كۆلیجی یاسا لە چوارساڵەوە بۆ پێنج سال لەسەر كام بنەمای زانستی؟!

Sunday, 29/01/2017, 6:47

3161 بینراوە


رۆژی سێشەممە رێكەوتی 1 / 9 / 1908 قوتابخانەی مافی بەغدا (كۆلیجی یاسای بەغدا) لەلایەن نازم پاشای والی بەغدا كرایەوە هاوزەمان لەگەل رۆژی چونە سەر تەختی سولتان عبدالحمید، لە ئاهەنگی كردنەوەیدا ئێوارەی هەمان رۆژ گەورە بەرپرسانی حكومی ئامادەی بوون وكۆمەلێك وتار بەو بۆنەیەوە پێشكەشكرا، لەنێویاندا وتاری شاعیری بەناوبانگی عێراق جەمیل سدقی زەهاوی بو كە دواتریش بو بە یەكێك لە مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیە، بەو پێیە قوتابخانەی مافی بەغدا بووە چوارەم قوتابخانەی مافی سنوری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ، یەكەم لە ئەستانەو دووەم لە سلانیك و سێیەم لە قۆنیە و چوارەمیش لە بەغدا، تیایدا كتێبەكانی خوێندن بەزمانی توركی بوون و هەمان ئەو كتێبانە بون كە قوتابیانی ماف لە ئەستانە دەیان خوێند، وەك شرحی مجلەی ئەحكامی عەدلی و یاسای سزادان ومافی دەولەتان ویاسای بازرگانی دەریایی. 
كۆلیجی یاسای زانكۆی بەغدای ئێستا درێژە پێدەری ئەو قوتابخانەیە كە لە ساڵی (1908) ەوە دامەزراوە و بەردەوامە لە سەر رەورەوەی زانستی خۆی تا ئێستا، بەپێی قوناغە جیاوازەكانی هەزاران خەڵكی بەتوانای پێگەیاندوە لەنێویاندا دەیان وبگرە سەدانیان ئەستێرەی درەوشاوەی ئەو وڵاتە بون و رۆڵی كاریگەریان هەبوە لە كایەی سیاسی و ئیداری و رۆشنبیری، وەك دادوەری لێهاتو، سەركۆمارو سەرۆكی وەزیران و وەزیرو پەرلەمانتار، سیاسەتمەدارو نوسەرو شاعیرو هونەرمەندی گەورە، كە ناكرێ‌ لەو وتارەدا ئاماژەیان پێبدەین. دەیان پرۆفیسۆری پایەبەرز مامۆستای ئەو كۆلییجە بوون هەندێكیان لە وڵاتی میسرەوە هاتبوون، ژمارەیەكی بەرچاوی قوتابیەكانیش بوونەوە مامۆستا تیایدا، لەوانە: جەمیل سدقی زەهاوی، یوسف عەتا ( موفتی بەغدا)، حمدی پاچەچی( سیاسەتمەدار)، نورەدین شێروانی، حیكمەت سولەیمان( سیاسەتمەدار)، رشید عالی گەیلانی(سیاسەتمەدار)، توفیق سویدی(سەروك وەزیری سەردەمی پاشایەتی)، ساتح حەسری، زوهێر جەرانە، عەبدولرەزاق سەنهوری، ئەمجەد زەهاوی، مونیری قازی، عبدولرەحمان بەزاز(سەرۆك وەزیرانی سەرەمی كۆماری)، عبدولمەجید حەكیم .. زۆری تریش. 
ئەوە كۆلیجی دایك و تاكە كۆلیجی یاسا بو لەعێراق تا هەفتاكان وهەشتاكانی سەدەی رابردوو لە بەغداو هەندی پارێزگای تری عێراق هاوشێوەی كرانەوە وئەمرۆ زۆربەی زانكۆكانی پارێزگاكانی عێراق كۆلیجی یاسایان تیایە بە هەرێمی كوردستانیشەوە. ماوەی خوێندن لە كۆلیجی یاسا چوار ساڵە لە سەرەتای دروست بونی كۆلیجی یاسای بەغداو تا ئەمرۆش لە هەموو زانكۆكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش تا ساڵی خوێندنی 2015- 2016، كە بە بریارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان خوێندنی ئەو كۆلیجە لە چوار ساڵەوە كرا بە پێنج ساڵ. ئێمە لێرەدا لە هۆكاری پشت ئەو بریارە دەپرسین ئایا هۆكاری زانستین یا لەدەرەوەی رێوشوێنە زانستیەكانن.
بێگومان ئەمرۆ لە هەرێمی كوردستان كۆمەلێك زانكۆی حكومی كراونەتەوە، بەبۆچوونی ئێمە كردنەوەیان لە سەر بنەماو پێوەرو پێداویستی زانستی وجوگرافی وكۆمەڵایەتی نەبوە، كۆلیجی یاساش وەك كۆلیجێكی مەرغوب لەزۆربەی ئەو زانكۆیانە كراوەتەوە و لەهەندێكیشیان كۆلیجی ئێوارانیش هەیە شان بەشانی بەیانیانەكەیان، بەپێی زانیاری ئێمە كۆلیجی یاسا لەهەشت زانكۆی حكومی هەیە، واتە لانی كەم هەشت كۆلیجی حكومی یاسامان هەیە. جگە لەو كۆلیجانەی زانكۆ ئەهلیەكان كە لای ئەوان هەر زانكۆك دوو كۆلیجی تیایە بەیانیان وئێواران، من زانیاری ووردم نیە لەسەریان بەڵام دەزانم ژمارەی كۆلیجەكانی یاسا لەو زانكۆیانە لە (12) زیاترنەبێ‌ كەمتر نیە. واتە ئێمە لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە (20) كۆلیجی یاسامان هەیە. جگە لە كۆلیجی زاكۆی كتاب و قەلەم، ئەوانیش ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی هەرێم روویان تێكردون هەرچەندە وەزارەتی خوێننی باڵای هەرێم دانی پیا نەناون بەڵام دواتر بە هەر شێوەیەك بێت دەگەرێنەوە بۆ ئێرەو بروانامەكەیان كاری پێدەكرێ‌ لەداهاتودا بە بریارێكی سیاسی یاخود بە گرتنەبەری هەر رێگایەكی قانونی تر.
بونی ئەو ژمارە زۆرەی كۆلیجی یاسا لەهەرێمی كوردستان فشارێكی گەورەی دروستكرد لەسەر سەندیكای پارێزەران بەتایبەتی لەبارودۆخی ئەو سێ‌ چوار ساڵەدا كە دامەزراندنی فەرمانبەران وەستاوە و دەرچوانی یاسا ناچاربون روو بكەنە سەندیكاو ببن بە پارێزەر. سەندیكاش بە مەبەستی سنوردانان بۆ زۆری ژمارەی پارێزەران بریارێكی دەركرد بەوەی ناسنامەی یاسای لێكەوتەوە، مافێكی رەوای خۆشیان بوو چونكە بریارەكەی سەندیكا هیچ بنەمایەكی یاسایی نەبوو. سەرەنجامی هەموو ئەو فشارانەش ئەوە بوو سەندیكا لە بریارەكەی پەشیمان بویەوە، بەڵام بە پێی زانیاری سەندیكا دوای تەواوكردنی كۆلیجی یاسا یەكسەر نادرێ‌، بەڵكو دەبێ‌ دەرچوی كۆلیجی یاسا دوو ساڵی تریش بخوێنێ‌ لە پەیمانگای دادوەری ئەوجا ناسنامەی پارێزەرایەتی پێدەبەخشرێ‌. ئەمەش نارەزایەتی تەواوی خوێندكارانی كۆلیجەكانی تایبەتی خۆم سەندیكاو وەزارەتی خوێندنی باڵا رێكەوتن لە سەر درێژكردنەوەی ماوەی خوێندن لە كۆلیجی یاسا بۆ پێج ساڵ وەك رێگا چارەیەك بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی دەرچوانی ئەو كۆلیجە بەو پێشنیارە و دواییش بو بە بریار بەڵام پێشنیارو بریارێكی سەقەت و نازانستی و تەنها هەڵە بەهەڵە چارەسەركردن بوو !! من ئەو زانیاریانەم لە ئەنجامی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئەندامێكی سەندیكای پارێزەران دەست كەوت، لەو وتووێژەشماندا وتم ئەوە چارەسەرێكی هەڵەیە دەبوایە داواتان كردبا مەرجەكانی وەرگرتن لە زاكۆ ئەهلیەكان هەمان مەرجی زانكۆ حكومیەكان بێ‌ یا بە رێژەیەكی كەمتر بەتایبەتی لەرووی نمرەی وەرگرتنەوە تا جیاوازیەكی زۆر نەبێ‌ لە نێوانیاندا، چونكە ئەوە هیچ دادپەروەریەك نیە قوتابی زانكۆ حكومیەكان نمرەكانیان لەسەرووی (80%) بێت و ئەوانەی زانكۆ ئەهلیەكانیش لە دەوروبەری(60%) بخولێتەوە، بەتایبەتیش گلەیی سەندیكا زیاتر لەو ژمارە زۆرەی دەرچوانی زانكۆ ئەهلیەكان بو، بەو پێیەی ژمارەی قوتابیانی زانكۆ حكومیەكان هەموكات كەمتر بون لە ژمارەی قوتابیانی زانكۆ ئەهلیەكان. 
ئەمانە هەمووی بەلایەك بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك دەزگایەكی زانستی بۆ ئەو بریارەی دەركرد، لە كاتێكدا لەهەموو زانكۆكانی عێراق بە كۆلیجی یاسای زانكۆی بەغداشەوە ماوەی خوێندن هەر چوار ساڵەو لای ئەوان دەیان پرۆفیسۆری خاوەن ئەزمون وخزمەتی زانكۆیی هەیە، ئەگەر كۆلیجی یاسا پێویستی بە ماوەی خوێندنی پێنج ساڵ بوایە بێگومان تا ئێستا قسەیەكیان دەربارەوە دەكرد، جگە لە زۆربەی وڵاتە عەرەبیەكانی تر كە ماوەی خوێندنی ئەو كۆلیجە تیایاندا هەر چوار ساڵە. كۆلیجی یاسا كۆلیجێكی زانستە مرۆڤایەتیەكانەو هەموو ئەو كۆلیجانەش ماوەی خوێندنیان هەر چوار ساڵە، هەتا كۆلیجە زانستیەكانیش بەهەمان شێوەن جگە لە كۆلیجە پزیشكیەكان و كۆلیجی ئەندازیاری تەلارسازی نەبێ‌ كە لە چوار ساڵ زیاترن. 
بێگومان ئێمە لەزانكۆكانی عێراق و وڵاتانی عەرەب پێشكەوتوترنین و توانای زانستیشمان لەوان بەرزترنیە، ئەگەر لەرووی ژمارەو نازناوی زانستی مامۆستاو ئەكادیمیانیش وەریبگرین هەر ئەوان لە پێش ئێمەوەن، بۆیە ئەو بریارە بە بروای ئێمە بێ‌ دیراسەیەكی وورد و دوور لە هەمو بنەماو ئامانجێكی زانستی دەركراوە، لەبەرئەوەی خوێندنی بابەتە سەرەكی وپێویستەكانی كۆلیجی یاسا چوار ساڵی بەسە، ئەو ماوەیەش لە سەر كۆمەڵێ‌ بنەمای زانستی و كۆمەڵایەتی دیاریكراوە، بەو ساڵە زیادەیە ئێمە شتێكی تر ناخەینە سەر ئەو مەنهەجە بریارلێدراوەی زانكۆكانی تری عێراق كە ئێمەش تا ئێستا هەر بەپێی ئەو مەنهەجە رۆیشتووین ودەرۆین. وە ئەو مەنهەجانەی لە ژێر سایەی سستەمی پێنج ساڵی بریاری لێدراوە بۆ قۆناغی یەكەم ودووەم ( كە تا ئێستا دوو قوناغ هەن لە كۆلیجەكانی یاسا بە پێی سستەمی پێنج ساڵی و بابەتەكانیان بریاری لێدراوە بەڵام بۆ سێ‌ قۆناغەكەی تر تا ئێستا هیچ نەخراوەتە روو دەربارەی بابەتەكانیان) تەنها مەنهەجی فێربونی زمانی ئینگلیزی نەك زمانی یاسای ئینگلیزی زیادیكردووە لە بەرانبەردا بابەتی ( دەروازەیەك بۆ خوێندنی شەریعەتی ئیسلام- مدخل لدراسە الشریعە الاسلامیە ) لابراوە كە بابەتێكی بنەرەتیە بۆ خوێندنی یاسا، ئەگینا بابەتەكانی ئەو دوو قۆناغەی یەكەم ودووەم هەروەك بابەتەكانی سەردەمی سستەمی چوار ساڵەن، جا نازانین رەهەندی لیژنەی تایبەتی وەزارەت بۆ ئەو بابەتە چیە بۆ سێ‌ ساڵەكەی تر، بێگومان ئەگەر ئەو بریارە دیراسەو بەرنامەیەكی وورد وزانستی لە پشت بوایە دەبو لەگەڵ بریارەكە مەنهەجی پێنج ساڵی خوێندن بریاری لەسەر دراباو یەكلاكرابایەوە، هەروەها ئامانجە زانستیەكانی ئەو بریارە بخرایە بەردەم پسپۆران ورای گشتی، كە تا ئێستا ئامانج ومەبەست لێی نادیارو نەزانراوە!
بۆیە لەپێناو شكۆی زانست وبەرژەوەندی گشتی زانكۆو قوتابیان و هاوشانی كۆلیجەكانی یاسای هەرێم لەگەڵ كۆلیجەكانی تری یاسا لە عێراق باشتر وایە پیاچوونەوەیەك بەو بریارەدا بكری و نەبێ‌ بە مەسەلەی بونی مەرجی زمانی ئینگلیزی(IELTS) بۆ خوێندنی باڵا، كە ئەمیشیان لەسەر بنامەیەكی نازانستی دانراوە و گلەییەكی زۆری لەسەرەو بووەتە كۆسپی بەردەم سەدان كاندیدی خوێندنی باڵا بەماستەرو دكتۆراوە. ئیتر هەق وایە ئەو وەزارەتە بەكردەوە گوزارشت لەناوەكەی خۆی بكاو بریارەكانی لەسەربنەماو دیراسەی ووردو زانستی بێ‌ نەوەك لەسەر بنەمای میزاج وئیجتهادی شەخسی !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە