سەرۆکی مەسینەکانی مزگەوت

Wednesday, 27/01/2016, 23:15

4844 بینراوە


دەگێڕنەوە لەسەردەمی حوکمی عوسمانیەکاندا خەڵکی شارێک لەبەرامبەر چەوەساندن و بەتاڵانبردنی سامان و ماڵوێرانکردنیان بەدەست والیەکەیانەوە هاواریان لێهەڵئەسێت. خۆیان کۆئەکەنەوە ئەچنە بارەگای سوڵتان لە ئەستەنبۆڵ داوای لێ ئەکەن ئەم والیەیەیان لە کۆڵ بکاتەوە.. دوای ئەوەی باسی زوڵم و زۆرداری ئەو والییەیان بۆ سوڵتانکرد زۆر پەست و توڕە بوو، بریاری لادانی دا و فەرمانی کرد بەهیچ شێوەیەک پۆستی تری نەدرێتێ. بەڵام کابرا وەک هەموو دیکتاتۆریکی تینوی دەسەڵات کە دەستبەرداری پۆست نابێت، خۆی گەیاندە لای سوڵتان و کەوتەسەر دەست و قاچ ماچکردنی بۆ ئەوەی هەر پۆستێک بێت پێیبەبەخشێت. سوڵتان رەفزی کرد، بەڵام کابرا نەوەستا تا قەناعەتی پێهێنا بیکات بەسەرۆکی مەسینەکانی مزگەوتی شارەکە. سوڵتان بەناچارییەوە رازی بوو، کابرا گەرایەوە شار و بەفەرمانی سوڵتان بو بەسەرۆکی مەسینەکانی ئاودەستی مزگەوت.هەروەک پیشەی هەمیشەیی لەزوڵم و زۆرداری هەستا مەسینەکانی کردە دوو رەنگی شین و وسور. هەرکاتێک زەلامێک مەسینەی سوری هەڵگرتبا فەرمانی بەسەر ئەکرد دایبنێت و شینەکە ببات. ئەگەر شینیشی بردبا پێی ئەوت سورەکە بەرە. بەم شێوەیە حوکمی خۆی بەسەر دەستنوێژی موسلمانان فەرزکرد.. ئەم کارە زۆری کێشاو رۆژ لەدوای رۆژ خەڵکەکە لەو حوکم و رەفتارەی کابرای سەرۆکی مەسینە بێزار ئەبون تا وایلێهات خەڵکەکە بەعام لەبن سەری ئەم کابرایە وازیان لە نوێژکردنیش هێنا.
حکومەتی ناسک ونازداری هەرێمەکەمان ئێستا هیچی بەدەستەوە نەماوە تەنانەت مەسینەکانی مزگەوتیشی پێ بەرێوە ناچێت.ئەوەتا موچە کە بژیوی خەڵکەرەش و رووتەکەیە پێی دابین ناکرێت.. کارەبای پێنادرێت خەریکە ئەیفرۆشێتە کەرتی تایبەتەوە. پرۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ نابێت، رێگاوبان وێرانیش بن عارەبانەیەک قییری نییە چاکی بکاتەوە. نەوتی پێنافرۆشرێت لە هەرزان بازارەکانیشەوە.. قوتابخانەی پێ بەرێوە ناچێ چونکە موچەی نیە بداتە مامۆستایان..بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆ وەستاوە، کەرەوز و سەلکە تورەکانمان لەچیین و ماچیینەوە هاوردەئەکرێن. ئەرزەکانی گەشتوگوزارمان بوەتە مەزرعەی تایبەتی بەرپرسان. پەرلەمان ئیفلیج کراوە و ئەنجومەنی وەزیران شەش مانگ جارێک کۆ ئەبێتەوە..موچەی کردە نیوە و دواتریش کەمی ئەکاتەوەو نازانین دوای ئەو چیتری لەهەگبەدایە.
دوایین بژاردەکانیشی فرۆشتنی هەندێ وەزارەتە بەکەرتی تایبەت بۆ ئەوەی خەڵکی بەعام بکەونەوە ژێر دەستی کۆمەڵێک زۆردار و خوێنمژی میللەت لە گەندەڵکار و کۆمپانیاکانی سەر بەدەسەڵات..
وڵاتێک خەزینەکەی بەتاڵ بێت، وەزارەتەکانی فرۆشراو بیت..پەرلەمانەکەش فاتیحای لەسەر خوێنرابێت.. سەرۆکایەتی هەرێمەکەشی ئیکسپایەر بوبێت، ئەم وڵاتە چی بەسەر یەکەوە ماوە..
حکومەت ئەگەر وەزارەتی نەبێت، پارەی نەبێت، پرۆژەی نەبێت، سامانی نەبێت، مەگەر سەرۆکەکەی وەکو کابرای والی سەرۆکی مەسینەکانی مزگەوت بێت، ئەگینا لەچ شوێنێکی دونیادا حکومەتێکی ئاوا بینراوە؟!.
داوای قەرزی نیو دەوڵەتی ئەکات، کەس سییقەی پێناکات دینارێکی بداتێ چونکە مایەپوچە و ئابورییەکەی داتەپیوە. تەنانەت کاتێک سواڵیش ئەکات کەس دڵی پێناسوتێت. ئەوەتا لەدوایین زیارەتی ناموبارەکی وەفدی هەرێم بۆ ئەمریکا یەک عانەیان پێ رەوا نەبینی، ئەو ئەمریکایەی کە سەرانی پارتی ئەیانوت ئیجازەی دروستکردنی دەوڵەوتی سەربەخۆییان پێداوین.بەڵام هەر لەئیدارەکەی ئەمریکادا پێیان راگەیەندرا کەوا جارێ برۆن ئەو ملیاران دۆلارەی دزیوتانە لە میللەتەکەتان بیهێننەوە و موچەی خەڵکی پێبدەن ئەوسا ئێمەش هاوکارتان ئەبین!.
زۆر راستە، من پێموایە ئێستا سەرانی دەسەڵاتەکەی پارتی لانیکەم 100-200 ملیار دۆرلارێکیان لە بانکەکانی دەرەوەدا هەیە، با ئەو پیاوەتیە بەرامبەر بەمیللەتەکەیان بکەن بەقەرزیش بێت 5 ملیاری بهێننەوەو کێشەی موچە چارەسەر بکەن و بازار بکەوێتەوە ئیشو ئەحواڵ ئاسایی ببێتەوە، کاتێک نەوتەکەمان پارەی کرد قەرزەکەیان وەرگرنەوە و هیچ پێویست بە سواڵ و نوزانەوە ناکات لە وڵاتان، چونکە هەمو دونیا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەوە کەوا پارە هەیە و لەژێرزەمین و بانکەکانی دەرەوەدا حەشار دراوە..
خۆ ئەگەر بایی ئەوەندە دڵیان بەو میللەتە نەسوتێت و بیانەوەی ئەم بارودۆخە وەکو ئێستا یا لەوەش خراپتری بکەن، ئەوسا نە بەیاننامەکەی بەناو سەرۆکایەتی هەرێم دوو عانەی قەڵپ ئەکات کاتیک داوای لەم میللەتە برسییە کرد دان بەخۆیانەوە بگرن، نە ئەو ملیاران دۆلارە دزراوەی هەشیانە بەفریایان ئەکەوێت، چونکە کە قەوما ئەو رۆژەیە کە" یوم لاینفع مال ولابنون".چارەنوسی دیکتاتۆریش دیارە بەچی ئەگات نمونەی قارونیشمان لەبیر نەچووە کە خوای گەورە لموزی لەئەرز خشاندو کردی بەپەندی زەمانە..
باقی وەلسەلام..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە