کورتە یادێکی باوکم بەبۆنەی بلاوکردنەوەی وێنەکەیەوە

Friday, 19/02/2016, 10:04

2910 بینراوە


 بابە گیان ، ئەوا نێزیکەی ٥٥ سال تێپەڕی بەسەر ئێشی سەختی ساڕێژنەبووی مالئاوایی ناکاوتدا. بابە گیان ، هەردەم وێنەکەت ببینم شەرموشکۆ دامدەگرێ بەرامبەرئەو هەموو زەهمەتو رەنجەی کە هەر لە مندالیمەوە تا کۆچیدواییت لەگەل منت کێشا . کاتێک کە تەمنم چوار سالان بوو، هێشتا زمانم بەتەواویی گۆی نەدەکرد، تۆ پێنووس و کاخەزت خستەبەردەستم و بەخەتە خۆشەکەت سەرمەشقی تیپەکان و وشەکانت دەنووسی بۆم و، جاری واش هەبوو رۆژانە دەدەمژمێر وانەت دەگوتنەوە پێم ، تا منت بە خوێندنەوە و نووسینی چەند زمانێک راهێنا ، ئەوجا کە منت برد بۆ قوتابخانەی سەرەتاییی خالیدییە ، پاش ئەزموونێک لەبەردەم کۆڕی مامۆستایان و بەڕێوەبەری قوتابخانە مامۆستا مستەفا بەهجەت ، خرامە پۆلی سێیەم ، دوای چەند مانگێک لەسەر راسپێریی مامۆستا ئەبدولواهید نووری و رەزامەندیی بەڕێوەبەر خرامە پۆلی چوارەم . کە رۆژنامە ئارەبییەکان و هەفتەنامەی (ژین) و پەرتۆکی جۆرجۆرت دەکڕین ، بە منت دەخوێندنەوە و هەڵەکانمت راستدەکدنەوە . هەر لە مندالیشمەوە کە بچوویتایە بۆ سەردانی کەسێك بان کۆمەلە خەلکێک ، منت لەگەل خۆت دەبرد و دەتگوت ، با خەلک بناسییت و بتناسن . تۆیش جەمال باش گوێ لە قسە و وتووێژەکانیان بگرە و سەرنجی شتی نوێ بدەو خۆت ئاشنای زمانی شیرین و هەلسوکەوتی جوان بکە و سادە و خاکەرابە ، کاسانی لووتبەرز و خۆهەلکێش خۆشەویست نیین. پاشان کە دەهاتینە مالەوە باسەکانت رۆندەکردنەوە بۆم . هەر لە مندالیشمەوە هەستم بەوە کرد کە لە نێوان هاوڕێ و دۆستەکانتدا ژمارەیەک دیان، جوو، کاکایی، هەققە هەبوون ، هیچ جۆرە جیاوازییەکیش بەلاتەوە لە نێوانیاندا نەبوو. کە دەهاتنە مالمان پێکەوە نانمان دەخوارد و لە شایی و شیوەنەکانیشیاندا بەشداردەبووین .باش لەبییرمە چەند جارێک منت برد بۆ (کەپرە شینە)ی جووەکانی سلێمانی، جێژنی سەری سالی و جێژنی سەری سالی دیانەکان . لە نێو هاوڕیکانتدا پێوەنییت لەگەل هەماخای خوبیلە سەرکردەی کاکەکەییەکان برایانەبوو. هەر لەو رێیەشەوە لەگەلکاک ئەهمەدی کوڕی بوومە هاوڕێ و هاوبییر.هەر لەنێو هاوڕێکانتدا ئارەبییزمان، ترکییزمان، فارسییزمان هەبوون ، ئەمەش هەر لە مندالیمەوە زمانی منی بەو زمانانە خستەکار.بابە گیان ، هەرچەندە -وەک کورد دەڵێن - سەرت بچووایە نوێژت نەدەچوو، بەلام هیچ کاتێک زۆرت نە لە من ، نە لە خوشکەکانم، نە لە کەمالەدینی برام ، نە لەدایکم نەدەکرد ، نوێژ بکەین ، یان رۆژووبگریین ، دەتگوت لە رۆژی قیامەتدا کەس نابێتە مەمڕاستی کەس. بابە گیان ئامۆژگاریی منت دەکرد کە لە ژیانمدا بەرەنجی شانی خۆم بژییم ، هەولتدەدا پیشەیەکی سەربەخۆم هەبێ ، نەک ببمە کارمەندی هکوومەت ، دەتگوت هەموو هکوومەتێک وەک مێردەژمە وایە و کوتەکێکە بەدەست دەستەیەکەوەدژ بە بێدەسەلاتەکان . پێتوابوو دەبێ خەلک خۆیان بتوانن لەگەل یەک بژیین و کاروباریان رێکبخەن ، تاکو پێویستیان بەو میردەزمەیە نەبێ . لەبەر ئەوەش سەر بە هیچ هیزب و کۆمەلێک نەبوویت ، بۆیە خەلکێکی زۆر کە کێشەیان هەبووایە دەهاتنەلات پرسیاندەکرد پێت و باوڕیەن پێت هەبوو. هێندەک پێیانوابوو کە تۆ کۆمۆنیستیت ، کە ئەوەم گوت پێت ، گوتت ، رۆلە وادیارە ئەوانە نازانن کۆمۆنیستێتی(شیوعێتی) چییە ، کۆمۆنیستەکان لە هەموو کەسێک پتر دەیانەوی هکوومەت بکەوێتە دەستیان ، من دەلێم هکوومەت هەر لە بنەڕەتەوە باش نییە ، من دەلێم خەلک بگەنە ئاستێک کە تسیان لەدواڕۆژی خۆیان و مال و مندالیان نەبی و پێویستیان بە هکوومەت نەبێ . بابە گیان کە دەمگوت کورد ژێردەستن ، دەتگوت ئەوە هەر شەرم و شوورەیی نییە بۆ کورد بەلکو لە زیاتر شەرمو داوەشیینە بۆ داگییرکەرانی ولاتەکەی . دەتگوت هیچ زۆردارێک سەربەرز نییە . لەمەدا دلخۆشیی خۆت بەوە دەدایەوە کە کورد داگییکەری هیچ ولاتێک نیین . خۆ ئەگەر کورد داگییرکەر بوونایە ، ئەو دەمە دەبوو باوکت شەڕی کوردی بکردایە ، ئەجا چاند ناخۆش و تال دەبوو کەسێک ناچار ببێ لە دژی هاوولاتانی خۆی بکەوێتە شەڕەوە . دەتگوت زۆردار زۆردارە کورد بێ یان کورد نەبی . بابە گیان ، باسی تۆ بە لاپەڕەیەک نابرێتەوە ، ببوورە لێم کە کاتێک ویستت زانستی بژیشکیی بخوێنم و دەتویست فەقییر و هەژاری ولاتەکەمان بەخۆڕایی تیمار و دەرمان و چارەسەر بکەم و ئەوەش وەک پێشەیەکی ئازاد هکوومەت ناتوانێ رێ بگرێ لێم ، ئەز دەمویست ببمە مامۆستای قوتابخانە و خزمەتی قوتابییانی کورد بکەم کە زمانی بییانی سەپێندراوە بەسەریاندا ، تۆ دەتگوت بۆ ئەوە دەبێ ببییت بە کارمەندی هکوومەت و هکوومەتیش رێ نادا پێت ئەو کارە بکەیت ، ئەوسا بە تەنیا دەمێنیتەوە .بابە گیان ببوورە لێم کە بەقسەم نەکردییت و دلتم شکاند ، پێش کۆچیدواییت بە ماوەیەکی کورت گوتت : جەمال تۆ بزانە من چەند خزمەتم کردییت ، کەچی باوکت یەک داوای هەبوو لێت بەقسەی باوکی خۆتت نەکرد ، هیوام وایە سەرکەوتووبییت ، دلم نەیەشاوە لێت ، چۆنکەئومێدی گەورەم بە تۆ هەیە . بابە گیان ئەو قسانەم بییرناچێتەوە ، چۆنکە وەک هەورە تریشقەیەک بوو کەوت بەسەرمدا . خوشکەکانم کە کاتی خۆی پشتی منیانگرت لە بارەی خوێندنەکەمەوە ، هەموو جارێک باسی ئەوەمان دەکرد. باجی نافیئەم پێش کۆچیدوایی بە ماوەیەک خەونی بە تۆوە دیتبوو ، پێت گوتبوو : لە جەمال زۆر رازیم ، هەمو سالێک بە سایی جەمالەوە باخێکی پر لە گوڵی جوان بەدیاریی وەردەگرم . گوتم نافیئەگیان ، خۆزگە ئەوە خەون نەبوایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە