کورد وەک خاڵی هاوبەشی گەمەکانی روسیا ئەمریکا لە ناوچەکەدا

Wednesday, 08/06/2016, 23:04

2466 بینراوە


 دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمرۆش بارودۆخی نوێ و هاوکێشە گرنگەکانی ناوچەکە و تایبەتمەندی کاتەکەیان بە جوانی و زانستیانە وەک خۆی و پێویستیەکانی خۆیان و وڵاتانی پەیوەست بەو هاوکێشانەش، نەخوێندۆتەوە و ، تەنها لە بیرێکی تەسکی بچوکی ململانێی ناوخۆی خۆیانەوە مامەڵە لەگەڵ ستراتیجیەتی سیاسەتی وڵاتان و بە تایبەتی هەردوو وڵاتی زلهێزی دونیا و تازەگەریەکانیان دەکەن و، نازانن ئەم حاڵەتە دەگمەنەی لە رەخساندنی زەمینە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکەی کورد هاتۆتە ئاراوە چۆن قازانجی لێ بکەن، بە تایبەتی گەر بزانن لە تێکچرژانی پاش بەریەککتەوتنی سەرجەم بەرژەوەندیەکانی ئەوان و دەردانەکانی مامەڵە تازەکەی زلهێزاەکان لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، کورد هیچ زەرەرێک ناکات و، بگرە زۆر جار بێ ئەوەی ئاگای لێبێت کورد بۆتە فاکتەری هاوسەنگی کارلێکی بەرژەوەندیەکانی زۆرینەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی جیهان و ناوچەکە، ئەمەش بە تایبەتی لەو بارانەدا زیاتر دەبینرێـت کە پەیوەستن بە مامەڵەکردنی وڵاتان لەگەڵ کێشە سەرەکیەکانی ناوچەکە لە لایەک و لەگەڵ کوردیشدا لە لایەکی ترەوە، بەتایبەتی گرنگی و پێگەی کوردی رۆژئاوا و باکوور لە ئاست هاوکێشەی ناوچەکە بەگشتی، پلەیەکی زێرینی هەیە . 
چۆن؟ 
سەرەرای خاڵە ستراتیجیە زەقە جیاوازەکانیان، کە بە ئاشکرا دیارن، بەڵام بۆ یەکەم جارە لە مێژووی سەردەمی ئەم ناوچەیە، روسیا و ئەمریکا لە زۆر بواردا بەیەک دەگەن و بەرژەوەندی و رێرەوی پێداویستی تەکتیکی خۆیان وا بەسەریاندا فەرز دەکات  کە ئەگەر بە مەبەستی کاتییش بێت هەماهەنگی بکەن و ئەرکە گرنگەکانیان لەم ناوچەیە بە  هاوبەشی و هاوکاری یەکتر رایی بکەن . 
ئەگەر تێبینیمان کردبێت، تەنانەت پابەندبونی خۆیان بەو ئەرک و ئیلتزاماتانەی لەسەریانە لە گەڵ وڵاتە  هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا سست بوونەتەوە و زۆرێک لە لایەنە کاریگەریەکانی پەیوەندیەکانیشیان فەرامۆش کردووە، تەنها لەبەر گەیشتن بە ئامانجێکی دوور مەودای خۆیان . لەم بارەوە ئێوە سەیری مامەڵەی ئەمریکا و سعودیە و تورکیا بکەن و، لەبەرامبەردا سەیری مامەڵەی روسیا و ئێران و سوریا بکەن، کە چەندین جار بە پێی پێویستی هاوپەیمانێتیەکانیان کارناکەن، بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی کە لە زەمانی شەری ساردا لە ئارادا بوو بەرێوەدەچێت . بۆیە لە تەکتیکدا کاری هاوبەشیش ئەنجام دەدەن بێ گوێدانە تەنانەت  بەرژەوەندی هاوپەیمان و پاشکۆکانیان لەم ناوچەیەدا . 
لەمەدا زۆر خەڵک بۆ ئەوە دەچن، کە دارشتنەوەی هاوپەیمانێتی و هاوکاری و پەیوەندیەکانی وڵاتان، سەردەمێکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت و دووبارە وڵاتان لەسەر رووبەرێکی نوێ بە مەرج و پێویستی تازەوە بێنە مەیدانی مامەڵە کردن لەگەڵ یەکدا، ئەمەش لە چەندین رووە  هەندێک فاکتەری سەرەکی رێکیدەخات، کە پێویستە کورد لەبەرچاوی بگرێت : 
* خۆ فەرزکردنی مامەڵەی هاوبەش لە لایەن ئەو دوو زلهێزە لە باری ئابووری و زەرورەتی تەنازولی سیاسی و بە پێچەوانەشەوە راستە، بە توندی خۆی سەپاندووە، ئەمەش لە پێناو مانەوەی زاڵبونی خۆیان، کە روویەکی نوێ و کارێکی نوێ یە لە مامەڵە کردنی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ ناوچەکەشدا .
* پێویستیەکانی گۆرینی پلانە سیاسیەکەی خۆیان لە ناوچەکەی ئێمە و راماڵینی نەخشە دەستکردە کۆنەکەی ئێرەی  خۆیان و  و چەسپاندنی رووبەرێکی نوێ و گۆڕاو لە ئاست پێکهاتەکانی ناوچەکە لە لایەک و، هاتنە پێشەوەی کاراکتەری نوێی وەک کورد لەم قۆناغەدا و، ئەمازیغ  و زۆرێک لە نەتەوە و کەمە نەتەوەی تری وەک ئازەر و چەرکەس و دورز لە قۆناغی دواتردا، لە لایەکی ترەوە .
بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا کورد لە یاری و تەکتیکەکانی روسیا و ئەمریکا لەناوچەکەدا ببێتە یاریکەرێکی سەرەکی و جێ متمانەی هەردوو (جەمسەرە گەورە گۆڕاوەکە) لە کاتێکی هەستیاری وادا کە هەمووان چاوەروانی گۆرانکاری گەورە لە ناوچەکە دەکەن . دیارە ئەمە لە رووی بابەتیەوە قازانجێکی یەکجار گەورەی بە پرسی کورد گیاندووە و، هەر ئەمەش وایکردووە کە تا رادەیەک بە زەقی بە لایەکدا نەشکێتەوە، نەک لەزۆرزانی کورد خۆی بێت و، تەنانەت لە رێرەوی سیاسەتی دوو هێزە جیهانیەکە پێویست بەوە ناکات کە تەوەربەندیەکە دابەشبونی کوردی بەسەردا فەرز بکرێت، بەڵام کورد بە تایبەتیش دەسەڵاتی کوردستانی باشوور بە خۆی دەیەوێت سەرجەم هێلکەکانی بخاتە سەبەتەی یەکێکیانەوە وەک چۆن لە کاری دابەشبونی میحوەربەندی ناوچەکەدا، هەر لایەک سەرجەم هێلکەکانی خۆی خستۆتە سەبەتەی وڵاتێکی ناوچەکەوە، بێ ئەوەی تاکە باریکەهێڵێکی گەرانەوەیان بۆ خۆیان دانابێت ( کەچی کورد تا ئێستا بە پێوەری زەمانی سارد واقعی نوێی سیاسەت لەم ناوچەدا دەخوێنێتەوە، ئەمەش دواکەوتویی نزمیی بیری دەسەڵاتی سیاسی و بێچارەیی میلەتەکەمان دەردەخات، لەوەی کە توشی ئەم عەقڵ و فکر و بۆچونە تەسک بینانە بۆتەوە و تا ئێستا ئەگەری دووبارە شکستهێنانی پرسەکەیان بە زیندویی هێشتۆتەوە ) .
ئەو مامەڵە بەرچاوەی لە رووی ستراتیجیەوە لەگەل رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەکرێت، هیچ دەردانێکی زەرەرمەندی بۆ کورد تێدا بەدیناکرێت و، یان وردتر بڵێین لە مەودایەکی بینراودا دەردانە زیانبەخشەکان بەرچاو ناکەون و، بۆماوەیەکی تر رۆڵی کورد  لە ئاست ئەو تازەگەریانەی لە ستراتیج و تەکتیکی هەردوو زلهێزەکەی جیهان  و پەیوەندیەکانیان و روانینیان بۆ ئەم ناوچەیە بەردەوام دەبێت و، لە کرۆکی بەرژەوەندیەکانیانە بیخەنە بازاری کارلێکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە و بە تایبەتی لەم چەقی شڵەژان و وروژاندنەی کە وڵاتانی دەروەروبەری کوردستان بە خۆیەوە دەیبینێت . لەمەشدا وا پێشبینی دەکرێت پێگەی کورد بە جێگیری بمێنێتەوە، کەچی لە بەرامبەردا خۆی سورە لەسەر لەدەستدانی هەلە زێرینەکان و کاتەکە بە فیرۆ دەدات؛ یان لە شوێنی خۆیدایە و چەفی بەستووە یان  بی هیچ پێشکەوتنێکی ستراتیجی پێویست  رێدەکات، یان توشی شکست دەبێت، یان دەگەرێتەوە بۆ قۆناغی پێشتر و  قوربانیەکان  بە خەساردەدات، ئەگەر هەر وا بەم شێوەیە سیاسەت و ململانێ و کێبرکێ بکات و لەسەر ناکۆکیە نێوخۆییەکانی بەردەوام بێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە