کڵاوێن !

Sunday, 03/04/2016, 21:25

2000 بینراوە


ئاپیکتێت فەیلەسووفی سەدەی یەکەی زایینی دەڵێ : هەڵسەنگاندن و ڕاهێنانی خەڵک لە سەر رووداوەکان بەرهەمی هەستوو سۆزی کۆمەڵگایە لە سەر/ راستیەکان / نەک لە ناوەرۆکو خوودی راستیەکانە.
هۆدەیەکی پڕ لە گەنج ! تژی لە دووکەڵی جگەرە، وێنەیەکی جەلال تاڵەبانی ( کوردکوژ) لە سەردیواری هۆدەکە کە دەستی بە سنگیەوە ناوە وپێدەکەنێ ! دەتگووت بەو گەنجانە پێدەکەنێ کە خەریکی کڵاو کڵاوێنن! بەڕاستی ئەو کۆمەڵگایە بەرەو کوێ دەڕووا؟ چارەنووسی ئەو بەشە لە وڵات / باشوور/ بەرەو کام هەڵدێر فڕێدراوە ؟ ئەرێ پیشمەرگە هەر پێشمەرگەی جارانە ؟ یانژی بۆتە گلادیاتۆڕی مەیدانی ململانێی ئەو جووتە گزیرە؟ تا پێیان خۆشبوو شەڕی پێدەکەن.دەنا دوای شەڕ هەر حیزبێک سەرلەنوێ چەکداری خۆی دەباتەوە لای خۆی وچاوەڕوان دەبێ ئاخۆ کەی شەڕی / خۆدرێن / دەستپێدەکا ؟
دڵمان بەوە خۆشە وشەی پێشمەرگە چۆتە سەرزاری گەورە بەرپرسانی جیهانی. دڵمان بەوە خۆشە حۆلە پیاوێکی وەکی بارزانی کە رۆژ بۆوە دەستە دەستە وەزیرو وەکیلوبەرپرسی خێرنەخوازی کورد دەچنەلای وبە سەرۆکی هەرێمی دەقەبڵێنن! دڵمان بەوە خۆشە چەکی قورسمان دەدەنێ. کۆمەڵگای ئەسحابی کەهەف تووشی خەوی سەدەبووە. رۆژانە کوڕە هەژار سەری دەبڕدرێ، شەهید دەبێ، ژن ومنداڵی لە هەژاریدا دووچاری سەدان لارێی دەبێ ، خەڵک ماندوو، برسی، شەکەت، کەچی لە سەر مێدیایەکی کوردی / ک، ن ، ن /  پڕۆ گڕام لە سەرکۆمەڵێک گەنجی خەوتوو بڵاو دەکەنەوە کە خەریکی کلآو کلآوێنن !
شەوی ٣٠ لەسەر ٣١ی مانگی سێ بەرنامەیەکم دیت کە لە شاری دووزخورماتوو لە ناومالێکداو لە هۆدەیەکدا نزیکەی سەت گەنگ دەبوون کە چاویان لە( ٩ ) کلآوە بوو کە کلآو کلاوێنیان پێدەکرد. دەتگووت سەردەمی ئیمامی زەمانە وهیچ کەس هیچ گرفتێکی نییە! نە گرفتی سیاسی ، نە گرفتی کۆمەڵایەتی، نە گرفتی کار، نە گرفتی ژنکوژی ، دەتگووت ئەو وڵاتە، نە شەڕی داعشی لێیە، نە کۆڕەوی دیوە، نە ئەنفال کراوە نە شیمیابارانی بە سەردا باریوە نە ،،نە،،نە،،نە،،نە!
سەرمایەی سەرەکی هەر وڵاتێک جگە لە سەرخان وژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە گەنجە کە دەبێ سیستم بۆ داهاتوو پەروەردەیان بکا. لە لای ئەو دەسەڵاتە دزساڵارە گەنج یان دەبێ ببێتە گلادیاتۆڕو شەڕێان بۆ بکا، یان فێری کلآوکڵاوێن بێ ، یانژی نیشتمان بە جێ هێڵێ! ٢٥ ساڵی رەبەقە تاقە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چاکسازی نەنراوە. رۆژانە چاو لە مێدیاو ئاخاوتنی بەرپرسان دەکەی شەرم دەتگرێ کاتێک بیر دەکەیەوە بڵێی ئەو وڵاتە بۆ چی ئاوا خاپوور دەبێ.
هیچ کەس خۆی فریو نەدا، ئەو قازانجەی تورکوفارس و زلهێزەکان لە سای دەسەڵاتی سەرۆک عەشیرەی بارزانی دەیکەن ، تاقە کوردێک خێری لێ نابینێ. لە ژێرچەکەمی دەسەڵاتێکدا رووناکبیرو نووسەرو مێدیا بۆ پووڵو پارە ژیانی رۆژانەیان دابین کرد دەبێ فاتیحای ئەووڵاتە بخوێندرێ. وڵاتێک کە بە کلآوکلآوێن بگووترێ یاریەکی نەتەوایەتییە بۆ گەنجەکانمان بە جێ ماوە و دەبێ بیپارێزین ! ئەوسیستمە بارزانی وتاڵەبانیشی لێ زیادە. هەر ئەوەمان چاندوە کە کڵاوکڵاوێنی لێ هەڵێنجین.نوێشی گیانمان بێ. ژیانی هەڵەو باوەڕەکانی بێ جێ بەرهەمی فەلسەفەیەکی چەوتووهەڵەیە کە چاوی کۆمەڵگای لە ئاست راستیەکان نابینا کردوە. 
چاو لە سەرۆک عەشیرەکانی دەسەڵاتداری یەک بە دوای یەکی بارزانیەکان بکەن، تاقە پەڕتووکێکی رامیاری وکۆمەڵایەتی وزانستیان نییە کە نەوەکانی داهاتوو کەڵکی لێوەرگرن.کەسێکی رەفتار گەرا کە حەوجێی بە دەیان کاتژمێر هەیە بۆ لای دوکتوری دەروونناس کە بی پشکنێ وچارەسەری نەخۆشی رەفتارگەرایی بۆ دەرمان بکا، هەر چەند جارێک دێتە سەر مێدیاو دەڵێ : دەوڵەتی کوردی رادەگەیەنم ! حیزبێک بە دەست کەسێکی نەخۆشی وەک تاڵەبانی وبنەماڵەکەی دیلکراوە ، کەس غیرەتی نییە بڵێ کۆنگرەیەک ببەستین تا لەو بارودۆخە رزگاریان بێ. چۆن دەتوانێ نەتەوەیەکی ئەنفال لێدراو بەرەو خۆشبەختی ببا ؟ کڵاوکڵاوێنی راستی کە ئەو دەسەڵاتە دەیکا کە بە رۆژی روون تاس کڵاو لە سەر پێشمەرگە و بنە ماڵەی شەهیدان دادەنێ. بۆیە کڵاوکڵاوێن بۆتە سیاسەتی سەرەکی ئەو دەسەڵاتە نەخۆشە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە