوەرەوە یەکگرتوو ئێستا چیە و چۆنە. پێویستە ئەو دوو وێنەیە یەک بخرێن یان نزیک بکرێنەوە.
 چارەسەری فشاری ناوچەگەریی و زانینی هۆکارەکانی گرنگە. 
 لەگەڵ ئەوەدا کە ئالیەتی ئوسرە بەم شێوەیەی ئێستای وەک تاکە پێوەر وئەرک و رۆڵی حیزبی فەشەلی هێناوە، بەڵام قیادە بەم معیارە شکستخواردووە موحاسەبەی کاری ڕێکخراوەیی و پیشەیی دەزگاکانی غەیری رێکخستن دەکات. تاوانباریان دەکات بەوەی خۆیان لەو ئەرکە دەدزنەوە ودەڵێت دواتر داوای ئیمتیازات و پۆستی حکومی دەکەن. 

• میکانیزم و چارەسەر 
میکانیزمەکانی ئەم گفتوگۆ و ڕەشنووسە بەپێی ئەم پرسیارە سەرەکیانە ڕێک دەخەین: 
چی بکەین؟
 یەکڕیزیی یەکگرتوو بپارێزین وئامادەش بین ببەخشین و ئەم هەوڵانە دوور بێت لە ڕاگەیاندن.
 دیاریکردن و ڕێککەوتن لەسەر ئامانجە هەنووکەییەکان بۆ یەکگرتوو.
 جیاکردنەوەی پۆستی حکومی لە پۆستی حیزبیی کە دوو پۆستی گرنگ لای یەک کەس نەبێت ومەکتەب سیاسی یان سەرکردایەتی لەو ماوەیەدا بۆی نەبێت خۆی بۆ پۆستی حکومی بپاڵێوێت.
 سەرکردایەتی بهێنرێتەوە ناو ڕێکخستن. سەرکردایەتی عەزل بکەین لەوەی چیتر تەمسیلی یەکگرتوو بکەن بەم شێوەیەی ئێستا. 
 دانانی سیستمێک بۆ کەم کردنەوە یان لابردنی هەندێک سەرکردایەتی ومەکتەب سیاسی.
 گۆڕینی پێکهاتەی بەشداربوانی کۆنگرە کە زۆرینەی هەرە زۆر لە ڕێکخستنەوە نەبێت و تەنها پۆستی حیزبیی پێوەر نەبێت وخزمەتی ڕێکخراوەیی و پیشەیی ئەژمار بکرێت.
 داواکردنی بەستنی کۆنگرەى پێش وەخت، یان هەوڵ بدرێت کۆنفرانس نەبەسرێت چونکە هۆکار دەبێت بۆ نەبەستنی کۆنگرەی پێشوەخت (دروستکردنی فشارێک بەو ئاڕاستەیەی کۆنفرانس بکاتە کۆنگرەى پێشوەخت).
 پرۆسە وئالیەتى دروستکردنی بڕیار و ئیدارەی یەکگرتوو بکرێتە موئەسەسەیی.
 دەعوە و سیاسەت بکرێن بە موئەسسەسە.
 گەیاندنی ئەم هەوڵە بە دەڤەر و شوێنەکانی تر.
بۆچی ئەمە بکەین؟ 
 خەڵکی سیاسی تەنها لە زمانی هێز تێدەگات، و قیادەی یەکگرتوو گوێ ناگرێت، بۆیە پێویستە فشاری مەدەنی بکەین.
 کۆنفرانس یان کۆنگرەی پێشوەخت ئامادەسازیی باشی بۆ بکرێت، ئەگینا نەبەسرێت باشترە بۆ ئەوەی نەبێتە پەردەپۆشی کێشە و کەموکووڕیە هەنووکەییەکان.
 دەعوە هێزە، پێویستە ئەو هێزە بە میکانیزمێک لە سیاسەت جیابکرێتەوە و لەژێر کۆنترۆڵی سیاسەتدا نەبێت بۆ ئەوەی خراپ بەکار نەهێنرێت لەلایەن سیاسییەکانەوە. 
 ئەگەر وا نەکەین، دوو سیناریۆ لەبەردەم یەکگرتوودا هەیە: یان وازهێنان ، یان دروستبوونی حیزبی تر.
 لادان لە لائیحە هەیە و ئالیەتی بڕیار بە ڕێ وشوێنی خۆیدا پیادە ناکرێت.
چۆن ئەمە بکەین؟
 ئەم هەوڵانە یەکبخرێن و پەیوەندیی بە هەوڵەکانی ترەوە بکەین وەکو م. هیوا میرزا و د. ێالحی زانکۆ وئەم گرووپە کاریگەریی هەبێت وحیزب بجوڵێنێت وببێتە گرووپێکی فشاری ڕاستەقینە وهەڵوێستی هەبێت، یەکدەنگیی لەسەر یەک بابەت وسوور بوون و کارکردن لەسەری. ژمارە گرنگ نیە لەم کارەدا بەڵکو نوێنەرایەتیی گرنگە کە هەموو شوێنەکانی تێدا بێت.
پرۆسەى پەیوەندیی هەبێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکانی سەرجەم شار وناوچەکانی کوردستان و هەوڵ بدرێت ئەم حیوارە بگەیەنرێت بە %50 ی ڕێکخستن تاوەکو دەنگدانەوەی گەورەی هەبێت لەسەر سەرکردایەتی ومەکتەب سیاسی.
 کۆمەڵێک سەردانی مەیدانیی بکرێت بۆ دەڤەرەکان وکۆبوونەوە لەگەڵ مەڵبەندەکان بۆ گۆڕینی ڕای گشتیی، یان ئۆفیسەکانی سەنتەر بکرێتە ئالیەتی گەیاندنی پەیامەکانی ئەم فشارە بە ناوچەکان، بۆ دروستکردنی زەمینەی هاوبەشی لێک تێگەیشتن لەپێناو دروستکردنی نێت وۆرکێک کە لەسەر ئاستی ئاسۆیی ببێت بە دەنگی چاکخوازیی لەسەر ئاستی کوردستان.
 تەئویل بۆ پەیڕەوی ناوخۆ بکرێت ودەرفەتی گۆڕانکاریی لە میکانیزمدا بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی دەستکاری ئالیەتی بەشداریکردنی کۆنفرانس بکرێت کە زۆرینەی لە ڕێکخستنەوەیە و تەنها تا بەرپرسی لق بەشداری دەکات. وابکرێت هەر ناوەندێک بە پێی معیاری کاریگەریی خۆی لەسەر ناوەندەکەی ڕێژەى سەدیی بەشداربوانی بۆ دابنرێت. ڕێژە دابنرێت بۆ بەشداری ڕێکخستن و دەزگا ڕێکخراوەیی و پیشەییەکانی یەکگرتوو.
 بۆردێک یان لیژنەیەک بۆ ئەو کارە دروست بکرێت وگلەییەکان وەک پاکێج بخرێتە ناو کۆنفرانس و بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
 چاودێر بەسەر لائیحەوە دانبرێت نەک بەو شێوەیە بەکاربهێنرێت کە ئێستا هەیە. دەزگای باڵای بەدواداچوون کاراتر بکرێت.
 فشار لەسەر سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی یەکگرتوو بخەینە دەرەوەی یەکگرتوو وەک باسکردن و نووسین لە میدیادا، وەک باسکردنی ئەو بەربەستانەی لەناو یەکگرتوودا بوونیان هەیە.
 دانانی بنەمایەک لە کۆنفرانسدا کە هەر خاوەن پۆستێکی حکومی یەکگرتوو کورسیەکەی ناو حیزب بەجێ بهێڵێت.
 لەم کۆبوونەوەیەدا بەیاننامەیەک بنووسرێت کە تیایدا وێنەی ڕاست ودروستی واقیعی یەکگرتوو بخەینە ڕوو بە چارەسەریشەوە، وەک ئالیەتێک بۆ گەیاندنی وێنە شێواوەکەی یەکگرتوو بە قیادە.
 ڕێکخستنی مانگرتن لەبەردەم نوسینگەی مەکتەب سیاسیدا وەک یەکێک لە شێوازەکانی فشار. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە