حوكمی دیموكراسی یا حوكمی قەرەقۆش

Wednesday, 01/03/2017, 22:45

3184 بینراوە


ئێمە لەهەرێمی كوردستان بەرووكەش ئەزمونێكی دیموكراسیمان هەیەو گوایە دەسەڵاتە گشتیەكان( پارلەمان،حكومەت، دادوەری) هەڵقوڵاوی ئیرادەی میللەتن. بەڵام ئەگەر بە تێروانینێكی وورد بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دابچینەوەو شەن وكەویان بكەین ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێ‌ كە ئیرادەی میللەت لە هەمو ئەو هەڵبژاردنانە تا ئەو پەری شێواو و پێشێلكراوە لەلایەن ئیرادەی حیزبە سیاسیەكانەوە، بەكوردی وبەكورتی ئەو بەناو دەسەڵاتە گشتیانە رەنگدانەوەی خواستی حیزبە سیاسیەكان بووە بەتایبەتی پارتی ویەكیەتی و بە هیچ شێوەیەك میللەت ئیرادە و بەرژەوەندی خۆی تیایاندا نەبینیوەتەوە. بۆ سەلماندنی ئەو بۆچونەش ئەو راستیانە دەخەینە روو:
-------------------------------
یەكەم: لە سەر دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی ساڵی 1992 لولەی تفەنگەكان ئامادەكران، بەڵام ئەوە بوو دەرەنجامەكان بەپێی رێكەوتنی پارتی ویەكیەتی بە ففتی ففتی راگەیانراو، بۆ ماوەیەك لولەی تفەنگەكان دوور خرانەوە بەڵام هەر لە ئامادەباشیدابوون.
دووەم: دوای كەمتر لەدوو ساڵ(بەهاری 1994) شەری نێوان بەرژەوەندیەكانی پارتی ویەكیەتی هەڵگیرسا چەند ساڵیك بەردەوام بوو، وە ئەو دابەشكردنە جوگرافی وسیاسی و حوكمرانیەی لێی كەوتەوە كە تا ئێستاش وەك خۆی ماوەتەوە و جێگیرە، هەرچەندە بۆ خۆیان ئیدیعای یەك حكومەتی ویەكپارچەیی هەرێم دەكەن بەڵام واقعەكە پێچەوانەی ئەوەیە. لەهەمو ئەو رووداوانەدا دەسەڵاتە گشتیەكانی هەرێم بەتایبەت (پارلەمان وحكومەت) تەنها رۆڵی تەماشاكەریان هەبوە، لایەنی كاریگەر لەسەر ئاراستەكردنی رووداوەكان لوتكەی سەركردایەتی پارتی ویەكیەتی خۆیان بوون.
سێیەم: پۆستە حكومی وكارگێریەكان لەهەرێمی كوردستان بۆ ئەندامانی حیزب قۆرغكراوە لە وەزیرەوە تا گزیر، دوور لە رەچاوكردنی مەرجی پرۆفیشنالی و شایستەیی ولێوەشاوەیی كە بۆ پركردنەوەی پۆستەكارگێریەكان پێویستە لەبەرچاو بگیرێ‌، لێرەشدا پرنسیپی یەكسانی لەبەردەم یاسادا هەروەها پرنسیپی هاوشانی لە بەدەستهێنانی فرسەتدا( مبدا المساواە ومبدا تكافو‌والفرص) پێشێلكراوە، كە ئەمانە دوو پرنسیپی گرنگن بۆ سەقامگیركردنی پرنسیپی هاوڵاتیبون و سەروەری یاسا، بۆیە لەحالەتێكی وادا هاوڵاتیانی هەرێم بەپێی دوور ونزیكی وئینتمایان بۆ حیزب پۆلێن كراون بەهاوڵاتی پلە یەك و پلە دوو پلە سێ‌....
چوارەم: دوای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 ، ساڵی 2005 بۆ دووەم جار هەڵبژاردن كرایەوە، بەڵام دەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنەش دیسانەوە ففتی ففتی بوو بەهەمان ریتمی پێشوو پۆستەكان بەنیوەیی بەشكرایەوە، ئەم بنەمایە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداش رەچاوكرا، كە بەهۆی رووخانی رژێمی پێشوەوە ئەو حیزبانە لە بەغدا رۆلێكیان وەرگرت ئەویش تەنها بۆ وەرگرتنی پۆست وپارە. واتە لەهەرێمی كوردستان لەماوەی 13 سالدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا، بەهۆی شەری یەكیەتی و پارتیەوە، لەهەمو ئەو ماوەیەشدا پارلەمان شكستی هێنابو چونكە دابەشبو بەسەر دوو بەرەدا، حكومەتەكەش بەهەمان شێوە بوو بە دوان - حكومەتی پارتی لەهەولێرو حكومەتی یەكیەتی لەسلێمانی- ، واتە ئەو دەسەڵاتە گشتیانە لەو ماوەیەدا نوێنەری خەڵك نەبوون بەڵكو پاشكۆی حیزبەكان بون كە دەبوایە رۆڵیان بەپێچەوانەوە بوایە.
پێنجەم: لێرەوە دوای رووخانی رژێم و بە دیاریكراویش دوای هەڵبژاردنەكانی 2005 دەنگی نارەزایی لەزۆربەی ناوچەكانی كوردستان دژی ئەو مۆدێلە حوكمرانیەی پارتی ویەكیەتی بەرزبویەوە، بزوتنەوەی گۆران كە لەسەروبەندی پێش هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009 دروست بوو، توانی زۆربەی ئەو دەنگە نارازیانە بەلای خۆیدا راكێشێ‌، تا لە هەڵبژاردنەكانی سالی 2009 (25) كورسی پەرلەمانی كوردستانی بە دەست هێنا ، بەڵام بەشداری حوكمەتی نەكرد و وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمان مایەوە، بەم دۆخەش گۆرانكاریەكی كەم بەسەر مۆدێلی حوكمرانیدا هات هەرچەندە دڵخۆشكەر نەبوو.
شەشەم: لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2013 بزووتنەوەی گۆران دروشمی (بەرەو دەسەڵات )ی بەرزكردەوە، دوای ئەوەی 24 كورسی پەرلەمانی كوردستانی بەدەست هێنا، رێكەوتنێكی لەگەڵ پارتی كرد بۆ بەشداریكردنی لەدەسەڵات، ئیتر بەشی ئەو بزووتنەوەیە (4)وەزیر و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بوو لە نێو دەسەڵاتە گشتیەكانی هەرێم، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە بەو بەشداریكردنەی نەیتوانی مۆدێلێكی جیاواز لە پارتی ویەكیەتی پیادە بكات، بەهەمان پێوەرە حیزبیەكەی پارتی ویەكیەتی پۆستەكانی پشكی خۆی پركردنەوە، دوور لە رەچاوكردنی شایستەیی وپرۆفیشناڵی، واتە كەوتە هەمان هەڵەی پارتی ویەكیەتیەوە ئەو مۆدێلەی كە پێشتر جێگای رەخنەی خودی بزووتنەوەكە بوو.
حەوتەم: لەگەڵ ئەوەی پەرلەمان دەزگایەكی ئیفلیج وشكستخواردوو بوو بەهەمان شێوەش حكومەتەكە كە تیایدا بزووتنەوەی گۆران لانی كەم دوو وەزارەتی گرنگی تیا وەرگرتبو( دارایی وپێشمەرگە)، بەڵام ئەو بزووتنەوەیەو نوێنەرەكانی لەحكومەت وپەرلەمان، رۆژێك هەڵوێستێكی فەرمیان نەنواند بە ئاقاری خزمەتكردن بە بەرژەوەندیەكانی میللەت، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە قەیرانی بێ‌ مووچەیی لەهەرێمی كوردستان هەیە و هۆكارەكانی جێگەی پرسیاری هاوڵاتیانە، كەچی وەزیری دارایی وەك ئەوەی ئەو كێشەیە دوورو نزیك پەیوەندی بەوەزارەتەكەیەوە نەبێت، رۆژێك هەڵوێستێكی نەنواند و روونكردنەوەیەكی راستی بەگوێی خەڵكدا نەدا، نە ئەو كاتەی لە سەر تەختی وەزارەت بو نەدوای ئەوەش كە نێردرایەوە ماڵەوە، تا لانی كەم بەرپرسیارەتی لە ئەستۆی خۆی لادابا، یا گەر قەیرانەكە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەوبو، ئەوا ئەو وەك لایەنێكی پەیوەندار لەرووی تیۆریەوە بەو قەیرانەوە ، هەڵوێستێكی پۆزەتیفی نواندبا و دەست لەكاركێشانەوەی خۆی راگەیەندبا لە پۆستەكەی. بەهەمان شێوەش وەزیری پێشمەرگە، كە نازانین وەزیری پێشمەرگەی كام لایە كاتێ كە یەكیەتی وپارتی خاوەنی هێزی تایبەتی خۆیانن و لەوانەوە فەرمان وەردەگرن نەك لەجەنابی وەزیری پێشمەرگە. 
هەشتەم: سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی ژمارە(1) ی ساڵی 2005 بۆ چوار ساڵ لە نێو پەرلەمان هەڵبژێردرا، بۆ جاری دووەم ساڵی 2009 لەلایەن میللەتەوە هەڵبژێردرا، وە ساڵی 2013 ماوەكەی بەگوێرەی ئەو یاسایەی كە پارتی ویەكیەتی دایاننا بوو كۆتایهات وبۆی نەبوو لەو پۆستە بمێنێتەوە، ئەگەر وڵات حوكمی قانون ودیموكراسیەت بوایە و ئەمانە تەنها دروشمی بریقەدار نەبونایە !! كەچی ساڵی 2013 لەژێر سایەی بارودۆخێكی زۆر ئاسایی، بەرێكەوتنی ژێر بەژێری پارتی ویەكیەتی ماوەی دوو ساڵ بۆ ویلایەتەكەی درێژكرایەوە ، ئەو ماوەیەش لە 20/8/ 2015 بەسەرچوو، بەڵام سەرۆك دەستی لە پۆستەكەی بەرنەدا، دواتریش رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كرا لەوەی بچێتە پەرلەمان، چەند وەزرێكیش بۆ ماڵەوە ئۆغربون بەفەرمانی لایەنێك نەك بریاری پەرلەمان !! كەچی لایەنە سیاسیەكان تا ئێستا عەودالی ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەن لە كۆبونەوە داخراوەكان نازانین مەبەستیان لەو ئاساییكردنەوەیە چیە؟ مانەوەی سەرۆكە لە پۆستەكەی یا دوبارە دابەشكردنەوەی كێكەكەیە !! بەڵام بە تێبینیكردنی ئەوەی ئەمرۆ لەگۆرەپانی سیاسی هەرێم دەگوزەرێ‌ وا پێشبینیدەكرێ‌ زۆربەی هەوڵەكان بە ئاراستەی مانەوەی سەرۆكی ئێستایە لەو پۆستە تا دوای ئەیلولی 2017 ش جا گەر هەڵبژاردن بكرێ‌ یا نەكرێ‌ لەو بەروارەدا . 
نۆیەم: خۆپیشاندانەكانی 17 ی شوباتی سالێ‌ 2011و دواتریش لە 2015 و 2016 بۆ داواكاری جێبەجێكردنی خواستەكانی خەڵك بوو، بەڵام داوای خۆپیشاندەران بەلای ئەو دەسەڵاتە دیموكراتخوازە بەكاری گێرەشێوێنی وتێكدەرانە وەسفكرا !! لەبری ئەوەی وەك ئەركی سەرشانی بێتە وەڵام ولانی كەم هەوڵبدا نزمترین ئاستی پێداویستیەكانی ژیان بۆ هاوڵاتیانی خۆی دابین بكا. ئەمرۆش كە نارەزایی خەڵك گەیشتۆتە لوتكە بەهۆی سەختی ژیان وگوزەرانی خەڵك لە ئەنجامی دزینی موچەی هاوڵاتیانەوە، كەچی نارەزایی وخۆپیشاندانەكانی خەڵك بە پێی بەرژەوەندی حیزبەكان بەلارێدا براو ئێستا حیزبەكان خەریكی تاوەنباركردنی یەكترو سەوداو مامەلەی پێكهێنانەوەی حكومەت و وەرگرتن ودابەشكردنەوەی پۆستن، لەبری بەتەنگەوە چوونی داخوازییە رەواكانی میللەت. 
ئیتر ئێمەش وەك هاوڵاتیانی هەرێم مافی ئەوەمان هەیە بپرسین داخۆ سستەمی حوكمرانی ئێمە بە كردەوە كۆماری دیموكراتیە یا تەنها ئەو ناوە پەردەیەكی رووكەشی یاساییە، چونكە سستەمی حوكمرانی هەرێم بەو دۆخەیەوە تەواو لە بنەماكانی سستەمی كۆماری دیموكراتی دوور دەكەوێتەوەو لە سستەمی حوكمرانیی پاشایەتی وشێخەكانی كەنداو نزیك دەبێتەوە. بۆیە بەرای ئێمە ئەو بابەتە زۆر گرنگ وهەستیارەو پەیوەندی بە كەس و لایەنێكی دیاریكراوەوە نیە، بەڵكو پەیوەندی بە ئەزمونی حوكمرانی و ژیانی سیاسی و بەرژەوەندی باڵای ئەو هەرێمەوەیە، كە بەپێی هەمو بنەما دیموكراسیەكان دەبێ‌ بەرژەوەندی وخواست و بۆچونی خەڵكەكەی بە تەواوی پێكهاتە سیاسی وكۆمەڵایەتیەكانیەوە، بەكردەوە رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبێت لە بریاردان لە سەر پیادەكردنی كام شێوازی سستەمی حوكمرانی، نەك ئەو مەسەلەیە لە ژوورە تاریكەكان و كۆبونەوە داخراوەكان بریاری لەسەر بدرێ‌ بەخواست و بەرژەوەندی یەك دوو لایەنی سیاسی، بۆیە ئەگەر ئێمەی خەڵكی هەرێم بە وشیارییەوە لەراست ئەو مەسەلەیە خاوەنی هەڵوێستی روون وراشكاوانە نەبین، ئەوا سستەمی حوكمرانی وژیانی سیاسی لەو هەرێمە بەرەو داهاتویەكی مەترسیدار هەنگاو دەنێ. چونكە فەلسەفەی پێویست بونی دەسەڵاتی سیاسی لە هەر وڵاتێك ئەوەیە كە ئەو دەسەڵاتە هۆكارێكە( وسیلە) بۆ رێكخستنی ژیانی هاوڵاتیان ودابینكردنی پێداویستەكانیان، كەچی لای ئێمە بە پێچەوانەوە ئەو دەسەڵاتە سیاسیە ئامانجێكە(غایە) بۆحزبە سیاسیەكان تا لە پەنایەوە بەرژەوەندیە كەسی وحیزبیەكانیان بێننە دی. بۆیەش هەرچی كێشەو قەیرانێك لەو وڵاتە رووبدات ئەو دەسەڵاتە خۆی بە بەرپرسیار نازانێ‌ لە ئاستیدا، وەتا ئێستاش بەدرێژایی ئەزمونی ئەو دەسەڵاتە رووی نەداوە بەرپرسێكی حكومی یا ئیداری لە سەر كەموكوریەكان و قەیرانەكان كە لێوان لێون، دەست لەكاربكێشێتەوە هەروەك لە زۆرێك وڵاتانی دونیا باوە.
لەكۆتاییدا دەتوانین بلێین هەموو ئەو بارودۆخانە بەڵگەی روون وئاشكران لە سەر غیابی گیانی دیموكراتی وفرەیی سیاسی لەو هەرێمە و دەسەڵاتەگشیەكان ملكەچی بنەما دیموكراسیەكان نین، بەڵكو ئەوە هێزی حیزبە كە هەموو بنەمایەكی دیموكراسی و ئەو یاسایانەش كە پێی رێكخراوە دەخاتە ژێر پێوە ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی یەكنەگرێتەوە، بۆیە ئەو دەسەڵاتە گشتیانەی هەرێم بەلای ئێم ەوە نە هەڵقوڵاوی ئیرادەی میللەتن وەنە خاوەنی شەرعیەت وئیرادەی خۆیانن، بەڵكو رەنگدانەوەی ئیرادەی حیزبەكانن بە تایبەت پارتی ویەكیەتی كە خاوەنی هێزی چەكدارن، ، شەرعیەتی حوكمرانی ئەو دووحیزبەش تەنها ئەو هێزەیانە نەك هەڵبژاردن وئیرادەی میللەت، كەهەر یەكێكیان لە ناوچەی نفوزی خۆی حاكمی موتلەقە وخێرو بێری بۆخۆی پاوان كردووەو، تا ئەو هێزانەش كۆتاییان پێ نەیەت وهێزێكی نیشتمانی جێگەیان نەگرێتەوە، ئێمەو دیموكراسیەت كوجا مەرحەبا !! بۆیە لە دۆخێكی وەهادا زۆر ئاساییە رێگریكردن لە جێگری سەرۆكی هەرێم یا سەرۆكی پەرلەمان یا پەرلەمانتاران و وەزیرەكان لە چونە ناو مەڵبەندی دەسەڵاتە گستیەكان، یا چەند وەزیرێك لەو سستەمە بەناو پەرلەمانیە دوور لە ئیرادەی پەرلەمان بەڵكو بەئیرادەی حزب بنێردرێنەوە ماڵەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە