ڕاپەڕینی؛پێنجی ئازار،دەروازەیەک، بۆ ژیانێکی نوێ

Wednesday, 24/02/2016, 21:47

2802 بینراوە


ئێستا کەیادی ئەو ڕاپەڕینە مەزنە دەکەینەوە،کە لەڕانیەی سەرسەخت بەرانبەر زوڵم سەری هەڵدا،لەلایەک داعش وەک بەڵایەکی مرۆڤ خۆر بەناوی ئیسلامەوە بەرۆکی گرتووین وشەڕێکی خوێناوی لەگەل هەڵگیرساندووین،لەلایەکی تر قەیرانە هەمەڕەنگ وهەمەچەشنەکان تێمان ووروکاون وکەللەڕەقی سیاسی وناپیشەیی لێپرسراوان وقازانجی تەسکی حزبایەتیش ناهێڵێ چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە! 
٢٥ساڵ لەمەوبەرمان خەریکە بیردەچێتەوە،کەداگیرکاری وەک دێوەزمەیەک بەسەرسینگی نیشتمانەوە چڕنوکەکانی گیردەکردو هەررۆژەی برینێکی لەجەستەی هەلاهەلای دەکرد،رۆژێک بۆ رۆڵەکانی و رۆژێک بۆ کیژۆڵەکانی فرمێسکی دەباراندو شینی دەکرد. کاتێ زۆرداری رژێمی لەناوچوو گەیشتە دوا سنورەکانی خۆی،بەئاگرو ئاسن بەگژ هەر ئاماژەیەک،هەر دیاردەیەکدا دەهاتنەوە کەبۆن ورەنگی نارەزایەتی لێ هاتبا،ئەوێ رۆژێ پێکەنین مایەی قەستی سەربوو،شیعر لەناو لەپی مەقەستداو گۆرانی لەژێر گڕی دەستەڵاتا هەڵدەپڕوزا.نوایەک نەبووبۆ زمانو پەسیوێک نەبوو بۆ گفتوگۆ،رۆژگار هەتیو هەتیوتێدەپەڕی وژیان لەقۆزاخەی بێ ئومێدێدا گینگڵی دەدا.تاقەتروسکاییەک لەچیاکانەوە بەخوێنی پێشمەرگە کزکز دەسوتا بەڵام وورگی شەوەزەنگی دەدڕی ومەرگی نیشانی دوژمن دەدا.گەلیش رۆژ بەرۆژ قینی پیرۆزی ئەستورترو وورە و هاواری بەرزتر دەبوو.هەتا تەزوەکانی ئازار پتربن رق وداهێنان لەناوەوە بەهێزترو ئەستورتر دەبن ،هەتاناڵەی چەوساندنەوەو هاواری رزگاری گەل لەگەڵ نرکەی پێشمەرگەو دەنگی رادوێی گەلی کوردستان،جامی توڕەبونیان رژان ودۆزەخی تۆڵەیان داگیرساند.یەکەم بروسکەی راپەڕین لە رانیە چەخماخەی داو،بووبە گڕکان وچوار قوڕنەو حاجی ئاواودەڤەرەکە، لە شەوو رۆژێکدا تەقیەوە.گڕی ناخی دایکانی جگەرسوتاو لاوانی واهاندابوو سنگیان بەگووللەی دوژمنەوە دەنا،کچ وکور پیرو گەنج مەرگیان راودەناو زەمینیان لەژێر پێی داگیر کەراندا دەلەرزان وهەرزوو بەچۆکداهاتن ولەسێبەری خۆیان هەڵدەهاتن!پارتەسیاسیەکان کەهەلومەرجەکەیان هەڵسەنگاندبووخۆشیان بۆئەرکەکە ئامادەکردبوو.بەرەی کوردستانی کەسەرجەم پارتەسیاسیەکانی لەخۆیدا جێکردبۆوە بەرهەمی ئەو ئەوئامادەکاریەبوو،وەڵام گۆیەکی باشی هەل ومەرجەکەبوو.یەکێتی نیشتمانی و هێندێک لەپارتەکان تونیبوویان هێندێک لەکادیرەکانیان بخزێننە نێو جەماوەرو کاربکەن بۆ ئامادەکاری وسازدانی جەماوەری وەتەنگهاتوو دژی رژێمی لەناوچوو.بۆیە لەگەڵ یەکەم هەنگاوی راپەڕین پێشمەرگەش تێکەڵاوی جەماوەری خرۆشاوبوو.لێرەدا جێی خۆیەتی کەباس لە راپەڕینی ٥/٣دەکرێ نێوی شەهید عەلی نەبی وهەڤاڵەکانی بهێنرێ جونکە ئەورۆژە والەگەڵ ناوی ئەو پیاوە تێکەڵاوو لێکهاڵاوە جوداناکرێتەوە.ئەوێ رۆژێ ماڵێ عەلی نەبی بووبووبە پەنای تێکۆشەران وناڕازی وراکردوانی دەستی رژێم سەرەڕاش  هەر لەوڕۆژەداچیتر خۆی پێنەگیراو هاتەنێو بازاڕی رانیەو دەستی کرد بەتەقەکردن وهێرشی کرەسەربارەگای بەعسی رانیەو ئیدی خەڵکی تێکۆشەری رانیە کەلەبێنویەک دەگەڕان رقی پەنگخواردوی خۆیان بەسەر درندەکانی بەعسدا بڕێژن رژانە سەر شەقامەکان هێرشیان کردەسەر بارەگاو مۆڵگەکانیان.راپەرین بەخوێنی جەندین ئازیز چەندین رۆڵەی بەئەمەگی ئەم گەلە بەهیممەتی پێشمەرگەو میللەت سەرکەوت،بەم سەرکەوتنەش، رانیە دەروازەکانی ئازاری داخست،وقۆناغی داگیرکاری وژێر دەستەیی ودواکەوتوویی پێچرایەوەو قۆناغێکی نوێ لەژیانی سیاسی وئیداری خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد،کە گەلی کوردستان وپارتەسیاسیەکان دەبوایە کاروبارەکانیان بەتایبەت دوای ئەوەی رژێم ئیداراتی لەکوردستان کشاندەوە،رێکبەخەنەوە.دەستەڵاتی سیاسی کەشەرعیەتی لە شۆڕش وراپەرین وەرگرتبوو دەبوایە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن ولەرێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بیگۆڕێ.بۆیە تەنها ساڵێک دوای راپەڕین ولەساڵی١٩٩٢دا یەکەمین هەڵبژاردن،کەیەکەمین هەڵبژاردنی ئازادانەش بوو لەمێژووی پڕ چەوساندنەوەی خەڵکی عێراق جێبەجێکراو،رۆژی هەڵبژاردن زیاتر لە جەژن وخۆپێشاندان دەچوو،ئەورۆژە دونیا لەشاشەی تی ڤیەکانەوە  ئەوخەڵکەووروژاوو تینووەی دەبینی تینوو بۆ ئازادی،تینوو بۆ قانوون و کۆمەڵگایەکی مەدەنی چۆن هەڵپەیان بووبۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان.ئەورۆژە سەرەتای وەرچەرخانێکی گرنگ وگەورەبوولەژیانی سیاسی گەلەکەماندا.ئیدی ئەو هەڵبژاردنە بوو بەو پێپیلکانەیەی سەرکردایەتی سیسی وگەلەکەمان بەگشتی پێ بەپێی مێژوو بەسەریدا هەڵدەگەڕێن وبەرەو پێش دەچن بەرەوپێش لەحکومەت ودام ودەزگاکانی وچەسپاندنی قانوون ورێکخستنی هێزی پێشمەرگەودابینکردنی ئەمن وئاسایش،کەوای کردووە لەو عێڕاقە گڕگرتووەدا ئەمن و ئامان ترین ناوچەیەو لەهەموودونیاوە خەڵك رووی تێ دەکەن.ئێستا نەک حکومەتی خۆماڵی وپەرلەمانی هەڵبژێراوودام ودەزگای دادوەری ورێکخراوەمەدەنیەکان وراگەیاندنی سەربەخۆمان هەیە وسەرەڕای هەرەشە عیراقی وئیقلیمیەکان بەرەو دەرچوون لەدەڵەمەیی دەچین و وزەمینەسازی هێزو تواناسەربازی وئابوری ودیپلۆماسیەکان دەکەین  کەدەبنە بناغەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەئایندەدا ،خەریکە لەخەم دەرەخسێین وچرای ئومێدێک لەسەر مێزی پلاندانانی سەرکردایەتی کورد هەڵکراوە بۆگفتوگۆی جدی لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی،لەلایەک وبەخەمبوون بۆ پارچەکانی تری کوردستان بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان کە لەنێو گڕکانی راپەڕیندا رژێمی دیکتاتۆری سوریایان بەرەو لێواری مەرگ هەڵچنیوەوداعشیان بەدەردێک بردووە کە هەموو دونیا سەرسامن بە قاڕەمانی وئازیەتی کوڕان و کچانی شەڕڤان.دەستەڵاتی سیاسی وحکومەتی هەرێم ئۆباڵێکی مێژوویی وئاکاریان لەسەر شانە بەرانبەر بەباقی گەلەکەمان لەپارچەکانی تردا کە بەشیوەیەکی ئەقڵانی و بابەتی هەوڵ وخەباتی خۆیان یەکاڵای هەوڵەنێودەوڵەتیەکان بکەن بۆ رزگارکردنیان لەژێردەستەیی وبێمافی،دوور لەکاری سەرچڵی سۆزداری کەببێتەهۆی لاوازی هەرێمی کوردستان کەتاقە ئومێدو پشتو پەنایەکی دڵسۆزوبێمنەت وبێبەرانبەری نەتەوەکەمانە لەدونیادا لەو بوارەشدا یەکێتی نیشتمانی درێغی نەکردوەو هەوڵەکانی جەنابی مام جەلال لەکەس شاراوەنین بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی کوردستانی باکورو لێکنزیکردنەوەی حکومەتی تورکیاو نوێنەرانی کورد،وەفدەکانی یەکێتیش بەدەنگی بەرز وبەوپەڕی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی وئینسانیەوە داوای ئاشتی وبرایەتیان کردوەو دیالۆگیان وەک تاقەچارەسەری کێشەکان پێشاندا.ئێستا کەیادی٢٥ساڵەی راپەرینە مەزنەکەی گەلەکەمان دەکەینەوەوئاوڕلەهەنگاوەکانیشمان دەدەینەوە دەبینینین زۆر لەخەونەکانمان هاتوونەتەدی ولەزۆربەی بوارەکاندا هەنگاوەکان جەسپیون بەڵام هێشتا زۆرخەون وخولیامان ماون، هێشتا زۆردیاردەی ناشیرینیش بوونەتە لەکە بەسەر دەستەڵات وحکومەتەکەمانەوە.بادەستاودەستکردنی دەستەڵات،سەروەری قانوون،مافی مرۆڤ وگەشەدان بەئازادیەکان هیچکە نەکرێنە پێخوستی زمانی تووندوتیژی وشەخس پەرستی،باخەمخۆرانە تر بێینە مەیدان بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانانە. لەکاتێکدا ڕۆژبەڕۆژ لەئاسۆی بەدەوڵەت بوون نزیک دەبینەوە قەیرانەکان لەسەردەستی نەزانان یان بەئەنقەست زەق دەبنەوە،من ڕوو لە حزبەکەم،یەکیتی نیشتمانی بەدەنگی بەرز داوادەکەم بەپەرۆشترو بەخەمتر وجدی تر ڕووبەڕووی ناقانوونیەکان وگەندەڵیەکان وناشیرینیەکان بێتەوە،با بەهەموو هێزی خۆیەوە ڕیگربێ لەو یاریە ناشیرینەی دەکرێ بەرانبەر بە قوتی خەلک.لەولاشەوە ،باسەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ چارەسەری کێشەکان  بەپێداگریەکی زیاترەوە لەگەڵ سەرانی عێراق گفتو گۆ بکات وکاتی ئەوە هاتوە هیچیتر کارە هەڵپەسێرراوەکان؛بەتایبەت مادەی ١٤٠،کێشەی پێشمەرگە،کێشەکانی نەوت،دوانەخرێن،کاتێ لەئێستادا ئێمە تاقە هێزین کەئازایانە  بەربینگی داعشمان گرتووە وسەنگەر بەسەنگەر شار بەشار وگوند بەگوند بەدوایەوەین،لەو پێناوەشدا سەدان شەهیدمان داوە چونکە ئێستا عێراق لەقەیرانێکی کوشندەدایە  تائێستاش نەیویستوە ئەم کێشانە چارەسەر بکات ،بۆیە ئێستا لەهەمووکاتێک باشترە ئەم کێشانەئازایانەو ڕاشکاوانە بخاتە سەرمێزی گفت وگۆ،گەڕانەوە بۆ بەغدا شەرم نییە جەنابی مام جەلال زۆرجار دەیگووت کورد بەبادانەوەوە ماوە،ئەوە شورەییە کە لافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لێبدەین وکەچی مووچەی پێشمەرگەو شەهیدانمان پێ نەدرێ لەکاتێکدا هەموو داهات وسەروەتی نیشتمانەکەمان لەدەست خۆماندایە.ئەگەر بەئیرادەیەکی یەکگرتوو وپۆڵایینەوە بەرەو ڕووی ئەم قەیرانانە نەبینەوە،ڕەنگە فریای ڕووداوەکان نەکەوین کە بەخێرایی تێدەپەڕن ونەخشەی سەدان ساڵەی ناوچەکەش دەگۆڕن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە