(مالینا و پى کەى) دووفلمى سینەمایى کە پێویستە تەماشابکرێن

Monday, 24/10/2016, 20:58

6618 بینراوە


هەندێک جار سیناریست و بەرهەمهێنانى کۆمپانیاکانى فلم کارى ناوازە و شاکارى گەلان دەکەنە فلم، ئەگەرچى مەبەستى سەرەکى کۆمپانیاکان بەدەست هێنانى پارەیە بەڵام خزمەتێکیش بەکۆمەڵگادەکەن لەڕوى کاریگەرى چیرۆکى ناو فلمەکانەوە، یاخود واقعیەتى ژیانى کۆمەڵگاکان لەفلمێکدا کۆدەکەنەوە کەبۆچەندین دەیە کاریگەرى لەسەر بینەر بەجێدەهێڵێت، بەدەگمەنیش کەم جار دەبینین فلمى دانسقە بەرهەم دێن کە بۆچەندین نەوە لەیادەوەرى کۆمەڵگادا دەمێنێتەوە، بەبڕواى من هەردووفلمى (مالینا و پى کەى)، لەبوارى سینەمادا هاوشانى شاکارەبەناوبانگەکانى وەک (گلگامێش. سینۆهە. زۆربا. قوتابخانەکەى میکاڤاڵتاری)ن. 
مالینا و پیکەى دوو شاکارى سینەماى ئەوروپى و بۆلیۆدى هندین، ئەم دووفلمە هەریەکە بەشێوازێکى جیا باس لەکێشەکانى نێوکۆمەڵگادەکەن بەتایبەت چینى خوارەوەى کۆمەڵگاکان و قۆستنەوەى عەقڵى خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە، جۆرى هەردوو فلمەکە (درامى. ڕۆمانسى. کۆمیدى)یە، دیارە سیناریستەکان ویستویانە لەڕێگەى کۆمیدیاوە تراژیدیترین و مەترسیدارترین ئەفکارەکانى نێوکۆمەڵگا لەشێوەى فلمى سینەماییدا پیشانى بینەر بدەنەوە، بۆئەمڕۆى کۆمەڵگاى کوردى تەماشاکردنى ئەم دووفلمە زۆرگرنگ و پێویستە.
مالینا. MALINA))
(مالینا)،کە ئەکتەرى بەناوبانگى هۆڵییۆد (مۆنیکا بلوسى) دەورى سەرەکى تیادەبینێت، ڕۆڵى (مالینا)، لەفلمەکەدا بەرجەستەدەکات، باس لەژنێکى شازى نێوکۆمەڵگاى ئیتاڵى سەردەمى شەڕى جیهانى یەکەم دەکات، کە جیاواز لەژنانیتر دەیەوێت بژى، ئەو حەقى کەسى نیە و تەنها سەرقاڵى ژیانى خۆیى و خزمەتکردنى پیرەباوکەکەى و وێڵى هەواڵێکى هاوسەرەکەیەتى کە لەبەرەکانى جەنگە لەئەفریقا، بەڵام چاوچنۆکى کۆمەڵگا ناهێڵن ئەم خانمە بە کەرامەتى خۆیەوە بژى و لێى تێناگەن، ئەمە نەک پیاوان بەڵکوژنانیش، پیاوان هەمیشە لەبەردەمیدا بەوپەڕى تەنەزولەوە ڕێزى خۆیانى بۆدەنوێنن نەک لەبەرئەوەى ڕێزێکى سروشتیانەى لێبگرن، بەڵکو لەبەرئەوەى  تا شەوێک لەباوەشیدا ڕۆژبکەنەوە، لەهەمانکاتدا ژنانیش تادێت ڕق ئەستورتردەبن بەرامبەرى لەبەرئەوەى سەرنجى پیاوانى دەوروبەرى بۆخۆى ڕاکێشاوە، لەلایەکیترەوە کوڕێکى مێردمنداڵ، بەڕاستى عەشقى (مالینا)دەبێت و هەمیشە لەماڵەوە و لەقوتابخانە و لە خەویشدا ئەندێشە و مەیلى بەلاى ئەم ژنەدا دەچێت و چاودێریەکى وردى دەکات. 
وەک کوردەوارى خۆمان دەڵێن بێبەختى (مالینا)لەوەدایە، لەلایەک هەواڵى کوژرانى هاوسەرەکەى پێدەگات و لەلایەکیتر لەهێرشێکى هێزەهاوپەیمانەکانى وڵاتانى(فڕەنسا. بریتانیا)، باوکیشى لەدەستدەدات و ئیدى لێرەبەدواوە ڕەوشى ژیانى (مالینا)بەرە و ئاقارێکى خراپ دەڕوات، خەڵک بێکەسى یەکەى بەهەل دەزانن و هەرکەسێک ئارەزووبکات دەچێتە ماڵى و کارى خۆى دەکات، دواجار ژنانى گوزەرەکە زیاتر ڕق ئەستورتر دەبن و لەناوەڕاستى بازاڕدا و بەبەرچاوى خەڵکەوە ئەتکى دەکەن و پرچەکانى بەشێوازێکى ناشیرن دەبڕن، تا (مالینا) ناچار بەڕۆیشتن بکەن لەو ناوچەیە، (مالینا)ش لەناچاریدا ناوچەکە جێدێڵێت، لەدواى ڕۆیشتنى بەماوەیەکى کەم هاوسەرەکەى دێتەوە تەنها دەستێکى قرتاوە، کەس تواناى ئەوەى نیە ڕاستى چیرۆکەکە بۆ پیاوەکەى (مالینا)باس بکات، تا کوڕەمێردمنداڵە عاشقەکەى ژنەکەى، شەوێک نامەیەک هەڵدەداتە سەرجێگەى پیاوەکە و ڕاستى و دروستى ژیانى (مالینا)ى هاوسەرى لەدواى ڕۆیشتنى بۆباس دەکات، دواتر پیاوەکە بەدواى (مالینا)ى هاوسەرى دەگەڕێت و دەیدۆزێتەوە و دێنەوە ناوچەکەى خۆیان. 
کێشەى (مالینا) تائێستاش لەبەشێکى زۆرى وڵاتاندا ماوە بەتایبەت وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە هەرێمى کوردستانى خۆشمانەوە، هیچ کەسێک نایەوێت لە(مالینا)ى شۆخوشەنگ تێبگات کە ئەم ژنە دەیەوێت بە پشتبەستن بەخۆى ژیانى خۆى بەڕێبکات، چواردەورەکەى تەنها دەیانەوێت ئارەزوەکانى خۆیانى تیابەتاڵ بکەنەوە و هیچیتر، لەوەش خراپتر ژنانیش هیچ نرخێک بۆئەم ژنە دانانێن و هەمیشە سەرکۆنەى دەکەن بەبێ ئەوەى لێى تێبگەن و هاوکارى بکەن، دواجار قوربانى یەکەم تا ئێستاش لەکۆمەڵگاکاندا (مالینا)کانن!!. 
پی کەى (P.K)
(پی کەى)، یەکێکە لەفلمە بەناوبانگ و سەرکەوتوەکانى سینەماى بۆڵییۆدى هندى، ئەم فلمە لەلایەن هەردوو ئەکتەرى بەتواناوە (ئەمیرخان. ئەنوشکا شەرما) ڕۆڵى سەرەکى بەرجەستەدەکەن، باس لە واقعیەتى کۆمەڵگا دەکات کە چۆن بەدەست ئاینە ئاسمانیەکانەوە گیرۆدەبونە، "لەکاتێکدا هەموودینەکان بۆ خزمەتى کۆمەڵگا و دەرچونى کۆمەڵگا لەو زەلکاوەى تێى کەوتوە بەرە و ژیانێکى شایستە هاتون" بەڵام کاتێک ئاینەکانیش وەک کاڵایەک بازرگانى پێوە دەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەرانى یەوە، ئاین دەبێتە هۆى لێکترازانى کۆمەڵگا و دابەشبونى بەسەر چەند گروپێکدا و هەر گروپەش هەوڵى تێکشکاندن و ناشیرینکردن و هەتا کوشتنى بەرامبەرەکەى دەدات.
فلمى(پى کەى)باس لەگەنجێک دەکات لەسەر هەسارەکیترەوە دێتە سەرزەوى بەمەبەستى لێکۆڵینەوە، خاڵى لاوازى ئەم گەنجە (ڕیمۆند کۆنتڕۆڵەکەیەتى) کە لەملیدایە، چونکە بەبێ (کۆنتڕۆڵەکەى) ناتوانێت بگەڕێتەوە هەسارەکەى خۆى، شانس یاوەرى نابێت و لەیەکەم ساتى دابەزینى بۆسەرزەوى (کۆنتڕڵەکەى) لەلایەن پیاوێکەوە لێدەدزرێت، دزەکە لەبەرامبەر بڕێک پارەدا (ڕیمۆند کۆنتڕۆڵ)ەکە دەفرۆشێتە پیاوێکى ئاینى فێڵباز، بەناوى (تاپاسى)، بەهۆى ئەو شێوازە سەرسوڕهێنەرەوە کە (ڕیمۆند کۆنتڕڵ)ەکە هەیەتى وەک دیاریەک کەلەلایەن خوداوە بۆى هاتبێت بۆخەڵک و لایەنگرانى نمایش دەکات و هەمیشە و بەردەوام پارەى پێ پەیدادەکات. 
دواجار ئەم کوڕە کە خۆى بەناوى(پى کەى) دەناسێنێت و فلمەکەش هەربەم ناوەوەیە، بەڕێکەوت لەوێستگەیەکى شەمەندۆفێر چاوى بەکچێک دەکەوێت بەناوى (جاکو)، کە خانمەئەکتەرى بەناوبانگى بۆلییۆد (ئانوشکا شەرما) دەورەکە دەبینێت، ئەم کچە لە کەناڵێکى تەلەفزیۆنى کارى پەیامنێرى دەکات و بەڵێن بە (پى کەى) دەدات هاوکارى بێت لەدۆزینەوەى (کۆنتڕۆڵ)ەکەى و گەڕانەوەى بۆسەرهەسارەکەى خۆى، بەڵام ئەم کچەش چیرۆکێکى تراژیدى لەگەڵ پیاوە ئاینیەکەهەیە و ڕێگرى لێکردوە لە پڕۆسەى هاوسەرگیرى لەگەڵ کوڕە موسڵمانێکى پاکستانى، بەبیانوى ئەوەى موسڵمانەکان ڕێز لەداب و نەریت ناگرن، ئیدى دەبێت ئەم دوو عاشقە باجەکەى بدەن.
کۆمەڵگا لێرەدا دەورى نەزان دەبینێت بەهۆى پەرستگاکان و پیاوانى ئاینیەوە، ئەم گەنجە هەموو ئاین و تەنانەت مەزهەبەکانیش تاقى دەکاتەوە، بەمەبەستى دۆزینەوەى کۆنتڕڵەکەى، لەهەموو شوێنێکیش پێى دەڵێن پیاوچاکەکان هاوکاریت دەکەن، بەڵام بێ ئاگایە لەوەى لەلایەن خودى پیاوێکى ئاینى هندۆسیەوە دەست بەسەر کۆنتڕڵەکەیدا گیراوە و بازرگانى پێوەدەکات.
لەدیمەنێکدا (پى کەى) ڕوودەکاتە ئاسمان و چەند وشەیەکى زۆر گرنگ دەردەبڕێت و دەڵێ"خوایە ماندوبوم زۆر بەدواتا گەڕام تۆم نەدۆزیەوە تۆ لەکوێى؟ گروپێک لەم خەڵکە پێم دەڵێن گەر دەتەوێ لەخوا نزیک بیتەوە دەبێت مانگا بپەرستى!!، گروپێکیتر دەڵێن بۆئەوەى خوا لەخۆت ڕازى بکەى مانگا سەربڕە و بیکە بەقوربانى!!، گروپێک دەڵێن ڕۆژى هەینى تاعەتى خوابکە و هەندێک دەڵێن ڕۆژى شەممە!!هتد..، بەشێوەیەک سەرم لێشێواوە تەنانەت نازانم من کێم!!".
دواجار (پى کەى) لەبەر بەدەست هێنانەوەى (ڕیمۆند کۆنتڕڵ)ەکەى بەهاوکارى کچە هاوڕێکەى ناچار دەبێت لەبەرنامەیەکى تەلەفزیۆنى ڕاستەوخۆدا ڕوبەڕوى پیاوە ئاینیەکەبێتەوە و سەرجەم کۆدەکانى ئاشکرابکات و ڕوى ڕاستەقینەى بۆخەڵک بخاتە ڕوو، بۆئەم مەبەستەش دەگەڕێنەوە خاڵى سەرەتا و لەچیرۆکى کچەهاوڕێ کەیەوە (جاکو)دەست پێدەکات و کۆدە هەڵەکانى پیاوە ئاینیەکە ئاشکرادەکات و لەدواى چەندین ساڵ هەڵەتێگەیشتنەکانى نێوان (جاکو)ى هندۆسى دانیشتوى هندستان و کوڕە عاشقە موسڵمانەکەى کە دانیشتوى پاکستانە، ڕون دەکاتەوە، کەپێشتر ئەم پیاوە هندۆسیە لەبەر چەقبەستویى و پاراستنى دابونەریت بەفێڵێکى سیحراوى ئەو دوو عاشقە لەیەک دادەبڕێت، دواجار ئەو دوو خۆشەویستە بەیەک دەگەن، ئیدى (پى کەى) دەبێتەوە بەخاوەنى (ڕیمۆند کۆنتڕۆڵ)ەکەى، لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆسەر هەسارەکەى خۆى و ماڵ ئاوایى لە زەوى دەکات. 
بەداخەوە تا ئێستاش کۆمەڵگا لەلایەن پیاوانى سەرجەم ئاین و سیاسیەکانەوە بەڕێوەدەبردرێت، کەچینێکى کەمى کۆمەڵگان، بەڵام تا خەڵک خۆى بیرنەکاتەوە و ڕێگاى خۆى دەست نیشان نەکات، ئەوا ئەم چیرۆکانە هەر بەردەوام دەبن!!. 
لەم دوولینکەى خوارەوە دەتوانى سەیرى فلمەکان بکەى. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە