دانیشتن لەسەر ئەو کورسی و مێزە

Thursday, 19/01/2017, 0:01

2731 بینراوە


بەرواری ١٦/١/٢٠١٧ لەزانکۆی سلێمانی خوێندکارێک بەناوی چیا جەمال تابلۆیەکی هونەری پێشکەشکرد ، تابلۆکە لە باگراوندا نامەی ناڕەزای خوێندکار و مامۆستاکان بوو لە ڕەوشی ئێستا بە گشتی و ڕەوشی خوێندن و سیستەمی بەڕێوەبردنی بەشەکەیان و دڵگرانی لە مەعمەعەی نێوان باڵە جیاوازە حیزبیەکانی ناو مامۆستا و بەڕێوبەر و ڕاگر تا دەگاتە شێوازی بیرکردنەوەو کێشەی تایبەتی نێوان بەرپرسانی ناو زانکۆ کە ئەمانە هەموو پەلکێش کراونەتە ناو سیستەمی خوێندن و ڕەوشێکی هەمان ڕەوشی ناو کۆمیتە و لقێکی حیزبیان دروست کرددوە نەک دەزگایەکی فێرکردن و خوێندن .
نامەکان پێکەوە لەسەر تابلۆیەک چەسپ کراون و ووشەی فەک وەک ڕووکەشی تابلۆکە نووسراوە و لە جێی ووشەی جوانی ، هونەرە جوانەکان دانراوە ، و بووە بە هونەری فەک ، کە ئەمەش هەموو کەسێ ئەزانێت ووشەی فەکک ووشەیەکی فرەمانایە و ئەو کەسانەی کە بە ووشەی گان تەفسیری بۆ ئەکەن باگراوندی بیرکردنەوەی ڕۆژانەی خۆیان و جەوهەری بیرکردنەوەیانە .
ئەوەی گرنگە خوێندنەوەی ووتە و نووسینی ئەو کەسانەیە کە لەسەر ئەم بابەتە قسەیان کردووە ، کە بەشێکیان لەگەڵین و بەشیکیان دژی وەستاون ، بەڵام ئەو پرسیارەی هەردوولا کۆدەکاتەوە بەیەکەوە پرسیارێکی هەڵەیە ئەویس(ئەمە هونەرە یان نا؟) .
بەڵام هیچ کەسێ لەوان پرسیارە جەوهەریەکەی پێشکەش نەکرددوە بۆیە من لێرە بەوانەی دژی ئەم کارەن و لایان وایە ئەمە هوونەر نییە ئەپرسم (هونەر چییە؟)
بۆ وەڵام دانەوە کەمێ ئەوەستم و دێمەوە سەری وەک بەرچاوڕونیەک بۆ وەڵام لام وایە پێویستە شتێکی تر باس بکرێت ، ئەویش ئەوەیە کە کایەی هونەری و ڕۆسنبیری ئێمە بۆیە توانای وەڵامی پرسیارە جەوهەریەکانی نییە چونکە بە شێوەیەکی گشتی لەژێر دەستی کەسانی فەندەمێنتاڵ و سەلەفیەکانی هونەردان کە لە مێژووی ٢٦ ساڵی ڕابردوو نەک تەنها نەیان توانیووە فۆرمێکی نوێ بەرهەمبێنن بەڵکو توانای ئەوەیان نەبووە کە بتوانن بەحسێک پێشکەش بکەن دوور لەوەی خۆیان هەڵنەواسن بە ئیقتیباسی نووسەرە گەورەکانی جیهانەوە ، توانایان نییە چاوپێکەوتنێک یان ڕوونکردنەوەیەک پێشکەشکەن دوور لە بیروڕای نووسەران و هونەرمەندانی جیهان ، وەک ئەوەی ئێمە ئێستا لە ناوەڕاستی چەمکی (دوایین مرۆڤ) دا ژیان بکەین .
دوایین مرۆڤ چەمکە بۆ سەردەمێک کە مرۆڤەکان توانای بەرهەمهێنانیان نامێنێت و لەناو عادەت و تەقالید و ژیانی سونەتی خۆیاندا دەسوڕێنەوە و هەمیشەش دڵیان بەوە خۆشە کە بەرهەمیان هەیە و شتێک پێشکەش ئەکەن ، ڕیسک کردن بۆ ئەمان شێتیەکی تەواوە وەک ئەوەی ئەمان دەستیان گەیشتبنێ بە فۆرمی ڕاستی ڕەهای کایەکان .
بۆ من و بە بۆچونی تایبەتی من هونەر ، درزکردنە سیستەمەوەیە ، ئەوکاتەی کە بەربەستێکی بڵند هەیە تەنها هونەر توانای دروست کردنی درزی هەیە ، بۆیە ئەم کارەی چیا نەک تەنها جۆرێکی هوونەری بەڵکو خاوەنی خاسیەتی هونەر خۆیەتی ، چونکە توانی درزێک بکاتە بەربەستە بڵندەکەی هونەرمەندە ئوسوڵیەکانی لەسەر وەستاون ، هەر بەم هۆیەشەوەیە کە بەم شێوەیە دژایەتی ئەکرێت ، و لەلایەن بەڕیز عەبدوڵا جەمال سەگرمەوە بە خوێندکارەکان ئەوترێت هەر خوێندکارێک پشتگیری کاری لەم شیوەیە بکات ئەوا لە خوێندن دوور ئەخرێتەوە ، ئەوەی سەیرە بەڵامەوە ئەم بەڕێزە پێناسی هونەرمەندی هەیە و بەهەمان شیوازی حیزبی و سەربازی بیر ئەکاتەوە ، ئەمە هەمان شێوازی بیرکدنەوەیە کە لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتدا حیزبە دەسەڵاتدارەکان خەڵکیان کۆدەکردەوە بۆ خۆپیشاندان دژی خۆپیشاندان .
لێرەشدا خەڵک کۆدەکرێتەوە بەناوی هونەرەوە بۆ دژی هونەر.
ئەوەی کە ئەمێنێ بۆ ووتن ئەوەیە ئەگەر کارێکی لەم شیوەیە لەلایەن کەسان و مامۆستایانی کایەی هونەری ئێمەوە سزا بدرێت ئەوە ئیتر گومان لەوەدا نییە کە ئێمە دوایین مرۆڤ ئەکەین بە پیرۆزترین فۆرم بۆ ژیانکردنمان ، گەڕانەوە بۆ سەلەف ئەکەین بە دوربینی سەیرکردنی داهاتوومان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە