یەک ڕیزى نەک برا کوژى و کورد کوژى

Wednesday, 24/02/2016, 22:21

1313 بینراوە


مێژووى سەدان ساڵەى کورد پڕیەتى لە کێشە و ململانێى ناوخۆیى لە شەڕى براکوژى و کورد کوژى ، هەر لە دواى ڕوخانى ئیمپرا تۆریەتى (ماد)ەوە ، ئیدى کورد کەوتونەتە گیانى یەکتر و ئامانجە سەرەکیەکە کە بنیاد نان و پاراستنى دەولەت و فەرمانڕەوایەتیەکى سەربەخۆى کوردیە لە بیر کراوە . هەر لە شەڕى نێوان میرنشینە کوردیەکان و شەڕى نێوان ئەندامانى یەک میرنشین و دواتریش شەڕ و ملململانێى نێوان خەباتکاران و تێکۆشەرانى کورد لە پێش و دواى  شەڕى یەکەمى جیهانى و ململانێى و شەڕى نێوان شۆڕشگێرانى کوردلە شەستەکانى سەدەى ڕابردوو تا دەگاتە شەڕى ناوخۆى پارتەکانى  باشورى کوردستان و شەڕى ئەو پارتانە  لەگەڵ پارت  و ڕێکخراوەکانى ترى پارچەکانى ترى کوردستان . ئەم شەڕ و ململانێیانە بوونەتە هۆى دابەش بوونى کوردستان بەسەر دەوڵەتانى داگیرکەر (سەرەڕاى هۆکارى دەرەکى) وە هۆکارى دروستبوونى خیانەتى نیشتمانى بووە و هەر لایەیەک بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى خۆى  بووەتە نۆکەر و لایەنگرى یەکێک لە داگیرکەرانى کورد و سود و قازانجى بە دوژمانان گەیاندووە ، تەنانەت ئەم کێشە ناوخۆیانە هۆکار بوون بۆ نەقۆستنەوە و لە دەست دانى  ئەو هەلە مێژوویانەى بە هۆى ململانێ ناوچەیى و هەرێمیەکانەوە ڕسکاون بۆ ئەوەى کورد بتوانێت ببێتە خاوەن کیانێکى سەربەخۆى خۆى . 
لەمڕۆماندا بەهۆى ئەو بارودۆخەى کە ناوچەکەى گرتوەتەوە و کورد ڕۆڵى سەرەکى تیادا دەبینێت  ، وەک دەوڵەت یان هاوپەیمانیەکى سەرەکى سەیردەکرێت ، بەتایبەت دواى دروست بوونى گروپى تیرۆرستى (داعش) و داگیرکردنى بەشێکى زۆرى خاکى عێراق و سوریا و سەرکەوتنە یەک لە دواى یەکەکانى پێشمەرگە و یەپەگە و یەپەژە بەسەر ئەو گروپە تیرۆرستیەدا ، بیرو ڕایەکى واى لاى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دروست کردوە کە کورد تەنها نەتەوەیە کە دەتوانێت بەسەر ئەو گروپە تیرۆرستیەدا سەرکەوێت ، ئەمەش بووەتە هۆى هێنانە کایەى کۆدەنگیەکى نێودەوڵەتى لە هەمبەر هاوکارى کردنى مادى و مەعنەوى کورد نەک بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو گروپە تیرۆرستیەدا، بگرە پەیدا بوونى پاڵپشتى لەسەر هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانى ئەو مافەى کورد چەند ساڵە هەوڵى بۆ دەدات کە ئەویش کیانێکى سەربەخۆى کوردیە . بەتایبەت یەکگرتوویى هەردوو بلۆکى ڕۆژهەڵات (ڕوسیا) و بلۆکى ڕۆژئاوا (ئەمریکا و هاوپەیمانانى) لە هاوکاریکردنى کوردان بەتایبەت لە ڕۆژئاواى کوردستان .  
بەڵام خەریکە ئەم هەلە جارێکى تر لەبار دەبرێتەوە ، بەهۆى دروست بوونى ململانێى نێوان ( پ دک) و (پ ک ک) کە لە ئێستادا خەریکە پەل دەهاوێژێت بۆ  تەواو تێکچوونى پەیوەندیەکانى نێوان ئەو دوو پارتە و سەرهڵدانى شەڕێکى نەخوازراو لە نێوانیاندا ، بەتایبەت دواى هەڕەشە توندەکانى پەکەکە لە پارتى و تەقاندنەوەى بۆرى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن پەکەکەوە و هەماهەنگیە ئاشکراکانى نێوان پارتى و حکومەتەکەى ئەردۆغان دژى پەکەکە و یەپەگە ئەگەرى بوونى ڕۆڵى نەرێنى پارتى (وەک پەکەکە ئاماژەى پێدەکات) لەو  بارودۆخە سەپێنراوەى سەر باکورى کوردستان . 
ئەگەر نەتوانرێت ئەو پەیوەندیانە بگەڕێنرێتەوە بارودۆخى ئاسایى کاریگەرى زۆر خراپى دەبێت لەسەر یەکڕیزى گەلى کورد و بەردەوامى هاوکاریەکانى ئەو لایەنانەى کە هاوکاریمان دەکەن لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و پێچەوانە کردنەوەى بیر و ڕا ئیجابیەکانى کۆمەڵگاى نیودەوڵەتى لەسەر کورد  .  دواجاریش دەبێتە خزمەتێکى گەورە بە دوژمنان و نەیارانى کورد بەتایبەت ئەوانەى چاویان بەسەرکەوتن و دەستکەوتەکانى کورد هەڵنایەت .  بەو هۆیەشەوە  لەوانەیە تەواوى ئەو دەستکەوتانەى کە لە باشور و ڕۆژئاوا بەدى هاتوون  جارێکى تر لە ناو ببرێن . 
بۆیە پێویستە پارتى و پەکەکە هەردوولا هاوکار بن  بۆ ئەوەى بتوانن بارودۆخەکە بگەڕینەوە پێش دروستبوونى ئاڵۆزیەکان ، ئەمەش بەوە دەبێت کە پەکەکە واز لە هەڕەشەکانى بهێنێت و دورکەوێتەوە لە تەقاندنەوەى بۆریە نەوتیەکانى حکومەتى هەرێم و پارتیش ئەو پاڵپشتیە ڕاستەوخۆیەى کە لە حکومەتى تورکیاى دەکات بیوەستێنێت و واز لە دەستتێوەردان بێنێت لە باکور و ڕۆژئاواى کوردستان .ئەگەرنا  دەبێت لایەنى سێ یەم بێتە ناوەوە و ڕۆلڕ بگێڕێت لە نزیک کردنەوەى ئەو دوو پارتە ، بەبۆچوونى من ئەو لایەنى سێ یەمە ناوخۆیى بێت زۆر باشترە  ، ئەو لایەنەش کە پێویستە ئەو ئەرکە گەورەیە لە ئەستۆ بگرێت یەکێتى نیشتمانى کوردستانە ، بەو پێیەى یەکێتى پەیوەندى باشى لەگەڵ هەردوو لایەندا هەیە و دەتوانێت هاوکاربێت بۆ نزیک بوونە وەى ئەو دوو لایەنە و کۆتایی هێنان بە کێشەکان پێش ئەوەى پەل بکێشێت بۆ شەڕى کورد کوژى .دواجاریش وێران بوونى ماڵى کوردى .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە