جینوسایدی شەنگاڵ، سەرۆک و وەزیری پ.م!

Tuesday, 09/08/2016, 12:08

5321 بینراوە


کاندیدی هەر پارتێک، لە کابینەی حکومەتدا کە دەبێت بە وەزیری بەرگری یان هەر وەزیرێکی تر، ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو پارت و کاندیدە بە سیستەمی سیاسیی حکومەت ڕازین و هاوکار دەبن. جا ئەگەر سیستەمیی حوکمرانی دیکتاتۆری و فاشیزمی بێت، یان پەرلەمانی و سەرۆکایەتی بێت، یان سیستەمیی مەزهەبی و دینی بێت، یان سیستەمی سۆشیالیستی بێت، یان سیستەمیی سیاسیی خێڵەکی بنەماڵە و خێزان بێت.، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت.
سیستەمی سیاسیی هەرێم، لە باشووری وڵات سیستەمی خێڵەکی، بنەماڵەیی و خێزانە، ئەم ڕاستییە بۆ کۆمەڵگایی کوردیی باشوور، سیاسەتمەداران و پسپۆرانی بواری سیاسیی نامۆ نییە بە تایبەتی بۆ سەرکردەی یەکەمی گۆڕان و وەزیرەکەی کە خاوەن ئەزمونێکی دوور و درێژن لە سیاسەتدا.  
هەڵەکە لێرەدا بوو، کە وەزیری پێشمەرگە، کاندیدی گۆڕان ئازادانە بە بڕیاری خۆی و پارتەکەی پۆستی وەزیری بەرگری وەرگرت لە کابینەی حکومەتێک کە سیستەمی سیاسیی خێڵەکی، بنەماڵە و خێزان بەڕیوەی بەرێت. وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە لێپرسراوەیی میژووی مەزنە کەوتۆتە ئەستۆی وەزیری پێشمەرگە، ناتوانی بە هیج پاساوێک خۆی لە لێپرسراوەی مێژووی ئەو ماوە دیاریکراوەدا بدزێتەوە کە وەزیری پێشمەرگە بووە و وەزارەتەکەی کارا بوووە. وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری پێشمەرگە، تەنیا ناو، ئیمتیاز، موچەی بەرز، وەرگرتنی لانکرۆزەر، هەبوونی پاسەوان، ناوبانگ، خۆدەرخستن، گرتنی مایکریفۆن، فیزلێدان و دانیشتن لەسەر سفرەی زەرد و سوور نییە. لەو ماوە مێژوویە دیاریکراوەدا کاندیدی هەر پارتێک، لە کابینەی حکومەتدا کە دەبێت بە وەزیری پێشمەرگە بیەوێت یان نەیەوێت  لێپرسراوەی چاک وخراپی رووداوە سەربازییەکان، رێککەوتن و بڕیارەسەربازییەکانی دەکەوێتە ئەستۆ. 
مەسعود بارزانی کە ئەوسا سەڕۆکی هەرێم بوو، ژیرانە هەموو سەرکردە و پارتەکانی باشووری خزاندە نێو دەسەڵاتێکی سیاسیی پیسخۆریی و کرمێ بووی گەندەڵییەوە. بواری هەموویانی دا ببن بە خاوەن ئیمتیاز و پارە، بەڵام بواری بە هیچ کەسێک و لایەنێک نەدا ببێت بە خاوەن دەسەڵات. بنەماڵەی بارزانی هەموو لایەنەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ناشرین کرد و لە تاوانەکانی خۆیەوە تێوەیگلاندن . 
کاتێک سەدام حوسێن سەڕۆکی پێشوی کۆماری عیراق لە دەسەڵاتدا بوو کۆمەڵێک وەزارەت و وەزیری هەبوو. ئەمریکا و هەموو خەڵکی عیراق دەیانزانی کە سەدام کاتێک لە دەسەڵاتدا بوو حاکمیکی دیکتاتۆر بوو، هەموو بڕیارێکی بە تاکڕەوی دەدا، ئەوەی بڕیارەکانی "سەدام" ی ڕەتبکردبوایە ئەوا کۆتایەکەی لە سێدارەدانی خۆی، ماڵومنداڵ و کەسوکاری بوو. لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەمریکا تەنیا "سەدام"ی نەگرت و لە نێو قەفەسی بکات لە دادگا، بەڵکو هەموو وەزیر و دارودەستەکانی کە پۆستی باڵای هەستیاریان هەبوو گیران و درانە دادگا، لە کەناڵی تەلەفزیۆنی عیراقی پەخشی راستەخۆ دادگایی کردنەکە پەخش کرا. 
لە ساڵی ٢٠١٤دا، شەنگاڵ بۆ هێزی توندڕەوی داعش بەجێهێشترا، هێزی پێشمەرگە لەو دەڤەرە ڕایانکرد، بەرگریان نەکرد بە بڕیاری سەرۆکی هەرێم و حکومەتی بنکە فرەوان.  لە ئەنجامدا بە هەزاران خەڵکی هەژاری بێ تاوان کەوتنە ژێر دەستی داعش.  
لە یاسا و دادگای هەموو دنیادا، تاوانباری سەڕەکی حوکمی لەسەر دەدرێت بەڵام ئەوەی تاوانەکەشی پەردە پۆش کردوە حوکم دەدرێ. هەموو کورد ئەو ڕاستییە دەزانن کە بنەماڵەی بارزانی تاوانباری یەکەمن، بەڵام ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوانی تر تاوانبار نین. لە نێو پەیکەری حکومەتی بنەماڵە و خێزاندا دەستڕۆیشتووەکان دیارن، زۆربەی وەزیری وەزارەتەکانیش تەنیا دیکۆرن تا دەگاتە مستەفا سەید قادری "وەزیری پێشمەرگی دەرکراو". هەموویان پرسیارێکی مێژووییان دەکەوێتە ئەستۆ، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە:
- ئایا ئەو وەزیرانە بۆ ئەو ڕۆڵە کارتۆنیانە قبوڵ دەکەن، ئەگەر تەنیا بۆ بەرژەوەندیی و پارە نەبێت؟
- ئایا وەزیری پێشمەرگە لە دوای جینوسایدی شەنگاڵ بۆ دەستی لە کارنەکێشایەوە؟
- بۆ وتارێکی پێشکەش نەکرد و هەڵوێستێکی نەنواند؟.
-  بۆ "وەزیری پێشمەرگە" دەرکراو، ئیدانەی هەڵوێستی بنەماڵەی بارزانی نەکرد؟
- بۆ ئەو تاوانەی کە ئەنجامیان دا دژ بە خەڵکی بێ تاوانی ئەو ناوچانەی مەحکوم نەکرد و پەردەی لەسەر هەموو شتێک هەڵنەدایەوە؟
- بۆ ویژدانی خۆی ئاسودە نەکرد لە کەناڵی  پارتەکەی خۆی (KNN) ورتە لە دەمی دەرنەچوو بەرامبەر بە سەڕۆکی هەرێم و ئەو تاوانەی ئەنجامدرا لە شەنگاڵ؟
- بۆ وەزیری پێشمەرگە لە نێو ئەو دەسەڵاتە کرمێ بووەی هەرێم مایەوە تا دەرنەکرا وازی نەهێنا؟ پرسیار زۆرن بۆ ئەوەی هەموو وەزیر و گزیرەکانی دەسەلات تاوانبار و دادگایی بکرێن؟

تێبینی: ڤیان دەخیلی گەندەڵ، ئەندامی پارتی گەندەڵ، پەنجەی تاوان بۆ وەزیری گۆڕان درێژ دەکات سەبارەت بە جینۆساید کردنی شەنگاڵ لەلایەن هێزی توندڕەوی داعش.
دادە گەندەڵ، داوای لە سێدارەدانی "وەزیری پێشمەرگە"ی دەرکراو دەکات لە بری ئەوەی داوای لە سێدارەدانی سەڕۆکە خێلەکییە گەندەڵەکەی خۆشی بکات!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە