مردنێک کە پێی ووتین ژیان هەتا هەتایییە

Thursday, 31/03/2016, 0:58

2812 بینراوە


بێریڤان چەند رۆژێك بەر لە شەهیدبوونی بە "گابرییل گیتهاوس" پەیامنێری بی بی سی ووتبوو داعش كاتێک هێرشێكی بێڕەحمانەیان كردووەتە سەر کوبانی، بزانم دەكەومە دەستیان، بەدوایین فیشەكی چەكەكەم، خۆم دەكوژم، تاوەكو نەكەومە دەستی چەكدارانی داعش 
ئاخر بێریڤان لەخۆیەوە ئەم قسەیەی نەکردوە. . ! ئەو دەیزانی یاری بە چ ئاگرێک دەکات و چەتە داگیرکەرەکانیشی باش دەناسی، ئەو بڕیاری خۆی دابوو، کە دەبێت چ جۆرە مردنێک هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی ژیانێکی هەتا هەتایی بژی. 
 بوێری: هەلهەلەی کچە شەڕڤانەکان، پێمان دەڵێن پێویست ناکات بترسین، ئێوە تەنها شتێک لەدەست دەدەن کە لە مێژبوو دەبوو لەناو چوبا. 
 بۆ ئەوەی لەقوڵایی بونتا لەرزۆک نەمێنیتەوە، تەنها تۆزێک پێویستت بە بوێرییە، مرۆڤە دلێرەکان تەنها وازیان لەترس هێناوە، بۆیە بەنەمری دەمێننەوە، کۆبانی و چیرۆکەکانی "بێریڤان ساسۆن"مان بیر دەهێنێتەوە ئەو فریشتە ١٩ساڵەی مێدیای جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و لەپەیامەکەیدا دای بەگوێی جیهاندا کە ١٠٠ ڕیشداری ئیسلامی بەرامبەر بەحۆریەکی کوردن لەڕۆژئاڤادا وەستاون. بێریڤان و هاوڕێکانی عاشقی ژیانن، بەڵام کاتێک چەتەکانی ئیسلام بیانەوێت ڕامیان بکەن ئەوان واز لەژیان دەهێنن و خۆیان ووتەنی بەدوا گوللە لەخۆیان دەدەن. کچان و ژنانی کورد لەمێژە کەلتوری تەسلیم نەبونیان بەدوژمنانمان تاقی کردۆتەوە. نووسەری گەورەی کوردی ئەریڤانی "عەرەب شيمۆ" لە ڕۆمانی قەڵای دەمدمدا بۆمان دەگێڕێتەوە کەچۆن کەنیزەکانی کورد بۆئەوەی نەکەونەدەست دوژمنە فارسەکان لەقەڵاکانەوە خۆیان بەزیندویی فڕێ دەدەن تادەست دوژمن نەکەون و خۆکوژی دەکەن. لەئەنفالی بەعسییەکانیشدا چیرۆکی ئەو ژن و دایکە ئازایەمان بیست چۆن لەپردەکە خۆی فڕێدەدات تا نەکەوێتە دەست بەعسییەکان، لەقەندیلیش لە کاتێکدا چەتەکانی پارتی پارتیی و بارزانی شەڕی گەریلاکان دەکەن "بێریتان" بۆئەوەی نەکەوێتە دەست چەتەکانی باشور بەهەلهەلەلێدان لەچیاکە خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە هەربۆیە بریتان بووە سیمبوڵی تەسلیم نەبوون. ئەمڕۆ هەموو شەڕڤانێک گەریلایەک گوللەیەک بەجیا دادانێن تاکو خۆیانی پێ شەهید بکەن و نەکەونەدەست دوژمنە داگیرکەرەکانی نیشتمان. 
 زۆرجاران کەرامەتی ڕۆحی تاکە کەسێک دەبێتە گۆڕینی ڕەوڕەوەی مێژوو، بێریڤان لەخۆیەوە نەبوو، کە مێدیای جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، ئەو پەیامێکی پێبوو لەباتمان لەو دیوسنوری کۆبانی لەهەمان نیشتمان لەدایک بووبوو، بەڵام لەکۆبانی ژیانی هەتاهەتای هەڵبژارد. تۆ سەیری باشوری ووڵات بکە لە ماوەی ئەم ٢٥ساڵە ئازادیی درۆینەدا زیاتر لە هەزار ژن و کچ خۆیان کوشت، کوشتیانن، بەردەباران کران سوتانیانن، شوناسیان شێوانن، پرسەکانیانیشیان بەدزییەوە بۆ دەگرتن، یان بێناونیشان و بێگۆڕیش کراون، کەسیان نەیان توانی هیچ چیرۆکێکمان بۆ بگێڕنەوە کە مانای ژیانی تێدا بێت. بەڵکو ئەوان بوونە نمایندەیەکی ناشرین و لە ووڵاتان، دەسەڵاتی کوردی لە باشوور کارێکی وای کرد کە کورد وەک نەتەوە بە ژن کوژ دەناسرێتەوە. :"فاتیمە، بێلا. . . . . هتد" نمونەی دزێوی ئێمەی بێ ووڵاتین، ئێمە لە سەر شەرەف، خۆمان لەبێشەرەفیدا غەرق دەکەین، بەڵام پەکەکە و یەپەژە دەدێن لەهەناوی ئەو داماویەدا کچ دەبەنەوە کرۆکی کۆمەڵگاو ئەوان دەبن بەڕابەر و فریشتە و ئێمەش شانازیان پێوەدەکەین و ئاسودانە بەدوای هەواڵی ئەو مرۆڤانەوەین کە بەچرکەش خەندە لەسەرلێویان ناتۆرێت، لە مردنەکانیشیاندا ژیان بەگەلێکی بێ خاک و بێشوناس دەدەن کە کوردە. 
 ئەمڕۆ لەباشوردا ٢٥ساڵ حاکمی خۆماڵی هەیە، دەیان سەنتەر و ڕێخراوی ژنان و کچان هەیە، لە ساڵی ١٩٦١ەوە ڕێخراوی ئافرەتان هەیە، کەچی ئەو هەموو ساڵە نەیانتوانی بێریڤانێک دروست بکەن، بیرمە ساڵی ١٩٨٢ کاتێک سلێمانی خەریکی ڕاپەڕین بوو، قوتابیان ڕۆڵیان هەبوو بە کچ و کوڕەوە دراوسێیەکمان هەبوو لە یەکێک لەشەقامەکاندا لەکاتی ڕاپەڕینەکەدا کچەکەیان کەوتە دەست دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ئەمن و یەک دووشەو ئەو خانمە لای ئەمنی بەعسییەکان مایەوە و دوای ئازادکرا، ئیتر خێزانەکەی دەتگوت بەسەر ئاگرەوەن نەیان هێشت کچەکەیان بچێتەوە بۆ خوێندن و پاش ماوەیەک ماڵیشیان گواستەوە، بەر لە گواستنەوەیان دایکی کچەکە بەژنی گەڕەکی دەوت خوا ڕەحمی پێکردین باش بوو دەستدرێژیان نەکردبۆ سەریان، مەبەستی کچەکەی و هاوڕێکانی بوو کە زیندانی کرابوون، لەکاتێکدا دەبوو ئەوە جێگەی شانازیی بوایە کە کچێک بۆ ئازادی خەبات دەکات، بەڵام پێچەوانەکەی ڕەچاو دەکرا، ئێستا لەباشور لە ڕۆژی ٨مارشدا سەدان ووتاری بێمانامان دی، هەمووی قسە بوو، ئێمە پێویستمان بەقسە نییە پێویستمانە کچان بێنە مەیدان و ئەو پاشاگەردانییە نەهێڵن چاو لەڕۆژئاڤاو باکوربکەن. 
 بەلای منەوە لە هەرکۆمەڵگایەکدا ژن ڕۆڵی کرداری بینی ئەو کۆمەڵگایە بەرەو ئاشتی سەرفرازی و بەختەوەری ڕێدەکات، ئاخر ژن مانای ژیانە، کەسمان نەمان دی لەناو ئەو هەموو جاشەدا ژنێک هەبێت لەناو ئەو هەموو فایلدارو سیخوڕەدا ژنێک هەبێت، چونکە ژن جگە لەوەی ژنە و مرۆڤە دایکیشە، دایک هەمیشە قوربانی بووە ئەو هەمووشتێک دەکات بۆ ئەوەی دایک بێت، ئەوان لەو گوڵەدەچن کەبۆنی خۆش بلاودەکەنەوە وگرنگیش نییە لایان خەڵک بۆنیان دەکات یان نا. 
بێریڤان لاسایی کەسی نەکردەوە و نەبوو بەکۆپی کەسێکی تر، بەڵام ئەو ژیانی ئەبەدی هەڵبژارد تاکو پێمان بڵێت ژیان ئازادییە، نەک، زێڕو ماڵ و سامان و خەونی خێزانێک لەزیندانێکی گەورەدا، ئەو یاخیبوونەی ئەم جۆرە مرۆڤانە هێندە واتادارە، سەرسامی لەئاستیدا بێمانا ڕادەوەستێت. 
بێریڤان ووتی نایەڵم بکەومە دەست چەتەکانی داعش، بە دواگوللە خۆم دەکوژم، ئەمە گەر پەیامی ڕۆحێکی پاک نەبێت ئەی چییە؟ ئێمە دەزانین خەڵک دەمرێت، بەڵام هەرگیز بیرمان لەمەرگی خۆمان نەکردۆتەوە، چونکە نابینین کە خۆمان دەمرین، کەچی بێریڤان دەزانێت کەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەست دێنێت. 
کچە ئاسکەکانم *
 کوبانی ئیتر غەمگین نییە 
خەندەی سەرلێوەکانتان، سەماکانتان
جەنگی جوان کرد و
نەفرەتی جەنگی نەهێشت 
ژنەکان و کچەکانی ووڵات دەڵێی 
دڵۆپی ئاون 
دەڵێ بەفری تازە باریون 
 لە هەتوانێک دەچن بۆ ساڕێژی برینەکانمان 
 ئای چەندمان خۆش دەوێن. . !
نمایندەکانی ئازادی
گوڵەحاجیلەکان*

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە