چیرۆکێکی ڕاستەقینەی دەڤەری شارەزور لە دەمی قوربانیەکەوە

Saturday, 25/06/2016, 8:50

4041 بینراوە


شاهیدی جاش
حەمەنەجیم کەڵوڕانی و حەمەخانی حاجی دارا ...
پێش هەشت نۆ ساڵ و ئەو کاتەی جاش بە نرخی پێشمەرگەی دێرین و خائین بە زیندانی سیاسی و مردوی خوایی بە شەهیدی سەنگەر و سەربازی فیرار بە کەم ئەندامی ‌پێشمەرگە موچەی بۆ بڕابوەوە ، لەگەرمەی دزی بە ناو گەندەڵی و ئەو بێ سەروبەریەی لە باشوری کوردستان ئەگوزەرا کە لە کوردەواریدا بەو دۆخە ئەڵێن (هەرکەس بۆخۆی) ...سەردانی وڵاتم کردەوە و لە ‌پرسەی بەڕێزێکدا لەسەر کورسیەک دانیشتم ، دوای سەرخۆشی لێکردن و بەخێر هاتن ، کەسێک لە تەنیشتمەوە بەخێرهاتنی کردم سەرەتا باش نەم ناسیەوە دوای وتو وێژێکی کورت ناسیمەوە و بەگەرمی ئەحواڵیم پرسی .( حەمەنەجیم کەڵوڕانی ، کەمێک لەمن بەتەمەنترە ، پیاوێکی ڕەقەکار ،کەنم ڕەنگ ئێستاش ئەڵێی گەنجیەتی زۆر کەم گۆڕاوە . سەردەمێک هاوڕێی گەنجی شەهید بەکری براگەورەم بوو ، لە دوای ئاشبەتاڵی 1975 هەمو ئەوانەی دڵیان بۆ کورد جۆشی ئەخوارد سەریان کردبوە یەک و بەردەوام پێکەوەبون ، دوای یەک دووساڵ کە شۆڕش دەستی پێکردەوە ،سەرەتا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دوای ساڵێکیش پارتی دیموکراتی کوردستان(قیادە موەقەتە ) دروست بون خەباتی چەکداری دەستی پێکردەوە ئەو هاوڕێیانەش لەیەک دورکەوتنەوە کاکەم یەکێتی و حەمەنەجیمیش بو بە پارتی ).
حەمەنەجیم لە شەڕێکدا لە گوندی سۆیلەمیشی شارەزور دەستگیرکراو دواتر لە ئەبوغرێب زیندانی کرا ، من هەواڵی کەسێکم لێپرسی بە ناوی( حەسەنی زبە )کە پێشتر و لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابوردو بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبو وە لەموسڵ چاوەڕێی ئیعدامی خۆی ئەکرد ، دواتر بەر لێبوردنی گشتی کەوت و ئازاد بو ، وتم ئێستا وەزعی چۆنە ئیسراحەتی کردوە ، وتی لە برسانا لەگەڵ کوڕەکەی خەریکی بیر هەڵکەندن بوون لە ناو بیرێکدا غاز لێیداو بە مردویی دەریان هێنا ، چونکە هیچ موچەیەکیان بۆ نەبڕیبوەوە و کەمدەست بوو.
دواتر هەواڵی خۆیم پرسی وتم ئەی تۆ ...وتی منیش هیچیان بۆ نەکردوم ، پرسیم خۆ پارتی هەموو کوردستانی خوارد چۆنە تۆ ئاوا بەبێ حساب ماویتەوە ، ووتی زۆرم هەوڵدا بێ سودبوو واسیتەم نەکرد و داوای شایەتیان لێ ئەکردم منیش ئەوانەی لە زیندان لەگەڵم بون خەڵکی ئەم ناوەی لێنەبو کەسیشم دەست نەکەوت ، بەڵام بەردەوام سەردانی لقم ئەکرد ، ڕۆژێکیان حەمەخانی حاجی دارام بینی کە ئەودەمە بەرپرسێکی دەست ڕۆیشتو و ناوداری پارتی بوو ، هات بەخەیاڵمدا بە شایەت بیگرم ، بە بەرپرسەکەم وت حەمەخان گرتومی بزانم شایەتیم بۆ ئەدات و چوم بانگم کرد ، ئەویش هات لەگەڵم ، بۆم باسکرد کە لە فڵان ساڵ لە دەشتی شارەزور لە نزیک گردی سۆیلەمیش کەوتینە کەمینی تۆ و جاشەکانتەوە ، کوڕێک بەناوی عومەر شەهید بوو منیش گیرام .حەمەخان وتی ڕاستەکەی تۆ کوڕە کەڵوڕانیەکەی وتم بەڵێ . وتی من شایەتی ئەدەم ئەم کابرا پێشمەرگە بوەو کەوتە کەمینی ئێمەوە و من گرتومە و دواتر لەگەڵ تەرمی پێشمەرگەکە بردمەوە و تەسلیمی شوێنی خۆیم کردن ، دڵم خۆشبوو بەو شایەتییە کە لە سایەی ئەوکەسەی کەمینی بۆدانابوین و تەسلیمی بەعسی کردم دواجار فریام کەوت و مافێک کە هەقی خۆمە وەری ئەگرمەوە ، بەڵام هەر ئەوڕۆژە پێیان وتم ئەو شایەتیەش ناخوات ، پێویستت بە شایەتێکە لە ناو زیندانی ئەبوغرێب لەگەڵت بوبێ بۆیە تا ئێستا هیچ حسابێکیان بۆ نەکردوم . ئەوە نرخی قوربانی و جەلادە لای پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عێراق.
٭ حەمە نەجیم...ئەوکاتەی من بینیم شۆفێری تەکسی بوو لە نێوان سەیسایەق و سلێمانی کاری ئەکرد ، دوای ئەم وتو وێژە نەمدیوەتەوە بزانم موچەی زیندانی سیاسی وەرگرتوە یان نا.
٭ حەمەخانی حاجی دارا ...موستەشا ر و جاشی ناوداری بەعس کە دەستی بە خوێنی دەیان ڕۆڵەی دڵسۆز و شۆڕشگێڕی ئەم گەلە سوربوو لە پرۆسەی ئەنفالدا بەشداری کرد ، چەند ساڵێک لەمەوبەر لەکاتی ڕاوکردنی ئاسکدا لە ناوچەی گەرمیان لە ڕوداوێکی تەمو مژاویدا کوشتیان.
پارتی ئاوا باسی ئەم سەرۆک جاشە ئەکات!
٭ حەمەخانی حاجی دارا كەسایەتی ناسراوی دەڤەری گەرمیان و فەرماندەی گەرمەسێری یەكەی 80ی هێزەكانی پێشمەرگە لە ئێوارەی27ی ئاداری 2008 لە داقووق شەهید كرا .
٭ لە دوای ڕاپەڕین ڕۆژنامەی برایەتی زمانحاڵی پارتی وتوێژێکی لەگەڵ فەرەنسۆ حەریری کرد، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر موستەشارەکان ،ووتی حەمەخان و تەحسین شاوەیس و قادر فەرەج و ئەوانی تریش ئەو ماوەیەی لای بەعس بون خۆمان ناردبوماننەوە و خەباتی داخلیان ئەکرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە