پەرلەمنتاری گۆڕان و یەکگرتوو بۆ دەرکراون؟

Monday, 18/04/2016, 14:10

5266 بینراوە


دوو پەرلەمانتاری عیراقی سەر بە حیزبی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی لە لایەن حیزبەکانیانەوە دەرکران! هەواڵەکان وا دەگەیەنن  کە گەڕانەوەی هەر دوو پەرلەمانتار بۆ هەرێم قەدەغە کراوە!
حزبی گۆڕان لە رێککەوتی ١٦/٤/٢٠١٦دا رونكردنەوەیەكی بۆ ڕای گشتی بڵاوكردەوە‌ و دەرکردنی  پەرلەمانتارەکەی خۆی لە رێزەکانی حزبەکەی راگەیاند.  یەکێک لەو خاڵانەی کە بەریوەبەرانی حزبی گۆڕان پەنجەیان بۆ درێژ کردوە لە روونکردنەوەکەدا ئەوەیە کە" پەرلەمانتارەکەیان لە ژێر کارێگەری ئەجێندای لایەنی ترە" !؟.
 ئەم خاڵەی کە حزبی گۆڕان پەنجەی بۆ درێژ کردوە گەلێک مانا دەبەخشێت، بەڵام بە ڕاشکاوانە، بە ڕاستی نایانەوێت خەڵک لە ڕاست و دروستی کەسەکان بگەن. تەنیا گومانێک لای خەڵک دروست دەکەن بەڵام روون نییە گومانەکە چیە؟ ئەو پەرلەمانتارە لە ژێر کارێگەری ئەجێندای کام پارت و کەسایەتی بووە؟ وە چالاکییەکانی بۆ ئەو لایانە چی بووە؟
لە دوای رووخانی سەدام حوسێن لە لایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کۆمەڵێک کەس لە ئاستی لێپرسراوان لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندا ئاشکرا بوون کە دەستیان هەبوو لەگەڵ رژێمی بەعس.
 پارتی ناوی ئەندامەکانی خۆی ئاشکرا نەکرد!  یەکێتی بە پێچەوانەی پارتی بە ڕاشکاوانە  ناوی ئەندامەکانی خۆی ئاشکرا کرد کە خاوەن فایل بوون لە نێو بەعس، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی هەموویانی لە پۆزشنی حزبی و حکومی هێشتەوە. تاڵەبانی پشتیوانی لە هەموو فایلدارەکان کرد، لە کۆبونەوەیەکی فرەواندا بە چەپڵە رێزانە ئەو کەسانە روو سپی کران. 
جگە لەوەی ئەو فایلدارانە لە نێو یەکێتی هەر خاوەن ئیمتیاز مانەوە، لە نێو پارتیش بەهەمان شێوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکرداییەتی هەر دوو حزب لە ژێر ناوی فایلدارەکان، پەردە پۆشی خەیانەتەکانی ئەو کەسانەیان کرد! هەر دوو پارت روونکردنەوەیان بۆ ڕای گشتی رانەگەیاند کە ئەم فایلدارانە چ جۆرە خەیانەتێکیان ئەنجام داوە؟ چەندیان وەرگرتووە؟ پەیوەندییان بە کێ هەبووە؟ بۆ ئەو کارەیان کردوە؟  کێیان بە گرت داوە؟ کێیان بەکوشت داوە؟ لە چ شەرێکدا هۆکاری ئەوە بوونە پێشمەرگە ناوچەکان بدا بەدەستەوە؟ ڕاپۆرتی مانگانەیان داوە بە رژێمی بەعس؟
 کاتێک کە ئەو کەسانە فایەلیان گیرا گومان لەوەدا نییە کە  فایلەکان بەتاڵ نەبوون؟ دەبێت دوو پارچە کاغەزی تێدا بوو بێت کە کارو چالاکیانی تیادا تۆمار کرابێت؟
 کاتێک کە رژێمی بەعس پەیوەندیی بەو فایالدارانە کردوە، بە خۆڕایی نەبووە، داوای چالاکی  لێ کردون، هەر نەبێت دوو سێ  جار بە دزیەوە لەگەڵیان دانیشتون، داوای زانیاریی و هەواڵیان لێ کردون.  کاتێک کە دەزگای هەواڵگری سەدام لەگەڵ ئەو کەسانە دانیشتون بۆ ئەزنیف و دۆمینە کردن نەبووە! بۆ تاوتوێکردنی ئەرکەکانی ئەو خۆفرۆشانە بووە.
ئیمرۆ، بەهەمان عەقڵیەت یەکگرتووی ئیسلامی و گۆڕان دەیانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکەوە، خۆیان دەدزنەوە لەوەی ڕاستییەکان بە میللەت رابگەیەنن بە تایبەتی بە دەنگدەرانی هەر دوو پەرلەمانتار، کە گومانی تیدا نییە هەر دوو پارت، سەرکردایەتییەکانیان، کەوادیری ناوەندیان ژێر بە ژێر لە نێو  کەوادیر، ئەندام، لاینگر و جەماوەریی پارتەکانیان کاریان کردوە بۆ  کۆ کردنەوەی  دەنگ بۆ هەر دوو پەرلەمانتار و سەرخستنیان لە هەڵبژاردنەکان و ناردنیان بۆ پەرلەمانی بەغداد. 
پرسیاری گرنگ لەسەر ئەو بابەتە کە خۆی قوت دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەمانە چیان کردوە؟ ئایا وەکو مەلا مستەفای ڕەحمەتی، سلێمانی موعینی و هاورێکانیان بە کوژراوی تەسلیم بە رژێمی ئێران کرد؟ یان وەک کاکە مەسعود لە ٣١ی ئابدا دەبابەی رژێمیان هێنا سەر میللەت؟ یان وەکو مامە لە ساڵی ١٩٦٦دا بوون بە جاش؟ یان وەکو سەرکردەکانی تر کە پارەیان لە تاڵەبانی وەرگرت و رێگەی دەرەوەی وڵاتیان گرتە بەر؟ یان بەشدار بوون لە ئاهەنگی دامەزراندنی  رژێمی ئیرانی ئەو ساڵ؟ یان وەکو هێرو، شاناز و تاڵەبانییەکانی تر بە تەنکەر نەوت ڕەوانەی ئێران دەکەن؟  یان وەکو ماڵی بارزانی، داعش و تورکیایان هێنا بۆ شەنگاڵ؟ یان دزیان لە ماڵی گشتی کردوە وەکو لێپرسراوانی هەرێم؟ موچەی خەڵکیان حەپەلوش کردوە؟  یان ئەوانیش یەکێکن لەو لێپرسراوە دەستڕۆیشتوانەی هەرێم کە کاتی خۆی بە پێش سوپای بەعس کەوتوون بۆ ئەنفالکردنی میللەتی کورد؟ یان هەر دووکیان وەک لێپرسراونی پارت و سەرکردەکانی حکومەتی بنکە فرەوان ئاسا خاوەن گروپی چەقۆکێش، دز و مافیان؟ یان ژێر زەمینەکانیان تەژی کردوە لە پارەی دزراو؟ یان ئەوانیش هەموو رۆژ لە رێگەی پیرمام بوون؟ یان خاوەن فایل بوونە؟ یان دەستیان هەبووە لە شەهید کردنی سەردەشت عوسمان، سۆڕانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی؟ یان دەستیان هەبووە لە کوشتنی پاسەوانی تاڵەبانی؟ یان وەک فوئاد مەعسوم، بەرهەم و نەجمەدین کەریم شەڕیان بوو بۆ بوون بە سەڕۆکی عیراق؟ یان وەک مەسعود و نێچیر پێڵاو دادەنێن بۆ ئوردوگان؟
تکایە روونی کەنەوە،  ئەو جارە هیچ پەردە پۆش مەکەن! رایبگەیەنن کە ئەو دوو پەرلەمانتارە دەرکراوە چیان کردوە؟
سەرچاوە
باسنیوز، شارپرێس، ئاوێنە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە