ژیان لە شاری مووسڵ دوای شەڕی داعش !

Saturday, 29/10/2016, 20:26

3756 بینراوە


لە ناو دەسەڵاتدارانی دواکەوتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژوو، مێژووی رقوتۆڵەسەندنەوەیە. نەوە لە سەر نەوە ، رەگەز لە سەر رەگەز بۆ ئەوە پەروەردە دەکرێن کە کای کۆن بە کەن وخۆڵەمێش لە سەر کۆنە جەنگەکانی ئایینی وباوەرە دواکەتووەکان لابەرن. ئەو جوغڕافیایە بۆیە ئارامی وئازادی بە خۆیەوە نابینێ. هەر دەسەڵاتێک کە بێتە سەرکار لە سەر خوێنی ڕشتووی دەسەڵاتی پێشوو دەگەڵ نەیارەکانی دەجەنگێ. هۆی سەرەکیش بەردەوامکردنی گەندەڵترین دەسەڵاتەکانی یەک بە دوای یەکدایە. بێ بەختی گەلانی دانیشتووی سەر جوغڕافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وە دایە کە هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی لە هەر وڵاتێك بۆ بەرژەوەندی خەڵک وسەروەری خاکەکەی شەڕ ناکا. هەمووی بۆ قازانجی بنە ماڵە ودەسەڵاتداریی دیکتاتۆڕانەی خۆیانە. لەو خاکەدا هەردەم شەڕی دێرینی ئاینی وشەڕی گەلان دەگەڵ یەکتر سەرهەڵدەدەنەوە.مێژووی رابوردوو قەت نەبۆتە هەوێنی ئەزموونێک بۆ داهاتوویەکی پڕ لە سەروەری وئاشتی .
شەڕی چالدوران یەکەمین شەڕی دەوڵەتی شیعەی سەفەویە دەگەڵ تورکە عوسمانیەکان کە لە مانگی ئووتی ساڵی ١٥١٤ ی زایینی دا رووی داوە. لەو شەڕەدا سوپای عوسمانی بە سەرپەرەستی / سوڵتان سەلیمی یەکەم / و بە فەرماندەیی / شا سمایل سەفەوی / بووە. لەو جەنگەدا قزڵباشەکانی سەفەوی چل هەزارکەسیان لێ کوژرا. هەروەها لە عوسمانیەکانیش نزیکەی ١٠٠هەزارکەس تێدا چوون، بەڵام لە کۆتاییدا شیعەی سەفەوی تێکشکان. بۆیە بەشێک لە ناوچەکانی باکورو باشووور ورۆژئاوای وڵاتی کوردان کەوتە ژێر چەنگی عوسمانیەکان ولە ئێڕان جودا بوونەوە.
" ژیان لە شاری مووسڵ "
شاری مووسڵ سەرەتا ناوی / خەلوان / بووە ، لە سەردەمی دەسەڵاتدارانی سەر بە / ساسانیەکان / لە ئێڕان ناوی / بووزاردشێر / بووە. دوای جەنگی جیهانی یەکەم ودووهەم زۆربەی دانیشتوانی ئەو شارە کورد بون، ئەگەر بە جوغڕافیاش وەک شارێکی کوردستانی پێناسە نەکرابێ. هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی بەعس وسەددامی توون بە توون  هێدی هێدی کورد لە کەمینەی دا ، سیاسەتی بە عەڕەب کردن رووی لە زیاد بون کرد. بەڵام ئێستێ نە سەددام ماوە نە سەردەمی دەسەڵاتدارانی سەفەوی ونە سەردەمی ئێمپڕاتوری عوسمانییە. دەسەڵات ٣٧ ساڵە لە تاران بە ئیدئۆلۆژیای ئایینی شیعە بەڕێوە دەچێ وعێراقیش بە دەسەڵاتی زۆرینەی ئایین شیعە هاتۆتە سەرکار.( جگە لە کورد وجگە لە عەڕەبی سووننە ئایین ). پرسی سەرەکی ومێژوویی ئەوەیە : لە کوێ دونیادا بینراوە شارێکی وەک موسڵ بەو هەمووە تایبەتمەندی خۆیەوە ، لە سەر دەستی هێزێکی زەبەلاحی وەک سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبی لە چەنگی داعش بێتە رزگار کردن وئامریکاو هاوپەیمانەکانیشی پەستا پەستا باس لە عێڕاقی یەکگرتوو بکەن ! ، پاشآن دەسەڵاتی شیعە ئایینی بەغداش بڵێ : دەها فەرموون سوننە و کورد وکەمینەکانی دیکە ئێمە شارمان لە داعش پاک کردەوە وەرن رادەستی ئێوەی بکەین ئەگەر زەحمەت نەبێ وەریگرنەوە !
کۆماری ئیسلامی شەڕی خۆی دەگەڵ ئامریکاو هاوپەیمانەکانی دەباتە شاری موسڵ. یەکەم هەنگاو لاوازکردنی دەست ڕۆیشتوویی بەرپرسانی / سوننە / ئایینە لە لایان دوو سیستم . بەرپرسانی بەغداو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی. ( ئەوسیاسەتەی کە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان / بەڕێوە دەچێ. پاشان لە بڕیاردانی مەزنی سیاسی لە ئاست دامودەزگای بەڕێوەبەری پلە وپۆست چووکە چووکە دەدەنە بەرپرسانی سوونە ئایین. لە هەمان حاڵدا هیچ حیسێبێک بۆکەمینەکانی دیکە ناکرێ. ئەو سیاسەتی کە تا ئەوڕۆش ئامریکا لە کوردستان وعێڕاق مەشآندوویە بایی توورێکە. بۆیە دوای داعش مرۆڤ دەتوانێ بڵێ خۆزگەم بە کفندزی یەکەم . لە فەزایەدا ژیان لە موسڵ وەک زەهری ماری لێدێ.
" لە ئاست دەسەڵاتی باشوور "
دوای موسڵ دەردەکەوێ ئەو دەنکە جۆیانەی پادشآ ، کە بارزانی خواردوویە یەک بە یەک لە گەرووی دێننەوە دەرێ. بەڵام سەرەتا بە زمانی زبرنا. دەوڵەتی ناوەندی بەغدا باش دەزانێ کە ئامریکای دوای ئۆباما بایی فلسێک حێسێب بۆ بارزانی ویەکێتی ناکا. چون ئەو ٢٥ ساڵە کارو پیشەیان هەر دزی وگەندەڵی بووە. بۆیە پێشیان پێدەگرن تا کێشەی شەڕی ناو خۆیی جارێکی دی دووپات نەبێتەوە. چون بە قازانجی دونیای زلهێزەکان نابێ. دوای شەرێ داعش وهیندێک هێور بوونەوەی باری سیاسی وئابوری شاری مووسڵ دوو بابەت دەبنە رۆژەڤ:
یەک : پرسی مووچەی سەر جەم فەرمانبەرو مامۆستاو کارمەندی سەر بە دەسەڵاتی گەندەڵ کار. بەغدا زۆر هاسای ئەو کارە بۆ لای خۆی دەقۆزێتەوە. بارزانی دەمێنێ ولێفەی مەلای باوکی. لەوەش بترازێ بژیوی ژیانی رۆژانەی / پێشمەرگەیە / کە بەغدا بە مەرجێک دەیدا کە لیستی یەکە بە یەکەی ناوی هەر پێشمەرگەیە بدرێتە وەزارەتی دارایی عێڕاق. ئەو جار دەڵێ ئێوە هێزێکی عێڕاقین ! وەرن دەتانکەمە پاسەوانە پاراستنی سەر سنوورەکانی خۆتان. ئیدی ئێوە ئەگەر پێشمەرگەش بن ، هی هیچ حیزبێکی نین ئەو گەندەڵانەش چەکداریان بە دەورەوە نەمێنێ لە من بێدەسەڵاتترن. بۆ ئەنجام دانی ئەو سیاسەتەش مامۆستای بە ئەزموونی گەرەکە ، بەغداش ئەو مامۆستایەی هەیە ئەویش کۆماری ئیسلامییە.!
دوو : ٢٥ ساڵە لە دزی فزی زیاتر هیچیان نەکردوە. پارەی فرۆشی نەفتی خەڵکی کورد دۆڵار بە دۆڵار لە گەرووی بنەماڵە دزسالاری بارزانی وتاڵەبانی دێننەوە دەرێ. ئەو پارەیە لە بانکەکانی نێوان عەرزو ئاسماندا گیری نەخواردوە . زۆر هاسانە دیتنەوەیان. بۆ ئەو کارەش تورکیە ودەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا دەگەنە یەک.مەسعودو جەلالیش بە گوونی یەکتردا دەڕین. یان دەبێ پارەکان وەدەرخەنەوە یان حەشدی شەعبی وەک هەنگی هاژاوەی بێ هەوسار دە کوردستان وەردەبن. ئاخر مامۆستای دەسەڵات لە بەغدا هەر کۆماری ئیسلامییە کە لەو کارەشدا وەستایە . چون ئەزموونی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەیە. شاری موسڵی دوای داعش دەبێتە شارێک وەک چێشتی مجێوری لێ بە سەردێ.کەس نازانێ کێ دەسەڵاتە کەس نازانێ کێ لاتە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە