ترامپ و دەوڵەوتی کوردی

Saturday, 26/11/2016, 0:07

3504 بینراوە


 لە ٩/١١/٢٠١٥ ووتارێکم لەم سایتە خۆشەویستەدا بڵاو کردەوە لەژێر ناونیشانی(سەرۆکی نوێی ئەمریکا) و پێشبینی ئەوەم کرد کە دۆناڵد ترامپ ئەبێ بەسەرۆکی داهاتووی ئەمریکا. لەهەمان کاتدا سایتی لڤین پێشبینی خۆیان بۆ هیلاری کلینتۆن نیشان دابوو،بەوەی ئەمەی ئەوان پشتی بەستوە بەچەندین کەسی ئەکادیمی و سیاسی گەورە و پرۆفیسۆرانی بواری هەڵبژاردن بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە نووسین و پێشبینی هیچ کوردێك بکەن لەو پێشبینیە هەڵەیەیاندا.
هەر لەو ووتارەدا ئەم دوو هۆکارە سەرەکیەم باس لیوە کردبوو و گەر خوێنەری بەڕێز ئەیەوێ جارێکی تر بیخوێنێتەوە ئەوا ئەتوانێ بچێتە سەر ئەرشیفەکەم.(کلیک) لەم ووتارەدا تەنها خۆمان لە ٣ تەوەرە نزیك ئەکەینەوە و بزانین چۆن ترامپ ئەتوانێ ئەو گۆڕانکاریە گەورانە بەئەنجام بگەیەنێ کاتێ بەڵێنی دا بە دەنگدەرانی و با بزانین تا چەند ڕاستگۆ ئەبێ و تا چەندی تریش جیهان بەخۆیی و گۆڕانکاریەکانیەوە سەرقاڵ ئەکا.ناشبێ ئەوەمان لەیاد بچێ کەوا ئەم کابرایە زۆر شتی لەهەگبەدایەو جیهانی تەواو بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوەو پێشبینی کردنی کارەکانی هەروا سانا نابێ و ئەگەری شتی زۆر سەیر وگەورەی لێ ئەکرێ.هەر دوای ئەو ئەوەی کرا بەسەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا،گۆڕانکاریەکان بەشێوەیەك لەئاسۆوە ڕوونەو کاریگەریەکان وا خەریکە سەر دەردێنێ. ترامپ کابرایەکی گەلێ زیرەك و فێڵبازەو ئامادەیە بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا دەست بۆ هەموو ئەگەرەکان ڕابکێشێ و دوو دڵی نەکا لەبەرکارهێنانی هەر میکانیزمێك بۆ سەرکەوتنی ئەژنداکانی.ترامپ کابرایەکە زۆر مرۆڤی ئازای خۆش ئەوێ و لای ئەو هێز پنتی سەرەکیە بۆ چوونە نێو هەر بەربەرەکانی و گفتوگۆ و جەنگ و مامەڵەی ئابووریەوە.
تەوەرەی یەکەم: (ترامپ و سیاسەتی دەرەوە):لەمێژە ترامپ گلەیی و ڕەخنەی ئاڕاستەی سیاسەتی ئابووری ووڵاتەکەی کردوە لەمەڕ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی ئەو دیوی ئۆقیانووسی تەتلەنتی  کەوا چۆن ئەمریکا جگە لەبواری جەنگ لەهەموو بوارەکانی تردا ،سەرکەوتوو نەبوە. لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەم پێی وایە ئاڕاستەی ئابووری ئەمریکا لەگەڵ هەریەك لە (چین و ژاپۆن)تەنها و تەنها لە بەرژەوەندی ئەواندا بوەو بەهۆیەوە ئەو دوو ووڵاتە بوونەتە زەبەلاحێکی ئابووری گەورە وە پێش ئەمریکایان داوەتەوە. ئەمەش بەهۆی هەڵەی سیاسەتی ئابووری ووڵاتەکەیەوە بوەو ، ئەمریکایان لەلێواری داتەپین نزیك کردۆتەوەو چەند جارێك تووشی قەیرانی ئابووری گەورەیان کردۆتەوە کەدواهەمینیان ئەوەی ساڵی (٢٠٠٨)بوو.  ووڵاتی چین بۆتە هۆکاری خاووبونەوەی ئابووری جیهان و زۆربەی ووڵاتانی تووشی قەرزی گەورە کردۆتەوە،بۆ نمونە ئەمریکا زیاتر لە(١٩)تریلێۆن دۆلار قەرزارە،کەئەمەش جێگەی نیگەرانی و دڵە ڕاوکێی دۆناڵد ترامپە. بۆ چارەسەری ئەمەش ڕەنگە پەنا بەرێتە بەر خستنی باجێکی گەورە لەسەر شت و مەکی ئەو دوو ووڵاتە و هەڵوەشانەوەی مەمەڵە و گرێبەستە نێو دەوڵەوتیەکان وەك (نافتا). ترامپ بەوەشە ناوەستێ و لەهەوڵداندایە بۆ دەلاقە تێکردن لەنێوان بەرژەوەندی نێوان چین و ڕووسیا.
تەوەرەی دووەم:(ترامپ و سیاسەتی ناوخۆ): یەکێ لەو سیاسەتە ئابووریانەی لەناوەوە پەیڕەوی ئەکا ،هەوڵدانە بۆ هێنانەوەی زۆربەری ئەو کۆمپانیا و سەرمایانەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا و جارێکی تر هەوڵدان بۆ دروست کردنی شتە پێوستەکان لەناوخۆ،بەشێوەیەك کەباجی کەمتر لەناوخۆ وەربگیرێ و ئەوانەی نایانەوێ بزنس لەئەمریکا بکەن،ئەوا باجێکی گەورەیان ئەخرێتە سەر کەدواتر خۆیان ناچار ئەکرێن بگەڕێنەوەو کار و کرێکاری خۆماڵی بەکار بهێنن. بەدەر لەمانەش ،هەوڵ ئەدا باجی زیاتر لەسەر پارە ناردنە دەرەوەی ئەمریکا بکرێت ،بەتایبەتی بۆ ئەمریکای لاتین کەزۆرترین بڕی پارە بۆ ئەو ووڵاتانەی ئەمریکای لاتین ڕۆژانە ئەڕوتە دەرێ. 
تەوەرەی سێیەم:(ترامپ و دەوڵەتی کورد)؛ ماوەیەکە دەزگاکانی پارتی دەهۆڵی ئەوە لێئەدەن گوایا ترامپ پشتگیری خۆی بۆ دەوڵەوتی کوردستان ڕاگەیاندوە،هەروەها ئەم دەوڵەتە کوردیە لەسەر دەستی مەسعود بارزانی دێتە کایەوە. حەتمەن ترامپ باسی ڕۆڵی ئازایانەی کوردی کردوەو پێی وایە کورد تاکە دۆستی ئەمریکایە لەوێ و ئەتوانرێ پشتیان پێ ببەسترێ،هەروەها ترامپ ئەڵێ؛پێوستە کورد بەکاربهێنین دژ بە چەتەکانی داعش و ئەوان لەسەر زەوی هێزی کاریگەریان دژ بە دەوڵەوتە خورافیەکەی بەغدادی کردوە. 
ئەم پەیامەی ترامپ بۆ ئەوەیە بە بەردێك دوو چۆلەکە بکوژێ،یەکەمینیان دڵخۆشکردنی کوردە و دووەمینیان وەك کارتێک و فشارێك بۆ سەر تورکیایە تا زیاتر هۆشداری بداتێ و دەست لە داعش هەڵبگرێ و چیتر پشتگیری لە تیرۆریستان نەکا،دەنا کارتی کورد تەنها بۆ بەکارهێنانی بەرژەوەندی ئەمریکایە، ئەوەی دەوڵەوتی کورد دروست ئەکا،ئەوا تەنها میلەتی کورد خۆیەتی و بەس. وەهەتا مەسعود لەئارادا بێ،ئەوا دەوڵەوتی کورد نەك دانامەزرێ،بەڵکە میلەتی کورد خۆی لەناو ئەچێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە