گەشتێک بەشارێکی ئەتک کراودا. ئایا سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیرییە؟

Tuesday, 28/03/2017, 22:50

6729 بینراوە


لەگردی مامە یارەوە دەست دەکەم بەگەشتەکەم.
ئەم دەسەڵاتەی کە حاکمە لەسلێمانی، چونکە هیچ پەیوەندییەکیان بەشارەکەوە نییە لەخۆیانەوە دەروازەکان کڵۆم دەدەن و بە خەتێکی قێزەون وەک ئەم وێنەیە دەنوسن "چونە ناوەوە قەدەغەیە".ئەمەش مۆدێلێکی نویی داگیرکردنە، کە راستەوخۆ نایانەوێت ئەو شوێنانە داگیربکەن.بەڵکو کاری لەسەر دەکەن، تا سەردانی ئەو شوێنانە لەسەرەتادا لەبیر هزری خەڵکەکەی ببەنەوە.چونکە وەک وتم بۆیان نەکرێت جێگەکە حەپەلوش بکەن، لە رابردووشدا وایان کردووە کە دوایی توانیشیان هەموو شوێنەکانیان بەنرخێکی هەرزان لەسەر خۆیان و خزم و منداڵەکانیان تاپۆ کردووە..
 دوای ڕاپەڕین کە "دلێری سەید مەجید " لە تاپۆ بوو لە ڕێگەی خزمێکی خۆیەوە بیستم، بەموکێش هەرچی موڵ و ماڵی شارە بەشیووەیەک لەشێوەکان بەنرخێکی هەرزان داگیری دەکرد دەیخستە سەر نۆکان و قەیوان، ئەوەشی بۆیان داگیر نەکرا وەک سەرای سلێمانی و پارکی ئازادی و گردی مامەیارە کڵۆمیان داوە و پێمان دەڵێن خەڵکی شار گوێبگرن : پیرەمێرد هیچ نییە و هیچی نەکردوە بەڵکو مێژوو لە "برایم ئەحمەدە"وە دەست پێدەکات و شانازیی کەسایەتی کورد گردی "سەلیم بەگ"ە نەک گردی یارە.
 کڵۆم کردنی ئەم مەزارە....بەکامە یاسا ؟ 
 ئەوە لە فەرهەنگی ئەم دەسەڵاتە پۆخڵەدایە کە کەسمان نازانین لەکوێوە هاتوون 
ئەم حاکمانەی شار پێمان دەڵێن مێژوو لە ئێمەوە دەست پێدەکات، ئەوەتانێ گردی مامەیارەیان کڵۆم داوە بۆئەوەی کەسمان نەتوانین جارێکی تر بە پێپلیکانەکاندا سەرکەوین و سەردانی پیرەمێردەکەمان بکەین و لەوێوە لەشار بڕوانین و چاوێک بە ناو دار سنەوبەرەکاندا بگێڕین و لەگردەکەی یارەوە بیرەوەری ١٢سوارەی مەریوان و گۆرانیە خۆشەکەی" ڕەشۆڵ"مان بیر بکەوێتەوە و "ئۆخەی گردەکەی یارە، چەند شیرین و نازدارە " لە سیمای گردی سەیوان و پیاوە جوانەکانی شار بڕوانین کە ڕۆژگارێک بوو لەوانەوە فێری خۆڕاگری و ئازادیی و کەرامەت دەبووین لەنمونەکانی یاموڵکی و پیرەمێرد.
 لەم شارەدا دەیان کەناڵی تەلەفیزۆن و دەیان رادیۆ و چەندین ڕۆژنامە بەناوی ئازادییەوە ژینگەی شار پیس دەکەن و چەنەبازی دەکەن، کەچی ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵ دەبێت پیرەمێردو گردەکەی یارە کڵۆم کراوە، ئەم هەموو ڕۆژنامە ڕووزەردە قسەیەکیان نەکردوە لەسەر زیندانیکردنی مەزاری ئەم مرۆڤە مەزنە کە سەردەمێک مێژووی شار و نەورۆزی دەنوسییەوە.
کە بەعسییەکان حاکمی شاربوون پیرەمێرد مەزارەکەی نە شورای بۆکرابوو نە کێل و گومەزەکەی، نوسراوی سەر گۆڕەکەی ئازار نەدرابوو، ئێمە هەفتەی جارێک یان دووجار بەپێپلیکانەکاندا سەردەکەوتین و سەرمان لە باپیرە گەورەی شار دەدا و وەسێت نامەکەیمان بە تامەزرۆییەوە دەخوێندەوە، چەندێک جار بمان خوێنایەتەوە زیاتر لە سحری ناوەڕۆکەکەی حاڵی دەبووین و دەمان زانی کە ئەو ڕۆژگارە چۆن باسی ڕۆژنامەی ژینی کردوەو بە چاوەگەشەکەی شاری داناوە و داوا دەکات کوێری نەکەن و بەردەوام بن لە دەرکردنی، چونکە شاری زیندوو بە ڕۆژنامەوە دیارە.
ئێستا حاکمە مافیاکانی شار دەستیان ناوەتە بینەقاقای پیرەمێرد و زیندانیان کردوە، بەوەشەوە نەوەستاون مەلەوانگاکەی مامەیارەشیان ئەتک کردوە و ئێستا ماڵێک کە گوندەکەی خۆی جێهێشتوە تێیدا نیشتەجێیە و حەوز و ئاوەکە و کانییەکەی مامەیارەش دەسەڵات خۆش تێکەڵی زێرابەکان کراوە، کەچی شەرم ناکەن لە مەلەوانگاکەیان نوسیوە "مەلەوەنگای مامەیارە" لیژنەی ئۆڵمپیک.
من لەجێگەی ئەو هەموو مێدیا ڕووزەرد و نەخوێندەوارانە تەریق بوومەوە، پێدەچوو ئەم ئۆڵەمپیکە پێشنیاری مەلا حیکمەتی یاریزان بێت، کە خۆی کردۆتە دەمڕاستی شار و خەڵکی هەر بە پیاوە چەنەبازەکە ناوی دەبەن، ئەو پیاوەی لەسێبەری خۆشی دەترسێت.
 چۆن پیرە مێرد و گردی یارە لەو زیندانییە ڕزگار بکەین؟ 
بەر لەوە دەبێت خۆمان ڕزگاربکەین لە کۆیلەبوون، چونکە ئەم دەسەڵاتە خائین و نامۆ بەکوردبوونە هیچیان بۆ نەهیشتوینەتەوە کە بۆ داهاتووی ئەم شارو نیشتمانە جێگەی هیوا بێت.
 تەنها ناوهێنانی سلێمانی بە پایتەختی ڕۆشبیری شار نابێتە ڕۆشبیر لەکاتێکدا سلێمانی پڕکراوە لە هەزاران گەنج حیمایەی بەرماڵی بەرپرسە ناوگەڵ پیسەکان، شارێک پایتەختی ڕۆشبیریی بێت، کە بێدەنگی هەڵنەبژێرێت لە زیندانی گردنی مەزارەکانی و داگیرکردنی خاک و کۆڵانەکانیدا.
 گەشتەکەم درێژەی دەبێت بەو شارەدا کە بەس پایتەختی ڕۆشبیریی نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە