شەرم مەكەن و ڕاستیەكە بە خەڵك بڵێن

Wednesday, 24/02/2016, 22:23

1792 بینراوە


بۆ نەگبەتی كورد یەدەگی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، بە 45 ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت لە ریزبەندی‌ جیهاندا بە پلەی‌ دەیەم دێت، ئەم ڕێژەیە بە 4.5%ی‌ هەموو جیهان‌ و  10% بۆ 15%ی‌ نەوتی‌ عێراق دەخەمڵێندرێت , نەوتی كەركوكیش كە لە ئێستادا كەوتە دەستی هەرێم بڕی  10 بۆ 13 ملیار بەرمیل نەوتی هەیە، بەو پێیە ئەو یەدەگە نەوتییەی كە ئێستا بەدەست هەرێمی كوردستانەوەیە زیاتر لە 58 ملیار بەرمیل دەبێت، سەبارەت بە بڕی یەدەگی گازی سرووشتی هەرێمی كوردستان، بە پێی ئەو راپۆرتانەی بڵاودەكرێتەوە 5,7 ملیار مەتر سێجا دەبێت,
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێخراوێك تایبەت بە زانیاری نەوت كە وردەكاری فرۆشتنی نەوەتی كوردستانی بڵاوكردۆتەوە, لە هەرێمی كوردستاندا 26 كۆمپانیای بیانی لە بواری نەوت و گازدا لە 125 بیرە نەوت و 57 بلۆكی نەوت دا كاردەكەن،
بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوت، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2003 تا ساڵی 2014، 152 ملیۆن و 21 هەزار و 248 بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە,
 هەر وەها ئاماژە بەوەدەكات هەرێمی كوردستان لە 2003 تا كۆتایی 2014 بە بڕی 14 ملیار و 675 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە, بەپشت بەستن بەو ڕاپۆرتە ئەگەر ئەو بڕە پارەیە دابەشی 11 ساڵ بكرێت بۆ هەر ساڵێك زیاتر لە 1 ملیار و 334 ملیۆن دۆلار دەكات,
وەك ئاشكرایە نوری‌ مالیكی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ پێشوی‌ عێراق لە كۆتایی‌ 2013دا بەبڕیارێك بەشە بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ ڕاگرت، ئەوەش بە بیانوی یان هۆكاری پابەندنەبونی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە هەناردەكردنی‌ نەوت لە رێگەی‌ كۆمپانیای‌سۆمۆوە,
هەڵبەتە لە دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حكومەتی ناوەندەوە ئیتر نەهامەتی بەرۆكی خەڵكی گرت و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش زۆر بێباكانە نەوتەكەیان هەناردەی توركیا دەكردو هیچ زانیاریەكیش سەبارەت بە وردەكاری فرۆش و داهات نەخراوەتە ڕوو كە جێی باوەڕو قەناعەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت, سەرەڕای ئەو بڕە پارەیەی فرۆشتنی نەوت  لە سەرەوە ئاماژەی پێكراوە بەڵام حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2015 دا تەنها هەشت مانگ موچەی فەرمانبەرانی داوە, ئێستاش كە نزیك بوینەتەوە لە مانگی 3ی 2016 هێشتا ئەو موچە بێسەرو بەرەی كە كەس نازانێ نێوەیە یان سێ یەكە بۆ مانگی یەك بەتەواوی نەدراوە بە فەرمانبەران, دیارە موچەی سەرجەم فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی ناوخۆ 750 ملوێن دۆلارە, ئەوەش بەهیچ كێشان و پێوان و ژماردنێك ئەو قسەیە پەشتڕاست ناكاتەوە كە حكومەتی هەرێم توانای دابین كردنی موچەی نەبێت,  
ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بە قسەی شارەزایانی ئابوری و بە ڕاپۆرتی ڕێخراوەكان و بە ناڕەزایەتیەكانی خەڵك باوەڕ ناكەن ، خۆ ناكرێ بەقسەكانی خۆشیان باوەڕنەكەن، ئەوەتا لە كاتێ تەقاندنەوەی بۆریە نەوتەكەدا لە سنوری دەسەڵاتی حكومەتی توركیا باس لە زیانێكی خەیاڵی دەكەن كە لە هەرێمی كوردستان دەكەوێت, تائێستا چەند جارێ بێشەرمانە تۆمەتیان بۆ خەڵكی باكوری كوردستان هەڵبەستاوە گوایە بۆری نەوتی هەرێمیان كونكردووە و نەوتەكەیان دزیوە، سەبارەت بە زیانی هەرێم لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆریەكە وەزارەتی سامانەسروشتیەكان بەوشێوەیە باس لە زیانەكان دەكات:  
"هەروەك ئاشكرایە لەرێكەوتی 2015/7/27 تا 2015/8/5، بەهۆی هێرش كردنە سەر بۆری گواستنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان (250) ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتمان گەیشتووە"
ئەگەر هەر ئەو حیساب و ژمارەیەی سامانەسروشتیەكان بە بنەما وەرگرین كەواتا پارەی نەوت بەشی تەواوی موچەخۆرانی كوردستان دەكات,
بەگوێرەی هەواڵەكان لە رۆژی سێشەممە 16-2-2016 هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كورستان لەرێگەی بۆریەوە بەهۆی تەقاندنەوەی لە سنوری پارێزگای روحا لە باكووری كوردستان وەستاوە, لە وبارەیەوە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەیان نامەیەكی بڵاوكردۆتەوە، لە ڕاگەیەندراوەكەی سامانە سرووشتییەكاندا كە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی شوبات بڵاوكراوەتەوە تێیدا هاتووە "ئەو هێرشانە ڕاستەوخۆ خۆشگوزەرانی هەرێمی كوردستان و توانا هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچەی پێشمەرگە و جەنگی دژی داعش بەئامانج دەگرن"
هەروەها دەڵێت "لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، حكومەتی هەرێم لە دۆخێكی سەختدابووە بۆ دابینكردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تر لەڕێگەی داهاتی هەناردەی نەوتەوە، ئەو هێرشانە تەنها جەنگی دژی تیرۆر سەختتر دەكەن"
هەر سەبارەت بەو مژارە پەرلەمانتارێك لە فراكسیونی پارتی ئاماژە بەوەدەكات" حكومەتی هەرێم مانگانە بایی دووملیار و سێ‌ سەدو حەفتاو نۆ ملیۆن دۆلار نەوت دەفرۆشێ‌ , واتە ‌لەرۆژێكدا حەفتاونۆملیۆن‌ و سێسەد هەزاردۆلار زیان لە هەرێم كەوتووە بە هۆی  تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمەوە, ئەوە مانشێتی ڕۆژنامەی هەولێریش بوو,
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەوە زیاتر دەڵێ، ئەو زەرەر و زیانە داراییەی لە تەقاندنەوەی بۆریە نەوتییەكە لەلایەن تیرۆریستانەوە بەر هەرێم كەوتووە، دەكاتە زیاتر لە پارەی مووچەی وەزارەتێكی گەورەی وەكو وەزارەتی  پەروەردە یان وەزارەتی پێشمەرگە "
ئێستا لە دوای ئەو هەمو ژمارەو حیساباتانەی كە خەڵك تەواو لە بیستن و خوێندنەوەی بێزار بووە, یەك پرسیاری سادەو ساكار دێتە ئاراوە ئایا بەڕاستی بۆچی داهاتی ئەم وڵاتە تەنها لە كاتی زیان گەیاندن بە بۆری نەوتەكە ئاشكرا دەكریِت؟ ئەگەر هەرێم بەقسەی خۆتان یەك رۆژی داهاتەكەی بەشی وەزارەتی پەروەردە دەكات، ئەی برسی كردنی ئەو خەڵكە ستەمدیدەیە لە پای چی؟! یەك شت كە جێگەی باوەڕی هەمو لایەكەو ئێوەی دەسەڵاتدار ناوێرن باسی بكەن ئەوەیە كە داهات و سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە جگەلەوەی بەشێكی دەچێتە قاسەكانی خودی دەسەڵاتدارانەوە، ئەوەیتری بەتەواوی پێشكەشی توركیای دوژمنی سەرسەختی گەلی كورد دەكرێت، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی توركیا وحكومەتەكەی ئەكەپە و ئەردۆغان دەڵێن لە ئێستادا گەیشتوین بە لوتكەی زێڕینی ئابوری!! ئەوەش لە كاتێكدا كە ئاشكرایە توركیا پێنج ساڵ بەر لە ئێستا گیرۆدەی قەیرانێكی دارای و ئابوری دژوار ببۆوە ، یەكێك لەو بانكانەی كە مایەپوچ بو هالك بانك بو كە پارەی نەوتی هەرێم لەو بانكەدا هەڵدەگیرێت یان وەك حكومەتی هەرێم هاوشێوەی پارەی فەرمانبەران پاشەكەوت دەكرێت، هەچەندە كەس باوەڕ بەوەناكات پارەو داهاتی هەرێم بەشی موچەی فەرمانبەران ناكات، بەڵام لای كەسیش ڕون نیە پارەكە بۆ كوێ دەڕوات، بۆیە باشتر وایە شەرم نەكەن و ڕاست و ڕەوان بڵێن ویلایەتی موسڵ كە دەكاتە تەواوی خاكی باشوری كوردستان ڕادەستی توركیای عوسمانی نوێ و سوڵتان ئەردۆغان كراوەتەوە، ئەوانیش پارەو داهاتەكەی دەكەنە مەسرەفی ئەو سوپا دەهەزاركەسییەی  كە لە جزیری بۆتان 200 كەسی سڤیلی كۆمەڵكوژكرد و سێ مانگە سوری ئامەد ئاگرباران دەكات و تۆپخانەكانی بێوچان تۆپبارانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن و فڕۆكە جەنگیەكانیشی گوند و ڕەز و باخی خەڵكی بناری چیاكانی باشوری كوردستان وێران دەكەن, شەرم مەكەن و ڕاستیەكە بڵێن .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە