مەهزەلەکەی رامبۆ و کەناڵی رووداو

Wednesday, 29/06/2016, 18:10

4942 بینراوە


وەك چۆن تیرۆرکردنی فەرەیدون جوانڕۆیی هەر زوو کەشف بو، دوای ئەوەی دەزگاکانی راگەیاندنی پارتی سەرەتا دەیانگوت کارەسات و رووداوی ئوتومبێل بووە و ئەفسەری هاوتوچۆشیان هێنایە سەر شاشەکان لۆ پشت راستکردنەوەی ئەم وتەیە، کەچی زوو درۆکانیان لە لایەن سایتی بوێری کوردستان پۆست کەشف کرا، بەوەی نەخێر رووداوی هاتووچۆ نەبووە بەڵکو دەسیسەی رامبۆکەی سەرۆكتان بووەو پیلانی تیرۆرکردنی فرەیدون جوانڕۆیی داڕشتبوو بە تەقە لێکردن لێی.
لەمەدا چەند راستییەکی زۆر مەترسیدار دەردەکەون:
١- هیچ کاتێك شەرم و حەیایان لە دەرکەوتنی درۆکانیان نییەو لایان ئاساییە.
٢- چ باکیان نییە جگە لە خێڵی بابۆ هەموو تاکەکانی کورد سەربڕن، بەوانەشەوە کە پێڵاودانەری مستەفا بارزانی بوون.
٣- بێویژدانی و بێوەفایی ئەم تاقمە مافیاو تیرۆریستە، بەرامبەر دۆستەکانی خۆشیان.
٤- کێشەی سادەیی و ناحاڵیی عەقڵیەتی خێڵەکی و لەگەر ئەمەشدا  ژین و بژێوی خەڵک چۆن دراوەتە دەست هەرزەکاران .
ئەوەی لێرە جێی مەبەستە رووداوی تەقینەوەکەی ئەم دواییەی کەناڵی رووداو بوو، کە هەر زوو کەسانێکی بێ تاوانیان دوای ٤ سەعات لە ماڵەکانی خۆیان دەرهێناو دوور لە شوێنی رووداوەکە راپێچی زیندانە تاریکەکانی ئەشکەنجەدان و تەعداکردن کرانەوە، دەزانرێت هەر کەسێك لەوێ و لای ئەو دڕندانە بگیرێت هەر زوو دەڵێت ئێوە چی بڵێن وایە، چونکە دەبینێت چۆن خوشك و دایکیان بە رووتی دەهێنرێنە پێش چاوی و بتڵی گازیش بە گونی خۆیەوە دەکەن، جا ئەوسا با ئیحتراف نەکات.
نەوازاد هادی لەسەر شاشەی رووداو ئەو پرسیارەی لێکرا ئیا تاوانبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە؟ زمانی تێکەڵ و پێکەڵ بوو سەرەتا گوتی نە، بەڵام هەر زوو راستی کردەوە وتی ئا. ئەمانە لایان ئاساییە تاوانێکی ئاوهالە لەسەرانسەری جیهاندا بڵاوبکەنەوەو بیدەنە پاڵ کەسێکی بێ تاوان، منداڵێکیش ئەوە دەزانێت کە هەموو بەرپرسانی کۆمەڵ ئامادەییان بووە لەسەر شاشەی رووداو قسە بکەن و ئەو هەنگاوی پێشکەوتنە میدیایەیان پێ باش بووە، ئیتر چ بەرژەوەندییەکیان هەیە لە کردنی کارێکی ئاوهالە؟
ئەم پرسیارە پەلکێشی راستیە گرنگەکەمان دەکات: کەسێکی دەسەڵاتداری دوژمنەکەی نێچیر لە پشت ئەو رووداوەوەیە، تەنیا ئەویش پەیامی هاوخەمی خۆی بۆ کەناڵەکە نەنارد، بەڵێ بکوژەکەی سەردەشت عوسمان و سیناریۆ داڕێژەکەی کێسی شێخ زانا، ئەو چ خۆشحاڵ نییە بەم هەنگاوە گەورەیەی نێچیر پێی هەستاوە، بە کردنەوەی کەناڵێکی جیهانی، زۆر ترسیان هەیە جێ بە باوکیان لەق بکات، چونکە ئازادی بیروڕا و کرانەوە لە دژی یاسای خێڵەکییەو هەر کە خەڵك هوشیار بێت رەفزی ئەوان و جەنگەڵستانەکەیان دەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی چ رق و کینەیەکی ژێر بەژێر و کێشەی دێرین لە نێوانیاندا هەیە و چەند ساڵێك پێش ئێستاش تەقەیان لە نێچیر کرد.
رامبۆ بەم کارەی و بە لێکدانەوەی خۆی چەند ئامانجێك دەپێکێت:
- گورزێك لە نێچیرو کەناڵەکەی دەدات و ە ئەو پەیامەی هەڵگرتووە  ئاگاداربن وا ئاسان نییە بۆتان بێ ئێمەو دژی ئێمە کارێکی میدیایی لەو جۆرە بکەن.
- لێدانی ئیسلامییەکان، تەنانەت ئەوانەش کاری سیاسی دەکەن، چونکە بەمە وا دەزانێت خەڵک باوەڕی پێ دەکەن.
- دامرکاندنەوەی رق و کینەی شەخسی و بنەماڵەیی لە سپۆنسەری کەناڵەکە کە پێشی دەگوترێت کەناڵی نەوتەکە.
- کێشە گەورە و حەقیقیەکانی کوردستان لە بیر خەڵک دەباتەوە، وە سەرنجی میدیاکان بۆ ئەو رووداوە رادەکێشێت.
- بۆ هەمووان دەسەلمێنێت دەزگاکەکەی رامبۆ زۆر وریاو زیرەکن هەر زوو تاوانکارانیان دەسگیر کرد.
گەر ئەو ئیعتیرافانە لە پشت شیشی زیندانەوە بە زۆر دەرنەهێنرابێت ، با ئەو کەسانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بهێنرێنە سەر شاشەو خەڵك پرسیاریان لێ بکات بە تەلەفۆن و پێشیان بگوترێت ئێوە ئازادن بە تەواوی باسی پەیوەندی خۆتان بەو رووداوە بکەن و گەر لە کاتی ئەو رووداوەشدا لە شوێنی تر بوون  ئاماژە بەو شایەتانە بکەن کە لەو کاتەدا لەگەڵیاندا بوون.
زۆر بەداخەوە ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت لە مەهزەلەیەکی بێ بایەخ و زۆر قێزەون زیاتر شتێکی تر نییە، جگە لەوەی ئەم سیناریۆیە زۆر کۆنیشە، باشتر وابوو بۆ باوەڕ پێکردنی ئەم باسە ڕێگایەکی تری بدۆزیبایەتەوە تا کەمێك جێی قەناعەت ببوایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە