تۆڕی لۆکس

Monday, 26/09/2016, 0:01

8259 بینراوە


هاوینی ساڵی ١٩٨٧ بوو بۆ ئەنجامدانی کارێکی نهێنی تایبەت بەتاڵەبانی سکرتێری یەکیتی نیشتمانی کوردستان وەک مەفرەزەیەکی تیپی پارێزگاری بەسەرپەرشتی مامۆستا کەمال عەبدوڵا تاماس فەرماندەی کەرتی ٢ی تیپی پارێزگاری لەیاخسەمەرەوە بەرەو ناوچەی هەمەوەندی گەرمیان بەڕێکەوتین.
دەبوو ئێمە لەچەمچەماڵ کارەکە ئەنجام بدەین. لەجەولەکەماندا ئێوارەیەکی درەنگ نزیکی کاتژمێر ٨ ی شەو گەیشتینە گوندی( خاڵدانی) هەمەوەند ئەنجومەنی گوندەکە هەموومانی بەسەرماڵەکاندا تەوزیع کرد من و دوو پێشمەرگەی هاوڕێم بەر ماڵێک کەوتین، ماڵەکە بەڕێزەوە بەرەو دیوەخانەکەیان بردین دیوەخانی ئەو ماڵە بە بالیڤو پشت بالیڤی پاکوخاوێن ڕاخرابووهەتا حەز بکەیت بەڕێز و میوان دۆست بوون.
لەنێوەندی سەقفی ژورەکەدا لۆکسێک بەهەڵگیرساوی دیوەخانەکەی کردبوو بەچراخان. لەچاوتروکانێکدا سێ قاپ دۆینە بەڕۆنی کوردیان بۆ ئامادەکردین. یەکێک لە پێشمەرگەکانی هاوڕێم دەم و چاوی گرژکرد بەکردارێکی دوور لە ئەخلاقی شۆڕشگێرانە بەزمەی ئاسنینی کڵانشیکۆفەکەی تۆڕی لۆکسەکەی هەڵوەراند و دیوەخانەکەی کردە شەوەزەنگ. منیش پرسیم کاکە بۆ وات کرد؟ ئەم ماڵە لەم کاتە ناوەختەی شەودا زۆر ڕێزیان لێگرتین؟ ئەو لەوەڵامدا ووتی: ئەم ماڵە مادام لۆکسیان هەیە کەواتە دەوڵەمەندن دەبوایە لە جیاتی دۆینە خواردنێکی باشتریان بۆ ئێمە ئامادە بکردایە. منیش ووتم کاکی من، ئێمە درەنگ وەخت داومانە بەسەریاندا هەرئەوەندەیان پێ دەکرێت لەبەرئەوەی گوندنشینان بەدرێژایی ڕۆژ لەهاویندا بەگەرماو لەزستانیشدا بەسەرما کاری قورس دەکەن و ئێوارانیش لەکاتی خۆیدا تەنها بەشی خێزانەکەی خۆیان خواردن ئامادەدەکەن . 
ئەو برادەرەی تۆڕی لۆکسی ماڵە گوندنشینەکەی هەڵوەراند ئێستا پۆستیکی قەڵەوی هەیە. من وەک خۆم ڕەفتارە ناشرینەکانی سەردەمی شاخ دەگێڕمەوە، ئێوەش ئازادن جوانیەکانی شاخ بنووسنەوە، بەس بێ ڕوتووش و مکیاج کردن. 
زمەی تفەنگ بریتیە لەئاسنێکی درێژ کاتی خۆی پێشمەرگە بۆ پاک کردنەوەی خانەکانی ناوەوەی لوولەی کڵانشیکۆف بەکاریان دەهێنا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە