بە کورتیی و بە کوردییەکی سادە: بەڵێ بۆ گشتپرسیی و سەربەخۆیی کوردستان

Wednesday, 02/08/2017, 22:42

2108 بینراوە


کەس لاریی لەوە نییە پارتی لە هەموو حیزبەکان - ئیسلامییەکانی لێ دەربچێت - کۆنەپەرستتر و چەوسێنەرترە، بە کورتیی و بە پوختییەکەی حیزبێکی بنەماڵەییە و بڕایەوە، واتە حیزبەکانی تریش کۆنەپەرست و چەوسێنەرن و جیاوازییەکەیان لەگەڵ پارتی تەنها ئەمەیە رێژەی کۆنەپەرستیی و چەوسێنەرییەکەیان یەک تۆز کەمترە، بەڵام ئێستا کە پارتی ئەڵی (بەڵێ بۆ گشتپرسیی و سەربەخۆیی کوردستان) جا ئامانجەکەی لێی ئەمەیە کە قەیرانەکانی خۆی پێ چارەسەر بکات یان (بارزانیستان)ێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت یان هەر ئەوەیە بە پێی پیلانی ئەردۆگانی ئاغای ئاژاوەیێک لە کوردستان بەرپا بکات یان هەر شتێکی ترە، ئەوا پێویستە میللەت وشیارانە بێتە مەیدان و نەیەڵێت پارتی لەم (بەڵێ)یە کە ئامانجی سەدان ساڵەی خەڵکی کوردستانە پەشیمان ببێتەوە.. هەروا نەیەڵێت حیزبەکانی تر بە بیانووی (نالەباریی کات، رازیینەبوونی وڵاتان، نەبوونی ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسیی و سەربەخۆیی کوردستان) و بە فیتی دەسەڵاتدارانی ئێران لە پێناو بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان لە ململانێیان لەگەڵ سەرۆکی بنەماڵەی بارزانی (مەسعود بارزانی) دژ بەم (بەڵێ)یەی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بوەستنەوە. 
دوو مانگ کەمتری ماوە بۆ ئەنجامدانی ئەو گشتپرسییە، لێرەدا تەنها چوار ئەگەرمان لەبەردەمە، ئیتر کاتی ئەمەش هاتوە چیتر میللەت بێدەنگ نەبێت بەڵکو پێویستە میللەت لە بەرامبەر هەر چوار ئەگەر هەڵوێستی خۆی بنوێنێ و بێتە مەیدان:

١- ئەگەر پارتی بە هەر بیانووێک پەشیمان بوویەوە و گشتپرسییەکە ئەنجام نەدرا، ئەوا پارتی رسوا ئەبێت و پێویستە ئەو کات میللەت دۆخەکە بقۆزێتەوە و لە راپەڕینێکی جەماوەریی کۆتایی بە پارتی بهێنێت.
٢- ئەگەر راپرسییەکە ئەنجام درا و دەنگی (بەڵێ) زۆرتر بوو بەڵام سەربەخۆیی کوردستان یەکسەر رانەگەیەنرا، ئەوا پارتی زۆر زیاتر رسوا ئەبێت و هەمدیس پێویستە میللەت دۆخەکە بقۆزێتەوە و لە راپەڕینێکی جەماوەریی کۆتایی بە پارتی بهێنێ و هاوکاتیش سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەنێت.
٣- ئەگەر راپرسییەکە ئەنجام درا و دەنگی (بەڵێ) کەمتر بوو، ئەوا پێویستە میللەت لەم حیزب و لایەنانە رابپەڕێت کە دژ بە دەنگی (بەڵێ) بوونە تا کۆتاییان پێئەهێنێت.
٤- ئەگەر راپرسییەکە ئەنجام درا و دەنگی (بەڵێ) زۆرتر بوو و سەربەخۆیی کوردستانیش یەکسەر راگەیەنرا، ئەوا پێویستە میللەت راشکاوانەتر بێتە نێو پرۆسەکە و تەنها تا سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن هەندێک لە زلهێزەکانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پیا ئەنرێ و بە تەواویی ئەچەسپێنرێت هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنەکانی کوردستان، ئیتر پاشان یەکسەر و بێ دواکەوتن لە راپەڕینێکی جەماوەریی کۆتایی بە دەسەڵاتەکانی (بنەماڵەیی و خێڵگەریی و ناوچەگەریی و دینیی و گەندەڵکاریی و حییزبایەتیی) بهێنێت و دەوڵەتێکی سێکیولار و شارستانییانەی سەردەم دابمەزرێنرێت کە تیایا پێ بە پێ زۆرترین ماف و ئازادییەکانی میللەت بە گشتیی و چینە چەوساوە و رەنجدەرەکان بە تایبەتیی بێنەدی.

هەڵبەتە هەڵوێست وەرگرتنی میللەت بۆ ئەنجامدانی گشتپرسیی و سەربەخۆیی کوردستان و دوای ئەمەش دامەزراندنی دەوڵەتێک کە بە پێی ئاستی تێکۆشانی گەل جۆرێک لە ئازادیی و یەکسانیی تیا بێت.. کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە بەڵام لەبەرئەوەی لە بنچینەدا ئامانجی میللەتن هەر ئەبێت میللەت خۆی بێتە مەیدان.. ئەگەر نا ئەوا ئەبێت هەر وەکو ئێستا ملکەچی ئەو حیزبانەی ئێستا بین و ئەوانیش هەر لە چاوەڕوانییماندا بهێڵنەوە و بە ئارەزووی خۆیان بمانچەوسێننەوە.
____________
* لەمێژە ئەمن کار لەسەر زمانی نووسین و زار و بنزارەکانی (سۆرانیی) دەکەم و وە شێوە کوردییەکی تازەتر و گشتگیرتر دەنووسم.. لێ لەبەرئەوەی ئەو بابەتە زۆر گشتییە و پێویستە هەر کەسەک وە ئاسانیی لێی تێبگا ناچار بووم هەر بەو شێوە کوردییە سادە و لاوازەی سەرێ بنووسم کە زۆربەی خوونەران پێی راهاتینە و لێی تێدەگەن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە