دوای موسڵ ..باشوری کوردستان بەرەوە کوێ؟

Monday, 28/11/2016, 18:05

2350 بینراوە


لە دوای دروست بونی عێراقەوە کورد هەوڵی داوە لە چوار چێوەی عێراقدا بە مافەکانی بگات ، بەڵام لەبەر ئەوەی هەمو دەستەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان ، لە سەر بنەمای ڕێز گرتن لە هەمەجۆری نەتەوەکان دروست نەبو ، بۆیە عێراقێکی دیکتاتۆری فاشیت دروست بو ، ئێستەش دوای ئەوەی شیعە لە ساڵەکانی ١٩٢٠ وە دەستەڵاتی وەرنەگرت و دەستەڵاتیان حەرام کرد ، بوە هۆی لاوازی دەستەڵاتی شیعەکان و باڵادەستی سونەی نەتەوە پەرستی عەرەبی ، لە ئێستادا بە پاڵپشتی ئێران شیعە دوای ٩٤ ساڵ دێتە ناو دەستەڵات و بەو پەڕی باڵادەستییەوە کاری دەوڵەت داری دەکات ، ئەمە وای کردوە نەک هەر عێراق بگرە پەل بهاوێژێت بۆ ئەفغانستان و یەمەن و لوبنان و سوریا ، کە پێ دەچێت لەبەر ئەوەی هێزێکی گەورەیە هەم ئەمریکا و هەم ناتۆ مامەڵەکانیان زیاتر بێت لەگەڵ ئێران ، بە تایبەت لە دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، لە ئێستادا تورکیا لە ململانێ ی قورسدایە لەگەڵ سوریا و یۆنان و ئەرمینیا و عێراقدا ، بۆیە پێ دەچێت ئەم سەرکێشەیەی تورکیا ببێتە هۆیەک بۆ بەرکەوتنی شانسی شێر بە ئێران ، لەم نێوەندەدا کورد لە باشور دوای موسڵ ناچار دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ ناوەند و لەوێوە ململانێکانی بکات ، بە تایبەت لە ئێستادا جگە لەوەی زۆنی سەوز درێژکراوەی ئێرانە ، دەریش کەوت کە لەسایەی ئەم دەستەڵات و سەرۆکایەتیەی باشور توانای ئیداریان نیە و دەرکەوتوە کە فاشیلن ، هەر بۆیە گەر لە ئێستادا چاوپۆشیەک هەبێت لە ئاست کێشە ناوخۆییەکانی باشور ئەوا دوای موسڵ نە ئەمریکا و نە ناتۆو چی ئێرانیش ڕێگە نادەن هەرێمێک هاوپەیمانیان بێت و نەتوانن ئیدارەی خۆیان بدەن ، بە مانایەکی تر ناتۆ و ئێران کەسێکیان ناوێت بێ هێز و لاواز و قومارچی بێت و نەزانێت سەروەت و سامانی خۆی چی لێدەکات ، دوای موسڵ لە ئەگەری فراوان بونی باڵا دەستی شیعە بەرەو سوریا و بناغە دانانی پتەو لە عێراقدا و لاواز بونی بەرەی سونە  لە عێراقدا و سەیرکردنیان وەک پاشکۆ ..... باشوری کوردستان ناچار دەبێت بە مل دان بۆ هەژمونی ئێرانی ، ئەم دۆسیەیە لە ئێستەوە سەرەتاکانی دەرکەوتوە ، دەبینین پارتی دەیەوێت بە خێرایی لە داخوازی و بێمنەتی و لە خۆباییەکانی بێتە خوارەوە ، ئەوە دەزانی کە لە داوی موسڵ ئێران بچوکی دەکاتەوە بۆ ناو چوارچێوەی سنوری قەڵەم ڕەوی خۆێ ، خۆ ئەگەر تورکیا نەچێتەوە سەر مێزی ناتۆ ئەوا لە بەرامبەردا ئێران نەک هەر فراوان دەبێت بگرە وڵاتانی وەک بەحرەین و کوەیت و ئیمارات و قەتەریش دەخاتە ژێر هەژمونی خۆی ئەو کات کورد لە باشور ئەگەر دەستی هەر بە عەباکەی حەرەمسەرای عوسمانیەوە بێت ، ئەوا لەگەڵ کەوتنی تورکیا ئەویش دەکەوێت ، دور نیە وەک جەزائیر ئەم جارە تورکیا بە ناوی ئیمرالیەوە کوردی باشور وەک کارتێک بفرۆشێت ، بۆیە دوای موسڵ هەمو ئەگەرەکان ئەوە دەڵێن کە کورد ناچار دەبێت بگەڕێتەوە ناوەند ، ئەو کات لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکەی بارزانی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەبێت وەک پیرەمێرد بڵێن :
 با بچین بۆ خزمەت عەرشی عێراقی
 بڵێین یار باقی و هەم سوحبەت باقی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە