خودا دڵی زۆر بەم ماڵە خۆشە، کە بۆی دروستکراوە!

Wednesday, 29/06/2016, 0:17

5480 بینراوە


ئۆشۆی عارف لە کتێبی "نهێنەکانی ژیان"دا دەڵێت: "ئەوەتانێ خۆ کەس نازانێ بەهەشت لەکوێیە، بەڵام بەملیۆنان کەس لەپێناو بەهەشدا مردوون.
ناوی ئەم مزگەوتە لە بەرۆکی هەر یەکێکمان دایە، بۆ ئەوەی لەو دنیا وون نەبین و لە ڕێگەیەوە لای خوا بناسرێینەوە و کاروباری فەرمانبەرایەتی لەو دنیا پێ بەڕێ بکەین.
ئەم مزگەوتە ئەو پەندەش شەرمەزار دەکات کە دەڵێت:"بەدەستی ڕاست خێربکە، با دەستی چەپت ئاگای لێنەبێت".
ئەم دەرمانساز و قەسابە حەیوانکوژە، تەنها ڕیکلامی بۆخۆی نەکردەوە، بەڵکو منداڵەکانیشی تێکەڵ بەو یارییە کردوە، بە نەخشەیەکی تورکی عوسمانلی ماڵێکی پتەوی بۆ خوا دروستکردووە و بەحسابی خۆی خوا دەقەپێنێت.ئەم دەرمانسازە لە سەر دیوارەکە نووسیوێتی کە ئەم مزگەوتە تەنها خۆم خاوەنی نیم، بەڵکو منداڵەکانیشم خاوەنین، ئاگاتان لێبێت لەو دنیاش واستەم بۆ مناڵەکانم کردووە. واعیزەکانی خواش لەماوەی ١٤٠٠ساڵی ڕابردوودا ئەوەیان بەگوێی موسڵماناندا داوە، گوایە ئەوەی مزگەوتێک ماڵێک بۆ خوا ئاوادان بکاتەوە بەهەشت لە گیرفانەکانیدایە و خوا لە هەموو گوناحەکانی دەبورێت و لاشی گرنگ نابێت چۆن ئەو پارەیەی دەست کەوتووە، خوای دەکرد بە بە دەرمانی ئێکسپایەر هەزاران کەسی پێکوژراوە، گرنگ ئەوەیە پارەکە مزگەوتەکەی دروست پێکراوە.هەر ئەو هزرە وای لەم دەرمانساز و قەسابە کردوە ناوی منداڵەکانیشی لەسەر دیواری مزگەوتەکە بنووسێت، بۆ ئەوەشە تا فریشتەکان بیخوێننەوە و هەواڵ بدەن بە خوا کە ماڵەکەی تەواوبووە خواش ئەمر بفەرموێ کە ئیتر جێگەیەک بۆ خاو خێزانی ئەم دەرمانساز و قەسابە ئامادە بکەن.وەک دەڵێن چاکە گەر لەلای کەسانی بێ ئاگاوەبێت زەهرە و بڵاو دەبێتەوە.
سەیر لەوەدایە خاوەن مزگەوتەکان چەند هەستی ئاسودەیان هەیە و دڵنیان کە دەچنە بەهەشت، بەس ئازایەتی ئەوەیان نییە بپرسن داخۆ بەهەشت لەکوێدایە و لە کامە جوگرافیادایە ؟ بەلای منەوە تەنها کەسانی بوێر و ئازا و بەجەرگ دەتوانن ئاینی بن، سادەیی لەئایندا ڕاستگۆیییە.بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەو پرسیارە بکرێت، خواش هەمان پرسیاری هەبێت داخۆ پارەی ئەم مزگەوتە چۆن و لە کوێوە هاتووە و بە چی پەیداکراوە ؟ 
 لەهەولێردا هەزاران خەڵکی بێسەرپەرشت هەیە سەدان قوتابخانە و خەستەخانە هەیە دەکرێ پێویستیان بەنۆژەن کردنەوەبێت، دەیان شەقام هەیە لەسەنگەر دەچێت پێویستی بە دەستکارییە تا سەرنشینەکان نەبنە قوربانی، هەزاران کرێچی هەیە کە سبەینێ ناتوانێ کرێی خانۆکەی بدات و دەردەکرێت، سەدان منداڵی بێ باوک و دایک هەیە هەزاران کەنەفت و پیر و کوێر هەیە، ئەی پارەدارەکان بۆ ناچن ڕوو لەو چاکسازییە کۆمەڵایەتییە بکەن کە لە بەرچاویاندایە ؟ بۆ هەموو دوای بازرگانی ناشەرعیەک دێن مزگەوتێک قوت دەکەنەوە ؟ چونکە مزگەوت جێگەیەکە بۆ ڕیایی و فریودانی خەڵک باشترین ڕێگەیە.
 مرۆڤ کاتێک لە وێنەیەکی وادەڕوانێت، هەست دەکات ئەم پارەدارە چەندە لەمردن دەترسێت...! ترسێک داگیری کردووە کە سەرچاوەکەی دیارە داواکاریی زیندووبوونەوەیە بەم ناشرینییەی کە ژیاندا بەسەری بدروە، دەیەوێت ئەو دنیاش بە ساختە و درۆ و ریا و دزیی و کاری ناشەرعی بیباتە سەر و لەو دنیاش کە پێی وایە زیدنوو دەبێتەوە، خواش وەکو سەرکردە و بەرپرسەکان دەبینێت کە بە ریاکردن و واستە دەتوانێت بەهەشتی پێ بدات!، ئەو دەیەوێت ژیان بکڕێت پیشانی بدات و پێشمان بڵێ، چۆن لەژیاندا من ئاسودانە ژیام ئاوا دوای مردنیش خۆم و منداڵەکانم لە بەهەشت پێکەوە دەبین، خواش ئەم دکتۆرە دەرمانسازە، چونکە کابرایەکی تا سەرئێسقان دواکەوتووشە، بیری چووە ژنەکەشی لە لیستەدا بنوسێت، لەوە ترساوە حۆرییەکان، نایەن بە لایدا و لە نیوەی ڕێ جێی دەهێڵێت.
 لەدوای ڕاپەڕین کاتێک عێراق بایکۆت کرابوو، بازرگانەکان خەریکی دزینی هەموو شتێک بوون.لەڕێگەی دەسەڵاتدارە چەتەکانەوە ئەوان سەدان باندی مافیایان دروست کردبوو، کاتێک ئەمەریکییەکان عێراقیان داگیرکرد و ڕژێمی سەدام لە گۆڕنرا و دۆلار نیشتمانی داپۆشی، بازرگانە هەڵتۆقیوەکانی تاوان و ئۆتۆمۆبێلی علوج کەوتنە خۆیان، بە پیریش دەستیان کردە دروستکردنی مزگەوت لەسایەی مزگەوتەکاندا دەیان دوکان و بازاڕو باڵەخانەشیان دروستکرد، کە مزگەوتەکان لەهەرسێ شارەکەی هەرێمدا ژمارەیان لەخەستەخانە و قوتابخانەکان زۆرترە، لەسەدان مزگەوت ڕۆژانی هەینی مەلا دەمبوسەکان ئامۆژئاری خەڵک دەکەن، کەچی هیچ کاتێک بەقەدەر ئەم ڕۆژگارە، مەلای ساختەچیی و ئیمامی مزگەوتی درۆزن و مرۆڤی ساختەچی و داوێن پیس و دز نادۆزیتەوە، زۆربەی خەڵک موچەی موفت وەردەگرێ و سیخوڕی دەکات و درۆدەکات و چاوی لەماڵ و حالێ خەڵکی ترە و چاوبازی دەکات و مەی دەخواتەوە، لەم لاشەوە سەری بچێت نوێژی ناچێ و هەینیانیش دەچێت بۆ مزگەوتە زەرباوەکانی سەواف و ئیمام و ئەسحابە و نزاو بەهەشتەکان.
 پرسیارەکە لەوەدایە مزگەوتەکان خاڵکیان بەکوێ گەیاند، ئەو دەسەڵاتە تڕۆیەش چۆن ئاسانکاری دەکات بۆ بازرگانە دزەکان کە زەوی و جێگەو ڕێگەیان پێدەدات تا بەناوی ئیمانەوە ماڵێک بۆخوا چاک بکەن، لەکاتێکدا نازانن خودا پێویستی بەوە نییە لێی بترسی، بەڵکو پێویستی بەعەشقە.لەو هەرێمە قەشمەرەی ئێمەدا سەدان خانوی خەڵک بەرجادە بکەوێت، وێران بێت قوتابخانەکان داڕزێن ئەمانە نابنە بابەت، بەس مزگەوتێک بەر جادە بکەوێت لەهەولێر مانگێک مێدیا قەشمەرەکان باسی دەکەن، لەکاتێکدا دەرمانی بازرگانە مافیاکان چاوی دەیان هاوڵاتیان کوێرکرد، هێندەی دیواری مزگەوتێک قسەی لەسەر نەکرا، لەم مزگەوتانە مەلاکان وەک دارشتنێکی لەبەرکراو کۆمەڵێک نزا دووبارە دەکەنەوە کە هیچ مانای نییە جگە لەترساندنی خەڵکی بۆیە ئەو ترسە وای لەبازرگانەکان کردوە لەجێگەی هەموو داهێنانێک مزگەوتێک بۆ نزا سواوەکان بکەنەوە.لەمزگەوتی نالی لە ساری سلێمانی هەفتەی چەند جار ئاوی بیرەکە دەکەنەوە بەچەند کاتژمێر ئەو ئاوا سازگارە دەڕوا، لەکاتێکدا لەهەندێک گەڕەکی سلێمانیدا خەڵک لە تینواندا توانای ژیانی نییە، داخۆ خوا ئەوەی پێخۆشە، ئاوا سوکایەتی بە سروشت و ئاو بکەیت؟ ئەوە ئەگەر مزگەوت نەبێێت و مەلا و مجەوەرە بێویژدانەکەی ئەو مزگەوتە نەبێت کێ هێندە بێموڕاڵە ئەو ئاوە وا بەهەدەر بدات ؟
ئەمڕۆ شارەکانی هەرێم لە وڵاتی سعودیە مزگەوتی زۆرتر لێ ڕوواوە، بۆیە دەرمانساز و دکتۆر بیری نەکردۆتەوە خەستەخانەیەک دروست بکەن، تاقیگایەکی دەرمانسازی چاک بکات، دەچێت مزگەوتێک دەکاتەوە چونکە ئەو لە مردن دەترسێت تا بە بەهەشت بگات و ناشزانێ هەموو ئەوانەی مزگەوتیان دروستکردوە، بۆ ئەوەیە مەلا عەبدول و مەلا شەرواڵپیسە زمان بەدەکان تێیدا داعش بەرهەم بهێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە