زانیاریی ورد لەسەر سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد

Friday, 30/09/2016, 21:43

9530 بینراوە


لەبەر گرنگی ناوەرۆکی ئەو زانیارییانەی کە لەم هەواڵەدا هاتووە، کوردستانپۆست ئەم بابەتەی لە سایتی سبەی وەرگرتووە، تا لە ئەرشیفەکەماندا پاریزراوبێ.
(سبەی):
"لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، چەندین مەرج بەسەر بارزانیدا فەرز كراون‌ و وەفدە یاوەرەكەشی هیچ رۆڵیكیان نەبوە" سبەی لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد ئاشكرا دەكات. 
سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2016 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەرۆژنامەی "ئەلمۆنیتەر"ی بەریتانی بەڵێنی بە خەڵكی كوردستان دا لەم مانگەداو پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بكات.
ساڵانێكە ماكینە ئیعلامییەكەی پارتی، رۆژانە كوردایەتی بە مامۆستاو موچەخۆرانی هەرێم دەفرۆشنەوە، بەشێوەیەك ئەم دەهۆڵی موزایەدە سیاسییە دەكوتن كە كار گەیشتە ئەوەی بڵێن" پارەی داهات‌و موچەو بژێوی خەڵكی هەرێمی كوردستانمان بۆ رۆژی سەربەخۆیی هەڵگرتوە".
وەفیق سامەرائی سیاسەتمەداری عێراقی دەڵێت" بارزانی چۆن لە ساڵی 96 دا تەنگیان پێ هەڵچنی‌و  هانای بۆ سەدام بردو 31 ئابی 96 لە مێژوی خۆیدا تۆمار كرد، لە 29 ئەیلولی 2016 دا كە لەژێر فشاری جەماوەرەر‌و حزب‌و لایەنە سیاسییەكان هەرێمی كوردستاندا، تەنگەتاو بو، هەمان سیناریۆی دوبارەكردەوەو بە تێكشكاوی دۆڕاوی‌و سكشتخواردویی هانای بۆ بەغدا بردەوە".
(تۆڕی میدیای گۆڕن) لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی: مەسعود بارزانی‌و وەفدەكەی هاوەڵی، پێش سەفەرەكردنیان‌و لە فڕۆكەخانەی هەولێر، لەگەڵ ئەو دیبلۆماتە ئەمەریكییانە دانیشتون كە چەند مانگێكە كردونی بە واسیتە بۆئەوەی نێوەندی خۆیی‌و حەیدەر عەبادی‌و حزبی دەعوە چاكبكات، دوای كۆبونەوەی فڕۆكەخانەی هەولێر، بە فڕۆكەیەكی ئەمەریكی بەرەوە بەغدا فڕیون، لەوێش بەیاوەریی ئەمەریكییەكان گواستراونەتەوە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا‌و لە باڵیۆزخانە كۆبونەوەیان پێكراوە‌و هەر لەكۆبونەوەكەدا، وەبیر بارزانییان هێناوەتەوە كە ئەو رێككەوتنەی لەمانگی تەموز لەگەڵ كەریم سنجاری بەئامادەبونی خۆی كراوە، دەبێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، سەردانەكەی ئەو ‌و كۆبونەوەكەكانی لەگەڵ عەبادی‌و عێراقییەكان لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنە دەبێت‌و پارەی خۆتان وەردەگرن‌و هێزی پێشمەرگەش دەخەنە خزمەت شەڕی موسڵ‌و ژێر ئەوامری عەبادییەوە‌و دوای ئازادكردنی موسڵیش، دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆتان وەك لە رێككەوتنەكەدا ئیمزاتان كردوە.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی: پاش كۆبونەوەكەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، ئەمەریكییەكان بەیاوەریی خۆیان، مەسعود بارزانی‌و هاوەڵەكانیان گواستوەتەوە بۆ جێگەی عەبادی‌و لەوێش بە ئامادەبونی خۆیان دور لە چاوی كامێرا لەهۆڵی كۆبونەوەكاندا، كۆبونەوەی عەبادی‌و بارزانیان رێكخستوە، وەفدەكەی هاوەڵی بارزانیش لە دەرەوەی هۆڵی كۆبونەوەكە، وەك رۆژنامەنوسان لەچاوەڕوانیدا بون. 
هەمان سەرچاوە، زانیاری لەسەر كۆبونەوە دوقۆڵییەكەی عەبادی‌و بارزانی بە (تۆڕی میدیای گۆڕان) وت‌و راگەیاند، كۆبونەوەكە بە ئامادەبونی تیمی بێگانەكان بوە، نزیكەی یەك سەعاتی خایاندو بارزانی داوای لە عەبادی كردوە، هەوڵی گەڕانەوەی هۆشیار زێباری بدات‌و هەمو ئەو ماوەیش كە نەوتی فرۆشتوە، عەفوی بكەن‌و (عفی الله عما سلف) باسی پارەكەی مەكەن، رێككەوتنێكی تازەش لەنێوان حزبی دەعوە‌و پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزا بكرێت، بارزانی بەڵێنیشی بە عەبادی داوە وەفدێكی پارتی بە نوێنەرایەتی خۆی بەمەبەستی داوای لێبوردن بۆ شاری نەجەفی ئەشرەف‌و بۆ لای مەرجەعیەت بنێرێت.
"بێگانەكانی نێو كۆبونەوەكە، هیچ موداخەلەیەكیان نەكردوە، عەبادی بە مەسعود بارزانی وتوە  توركیاو سعودیە زانیاری هەڵەیان دژ بە عێراق پێگەیشتوە وەك ئاماژەیەك بەوەی بارزانی زانیارییەكانی گواستبێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەو لەدژی عێراق هانی دابن پیلان‌و موئامەرە بگێڕن، دواتریش هەردولا رێككەوتون لەسەر ئەوەی، رێككەوتنی نێوان هێزەكانی ئەمەریكاو هێزی پێشمەرگە بۆ گرتنەوی موسڵ وەك خۆی جێبەجێ بكرێت". 
عەبادی، سەبارەت بە داواكەی مەسعود بارزانی بۆ لێخۆشبون لەو پارەیەی كە لە فرۆشتنی نەوت دەستیكەوتوە، وتویەتی: پارەی نەوت‌و گومرگ‌و داهاتە ناوخۆییەكان، مەسەلەیەكی دەستورییەو دەبێت وەك ئەوەی لەدەستوری عێراقدا هاتوە، جێبەجێ بكرێت.
هەر لەدوای كۆبونەوەكەش، وەفدی هاوەڵی بارزانییان بردوەتە شوێنێكی ترو كۆبونەوەیەكی تر لەگەڵ ژەنەراڵە ئەمەریكیۆ عێراقییەكان‌و نەخشەی گرتنەوەی موسڵ‌و ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو پرۆسەیەی نیشانداون.
چاودێرێكی سیاسی دەڵێت" بۆ یەكەمینجارە لەمێژوی عێراقدا، وەفدی كورد بەو تێكشكاوی‌و بێ شكۆییە سەردانی بەغدا بكات‌و لە بەغداش بەوشێوەیە پێش چون‌و دوای چون بێڕێزیان بەرامبەر بكرێت، لەنێوان ئەم چون‌و نەچونەشدا، خەڵكی هەرێمی كوردستان سەری سوڕماوە".
----------------------------------------

"بارزانی ئیمزای كردوە لە موسڵ بكشێتەوە"

"مەسعود بارزانی بۆ بەغداو لایەنی نێودەوڵەتیشی ئیمزا كردوە لە هەمو ئەو ناوچانە بكشێتەوە كە پێشتر داعشیان تێدا بوە" ئەمە بەپێی قسەی ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق.
سایتی "ستاندەر" بڵاویكردەوە، موەفەق روبێعی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی "ئیتیجاه" رایگەیاندوە، مەسعود بارزانی بۆ بەغداو لایەنی نێودەوڵەتی ئیمزا كردوە كە بەشداری شەڕی موسڵ دەكات‌و  لە هەمو ئەو ناوچانەش دەكشێتەوە كە پێشتر بەدەست "داعش"ەوە بون.
لەلایەكی ترەوە، محەمەد سەیهود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئیتئیلافی دەوڵەتی یاسا وتی: ئەو لاپەڕەیەی كە مەسعود بارزانی دەبێت كاری لەسەر بكات، لە هەرێمەوە دەستپێدەكات نەك بەغدا.. بارزانی پێویستە رێز لە یاساكانی هەرێم بگرێت‌و دەستبەرداری دەسەڵات بێت.
وتی: بەگوێرەی دەستوری عیراق، دەبێت داهاتی نەوت‌و غازی هەناردەكراوی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵی.
ئاماژەی بەوەكرد، هەر رێككەوتنێك لەنێوان بارزانی‌و حەیدەر عەبایدا بكرێت، یاسایی نییە، چونكە ئەو وەك سەرۆكێكی ناشەرعیی هەرێم چوەتە بەغدا، بۆیە بارزانی پێویستە پەرلەمانی هەرێم، كارابكاتەوە كە سەرۆكەكەی‌و ئەندامەكانی لە هەولێر دەركردوە، پێویستیشە وەك نیازپاكییەك، وەزیرەكانی گۆڕان بگەڕێنێتەوە سەر كار.
----------------------------------------------
وەفیق سامەڕائی‌و موەفەق روبەیعی دو ناودارترین سەركردەی سوننەو شیعە لە عێراق، هانابردنی مەسعود بارزانیان بۆ بەغدا بە "هانابردنی 31ی ئابی ساڵی 1996" شوبهاندوە‌و وتیان" هاوشێوەی 31ی ئاب لە بێتواناییان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان پەنایان بۆ بەغدا بردەوە".
عەبادی هەرزو، بارزانی بەشاردنەوەی پارەی داهاتی نەوت وەسفكرد، هاوكات سیاسەتمەدارانی عێراق كەوتنە شكاندنی بارزانی‌و هاوەڵەكانی، ئیبتسام هیلالی و حەیدەر مولا، بێ شەرعی وەفدو سەرۆكی وەفدەكەیان دابەگوێی عێراقییەكاندا.
دوای كۆبونەوەی بارزانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، زانیارییەكان لەسەر زاری كەسایەتییە سیاسییەكانەوە بڵاوكرایەوە، هەمو تەئكیدیان كردەوە، لەچوارچێوەی رێككەوتنی تەموزی نێوان كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێم‌و ئەمەریكییەكان تێناپەڕین‌و مەسەلە شەڕی موسڵەو پابەندبونی كوردو هێزی پێشمەرگەیە بەو مەرجانەوە كە ئەمەریكی‌و عێراقییەكان دایان ناوە.
دەقی لێكگەیشتنی ئەمەریكاو حكومەتی هەرێم:
1- ئەم هاوكارییە لەلایەن سندوقی راهێنان‌و ئامادەكردنی عێراقەوە دەدرێت بە حكومەتی هەرێم، ئەم سندوقە تایبەتە بە حكومەتی عێراق‌و هەر پارە‌و هاوكارییەك بدرێت بە هەر لایەن‌و دەوڵەتێكی تر، دەبێت بە ئاگاداریی حكومەتی عێراق بێت‌و ئەو مەرج‌و خاڵانەشی بۆ پێدانی ئەو هاوكارییە دەنوسرێتەوە دەبێت رەزامەندیی حكومەتی عێراقی لەسەر بێت.
2- تەواوی ئەو خاڵانە لەلایەن لایەنی بەخشینی هاوكارییەكە كە ئەمەریكایە نوسراوەتەوەو لایەنی دوەم كە حكومەتی هەرێمی كوردستان- وەزارەتی پێشمەرگەیە تەنها لایەنی جێبەجێكارەو هیچ رۆڵێكی لە نوسینی ئەم یاداشتنامەیەدا نەبوەو تەنها ئیمزای لەسەر جێبەجێكردنی خاڵەكانی كردوە.
3- ئەو هاوكارییە داراییە وەك موچە بۆ ئەو پێشمەرگانەیە كە لە میحوەری 1 تا 8 لە سەنگەرەكانی دژ بە داعشدان‌و سەربە وەزارەتی پێشمەرگەن‌و ئەو پێشمەرگانەش لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە راهێنانیان پێدەكرێت واتا هیچ یەك لە لیواكانی 70 و 80 و هێزە جیاوازەكانی تر ناگرێتەوە.
4- دەبێت لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو هاوكارییەدا وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی دژ بە داعش زیاد بكات‌و هێزی زیاتر ئامادە بكات بۆ بەشداریكردن لە ئازادكردنەوەی پارێزگای نەینەوا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوبەشدا.
5- كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە تەواوی ناوچەكانی نەینەوا دوای ئازادكردن‌و هێوربونەوەی بارودۆخەكە.
6- لە بەرامبەر ئەو هاوكارییەدا پێویستە حكومەتی هەرێم پاڵپشتی لە راهێنانی هێزە سوننەكان‌و هێزەكانی تر بكات لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و هاوكاری‌و پاڵپشتی زیادكردنی هێزەكانی هاوپەیمانان بێت لەناو خاكی هەرێمی كوردستان.
7- پابەندبونی حكومەتی هەرێم بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراق-لقی هەرێمی كوردستان لە وەرگرتن‌و دانانی ئەو هاوكارییە داراییە.
8- وردبینی‌و بەدواداچون لە پێدانی ئەو هاوكارییەو چۆنێتی خەرجكردن‌و دابەشكردنی ئەو هاوكارییەو شەفافی لە پرۆسەكەدا.
9- ئەگەر حكومەتی هەرێم یەكێك لەو خاڵانە جێبەجێ نەكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەبێ ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێم لێكتێگەیشتنەكە هەڵدەوەشێنێتەوە.
10- لە بەرامبەر ئەو خاڵانەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەچوارچێوەی سندوقی راهێنان‌و ئامادەكردنی عێراقدا هاوكاری دارایی‌و لۆجستی‌و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی بۆ ئەو پێشمەرگانەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە كە بەشدارن لە شەڕی داعشداو بەشداری لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی نەینەوادا دەكەن، پێشكەش دەكات‌و حكومەتی عێراقیش دەستكراوەیە لە راگرتنی ئەو هاوكارییەدا.
11- ئەم رێككەوتنە بۆماوەی ساڵێكەو قابیلە بۆ هەڵوەشاندنەوەو تازەكردنەوەو گۆڕانكاری.
لەلایەكی ترەوە رۆژی 18ی ئابی رابردو، مارك تۆنەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە هێزەكانی پێشمەرگەو تەواوی ئەو هێزانەی شەری "داعش" دەكەن لەژێر فەرمانی حكومەت‌و سوپای عێراقدا بن، چەندین جاریش تەئكیدمان لەسەر ئەوە كردوەتەوە لەسەرەتاشەوە هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوە بوە.
تۆنەر وتی: واشنتن هەوڵەكانی لەپێناوی ئەو ئامانجەدا دەستپێكردوە.
دوای گەڕانەوەی وەكیلەكانی شاری خامۆشان لەعەرشی عێراقەوە بۆ زێدی خۆیان، كەناڵە عێراقییەكان لەزاری زیاتر لە سەرچاوەیەكەوە ئاشكرایانكرد، لەكۆبونەوەكەدا ئەركەكانی سوپای عێراق‌و هێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی دیاریكراون، هێزی پێشمەرگە هاوشانی حەشدەكان‌و جەیشی عێراقی لەژێر فەرمانی حەیدەر عەبادیدا دەبن‌و دەبێت دوای تەواوبونی شەڕەكەش بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە پێش شەڕی "داعش" تیایدا بون.
بەرامبەری ئەم سازش‌و تەنەزولە، بارزانی پارەیەكی مۆڵ وەردەگرێ‌و بودجەی ساڵی داهاتوشی بۆ زیاددەكەن.
بارزانی‌و هاوەڵەكانی كە ساڵانێك بو، كوشتاری سنوری ناوچە ئازادكراوەكانی جەلەولا هەتا شەنگالیان دەخستە ملی حەشدە شەعبیەكەی مالكی‌و عەبادی، خەڵكی كوردستان وەبیریان دێنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە