ڕەشنوسی پڕۆژەی حیزبەکان و گورگی یەکەم

Saturday, 07/01/2017, 20:18

2845 بینراوە


زیاتر لە 3 ساڵە کوردستانی باشور دۆخێکی نالەباری بۆ خولقێنراوە لە لایەن دوو حیزبی دەسەڵاتدار و ژیانی ئەو خەڵکەیان گەیاندووەتە خراپترین ئاست و بەرەو خراپرتریش دەڕوات و ئاسۆیەک و هیوایەک نییە لە ساڵی نوێدا کە ئەو گەلە ستەم دیدە پێی بگەن، لە ئێستادا دەبێت خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستییەیان بۆ ڕوون بووبێتەوە کە بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان شاگەشکە بووە بە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان ئەویش ئەوەیە کە هیچ دەزگایەکی چاودێری یان لێپرسینەوە بوونی نەبێت بۆ بەدواچوون و لێپرسینەوە لەو تەڵە و فێڵانەی کە هەردوو حیزبی بنەماڵەیی دەسەڵات دەیگرنە بەر دەیخەنە پلانەوە و بە ئارەزوو کەیفی خۆیان تەخشان و پەخشان بە یاسا و ڕێسا و بودجە و میزاجی خەڵکی و چاوەڕوانی خەڵکی بکەن، بە تەواوی ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ئەو دوو حیزبە بوون بە گورگی یەکەم و گورگی دووەمی ئاشکرا و شوانێتی بەسەر ئەو میللەتە قوڕ بەسەرەوە دەکەن، سەیر و سەمەرەش لەوەدایە کە هیچ وجودێک بۆ ڕۆشنبیران و دەنگی ناڕازی مامۆستایان و خەباتی مەدەنی و خۆپیشاندانی هێممنانە ناکەن.
لەولاشەوە حیزب حیزب یەک تا پێنج بەیان دەردەکەن و بەیانی حیزبی گورگی یەکەم هەڵدەسەنگێنن و هەریەکەی لە ئاوازێ بە شان و باڵیدا هەڵدەدات و زۆربەشیان بە دەستپێشخەرییەکی مەزنی دەزانن و بەردەوامن لە وەصفکردن، سەیر لەوەدایە کە ئەو حیزبانە بە ئاشکرا ئۆپۆزسیۆنن و کەچی خۆش خۆش دەست خۆشی لەدەستپێشخەرییکەی سەرۆک دەکەن و (هەنووکە) یەک دەخەنە سەر شاشەی حیزبەکەیان و سەرۆک بووە بەسەر دێڕ، سەرۆکی چی، نازانم ئەوان دەڵێن سەرۆک و هەندێک جار دەڵێن نا! سەیرتریش حیزبی گورگی دووەمی شەریکە دزە کە بەیان دەردەکات و دەڵێت ئێمە وەکو یەکێتی نیشتیمانی ئەندام مەکتەب سیاسییەکانمان ڕەشنوسی پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە و چاوەڕوانی مەرحەمەتی سەرۆکین بۆ ئەوەی لەگەڵی کۆببینەوە و تاووتوێی پڕۆژەکەمان بکەین، پڕۆژەی چی؟ پڕۆژەی هاوتای درافتی نوسخەی ئەصڵی؟ نازانم کات کوشتن و درێژەدان بە دیکتاتۆری و پشتگیری دز و دانانی چەند ڕێگەیەکی نوێ بۆ زیاتر خۆڵکردنە چاوی ئەو گەلە بەشخوراوە، بەش دزراوە، ماف زەوتکراوە، وە سەیرتری حیزبی شەریکە دز ئەوەیە کە ئەندام پەرلەمانەکانیان زۆر بە جوانی نوسین و بڵاوکراوە و لێدوانی پڕ مانا و درووست  و بوێرانە و چاونەترس و هەڵۆ ئاسا بڵاودەکەنەوە و دەڵێن دەبێت سنورێک بۆ ئەم زوڵمە دابنێین، زوڵمی چی؟ نازانم حیزبەکەی خۆی باشتر دەزانێت و خۆی بەرپای کردووە یان خۆی پڕۆژەی بۆ درێژەدان بەو زوڵمە بە ڕەشنوسی ئامادە کردووە و چاوەڕێیە فەرشی سور بۆ وەفدی تێگەیشتوو لە پرؤژەکە لە (شاری جوان) ڕابخات.
ناوە ناوە لێرە و لەوێ، حیزبەکانی تریش بە تەمای ڕەشنوسی پڕۆژەن بۆ ئەوەی (گرتی و نەیگرت) کابرا و وەفدەکەی ڕوو بکەنە ئەمان و ڕایەکی خۆیان دەربارەی پڕۆژەکەی ئەمان بڵێن کە لای وەفدی هاتوو ڕەنگە درافتێکی هەبێت و لە کۆبوونەوەکەدا هەڵی دەسەنگێنن و بزانن لەیەک دەچن و وەزن و قافییەی بۆ ڕێک بکەنەوە و هاوتای بکەن !!
دوای کۆبوونەوەکانیش وتەبێژە دیموکراسی خوازەکە بە دەنگیکی بەرز و بێ خۆتێکدان چەند وشەیەکی سوا و بێزرا و کۆن دەڵێت و دەڵێتەوە: یەک تێگەیشتن هەبوو، ڕاکانمان نزیکە لە یەک و هیوادارین کۆبوونەوەی داهاتوو بگەینە ئەوەی کە ڕەشنوسی پڕۆژەکەمان موتابق بکەین بە نوسخەی یەکەمی درافتی وەفدی هاتوو!
بە دووان، بە زەرد و سەوز، بە دوو بنەماڵە و دەستە و تاقم، بە تاڵەبانی و بارزانی، بە سۆرانی و بادینانی، بە هەورامی و بە چەند بەناو ڕۆشنبیرێک و دەنگی جیاواز، ڕای جیاواز و باڵی ناوەند، باڵی بڕیار و باڵی یەکەم، بە پەڕو باڵ هەمووی بە یەک دەنووک، دەنووک دەنووک لەسەری میللەتی نیوە گیان دادەکوتن، لێ ناگەڕێن بەوەش ئێستا خەریکی سەر کۆڵینن، زیاتر لەوەش نزیک بوونەوە لە گیان کێشان و پاشان دەیان خەنە خانەی مردووان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە