پێنج و یەک ، دەربارەی دوا پەیامی بارزانی !

Tuesday, 22/11/2016, 22:45

2521 بینراوە


دوا جار بارزانی هاتە دەنگ و پەیامێکی بڵاو کردەوە دەربارەی بارودۆخی ئێستای کوردستان ، بەهەمان شێوەی پەیامەکانی پێشتری ئەوەی تێیدا نەبوبێ " چارەسەری کێشەکانە " ، ئەوەی تێشیدابوو سوڕانەوە بوو لە هەمان بازنە داخراوەکەدا ، جیا لە تەعریفێکی سەیرو تەوهین ئامێز بۆ خۆپیشاندانەکانی " زۆنی سەوز " کە گوایە ئەمە داسەپاندنی " ئیرهابی فیکری " یە بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیوی سلێمانیدا ئەمە ش بۆ خۆی دوو لێکدانەوەی بۆ دەکرێ، یەکەمیان بێئرادەیی و سادەیی جەماوەر لە سلێمانی کەگوایە داردەستن وئیرهابی فکریان بەسەردا سەپاوە ، دووەمیان هەڕەشە بە تێکشکانی ئەم " ئیرهابە " !.
هەر دوای پەیامەکە دوو هێزە سەرەکیە ئیسلامیەکە ، کۆمەڵ و یەکگرتوو ، بە هەلهەلە بەرەو بانگەوازەکە چوون ،  شکیشم لەوەنیە یەکیەتیش دوابەدوای ئەوان هەمان هەڵوێستی دەبێ بەو ئیعتبارەی هێزی دووەمە کە دەستی لە خوڵقاندنی ئەم بارو دۆخەدا هەیەو بەدوای ڕێگا چارەیەکەوەیە تیایدا نە شیش بسوتێ و نەکەباب ، کە بە دڵنیایەوە دواتر هەر کەباب دەسوتێ !، ئەگەرچی گۆڕان تا ئەم چرکە ساتە وەڵامی فەرمی پەیامەکەی نەداوەتەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی کلیلی چارەسەری بارو دۆخەکە بەلای ئەوانەوە کارا کردنەوەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆکی هەرێمە بێشک قسەیەکی تازەتریان پێ نابێ، بێئاگا لەوەی پەرلەمان کاتێک کاراش بوو پرسە گرنگەکان لەدیوەخاندا باس دەکران و لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکراو هەرگیز پەرلەمان مەرجەع نەبوو !
چوار لایەنەکە هەر لە سەرەتای دەسپێکی نارەزایەتیە جەماوەریەکان تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ لە هەوڵی خۆ خزاندنە ناو ناڕەزایەتیەکان بوون بەمەبەستی تەریک کردنەوەی پارتی و شکاندنی شانەکە لەسەری ئەودا لەلایەک ، وە لەلایەکی دیکە کۆنتڕۆڵ کردنی جڵەوی ناڕەزایەتیەکان و ڕێگری لە " بەلاڕێ دابردنی "  بە جۆرێک لە گەڵ بەرژەوەندی ئەوان نەیەتەوە.
لەواقیع دا ئەم پێنج لایەنە ، بەهەندێک جیاوازیەوە ، هەموو لەبەرەیەکدا وەستاون بەرامبەر بەرەی جەماوەر ، هەر هەڵوێست و تاکتیکێک بگرنە بەر دڵنیام لەبەرژەوەندی تەسکی حیزبەکانیان بەولاوەتر ناچێ ! هەر بۆیە سەرکەوتنی بەرەی جەماوەر گرێدراوەتەوە بە بەردەوام بوون و پێداگری و سووربوون لەسەر جێبەجێ کردنی داخوازیەکانیان و خۆ جیاکردنەوە لەم بەرە پێنج قۆڵیە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە