لەمەڕ ڕەخنەکانتان

Wednesday, 07/06/2017, 17:59

4437 بینراوە


پەندێکی چینی هەیە ئەڵێ؛ تەنها ئەو کاتە خاوەنی گووفتی خۆمم، کە  هێشتا نەمکردوە... هەر لەدوای ئەوەی لەزارم هاتە دەر، ئێدی ئەبێتە دادوەرم.
 بەڕاستی هەرواشە، کاتێ ئێمە ئەمەنەوێ شتێك بڵێین، ئەوا بێشك دواتر دەرگای داد و لێکوڵینەوەمان لێ ئەگرێ و ناتوانین خۆمانی لێ قووتار بکەین.
ئێمە ڕۆژانە ئەبێ سەردانی ئەو زیندانە بکەین کەناوی گفتە و یان قسە. ناکرێ هەروا قسە فڕێ بدەین و خۆمان نەکەین بە خاوەنی، چونکە  بەشێکی گرنگی کەسایەتی  مرۆڤ جگە لەڕەفتار و ئاکارەکانی، ووتە و گفت و قسەکانیشێتی. هەر لە ڕوانگەی ئەمەوە قسە و ووتەکانمان چەندە جێگای متمانە و باوەڕە، دە ئەوەندەش ئەشێ پێچەوانەکەی بێ. کاتێك من هاتم و دوو ڕستەی نەوشیروان مستەفام بەیادی خوێنەر هێنایەوە و وەك دەستپێکێک بۆ ووتارەکەم، کەچی ئەو کۆمەڵە ڕەخنەیەم ئاڕاستەکرا کە لەڕاستیدا ئەبوو کۆی ڕەخنەکان لەو دوو ڕستەیە ببوایە، نەوەکو پێچەوانەکەی. لەبەرئەوەی ئەو دوو ڕستەیە لەزۆر شوێندا نەوشیروان مستەفا ئاماژەی پێداوون و پێداگری لەسەر کردون. چەندین جار تاڵەبانی وەك فریاد ڕەس و قەلغان بۆ کوردی وەسف کردوە. جا کاتێ من ئەو ڕستەیەی ئەو دێنمە ئاراوە بۆ ئەوەیە بێین ڕەخنەی لەسەر بکەین، نەوەك ڕووی ڕەخنەکان بکرێتە خاوەن ڕەخنەنووس و رەخنەگرەکە، لەولاشەوە لەخاوەنی ئەو قسەیە ببوریت کە کاک نەوشیروانە، ئاخر میللەت و خەڵکی ناوشیار بەمە جیادەکرێتەوە و میللەت وەکو ژێردەستە و خەڵکی ساویلکە و نەفامیش دەبێتە کۆیلە، ئەوانەی کە رەخنە و قسەی ناشرینیان لێگرتوون لە بزانەی ئەمە ناچنە دەرەوە، چونکە لە خاوەنی قسە ڕەسەنەکە بوراون رووی دەمیان کردۆتە من، کە ئەرکی من تەنیا قسەگێڕانەوە و بە بیرخستنەوەی قسەکانی نەوشیروان مستەفا بووە. گەر جارێکی تریش بەووردی لەو دوو ڕستەیەی کەخاوەنەکەی نەوشیروان مستەفایە لێێ بکۆڵینەوە ، ئەوا پێوستە کەسایەتی ئەم کەسە بخرێتە ژێر زەڕەبینی ویژدانەوە. ‌من پێم وایه ئەتوانین بەهەزارەها کادیر بدۆزینەوە و بیخوڵقێنین، لێ‌ هەرگیز ناتوانین سەرکردە دروست بکەین. لەبەرئەوەی سەرکردە ئەبێ چەند  مەرجێکی خۆڕسکانەی تێدا بێت. نەوشیروان مستەفا بەپێی گووتەکانی خۆی ئەوە ئەسەلمێنێ کە ئەو زیاتر وەك پاشکۆیەکی تاڵەبانی وابوە و هەرگیز نەیتوانیوە پێشبڕکێی لەگەڵدا بکات، هەردەم لەسێبەردا ماوەتەوە. مەبەستی سەرەکی بابەتەکەم ئەوەبوو کە دەری بخەم نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی لێهاتوو نەبووە.
کەسێك پڕ ڕەخنەم ئەکات و پێی وایە مادام نەوشیروان مستەفا مرد، ئێدی دوای مردن ڕەحمەت خۆشە. ئێمە کاتێ باسی نەوشیروان مستەفا ئەکەین ، حەتمەن لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی ڕەچاو ئەکرێ و هیچ کێشەمان نییە. کەس نییە جگە لە بارزانی و بنەماڵەکەی و هەندێک بەرپرس و کەسانی دیکە  بە مردنی کامەران و دڵخۆش بن ، بە گشتیش هیچ مرۆڤێک نابێت بە مردنی کەسێکی تر شاگەشکە بێت، چونکە مردن بەشیکە لە پرۆسەی سروشت و هەموومان رووی تێدەکەین. مەگەر ئەو کەسە نەزان و نەخۆشانە نەبێ کە لە مانای ژیان و سروشت نەگەیشتبن. ئێمە باسی مردنی جەستەیی ناکەین، بەڵکو مردنە سیاسیەکە لای ئێمە جێگای قسە لەسەر کردنە. کاتێ نەوشیروان مستەفا ماڵ ئاوایی کرد، حەزی کرد دوای مردنەکەشی وەك سیمبول و ئایکۆنێکی سیاسی ئامادەگی هەبێ و هەر بۆیەش لەگردەکە، ناشتیان.  ئەو کە زیندوو بوو، وەکو هەموو بەرپرسێکی کورد گردێکی داگیر کرد، کە مردیش وەکو دەبینن، دەستبەردای ئەو گردە نەبوو،  وا خەریکن شوێنەکەی دەکەن بە ئارامگە و مەرقەد و دیزاینیشی بۆ دەکەن، هەر بۆیەش ئێمەی نووسەریش لە کوردستانپۆست هیچ کاتێ دەرگای ڕەخنەمان لەکەس دانەخستوە، مەگەر نووری چاویشمان بوبێ. من ڕەنگە یەکەمین کەسم بوبم دوای مردنەکەی یەکسەر کەوتمە تەقە کردن لێی و ئەو هاردڵ(بەربەست‌)ـەم شکاند کە لایەنە کۆمەڵایەتیەکان دایانڕشتبوو. بەوەی ناکرێ هیچ جۆرە ڕەخنەیەك لەو کەسایەتیە بگیرێ جگە لە وەسفی جوان و ڕازاندنەوە و پیاهەڵدان. بەڕاستی ئەمە کاری ئێمە نیە و هەرگیز شتی وا ناکەین.
نەوشیروان مستەفا ئەشێ باوکێکی باش بوبێ بۆ مناڵەکانی،ئەشێ مێردێکی باش بوبێ بۆ هاوژینە بەڕێزەکەی،ئەشێ دراوسێیەکی باش بوبێ بۆ دراوسێکانی،ئەشێ مێژوونووسێکی باش،ئەدیبێکی لێهاتوو،کوردپەروەرێکی دیار،لێکۆڵەوەرێکی بیرتیژ،شرۆڤەکارێکی وورد،پێشمەرگەیەکی دسپلین بۆ حزبەکەی،سیاسیەکی بەئەزموون،کەسێکی خاکی ،مرۆڤێکی هەقبێژ،کەسایەتیەکەی گوێگر و خوێنەرێکی بەسەلیقە و زۆر شتی جوانترکە ڕەنگە لەکەم کەسدا هەبوبن. بەڵام نەوشیروان مستەفا  هەرگیز سەرکردەیەکی باش نەبوو. لەوەتی ئەم کەسایەتیە لەگۆڕەپانی کوردایەتیدا هەیە هەردەم سیاسەتی(پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمام)دا،پەیڕەو کردوە.بەمانایەکی دی؛ بۆ خاتری سەرکردەکان هەردەم پشتی هاوڕێ و پێشەمەرگەو دواتریش ،جەماوەری لەزەوی داوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی سەرکردەکان نەکەوێتە مەترسیەوە. لەوەتی سیاسەت ئەکا بۆ ڕۆژێکیش دڵی تاڵەبانی نەڕەنجاندوە،کەچی بەپێچەوانەوە هەردەم پشتی کردۆتە ئەو کەسانەی لەگەڵ تاڵەبانی و بەرژەوەندیەکانیان ،هاوتەریب نەبوە. خۆ ئەوە لەشاریش بینیتان کەوا چۆن پشتی جەماوەری بەرداو ئەو هێزە جەماوەرییەی لەدەوری وی بوون چۆن بێهێزیکردن و دواتر وایان لێهات بەتەواوی کاریگەریان نەما.کێ هەیە بتوانێ پێمان بڵێ هێڵێ بەیانی بزووتنەوەی گۆڕان لەوپەڕی بەهێزیەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو لاوازی و بێ کاریگەری و بێ ئەرزشی هەنگاوی خێری نا و نەیتوانی هیچ هەژموونێكی هەبێ. هەر بۆ نمونە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش کەلەبەرژەوەندی گۆڕان بوون،نەیانتوانی پێداگری لەسەر بکەن و ئەو پۆستانە وەك خۆی وەربگرن. 
سەرکردەو ئومێد.. یەکێ لەخاڵە هەرە لاوازەکانی  کەسایەتی نەوشیروان مستەفا بێ ئومێدی بوو لە بزووتنەوەکە. کەبەڕاستی ئەمە تەواو جێگای نیگەرانیمانە. سەرکردەی باش لەهیچ هیچ دروست ئەکا و لەو پەڕی نائومێدی ،ئومێد دروست ئەکا... گەر نەوشیروان مستەفا ئومێدی بە کەرتی پەروەردە هەبوایە ئەوا هەرگیز مناڵەکانی لە دەرەوەی کوردستان نەیان ئەخوێند. گەر تۆزی ئومێدی بە کەرتی تەندروستی هەبوایە ،ئەوا بۆ چارەسەر نەئەچوو بۆ لەندەن،گەر تۆزێ ئومێدی بەجەماوەر و هەژاران هەبوایە ،ئەبوو لە گردی شێخ محێدین وەیان شوێنکی گشتی بنێژرایە لەگەڵ خەڵکە ڕەشۆکی و ئاساییەکان. ئەمە جگە لەوەی خۆی لەم کۆتاییانەی ژیانی چەندین جار باسی لە بێئومێدی خۆی کردبوو سەبارەت بە باروو دۆخی کوردستان. لەساڵی ١٩٩٢ کاتێك لەگەڵ (مامۆستا عەبدول عەزیز)ی ئیسلامی ئەکا بەڕاشکاوی لەسەرەتای دانیشتنەکەدا ئەڵێ؛ کێشەکان هی سەرکردەو حزبەکان نین،بەڵکە ئەوە جەماوەرە لەخوارەوە کێشەن. ئەمە بۆ کەسی سەرکردە نەك هەڵەیە،بەڵکە تاوان. لەبەرئەوەی سەرکردەی باش هەڵەکانی جەماوەر لەئامێز ئەگرێ  و ئەیخاتە ئەستۆی خۆی و هەوڵ ئەدا چارەسەریان بکا،نەك خۆی لێی بدزێتەوەو ئەوەی سەر شانی خۆشی ،بخاتە سەرشانی جەماوەر.
چەند هەڵەیەکی زەقی نەوشیروان مستەفا:
 یەکەم: کاتێ بزووتنەوەی گۆڕانی دروست کرد بەهیچ کلۆجێ  ڕەچاوی ئایدیایەکی  ڕوون و ئاشکرای نەکرد کە بزووتنەوەکە لەسەری بڕوات. بۆ نمونە کەس نازانێ گۆڕان(ئیسلامیە،ئیخوانیە،چەپە،مارکسیە،سیکۆلارە،بنەماڵەییە،کۆنسێرڤەتڤە) کەئەمەش وای لەو خەڵکە کرد وەك چێشتی مجەور هەریەکەو لەئاوازێك بچڕن. ئاخرن تۆ چۆن ئەتوانی دڵی هەموو مرۆڤێك و هەموو ئایدیایەك لە یەك چوار چێوەدا جیگیر بکەی؟! لەدونیادا نەبوە هیچ حزب و لایەنێك بیرو بۆچونێکی نادیاریان هەبێ،مەگەر بزووتنەوەی گۆڕان کەوەك ئاوی لێهاتوە(نە تام،نە بۆن، نە ڕەنگ). کە لەڕاستیدا ئەمەش ئایندەیەکی خراپ بۆ ئەو بزووتنەوەیە ئاوەڵا ئەکا و دواتر هەریەکەو بەپێێ بەرژەوەندی خۆی و بۆچوونی خۆی ئەکەونە ململانێ و دواتریش  دابەش بوون وکوتلە بازی .کەئەمەش ئەکرا سەرکردەی باش ڕێگەی لێ بگرتایەو نەیهێشتایە ئەو بێسەرو بەریە، ڕووبدا. خۆ ئەمە ئەگەر بەمەبەست بوبێ وەیان بەبێ مەبەست ئەوا هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێ و کارێکی خراپ بوو.
دووەم: بێ پلانی لەکارو ئەجنداکان، هەر لەسەرەتاوە نەوشیروان مستەفا ئەبوایە ئەم پرسیارەی ئاڕاستەی خۆی و هەوادارانی بکردایە: لەکاتی جێبەجێنەکردنی داواکاریەکانی شەقام و بەرەی نەیار ئایا ئەو هەڵبژاردنانە چین کە پێوستە بەکاربهێنرێن تا دەسەڵات بخەنە سەر ئەژنۆ و مل کەچ پێکردنیان؟ دیارە دوای ئەو هەموو پێشێل کردن و دزین و گەندەڵی وفەرهودکردنی ووڵات،بزووتنەوەی گۆڕان هەڵسا بە پێشکەش کردنی چەندین پێشنیار و پاکێج و چوونە ناو کابینەی هەشت . کەئەم ڕێگایانە هیچی دادی نەدان و جگە لەشکست هیچی تریان نەدووریەوە. بە هەموو پێوەرەکان گۆڕان ئەبوایە  دواجار پەنای بۆ هێزی سەربازی ببردایە وەك کۆتا هەڵبژاردە بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵیان هەبێ و کاریگەریان کەم نەبێتەوە،لێ ئەم کارە نەکرا و لەجێگایدا بی ئومێدی باڵی بەسەر بزووتنەوە و شەقامدا کێشا.
سێیەم: ئەو پرسیارەی کە تا هەنووکە بێ وەڵامە(ئایا گۆڕان چی گۆڕی) . لەڕاستیدا ئەبوو لەسەرەتادا پەیڕەو پرۆگرامی گۆڕان بۆ هەموان ڕوون بکرایەتەوەو بمانزانیبایە چی ئەگۆڕن و کار لەچیدا ئەکەن. حەتمەن ئەوەی گۆڕان شانازی پێوە کرد و بەتەمابون بارودۆخ بگۆڕن و سیستمی فەرمانڕەوایی گۆڕانکاری تیا بکەن،هەرگیز نەیانتوانی لە شوێنیدا کاتێ چوونە نێو دەسەڵاتەوە بەهەمان نەفەس و قورسایی ئەو هەوڵانە بدەن کە بانگەشەیان بۆ کرد.  ئایا گۆڕان توانی بە نیو ملیۆن دەنگەوە ڕێگا لە تەنکەرێك نەوت بگرن تا ئاودیو نەکرێ؟ ئایا گۆڕان بەو هەموو پشتگیری و ئەندام و هەوادار و پەرلەمانتار و وەزیریەوە توانیان نەیەڵن ڕۆژنامەنووسێك تیرۆر نەکرێ؟ ئایا گۆڕان کاریگەری هەبێ لەسەر ئەو هەموو کونسڵخانەو UN و کێی و کێ تا ئەم دەسەڵاتە زیاتر شەفاف بێ و ڕێز لە هاوڵاتی بگرێ و دەنگی ئازاد کپ نەکا؟ نەخێر و هەزار جار نەخێر؛ گۆڕان لەهیچ لەو دروشمانەی هەیبون سەرکەوتو نەبوون و دواجار ڕێکخەرەکەیان جارێکی تر کاڵەکی  بە ئەژنۆی خۆی شکاند. جا بۆیە ئەو کەسەی ڕەخنەم ئەکا لەسەر ئەوەی گۆڕان بەبێ چەك ٢٤ کورسی هێنا و فەرموو وەرە تۆ تەپڵەکێك بێنە... لەوەڵامدا ئەڵێم؛ فەرموو نەك ٢٤ ،بەڵکو هەر ١١١ کورسیەکە بێنە و بزانە لەگەڵ پارتی و یەکێتی هیچت پێ ئەکرێ. خۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر لەسەروو ٢٠٠ هەزار دەنگی هێنا،ئایا یەکێتی هێشتیان ببێ بەپارێزگار؟
چوارەم: بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی وەیان بزووتنەوەیەکی عێراقی. پێم وایە ئەمە گەورەترین هەڵەی نەوشیروان مستەفایە کە ئەبوو هەرگیز نەیکردایە. ئەوەندەی پشتی بە عێراق و حکومەتی ناوەند بەستبو نیو ئەوەندە پشتی بەهێزەکەی خۆی و جەماوەرەکەی نەبەستبوو. کەئەمەش وای لێکرد زۆر بێ کاریگەر بمێنێتەوەو کارەکانی بەرەو پێشەوە نەڕۆن.چی ئەبوو گەر لەجیاتی ئەوەی دەنگی کورد بباتەوە بۆ بەغدا و نوێنەری کورد ڕەوانەی ئەوێ بکا،هەموو قوورسایی خۆی لە کوردستاندا جێگیر بکردایە؟ کردنەوەی چەند بەرەیەك ووزەیەکی زۆری  لەگۆڕان برد و دواتر لەهەردوو جەژنەکە بوون. نوێنەرەکانی لە بەغدا هاتن دوای ئەوەی تاڵەبانی ئەو هەموو گووشار و سوکایەتی و نانبڕین و تیرۆرەی کرد،دەنگیان پێدایەوە بۆ ئەوەی هەتا ماوە سەرکردەی عێراق بێ. ئەم چوار هەڵەیەی نەوشیروان مستەفا کردی ،سەرکردایەتی ئەومان نەك ئەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە،بەڵکە بێ ئەزموونی خۆی و سەرکردایەتی کردنیشی سەلماند. لەمەوە بۆمان دەرکەوت کە نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گۆڕان نەبوو،بەڵکە ڕێکخەری دژە گۆڕان بوو.
یەکێکی تر لەو ڕەخنانە ئەوەیە،پێش ئەم کەس نەیزانیوە بودجە چیەو لەکوێیەو چۆن خەرج ئەکرێ. وەیان ماف چیە و هاوڵاتیبوون چیە؟ بەڕاستی سەیرە ئەو کەسانە هەموو ئەو چەند ساڵەی خەباتی کوردستانپۆست نابینن و ئەو هەموو ڕاپۆرت و بەڵگەو نووسینانەی دەیەها ساڵەی ئەم سایتە نادیدە ئەکەن و هیچ جۆرە ئاماژەیەکی ئەرێنی نادەنە خاوەن ئەو خەباتە دوور و درێژە. بەڕێزم لەمێژە کوردستانپۆست بەچەندین فەرسەخ پێش بزووتنەوەی گۆڕان کەوتوە و بەهەزارەها بەڵگەو دوکیومێنت هەن گەواهیدەری ئەوەن کەوا  چەندین ڕاستی هەن لای ئەم سایتە بۆ خەڵکی ئاشکرای کردون سەبارەت بەخیانەت و دزی و گەندەڵی ئەم حزب و لایەنە کوردیانە کە ووڵاتیان تووشی ئەم ماڵوێران و سەرگەردانیە کردوە. باشە وا زانرا بودجە چەندە و زانراش کە ئەدزرێ و بەردەوام فەرهودی ووڵات نەوەستاوە،ئێ‌ چ کەڵکێکی هەیەو گۆڕان چی کرد؟! باشە ئەوە زانیمان ماف و تەنافمان چیە،ئەی گۆڕان چی لەهەگبەکەیدایە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر مافمان نەخورێ؟ ئاخر ناکرێ ڕێکخەری بزووتنەوەیەیەکی ٥٠٠ هەزاری تەنها بەچەند مانگێ ووتارێکی ڕەخنە ئامێز بنووسێ و بڵێ ئەوە کاری من لێرەدا تەواو بوو.
ئێمە چاوەڕوانی سەرکردەیەکمان کرد کە بچێتە نێو ئاپۆڕە و لەگەڵیاندا بێ،نەوەك جەماوەر و خەڵکی بچن بۆ گردەکە و لەوێ چاویان پێبکەوێ. ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ خەڵکی لە گۆڕەپانی سەرای سلێمانی چاوەڕوانی گۆدۆ بوون سەردانیان بکا،هەرگیز نەورۆزیشی بەسەردا هات نەوشیروان مستەفا نەچوو ووتەیەك بۆ ئەو خەڵکە پێشکەش بکا.
کەسێکی تر ئەنووسێ؛ لەبەریتانیا چارەسەرکردنی نەخۆش بەلاشە و بیمە ی تەندرووستی بۆ هەمو کەسێكە. بۆ وەڵامی ئەوەش ئەڵێین ،بەڵێ وایە بەمەرجی ئەو کەسە خەڵکی ئەو ووڵاتە بێ. واتە کاتێك من وەیان کەسێکی تر لە ووڵاتێکی ترەوە بێت بۆ بەریتانیا و بەمەبەستی چارەسەرکردنی دژێژ خایەن،ئەوا حکومەت و باجدەری بەریتانیا لێی بەرپرسیار نیە. ئەمە لەهەموو ووڵاتیك هەر وایە.
کەسێکی تر نووسیبوی؛ ئەم ڕەخنانەی من هی بوغز و کینن دژ بەو سەرکردەی هەژاران. لەڕاستیدا پێش هەموو شت لەکوردستانی باشوور هیچ سەرکردەیەك نیە گەر ملیار دێر نەبێ،ئەوا ملوێنێرە. پاشان ئێمە سیاسەت ئەکەین و لەسیاسەتدا شتیك نیە بەناوی ڕۆمانسیەت. مارکس ئەڵێ پێوستە گومان لەهەموو شتیك بکرێ و پرسیاری لەبارەوە بکرێ. پێوستە ئەو نەریتە بگۆڕین کەتەنها بەشانوباڵی ئەم و ئەودا هەڵبدەین.
لەکۆتاییدا تەنها ئەوە ماوە وەڵامی ئەو کەسانەش(بایۆمەتری) بدەمەوە کە جوێنیان داوە وەیان ووتەی ناشایستەیان بەکارهێناوە ،لێرەدا تەنها بەشێك لە هۆنراوەی پیرەمێردیان پێشکەش ئەکەم کەئەڵێ:
ئێستا ئەزانم عەقڵم تەواوە
بەدێکی ناودار جوێنی پێداوە
ناویشی ناڵێم نیە لەم شارە
دار لێرە هەڵبڕم نەو لەوێ دیارە
هەروەها ئەڵێ: نەسیحەت ناچێ بەمێشکی کەردا

 ئەو نووسینانەی پێشووتر، کە بە دوایدا قسەی لەسەر کراوە  و رەخنەی لێگیراوە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە